3/10/2019 09:08 AM

سەرۆك مام جەلال

 

ئامادەکردنی: باوان عومەر


‎* مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غەفوور، لە هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی ( كەلكان ) ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان.
* چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەڕێوبەری تەكیەی تاڵەبانی لەكۆیەو لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواوكردووە.
* خوێندكارێكی زیرەك و لێهاتوو بووە، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێ لێدەركەوتووە، كە پێش هاوڕ‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون.
- بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.
‎* لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد، تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی، یەكێك بوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران، كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانە دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوەو شانۆدا دەكرد.
‎* ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لەلایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەوە، ئەویش بە هۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.
‎* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێداكرد و وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستا و بەشداربووان.
‎* لە ساڵی 1946دا لەگەڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی، كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراند بەناوی ( كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ( k.p.x ) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژێردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.
‎* لە هەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 /8 /1946، كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.
‎* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) كە پارتی دیموكراتی كورد بە نهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی ( ئاگر ) دا بۆ بڵاو دەكردەوە.
‎* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.
‎* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواوكرد و لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی (وەسبە) (راپەڕ‌ین) ناسرابوو، كە گەلی عێراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسماوس) هەڵبووەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕ‌وخێنێ و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێ و لەو كەش و هەوا ئازادیەدا، كە لەسایەی ئەم (راپەڕ‌ینە) هاتە كایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.
‎* جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.
‎* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن ( محەمەد مەهدی جەواهیری ) بوو، كە شیعرە بە ناوبانگەكەی (رۆژی شەهید)ی خوێندەوە، كە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای كرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو، دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.
‎* ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عورفی و تۆقاندن كە كوردستان و عێراقی گرتەوە، تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.
‎* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.
‎* لە ساڵی 1951 دا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لە هەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.
‎* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.
‎* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عێراقی.
‎* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.
‎* ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عێراقی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كرد و لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوسا و چینی كرد.
‎* ساڵی 1956 لەبەر چاوان وون بوو، كەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.
‎* ساڵی 1957 سە فەری سوریا و مۆسكۆی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوە و پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لە هەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عێراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی كوردستان) كە لە سلێمانی بە نهێنی دەریان دەكرد.
‎* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕ‌شی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كرد و بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر) دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت كە لە نێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕ‌ەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عێراقی.
‎* ساڵی 1959 جارێكی تر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لە هەمان كاتدا ئەفسەری یەدەگی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بەناوی (پیرۆت)ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.
‎* ساڵی (1960) بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادیرەكان كردەوە.
‎* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( كوردستان ) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بەنهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشی ئەیلوولدا كرا.
‎* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوەو سەرپەرشتی كرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
‎* لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێر‌شە بەر فراوانەی كرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەكانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.
‎بەم شێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەركردایەتی. لە 1962ـ1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد كران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لە هەمان كاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەكرد.
‎* ساڵی 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وەفدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی تازەدا كە لە سەرەتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی كوردستانی كرد و سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كورد و ئاشكرا كردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆ فاكیا و نەمسا.
‎* ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.
‎* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕ‌ی (ئیشتراكیەكانی عەرەب) كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بە پێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.
‎* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.
‎* ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عێراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا كرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.
‎* لە 1/6/1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 1ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سكرتێری گشتی یەكێتیی.
‎* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگەڵ هەڤاڵەكانی لە چیا و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.
‎* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسیەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیك كردنەوەی بۆچوونەكان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عێراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عێراقیەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.
‎* لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵەتی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسیە نێودەوڵەتیەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.
‎* جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەر و یاساناسە، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیب بوو.
‎* تاڵەبانی جگە لەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسە دیارەكان بووە، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە تیشك خستە سەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عێراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عێراقیدا.
‎* دوای ئازادكردنی عێراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد و لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.
‎* لە 6 نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عێراقی بە دەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عێراق هەڵبژێردرا، بەم جۆرە تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عێراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، لەسەر هەوڵی بێوچان و شەودەخاتە سەر رۆژ بۆ هێنانەدی مافەكانی كورد و گەشەكردنی عێراق و بنیاتنانەوەی و قەڵاچۆكردنی تیرۆریستان و پەیوەندی فراوان پەیداكردن لەگەڵ دەرو دراوسێ و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژئاواو هاوپەیمانان..
تاڵەبانی لە 17/ 12/ 2012 دا لە بەغدا جەڵتەی مێشك لێیدا و دوای دوو ڕۆژ بۆ وەرگرتنی چارەسەر برایە ئەڵمانیا،
ڕۆژی لە 19 ی حوزەیرانی 2014 دا گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووشدا چەند جارێك بۆ چارەسەری پزیشكی براوەتە ئەڵمانیا و ئێران.
لەرۆژی 3/10/2017 جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق لەتەمەنی 84 ساڵیدا لە شاری بەرلین كۆچی دوایی كرد.
لە 6/10/2017 مام جەلال گەڕێنرایەوە سلێمانی‌و دوای سازكردنی مەراسیمێكی پرۆتۆكۆڵی‌و دانانی تاجەگوڵینەی بەرپرسانی باڵای هەرێم‌و عێراق‌و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، تەرمەكە بە كەژاوەیەك لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا بەرەو مزگەوتی گەورە بەڕێكرا، دوای نوێژ لەسەركردنی، تەرمی مام جەلال بەرەو دوامەنزڵی بەڕێكراو لە گردی دەباشان بەخاكسپێردرا.
بەرهەمەكانی:
كردستان والحركة القومية الكردية.
- جلال طالباني: مواقف وآراء.
- الطريق إلى الأمام.
- حول القضية الكردية في العراق




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved