26/10/2019 02:27 PM

لە دوو هەزار پارچە شوێنەوارەوە بۆ دەوڵەمەندترین مۆزەخانەی عیراق

 

لە دوو هەزار پارچە شوێنەوارەوە بۆ دەوڵەمەندترین مۆزەخانەی عیراق
(گوزەرێك بە نێو مۆزەخانەی شاردا)
د. ژینۆ عەبدوڵڵا*


سەرەتا
بەم دواییە بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە بابەتە شوێنەوارییەکان و بە ئاگابوون لە پڕۆژەکانی مۆزەخانەی سلێمانی، دەرفەت ڕەخسا تا لەگەڵ پ.د.زاهیر لەتیف كەریم ، کە هەم مامۆستایەکی پایەداری کاروانی خوێندنی ئەکادیمیمە و هەم لە خاکەڕابوونی خۆیەوە وەك هاوڕێ لەتەکما مامەڵە دەکات، سەردانی ئەو دامەزراوە پڕ بایەخەی شارەکەمان بکەم. بەباشم زانی لەم نووسینە کورتەدا کەمێك زانیاریی کە بەرهەمی ئەو سەردانەیە بخەمەڕوو.
 
شانازیی و هیوا:

هەر لە ساتەکانی سەرەتای سەردانەکەمانەوە و پاش ئاگادارکردمان لە ئاماری دەوڵەمەند و خزمەتی زۆر و ئەو پڕۆژە تازانەی لە مۆزەخانەکە دەکرێن، بەراورد بە توانای مادیی و مرۆیی سنووردار و کەمیی  ژمارەی پسپۆڕان، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە بەڕاستیی ئەم مۆزەخانەیە جێی شانازییە و دەکرێت بە پشتگیریی دارایی و مرۆیی ببێت بە وێستگەیەکی گەشتیاریی گرنگ هاوشێوەی مۆزەخانەکان لە پایتەخت و شارە گەورەکانی وڵاتانی ئەوروپا.وەك لای هەمووان ئاشکرایە گەشتیاران لە سەروەختی گەڕان بە شار و وڵاتانی دڵخوازیاندا شەیدا و پەرۆشی سەردانی مۆزەخانەکان دەبن تا تینوێتییان بۆ ئاشنابوون بە مێژووی کۆن و نوێی گەلانی دوور و نزیك بشکێنن و چاویان بکەوێت بەو بەرهەم و بابەتە شوێنەوارییانەی لە قوڵایی مێژووەوە وەدەست کەوتوون و لە جوانترین شێوەی پاراستن و نمایشکردندا مات و بێدەنگ پڕ لە بەها خۆیان دەنوێنن. لەم سۆنگەیەوە دەشێت هیواکانمان سەوزتر ببن بەوەی مۆزەخانەی شار کەمەندکێشی ژمارەی زیاتر و زیاتری زیارەتکارانی ناوخۆ و دەرەوە بێت.

مۆزەخانەی منداڵان:

یەکێکی تر لە سیما تازەو درەوشاوەکانی مۆزەخانەکە، کوچەی یاخود گۆشەی مۆزەخانەی منداڵانە کە بەم دواییە کرایەوە بۆ ناساندن و پیشاندانی بایەخ و گرنگیی شوێنەوارناسیی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی و ڕۆشنبیریی منداڵان لەمەڕ شوێنەوارناسیی. مایەی خۆشحاڵییشە کە مۆزەخانەی سلێمانی بەو پڕۆژەیە بوو بە یەكەم مۆزەخانە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق گۆشەی تایبەتی هەبێت تا منداڵانی تەمەن 8 بۆ 12 ساڵان لە رۆژانی پشوو و کاتی دەوامی خوێندنگەکانیاندا لەگەڵ بەخێوکاران ویان مامۆستایانیان سەردان بکەن.هەرچەندە شوێنەكەی بچوكە بەڵام بۆ قوناغی یەكەم كارێكی گرنگ و پێویستە. ئەم پڕۆژە قەشەنگ و نوێیە بایەخێکی گەورەی هەیە لەوەدا کە شوێنەوارناسیی بە شێوازێکی پەروەردەیی هاوچەرخ و سانا و ساكار بە نووسین و وێنە بۆ منداڵان ڕووندەكاتەوە. 

مۆزەخانەی گەڕۆك:

هەر لەو سەردانەدا ئاشناکراین بەوەی بەمەبەستی بایەخدان بە قوتابخانەكانی دەرەوەی شار، مۆزەخانەی گەڕۆك دروستكراوە کە هەموو قۆناغەكانی مێژووی شوێنەوارناسیی مرۆڤایەتیی بۆ مندڵان بەزمانێكی ئاسان دەخاتەڕوو. هەروەها هەموو كەرەستە وپێداویستیەكانی شوێنەوارناسیش بەنمونەی پلاستیك لە سەر شێوەی پارچە ئاسەوارەكان بۆ منداڵان ڕووندەكرێتەوە. شایانی باسکردنە کە هەردوو پڕۆژەی مۆزەخانەی منداڵان و مۆزەخانەی گەڕۆك کە  یەكەم جارە لە سەر ئاستی عیراق ئەنجام بدرێن ، لەلایەن زانكۆی گلاسكۆی سکۆتلەندە/بەریتانیاوە بودجەیان بۆ دابینكراوە. لێرەدا وەك هاووڵاتییەکی شار جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانین ئاراستەی ئەو زانکۆیە و هەموو ئەو کەسایەتییە بیانیی و نیشتمانییانە بکەین کەئاسانکارییان بۆ بەدیهاتنی ئەم دوو پڕۆژەیە کردووە.

پڕۆژەی نوێ:

سەردانەکەمان هاوكات بوو لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی هەندێك بەش وجێبەجێکردنی پڕۆژەی سیستەمی نوێی مۆزەخانە، بۆ پێشخستن و پاراستنی زیاتری ئاسەوارەكان. لەو بوارەشدا هاوكارو هاورێی بەڕێزم لە خاك تی ڤی کاك هاشم حەمە عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانە، خاكییانە تەواوی بەشەكانی مۆزەخانەی بۆ باسكردین و زانیاریی و داتا و مێژوویەكی زۆری بۆ ڕوونكردینەوە.ئەو پڕۆژە و پلانانەشی باسكرد كە بەنیازە ئەگەر پشتیوانیی بكرێت جێبەجێ بكات.
دێرینترین شوێنەواری مرۆڤایەتی لە هەرێمی كوردستان:
دێرینترین شوێنەواری مرۆڤایەتیی لە هەرێمی كوردستان  دەگەڕێتەوە بۆ 100 هەزار ساڵ بەڵام لە باشوری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 4500 ساڵ، ئەویش بەگوێرەی كڕۆنۆلۆجیای بەردەبەلكە كەدۆزراوەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانیە.
لە دوو هەزار پارچە شوێنەوارەوە:
وەك هەموو مۆزەخانەكانی تری عێراق، مۆزەخانەی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنیدا لە ساڵی ( 1961 )، تەنها دووهەزار پارچە ئاسەواری پاشماوەی مۆزەخانەی بەغدای هەبوو. ئێستا بە  هەوڵ و دڵسۆزیی خەمخۆران خاوەنی زیاتر لە 80 هەزار پارچە ئاسەوارە لە سەرجەم بوارەكانی شوێنەوارناسییدا. لێرەوە پێزانین دەستخۆشییم بۆ هاوكارو هاوڕێم هاشم حەمەعەبدولڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانە بۆ هەوڵەكانی خۆی و ستافی مۆزەخانە بۆ كارو خزمەتیان. بە هیوای دابینكردنی بینایەكی گەورەو شیاو بۆ ئەم دەزگا گرنگە و زیاتر بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی بایەخی مۆزەخانە.

*مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved