10/11/2019 09:33 PM

فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن خەڵاتکرا

فیلمی کوردی "زاگرۆس" لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن، خەڵاتی بینەرانی وەک باشترین فیلم وەرگرت.

ئەو بەرهەمە سینەماییە لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداربوو و توانی لەسەر ئاستی هەردوو بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکان و فیلمە ئێرانییەکان خەڵاتی بینەران بەدەستبێنێت.

فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

لە ١٧ ئابی ئەمساڵ، سەهیم عومەر خەلیفە، لە رێورەسمێکدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتی سینەماو شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنراو خەڵاتکرا.

رێورەسمی ریزلێنانەکە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و شوینەواری عێراق و لەژێر ناوی "شەوانی سینەمایی"، لە شانۆی نیشتمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و رۆشنبیری عێراقی ئامادەیبوون.

بەر لە رێورەسمی خەڵاتکردنەکە، دوایین فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بەناوی (زاگرۆس) نمایشکراو دواتر لەلایەن د.ئەحمەد موسا بەڕێوبەری سینەماو شانۆ رێزی لێنرا.

سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی زاخۆیەو لە بەلجیکا دەژی و ماستەری لە سینەما لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، ئێستا ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.

ئەو سینەماکارە دوو فیلمی گەیشتوونەتە قۆناخی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم، کە لە کورتەلیستی 15 و 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکاندا بوونە بۆ خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئۆسکار.

ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی (میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتووە.

بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵات، ئەو دەرهێنەرە توانی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات.

(میسیی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەزو خولیای بۆ یاری تۆپی پێ هەیەو هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتەفیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات.


خاك - راگەیاندنی فیلمی زاگرۆس




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved