19/10/2019 02:00 PM

ڕۆمانی کوردی لە گەمەی لیستێکدا چەند سەرنجێکی گشتی


ئارام سدیق

لانی کەم نزیکەی بیست ساڵە خوێنەر ڕۆمانی کوردیم و بەشێکی بەرچاوی ئەو رۆمانانەی بە کوردی چاپ و بڵاو دەکرێنەوە خوێندوومنەتەوە، یان ئاگادارییانم، وەلێ دەرفەتی خوێندنەوە، یان دەستڕاگەیشتنم پییان نەبووە. بەڵام هەوڵمداوە ئاگاداریی زۆربەیان بم. ئەمە بێجگە لەوەی ئاگادارییەکی تاڕادەیەک باشیشم سەبارەت بە چیرۆکی کوردی و مێژوو و گەشەسەندنەکەی هەیە، کە دابڕاو نییە لە مێژووی ڕۆمانی کوردی و گەشەسەندنەکانی، بەڵام کاتێک ئەو لیستەم بینی کە بە ناوی "باشترین رۆمانەکانی کورد لە مێژوودا"، کەمێک تووشی سەرسامی بووم، بەو پێیەی تێکەستگەلێک کرابوونە ڕۆمان کە ڕۆمان نین، هەروەها چیرۆک کراوە بە رۆمان و نۆڤلێت بە هەمان شێوە. ئەمە بێجگە لەوەی ئاستی بەشێک لەو رۆمانانە لەوەدا نییە کە لە لیستێکی لەم شێوەیەدا بن. نەک لەبەر ئەوەی رۆمانەکان خراپن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەمان نووسەر ڕۆمانی باشتری هەیە، بەڵام رۆمانێکی لاوازی لەنێو لیستەکەدا هەڵبژێردراوە.
بەو پێیەی ئاگاداری مێژووی چیرۆک و رۆمانی کوردیم و لەم بوارەدا نزیکەی پێنج کتێبی چاپکراوم هەیە، هەق بە خۆم دەدەم چەند سەرنجێک سەبارەت بەم لیستە بخەمەڕوو، کە پێموابوو بێدەنگ بوون بەرامبەر کارێکی لەم شێوەیە دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم هەڵانە و بەردەوامیشی، بۆیە دەکرێت ڕەخنەی بکەینەوە بۆ ئەوەی ئەگەر کاری باشتر کرا، کوالێتی لەم کارە باشتر بێت.
نزیکەی دوو مانگە هاوڕێیەک بەناوی "کوردۆ شابان" دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناوی زنجیرەیەک رۆمان کردووە بەناوی "باشترین رۆمانەکانی کورد لە مێژوودا"، ئەمەش وەک لە گوتەکانییەوە دەیبینین لەو پێناوەدا کردوویەتی کە خوێنەری کوردیش بەرچاوڕوونی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی رۆمانە کوردییەکان و بە چاولێکەری لیستەکانی نیۆرک تایمز و ئەمەزۆرن و چەند لیستێکی دیکە ئەم کارەی کردووە. بێگومان پرۆژەکەی کاک کوردۆ جێگەی دەستخۆشییە و دیارە بە پرۆژەکەوە ماندوو بووە، لانی کەم کە هەوڵیداوە ناوی ئەو ڕۆمانانە و نووسەرەکانیان کۆ بکاتەوە، من بۆ هەوڵەکەی بە گشتی دەستخۆشیم هەیە، بەڵام پرۆژەکە بەدەر نییە لە دونیایەک کەلێن و کەموکوڕیی زەق، کە ئەم کەلێن و کەموکوڕییانە وا دەکەن، کە لە بەهای پڕۆژەکە بهێننە خوارەوە و من لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم بەشێک لە سەرنجەکانم بخەمەڕوو.
پرسیاریی سەرەتایی ئەوەیە بەپێی چ پێوەرێک ئەم ڕۆمانانە هەڵبژێردراون؟ چونکە بەشێکیان رۆمان نین، بەڵکو چیرۆکی درێژن وەکو "مەسەلەی ویژدان و گەلەگورگ"، بەشێکی دیکەشیان نۆڤلێتن وەکو "سەگوەڕ و حەسار و سەگەکانی باوکم"، کە ئەمە، یەکەم خاڵی سەرنجە و خاوەنی پڕۆژەکە نەیتواینوە ئەمانە لە یەکتریی جودا بکاتەوە، چونکە ئەوەی سەروکاری لەگەڵ ئەلف و بێی نووسین و خوێندنەوەی ڕۆماندا هەبێت ئەمانە لە یەکتریی جیا دەکاتەوە و تێکەڵیان ناکات.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئایا کە باسی رۆمانی کوردی دەکات، لە ژانی گەلەوە مەبەستییەتی تا دوا ڕۆمانی کوردی چاپ بووە. بێگومان ئەمەش ناهەقی تەواوی تێدایە، چونکە هیچ پێوەرێک نییە ڕۆمانێکی وەکو "ڕێگا"ی محەمەد مەولود مەم، هاوتای رۆمانێکی بەختیار عەلی بکات، چونکە هەم لە ڕووی تەکنیکی نووسین و هەم لە ڕووی بونیادی فیکرییەوە هەست بە گەشەکردنی رۆمانی کوردی دەکرێت و ئەم دوو رۆمانە جیاوازی زۆریان هەیە.
سەرنجێکی دیکە ئەوەیە ئایا ئەو سەد کەسەی کە پرسیان پێ کراوە و پلە یان (نمرە)یان بەم رۆمانانە داوە هەموو ئەم رۆمانانەیان خوێندووەتەوە؟ من دڵنیام لەو سەد کەسە بیست کەسیان ئەم پەنجا ڕۆمانەی نەخوێندووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی بەشی هەرە زۆریان وەکو کاکی ئامادەکار هەر رۆمانەکەی نەبینیوە و بۆیان باس کردووە و ژمارەیەکی دراوەتێ. نموونەی ڕۆمانی "باقەبێن"، کە لە ڕیزبەندییەکەدا ژمارە چوارەدەیە، ئایا لەو سەد کەسە چواردە کەسیان ئەو رۆمانەیان خوێندووەتەوە؟ یان رۆمانی "پاڵتاوشۆڕ"ی شەهرامی قەوامی، من دڵنیام، ئەو سەد کەسە (ئەگەر بوونیان هەبێت و من گومان هەیە بوونیان هەیە) دە کەسیان ئەو رۆمانەیان نەبینوە، ئیتر چۆن پلەی 41 ی دراوەتێ.
سەرنجێکی دیکە ئەوەیە کە ئایا لە ڕاپرسییەکی لەم شێوەیەدا ئەو سەد کەسە خوێنەر و ڕۆمانناسە، خۆ ژمارەیەکی هێندە زۆر نییە، ئەگەر بوونیان هەیە بۆ ناویان ئاشکرا ناکرێت؟ (دووبارە من گومانم هەیە بوونیان هەبێت)، بۆ ئەوەی ئاستی خویندەواریی و مەعریفیان بۆ خوێنەران ئاشکرا بێت.
هەر لەم زنجیرەیەدا رۆمانی تێدایە تەنها 400 دانەی لە 20 ساڵ لەمەوبەر لێ چاپ بووە، ئایا ئەو سەد کەسە ئەم رۆمانەیان بینیوە و خوێندویانەتەوە، کە بە تەکنیکێک نووسراوە، خوێنەر زۆر بە حەوسەڵە نەبێت ناتوانێ لەگەڵ ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا بەردەوام بێت و ئەو 520 لاپەڕەیە بخوێنێتەوە. (بەهۆکاری تایبەت ناوی ئەم ڕۆمانە نەبراوە).
لەم دوو مانگەدا کە ئەم ڕاپرسییە بڵاو دەکرایەوە لە چەندین خوێنەری بە سەلیقە و کەسانی شارەزا (لە دیوە ئەکادیمییەکەیەوە)ی ڕۆمانم پرسیوە ئایا بۆ ئامادەکردنی ئەو لیستە پرس بە تۆ کراوە، هەموو وەڵامەکان بە نەرێ بووە، بۆیە دیسان من گومانم لە بوونی ئەو سەد کەسە هەیە، کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت، کە ئەوان بڕیاردەری ئامادەکردنی ئەو لیستەن.
ئەو رۆمانەی پلەی یەکەمی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەو رۆمانەی پلەی دووەمی وەرگرتووە نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە، یەکەمیان لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نووسراوە و بە تەکنیک و تێمەیەکی سادە نووسراوە. دووەمیان چەند ساڵێک لەمەوبەر و بە تەکنیکێکی نوێ و دەوڵەمەند نووسراوە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی ئەم چەند ساڵەی ئەدەبی کوردی، ئایا دەکرێت بۆچوونی خوێنەران و ڕەخنەگران (وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت) لەسەر ئەم دوو ڕۆمانە هێندە لە یەکەوە نزیک بێت؟
یەکێکە دیکە لەو سەرنجانەم ئەوەیە ئایا ئەو ڕۆمانانەی دوو بەرگ یان سێ بەرگن، لەسەر هەر دوو بەرگ و سێ بەرگەگە بڕیار دراوە، یان یەک بەرگی وەکو نموونە وەرگیراوە. بۆ نموونە ڕۆمانی "شار"ی حسێن عارف، کە پلەی یەکەمی وەرگرتووە، بەرگی یەکەم و دووەمی جیاوازییەکی زۆر و لەنێوان ساڵانی چاپکردنیدا هەیە، ئەمە بێجگە لە جیاوازییە تەکنیکی و پلۆت و لایەنەکانی دیکە.
ئەمە بەشێکی بچووکە لە سەرنجەکانم، بێگومان دەکرێت چەندین سەرنج و گومانی دیکە بۆ ڕەخنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەم لیستە بخرینەڕوو، بەڵام لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنم و بۆشم گرنگ نییە چ دەزگایەک و بە چ مەرامێک لەپشت دروستکردنی لیستی لەم چەشنەوەن، بەڵکو ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کە لیستێکە لانی کەم نیوەی ڕۆمانی لاوازن، کە شایستەی ئەوە نین هەر بە رۆمان ناو ببرێن. هاوکات هەر کەسێکی دیکەش لەپشت ئەم لیستەوە بێت و (بێگومان ئەگەر سەد کەسەکەش بوونیان هەبێت) بەڵام سەد کەسی کۆڵەوار و بێئاگان لە رۆمانی کوردی و کاکی ئامادەکاریش بەهەمان شێوە بێ ئاگایە بەو پێیەی چەندین رۆمانی دیکەی گرنگ هەیە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێن، کە من ناوهێنانی هیچ کام لەو رۆمانانە بە پێویست نازانم و خۆم کارم لەسەر بەشێکیان کردووە و بەشێکی دیکەشیان ڕەخنەگران و توێژەرانی دیکە کاریان لەسەر کردوون. بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت وەلا نراون.
ئەوەی لە دواجاردا پێویستە پێداگری لەسەر بکەین ئەوەیە کە لیستی "باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا"،جگە لە گەمەیەک بە خوێنەری رۆمانی کوردی هیچی دیکە نییە، چونکە نەک لە پێناو ناساندن و هەڵبژاردنی باشترینەکانی رۆمانە کوردییەکاندا نییە، بەڵکو تەنها کاری شێواندن و سەرلێتێکدانی خوێنەردایە و ئەمەش ئامانجەکەی بەوە دەکەوێتەوە کە بەشێک لە خوێنەر دەفریوێنرێن، بەڵام هەرگیز خوێنەری ڕاستەقینە بە لیستی لەم چەنە نافریوێنرێت.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved