16/10/2019 10:59 AM

رەهەند ماڵێكی دیكەی كتێب

رەهەند ماڵێكی دیكەی كتێب

سەرباری قەیرانی قورس و باری گران و سەختی ئابووری هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا كۆمەڵێك ناوەندی رۆشنبیریی چێ بوون، بەشی زۆری ئەو ناوەندانە كە زۆربەیان لە پایتەختی رۆشنبیریدا دروست بوون، هەر یەكە لای خۆیەوە دەستی بەكار و چالاكی كردووە، فەزایەكی رۆشنبیریی دروست بووە، چاپی كتێبی ئەدەبی و فەلسەفی و هونەری... گەشەی باشی كردووە. ئەگەرچی هەندێك جار ئەو بەرهەمانە هەندێكیان لە فلتەر نادرێن و ئاستی هونەری و ئەدەبی یان نزمە، بەڵام لە پاڵ ئەوانەشدا چەندین بەرهەمی ناوازە چاپ و بڵاوبوونەتەوە، هەر لە نووسینی كوردییەوە تا وەرگێڕانی دەقی بیانی بۆ سەر زمانی كوردی. یەكێك لەو ناوەندانە كە تازە دامەزراوە، ناوەندی رۆشنبیریی رەهەندە.
ناوەندی رۆشنبیریی رەهەند یەكێكە لەو ناوەندانەی كە ماوەیەكە دامەزراوە و لەو ماوەكەمەدا كەوتووەتە سەر پێی خۆی و هاوڕێیانی ئەو ناوەندە چالاكانە كار دەكەن، لە ماوەی رابردوودا كۆمەڵێك چالاكیان ئەنجام داوە، هەر لە كۆرسی زمان تا دەگات بە كۆرسی فێربوونی هونەری چیرۆكنووسین، لە پاڵ ئەوانەش كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبی و فەلسەفیان چاپ كردووە. 
 ئەو بەرهەمانەی لە ناوەندی رەهەند چاپ دەبن بەرهەمی ئەدەبی كوردی و وەرگێڕان، هەروەها بەرهەمی فیكرین، لێرەدا نموونەیەك لە بەرهەمەكانی ناوەندی رەهەند:
جوانی و ناشیرینی، كوپێك فەلسەفە بۆ لاوان. ئەم كتێبە سێ نامیلكەیە لـە كتێبێكـدا، بـۆ منـداڵان و نەوجەوانان نووسـراون، لە نووسینی "میشیل پوچ و بریجیت لبە" لە وەرگێڕان موسعەب ئەدهەمە و یەكێك لە زنجیرە چاپكراوەكانی فەلسەفە بۆ نەوجەوانانی. 
تسوكورو = تازاكی، بێڕەنگ و ساڵەكانی لە غوربەتدا. ڕۆمانێكی هارۆكی مۆراكامیە وەك هەر كارێكی دیكەی ئەم نووسەرە (سێكس و خۆشەویستی و مەرگ و مۆسیقا) پانتاییەكی گەورەە لە رۆمانەكە دادەپۆشن. ئەم ڕۆمانە هەڵۆ فەریق لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بەكوردی. 
دنیای چیرۆك بەرهەمێكی دیكەی ناوەندی رەهەندە، لەكۆمەڵێك چیرۆكی هەڵبژاردەی گەورە نووسەرانی جیهان پێكدێ، سەرجەمیان چیرۆكی بەناوبانگ و دەقی دیاری نێو دنیای گێڕانەوەن و لەسەر ئاستی جیهان دەقگەلی ناسراو و دیارن. ئەم بەرهەمە وەرگێڕ و نووسەری ناودار و بەتوانا حەمە كەریم عارف وەریگێڕاوە بۆ كوردی. 
شەربەتی ترس، رۆمانێكی تازەی چیرۆكنووس و رۆماننووس ئارام كاكەی فەلاحە و سێیەم ڕۆمان و نوێترین رۆمانی نووسەرە، لە دوتوێی 145 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوبووەتەوە. 
سۆناتای خاچ رۆمانێكی نووسەری ناسراوی روسی لیۆ تۆڵستۆیە و  ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە زمانی ئەڵمانییەوە وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی كوردی، لەم بەرهەمەدا نووسەر كۆمەڵێك مەسەلەی گرنگی وروژاندووە لەوانە : خۆشەویستی، ژنكوشتن، گرنگی موزیك بەسەر مرۆڤەوە، دڵپیسی خێزانی، بەشێكی زۆری ئەو دیالۆگ و بابەتە گرنگانەی كە لەم نۆڤلێتەدا هاتوون، تا ڕادەیەكی زۆر پرسی جیهانین هەتاوەكو ئێستاش كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێوەی دەناڵێنێت.. ئەمانە و چەندین بەرهەمی دیكە لە چالاكییەكانی ئەم ناوەندەن و ئێستا لە كتێبخانەكاندا بەردەستن. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved