ئومێد قه‌ره‌داخی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كه‌مایه‌تییه‌كان، مێژووی بوون و پێگه‌و به‌شدارییان له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا پرسێكی گرنگه، چونكه بوونی كه‌مایه‌تیه‌كان دیمه‌نێكی گرنگی فره كه‌لتوویی و فره‌یی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری نیشان ئه‌دات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌توانێت راڤه‌ی به‌شێكی گرنگی چالاكیه‌كانی رابردووی نه‌ته‌وه بكات و راده‌ی كارلێك و په‌یوه‌ندییان به ئه‌وانیدی جیاوازه‌وه روون بكاته‌وه، گه‌لی كورد وه‌ك یه‌كێك له دێرینترین گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست،به‌درێژایی مێژوو له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و كه‌لتوور و ئایینی جیاواز ژیاوه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زه‌مینیك كه پێی ئه‌وتریت خاكی كوردستان، كوردستان سه‌ره‌رای له‌خۆگرتنی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه هه‌میشه ژماره‌یه‌ك نه‌ته‌وه و ئایینزا و پێكهاته‌ی جیاوازی له‌خۆگرتوه، نوسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌م پێكهاتانه و ده‌ستنیشانكردنی بوون و قه‌واره‌یان و راده‌ی كاریگه‌ری ئایینی و كه‌لتووری و نه‌ته‌وه‌ییان له‌سه‌ر كورد و كورد له‌سه‌ر ئه‌وان، بابه‌ت و پرسێكی زۆر گرنگ و به‌بایه‌خه، یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه به‌درێژایی سه‌دان ساڵ له‌سه‌ر خاكی كوردستان بونیان هه‌بوه بریتی بوه له نه‌ته‌وه‌ی جووله‌كه، ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به هۆی جیاوازی ئایینه‌كه‌یان له‌گه‌لێك ناوچه‌ی دنیای ئیسلامدا به‌توندی كه‌وتونه‌ته به‌ر هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردن و په‌راوێزخستن، به‌ڵام ئایا چی ئه‌زانین ده‌رباره‌ی جوله‌كه‌كان له كوردستاندا؟ له رووی ژماره و رێژه‌ی دانیشتوانه‌وه له چ ئاستێكدابوون؟ به‌شدارییان له ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسدا چۆن بوه؟ دۆخی جوله‌كه‌كان له كوردستان چۆن بوه ؟ ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسیاری گرنگ و جدین و وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه بایه‌خێكی زانستی گه‌وره‌ی هه‌یه و ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی گرنگ بۆ تێگه‌یشتن له به‌شێكی گرنگ له مێژووی نه‌ته‌وه و په‌یوه‌ندی به‌وانیدی جیاوازه‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا مایه‌ی ده‌ستخۆشییه كتێبێكی به‌رێز به‌رزان ئه‌حمه‌د كورده به ناونیشانی (كورته مێژووی جوله‌كه‌كانی كوردستان) كه‌وته بازاره‌وه، ئه‌م كتێبه به قه‌باره‌ی (270) لاپه‌ڕه، لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی ورد سه‌باره‌ت به جوله‌كه‌كانی كوردستان ئه‌نجام ئه‌دات و گه‌لێك زانیاری و دۆكیومێنتی مێژوویی تاوتوێ ئه‌كات، هه‌ولئه‌دات له‌سه‌ره‌تاكانی هاتنی جوله‌كه‌وه بۆ كوردستان و عێراق شیكردنه‌وه پێشكه‌ش بكات و دواتر به وردی له‌سه‌ر جوله‌كه‌كانی كوردستان راده‌وه‌ستێت سه‌ره‌تای كتیبه‌كه به شیكردنه‌وه‌ی بنه‌چه‌ی جووله‌كه ده‌ست پێئه‌كات، پاشان مێژووی جوله‌كه‌كان له عێراق و بارودۆخیان له سه‌رده‌مه جیاوزه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامدا شیكار ئه‌كات، ئه‌مه سه‌ره‌رای خستنه‌رووی ئاماره‌كانی بوونی جوله‌كه له پێش دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له عیراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به مێژووی جوله‌كه، نووسه‌ر شیكارێكی مێژووی و به پشت به‌ستن به تێزی كۆمه‌ڵیك مێژوونوس و خاوه‌ن را بۆچونه‌كانی خۆی پشت ئه‌ستوور ئه‌كات، پێیوایه ((مێژووی بوونی جوله‌كه له كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ 9 سه‌ده پێش زایین، سه‌باره‌ت به هه‌ردوو تیره‌ی سامری و ره‌بانی، به‌لام سه‌باره‌ت به تیره‌ی قرائیه مێژووی بلاوبوونه‌وه‌یان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌كانی دواتر به‌جۆریك مێژوه‌كه‌ی ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی هه‌شتی زایینی))، بێگومان ئه‌م بڵاوبوونه‌وه‌یه‌ی جوله‌كه‌ش به عێراق و ناوچه‌كه‌دا لە ئه‌نجامی جه‌نگ و ململانێی ئه‌و رۆژگاره هاتۆته كایه‌وه، جووله‌كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی دێرین و گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستن، به‌درێژایی هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا بونێكی سیاسی و ئابووری گرنگیان له جیهاندا هه‌بوه و خاوه‌نی زنجیره‌یه‌ك پادشا و ده‌سه‌ڵاتداربوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ململانێی و ناكۆكی نێوان ئیمپراتۆره‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارییه دێرینه‌كان جووله‌كه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان كه‌وتوونه‌ته به‌ر هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردن و، به هه‌موو به‌ش و پارچه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه له عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده جوله‌كه بوونی هه‌بوه، له‌سه‌رده‌می نوێشدا چالاكی و بزاوتی ئابووریان په‌ره‌ی سه‌ندوه، پاش لێكۆڵینه‌وه له بنه‌چه‌ی مێژووی جووله‌كه له عێراق و كوردستان باس له‌سه‌رده‌می نوێی جوله‌كه ئه‌كات، له‌باره‌ی جوله‌كه‌كانی عیراق و وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه ئه‌دوی و به پشت به‌ستن به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه ژماره‌ی جوله‌كه‌كان پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ئاشكرا ئه‌كات،، ((له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رچاوه‌كانی ئاژانسی جووله‌كه و ئه‌و ئامارانه‌ی داونی به لیژنه‌ی هاوبه‌شی به‌ریتانی –ئه‌مریكی له ساڵی 1946، ژماره‌ی جوله‌كه‌كان له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا نزیكه‌ی (700) هه‌زار كه‌س بوه، واته نزیكه‌ی 5% یان 6% كۆی گشتی جووله‌كه‌كانی دنیا كه‌له‌و كاته‌دا ژماره‌یان (16-17) ملیۆن كه‌س بوه)) سه‌باره‌ت به جوله‌كه‌كان له‌ناو خاكی كودستاندا، پێیوایه (( كۆی گشتی جوه‌كانی كوردستان له نیوان (25-30) هه‌زار كه‌س بوون، به‌پێی ئاماری ره‌سمی ساڵی 1947 ژماره‌ی ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ناو پارێزگای هه‌ولێردا نیشته‌جێبوون ( 3109 ) كه‌س بوون، له پارێزگای كه‌ركوك (4042) كه‌س بوون، له پارێزگای موسڵ( 10345)، له پارێزگای سلێمانی( 2271) كه‌س و له پارێزگای دیاله‌ش (2851 ) كه‌س بوون )) سه‌ره‌رای ئه‌م ژمارانه نووسه‌ر ئاماژه به سه‌رچاوه جیاوازه‌كان ئه‌كات له باسكردنی ژماره‌ی جوله‌كانی كوردستاندا، به‌مه‌ش ئه‌وه روون ئه‌بێته‌وه جیاوازی له نێوان سه‌رچاوه‌كان و زانیاره‌كانیان سه‌باره‌ت به بوونی جوله‌كه له كوردستاندا هه‌یه،، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه لەڕ‌ووی كاری سه‌رژمێری و دۆكیومێنتكردنی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به ژیانی گشتی و قۆناغه جیاوازه‌كانه‌وه له ئاستی پێویستدا نه‌بوه، بۆیه كاتێك ئه‌ته‌وێ لێكۆڵینه‌وه له پرسێكی مێژووی وه‌ك جوله‌كه‌كانی كوردستان بكه‌یت به‌ده‌گمه‌ن سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌تی باوه‌رپێكرا و یان سه‌رچاوه‌ی دانپێدانراو ده‌ست ئه‌كه‌وێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك كات ئه‌و سه‌رژمێرییه یان زانیاریانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه نیشاندراون به پاڵنه‌ری ئایدۆلۆجی یان ئایینی راستیه‌كان شاراوه‌ته‌وه سلێمانی وه‌ك شارێكی نوێ له هه‌رێمی كوردستان كه ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانی و چالاكی سیاسی و كه‌لتووری بوه، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه جوله‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوو بوونی هه‌بوه، به پێی بۆچوونێكی ریچ كه له ساڵی 1820 سه‌ردانی سلێمانی كردوه و یاداشته‌كانی خۆی نوسیوته‌وه و كاك به‌رزان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی پێئه‌كات، پێكهاته‌ی سلێمانی له رووی دانیشتوانه‌وه له‌وكاته‌دا به‌مشێوه‌یه بوه (( ژماره‌ی ماڵه‌كانی 2144 ماڵ بوه و 2000 یان مسوڵمان بوه، 130 مالیش هی جوله‌كه‌كان، 9 ماڵی كلدانی و 5 مالیشیان ئه‌رمه‌نی بوون )) له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی ناوچه‌كه‌دا، ژماره‌كه‌ش گورانی به‌سه‌ردا هاتوه، له قۆناغێكدا كه ژماره‌ی دانیشتوانی سلێمانی ( سی جی ئه‌دمۆنز ) گه‌یشتۆته 10 هه‌زار كه‌س، له‌م رێژه‌یه 9 هه‌زاریان مسوڵمان و 750 كه‌سیان جوله‌كه‌بوون، (( جوله‌كه‌كان هه‌ولیانداوه كه‌مێك خۆیان له دانیشتوانی شاره‌كه به‌دوور بگرن، به‌جۆرێك نه‌یانویستوه تێكه‌ڵ بن له‌ترسی دروستبوونی كێشه و تێوه‌گلاون)) جگه له سلێمانی له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه‌كانی دیكه‌ش تێبینی ئه‌وه ئه‌كه‌ین كه گه‌ره‌ك و په‌رستگا و شوینی مانه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان تاراده‌یه‌ك كه‌نارگیر بوه له شوێنی گشتی و زۆرینه‌ی مسوڵمان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه، سه‌ره‌رای گونجانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان كوردی زۆرینه مسوڵمان و جوله‌كه‌دا، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌گه‌ری ناكۆكی و به‌ریه‌ككه‌وتن ئه‌گه‌رێكی كراوه بوه و جوله‌كه‌كان خۆیان له‌م ئه‌گه‌ره پاراستوه نووسه له كتێبه‌كه‌یدا سه‌ره‌رای ژماره‌ی دانیشتوان ودابه‌شبوونی جوگرافییان و مێژووی بڵاوبوونه‌وه‌یان له هه‌رێمی كوردستاندا، له به‌شێكی گرنگ له به‌ها و دابونه‌ریتی جوله‌كه‌كان شیئه‌كاته‌وه، له‌وانه تیشكئه‌خاته سه‌ر هه‌ر یه‌ك له نه‌ریتی ( پۆشینی جل و به‌رگ،هاوسه‌رگیری، ته‌داره‌كی خه‌نه‌به‌ندان، ته‌ڵاق، نه‌ریتی مردن و له‌دایكبوون، بۆنه ئایینیه‌كان ) ئه‌م نه‌ریت و بۆنانه لای جوله‌كه‌كان به‌شێكی له‌روانگه‌ی ئایین و به‌هاكانی جووله‌كه‌وه ئه‌نجامدراون و ریشه‌یی ئایینیان هه‌یه، به‌شێكی دیكه‌یان كاریگه‌ربوون به كۆمه‌ڵگای كوردی و به‌ها و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كورد. له به‌شێكی دیكه‌ی كتێبكه‌دا نووسه‌ر له‌سه‌ر جوگرافیا و دابه‌شبوونی جووله‌كه به‌سه‌ر ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا راده‌وه‌ستێت و تیشك ئه‌خاته سه‌ر بوون و پێگه‌یان، بۆ ئه‌مه‌ش له‌باره‌ی جوله‌كه‌كانی ناوچه‌كانی ( پێنجوین، چه‌مچه‌مال، كه‌لار، كفری، قه‌ڵادزێ، قه‌ره‌داغ، خانه‌قین و هه‌ولیر و كۆیه و دیانا و شه‌قلاوه و رواندز و، دهۆك، زاخۆ، بارزان، ئاكرێ، ئامیدی ) ئه‌دوێ. سه‌باره‌ت به جووله‌كه‌ی ناوچه جیاوازه‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌ستراوه به دۆكیومێنتی فه‌رمی له‌وانه ئه‌و سه‌رژمێریانه‌ی دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌كان كردویانه، هه‌روه‌ها پشتبه‌ستراوه به یاداشتی گه‌ریده و بیره‌وه‌ری كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و به ئه‌زموون كه بیره‌وه‌ری تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌كانی ناوچه‌ی خۆیان هه‌یه، بۆئه‌مه‌ش چه‌ندین زانیاری سه‌باره‌ت به جوله‌كه‌ی ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان خراوه‌ته روو (( جوله‌كه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه به‌پێی سه‌رژمێر ساڵی 1948، له‌ناوه‌ندی شاره‌كه 580 كه‌س بوون، له ده‌وروبه‌ری شاریش 69 جووله‌كه هه‌بون، جوله‌كه‌كانی كه‌لار كه به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی مێژویی ته‌مه‌نی بوونیان له‌ناوچه‌كه بۆ 700 ساڵ پێشتر ئه‌گه‌رێته‌وه 29 خێزان له‌وناوچه‌یه بوونی هه‌بوه، جوله‌كانی خانه‌قین به‌پێی ئاماری ساڵی 1947ی حكومه‌تی عێراق 1394 كه‌س بون، به پێی هه‌مان ئامار ژماره‌ی جوله‌كه‌كانی كۆیه 440 كه‌س بوون له‌كاتێكدا كۆی ژماره‌ی دانیشتوانی كۆیه 10 هه‌زار كه‌س بوون)) له‌م كتێبه‌دا سه‌ره‌رای خستنه‌رووی ژماره‌ی جووله‌كه له به‌شێكی گرنگ له‌ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، شێوه‌ی ژیان و سرووتی ئایینی و چالاكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیان له هه‌ریه‌كێك له‌وناوچانه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه، به‌مه‌ش وێنه‌یه‌كی روون سه‌باره‌ت به بوونی جووله‌كه له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شی خوێنه‌ر ئه‌كرێت
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure