14/9/2019 04:14 PM

بەجیهانبونی ئەدەبی كوردی

 

پ. دكتور زاهر لەتیف كەریم*

 لەنێو جومگەكانی ئەدەبی بەراووردا باس لەئەدەبی نەتەوایەتی و جیهانی كراوە،  ئەدەبی تەتەوایەتی بریتی یە لەو كلتورو داب و نەریتانەی كەبەدرێژایی زەمەن كاری لەسەر كراوەو توانیوێتی پارێزگاری لەخەسڵەتی خۆی بكات و  جوداشی بكاتەوە لەكلتوری نەتەوەكانی تر...لەنێو جیهانیەكەشدا دوو بۆچونی جیاوازی سەرەكی هەیە,یەكێكیان وەك گۆتەی ئەڵمانی بۆی چووە ,كۆكردنەوەی ئەدەبە نەتەوایەتیەكانە لەنێو چوارچێوەی ئەدەبێكی فراوان و گشتی ,بەو پێیەی زۆربەی هەرە زۆری ئەدەبەكان خۆیان لەچەند بابەتێكی هاوشێوەی فەلسەفی و هونەریو ئەدەبی و مرۆڤایەتیدا دەبیننەوە كەبەهەمویان یەك گوتار دروست دەكەن..ئەمەش دیارە لەڕێگەی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەوە دروست بووە كەتوانیوێتی سنورەكان بەبێ‌ سانسۆر ببڕێت..دووهەمیان ئەو بۆچوونەیە كە(رینیە ویلك) ی ئەمریكی جەختی لەسەر كردووە ئەویش بەگەڕانەوە بۆ كلتوری ئەدەبیاتی فۆلكلۆر كەنەزەمەنەكەی دیارە نەخاوەنەكانیان,بەمەش سەرجەم ئەدەبە بچوك و گەورەكان بەشدار دەبن لەپرۆژەی مەعریفی و رۆشنبیری دەقەكان.ئەم بۆچونەش لەكاتێكدا سەری هەڵدا فەڕەنسی یەكان لەزەمەنی دروستبونی ئەدەبی بەراوورد(1827)لەلایەن زاناو رەخنە گری فەڕەنسی (فیلمان)چەند مەرجێكیان دانا,لەوانە گەڕان بەدوای كاری كارتێكردن و كارتێكراو, دۆزینەوەی پەیوەندییە مێژووییەكان,باسكردن  لەو بابەتانەی كەدەكەونە نێوان چەرخەكانی 17-19,كەئەمانە هییچیان لەبەرژەوەندی ئەدەبیاتی ئەمریكی دا نەبوو,چونكی ئەدەبی ئەمریكی بەبەراوورد لەگەڵ ئەدەبیاتی ئەوروپی بەتایبەتی فەڕەنسی زۆر نوێ‌ بوو خاوەنی ئەزمونێكی ئەدەبی بەرز نەبوو.. ویلك بەمەبەستی بونیاد نانی قوتابخانەیەكی بەراووردی سەربەخۆو تێكدان و تێكشكانی مەرجەكانی فەرەنسی یەكان پەنای بۆ ئەدەبی جیهانی برد كەپێناسەكەی لای ئەم رەخنەگرە بریتی یەلەكلتوری مرۆڤایەتی بەبێ‌ جیاوازی رەگەزو ناوچەو زمان...دیارە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەئەمریكیەكان دەیانەوێت زەمەنی بابەتەكان درێژ كەنەوەو لەلایەكی تریشەوە دەرباز بن لەمەسەلەی كارتێكردن و كارتێكراو كەلە بەرژەوەندیان نەبوو.
بەڵام بەجیهانبونی ئەدەب,مانایەكی تری هەیە كەزۆر جیاوازە لەئەدەبی جیهان..ئەم جیهانبونە بریتی یە لەهێزی تاك یان كۆ كەلەرێگەی توانا مەعریفی و تەكنیكی و داهێنانەكانەوە دەتوانن خۆیان بسەپێنن بەسەر دەرەوەداو ببنە ئەدەبێكی سەربەخۆ بەیاساو رێساكانەوە .. بۆنمونە (الف لیلە ولیلە)بەبێ‌ گوشاری سیاسی یان ئابوری یان مەزهەبی توانی بچێتە ناو ئەدەبەكانی جیهان..هەروەها شكسپیر كەفەڕەنسی یەكان دوای خۆی هونەرەكەیان ئاشكرا كرد بۆتە رێبازێكی ئەدەبی سەربەخۆو ئێستا موڵكی جیهانە بەبێ‌ جیاوازی دەنگەكان..
لێرەدا پرسیارەكەمان ئەوەیە ئایا پێگەی ئەدەبی كوردی بەگشتی و نووسەران و شاعیران لەكوێدایە؟ ئایا دەشێت نمونەی شكسپیرمان لادروست ببێت!
بۆ بەدەست هێنانی پرنسیپی بەجیهانبون ,پێویستمان بەم خاڵانەی لای خوارەوە دەبێت:
یەكەم/داهێنان و هێزی نووسەر ئەگەرچی ئەم داهێنانە لەكاتی خۆشیدا ئاشكرا نەبێت ,هەروەك داهێنانەكانی گۆران.گۆران هەتا لەژیانیدا مابوو چەندین جار هەوڵی كوشتنی هونەرەكەیان دەدا بەشێوازی جیاواز بەڵام هێزی شاعیرو توانای بایۆلۆژیەتی داهێنانەكانی زۆر گەورەتر بوو لەو هەوڵانەو توانی زۆر هێمنانە توانای خۆی بسەپێنی بەسەر هەموان و بەڵكو بوو بەقوتابخانەیەكی شیعریو ئەدەبی.

دوهەم/رەخنەگرانی نمونەیی و  بابەتیانە كەدەتوانن بەپێ‌ ی یاسا رەخنەییەكان –بەتایبەتی نوێیەكان تواناو  داهێنانی نووسەر بەدەر بخەن هەروەك چۆن ڤۆڵتێری فەڕەنسی تواناكانی شكسپیری خستە روو ئێمەی كوردیش پێویستیەكی زۆرمان بەبازنە رەخنەییەكان دەبێت تابتوانن بابەتیانە جوانیەكانی دەق ئاشكرا بكەن بەتایبەتی گەر هاتوو نوسینەكانمان بەزمانێكی تر بنوسین.
سێهەم/دایەلۆگی رۆشنبیرانە لەنێوان ئێمەو ئەوان وئەمەش لەڕێگەی چەند سیكتەرێكەوە ئەنجام دەدرێت وەك كۆنفرانس و وەرزە رۆشنبیریو ئەدەبیەكان .. بۆنمونە ئەوەی بنكەی گەلاوێژ ساڵانە پێ‌ هەڵدەستێت كارێكی زۆر باشە بۆ ئەم دایەلۆگەو خۆمان بەدەرەوە بناسێنین.

چوارەم/وەرگێڕانی دەقەكانمان بۆ سەر زمانە زیندووە بێگانەكان,كەئەمە كارێكی كاریگەرە بۆ ناساندن و چوونە دەرەوەی دەقەكانمان بۆ ئەو زمانانە.هەوڵەكانی ئێمە بۆ وەرگێڕان هەتا ئێستا خۆی لەوەرگێڕانی دەقی دەرەوەیە بۆ سەر زمانی كوردی كەبۆ ئەم جیهانبونە ئێمە زیاتر پێویستمان بەناردنە دەرەوەی دەقەكانمانە نەك پێچەوانەكەی.

پێنجەم/راگەیاندنێكی رۆشنبیرانە بۆ گەیاندنی دەنگی راستەقینەی ئەو دەق و كەسایەتیانە.. لێرەدا پێویستمان بەراگەیاندنی گشتی نی یە كەزیاتر بایەخ بەشتە گشتی یەكان دەدات نەك دەرخستنی تواناو داهێنانەكان ,چونكە ئەم جۆرە راگەیاندنە هەمیشە لەگەڵ دەق و كەسایەتیە مەترسیدارەكاندا نی یە كەدەتوانن ئاراستەی كۆمەڵگاو سستمی ژیان بگۆڕن لەدۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تری جیاواز,چونكی ئەو كەسایەتیانەی كەخاوەنی داهێنان بون و دەبن خاوەن بۆ چونێكی جیاوازن و هەمیشە خۆیان لەململانێدا دەبیننەوە كەرەنگە راگەیاندنە گشتی یەكە لەبەرهەر هۆیەك بێت هاوێتەی كاركردنی لاواز بێت یان سەرپێی بێت كەناتوانێت كەسێكی وەك گۆران بگۆزێتەوە بۆ بازنەی بەجیهانبون.
لەكۆتاییدا دەشێ‌ بوترێت ئایا ئێمەی كورد بۆخۆمان تاچەند پەیڕوی ئەم مەرجانەی سەرەوە بوین ! خۆ ئەگەر كارمان لەسەری نەكردووە ,ئەوا پێویستە ئەمڕۆ نەك سبەینێ‌ بیری لێ‌ بكەینەوە ,خۆ ئەگەر كارمان لەسەری كردووە ئەی بۆچی هەتا ئێستا دەقێكی وەك (الف لیلە ولیلە)و كەسێتیەكی وەك شكسپیرمان دروست نەكردووە .. ئەمە با كۆدێك بێت و خوێنەری نمونەیی هەوڵی كردنەوەی بدات.
*ماموستایخوێندی باڵای  ئەدەبی بەراوردكاری لەزانكۆی سلیمانی.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved