11/11/2019 04:09 PM

باڵابەرزێك لە خێڵی كورتە باڵاكان

ئایینی ئیسلام فەتحی هەر وڵاتێكی كردبێ بەشەڕ كردوویەتی، بەڵام هەندێك وڵات هەن ئیسلام بەشێوەیەكی میانڕەو و دوور لە شەڕ پێی گەیشتووە، لەو وڵاتانە: هیندستانی گەورە و مالیزیا و.. یەكێ لە هۆكارەكانیش ئەوەیە ئیسلام لە رێگای بازرگانییەوە چووەتە ئەم وڵاتانە. هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە ئەم وڵاتانە بۆخۆیان خاوەنی بیری میانڕەو و ناتوندوتیژین، ئاینەكانی پێشتری ئەو ناوچانە وەكو هیندۆسی، بودیزم، ئاینی ناتوندتویژی و میانڕەوی بوون، بۆیە پارتە ئیسلامییەكانی ئەم ناوچەیە جیاواز لە هەموو وڵاتانی دیكە نەرمتر و میانڕەوترن. بەڵام بەداخەوە وردە وردە دۆخەكە گۆڕا، ساڵانێك شەڕ و توندوتیژ بەجۆرێك كەوتە ئەم ناوچانەوە كاریگەریی لەسەر بودی و هیندۆسیش هەبووە. ململانێی سیاسی و ئاینی و كۆمەڵایەتی ئەو ناوچەیەی بەرەو شەڕێكی قورس بردوە، زوو زوو بەگژیەكدا دەچن. لەدوای گاندی و عەبدولغەفارخان و مەولانا ئازاد و نەهرۆ.. ئیتر سەركردەیەك نەبوو بەجددی و وەكو ئەوان رێگای ناتوندوتیژی بگرێتە بەر. 
لەسەردەمی مەهاتما گاندیدا ئەم خەباتی ناتوندوتیژییە پەرەی سەند بەئەندازەیەك كە بەریتانیای ئیمپڕاتۆڕ بەو ناتوندوتیژییەی مەهاتما گاندی شكستیان هێنا و هیندستانیان بەجێهێشت. جا لەپاڵ گاندی مەزندا كۆمەڵێك سەركردە هەبوون، نەهرۆ، مەولانا ئازاد، عەبدولغەفارخان، محەمەد عەلی جەناخ كە دوایی پەڵپی جوداكردنەوەی پاكستانی گرت و كۆڵی نەدا تاجیابوونەوە. لە هەموو ئەو سەركردانەی هاوەڵی گاندی بوون عەبدلغەفارخان كەسێكی دیارە و شایەنی هەڵوەستە لەسەركردنە، ئەم پیاوە پاكە نورانییە، ئیماندارە راستەقینەیە كە بە گاندی سنوور ناسرابوو، رۆڵی گرنگی بینی لە سەردەمی داگیركاری بەریتانیا لە هیندستان. ئەوەی سەیرە عەبدولغەفارخان سەركردەیەكی موسڵمان بووە لە هۆزی پەشتۆنی، ئەو هۆزە دڕەی كە پتر خەسڵەتی گورگیان هەبووە، بەشەڕەكەر بەناوبانگن، كەچی ئەم پیاوە توانی ڕامیان بكات، لەو شەڕكەرانە سوپایەكی نەرم و نیان و ناتوندوتیژی دروست كرد. ئەو سوپایە پێیان دەگوترا خزمەتكاری خودا، بە كراس سوورەكان ناسرابوون. كەس بە ئەندازەی ئەم پیاوە خزمەتی ئیسلامی نەكردوە، وێنەیەكی نەرم و ناسكی لە ئیسلامی میانڕەو پێشكەشی دنیاكرد، بەداخەوە زۆر بەكەمی گرنگی بەم پیاوە دەدرێ، چونكە جیاواز لە سەركردەكانی دیكەی ئیسلام میانڕەو و ناتوندوتیژ بووە، میدیای ئیسلامی هیچ گرنگییەكی بەم پیاوە نەداوە، لەو بڕوایەدام زۆرێك لە رۆشنبیرە موسڵمانەكانی خۆشمان لە كوردستان ئەم پیاوە ناناسن و زانیاریان لەسەری نییە، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەم سەركردەیە میانڕەو بووە و باوەڕی بە ئیسلامێكی نەرم و نیان هەبووە. عەبدولغەفارخان و گاندی بەریتانیایان بە خەباتی ناتوندوتیژی و بە مانگرتن و بە بایكۆت لە وڵاتەكەیان كردە دەرەوە.
خان عەبدولغەفارخان
خان عەبدولغەفار خان یان پاشاخان كە بەگاندی سنوور ناسراوە، هاوڕێ و هاوخەباتی گاندی مەزن بووە، یەكێكە لەو سەركردە موسڵمانانەی بانگەشەی خەباتی ناتوندوتیژی كرد و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا لە نەرم كردنەوەی پەشتۆنەكاندا كە بەشەڕكەر و توند و تیژ ناسرابوون، خان لە ساڵی 1890 لە پیشاوەر لەدایك بووە و ساڵی 1988 كۆچی دوایی كردوە، ئەم پیاوە سەركردەی خێڵی پەشتۆنەكان بوو، كە بەخێڵێكی شەڕانگێز ناسراون، بەڵام ئەو بەخەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژی توانی ئەو خێڵە تووڕە و دەمارگرژە نەرم بكاتەوە و بۆ نێو خەباتی ناتوندوتیژی پەلكێشیان بكات، پاشاخان سەركردەیەكی سیاسی و رۆحی ناتوندوتیژی موسڵمان بووە و هاوڕێ  و هاوخەباتی گاندی بووە، بە یەكەوە خەباتیان كردوە بۆ دەركردنی بەریتانیا لە هیندستان بەرێگەی خەباتی مەدەنی، مێژوو شاهیدە كە چ سەركەوتنێكیان تۆمار كردوە.  پاشاخان نازناوی گاندی سەرحەدی بەسەردا دابڕاوە، "گاندی سنوور" ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پیاوێكی ئەوەندە نەرم و نیان و ناتوندوتیژبووە، وەك سەركردەیەكی كاریزمایی كاریگەری لەسەر پەشتۆنەكان هەبووە و هێزێكی مەدەنی لێ دروست كردون، گاندی سەرحەد رۆڵی زۆر گرنگی هەبووە لە خەباتی ناتوندوتیژی و چالاكییە سیاسی و دوور لە توندوتیژییەكانی بێ وێنە بوون، لە نێو خێڵی گەورەی پەشتۆنیدا پیاوێكی بەرێز و كاریزمایەكی گەورەبوو، ئەویش وەكو هاوڕێكەی گاندی چەندین جار رووبەڕووی مەترسی و زیندان بووەتەوە لەلایەن بەریتانیای داگیركەرەوە. ئەم پیاوە موسڵمانە لە خێزانێكی موسڵمانی پەشتۆنی لە پیشاوەر لەدایك بووە. كوڕی موڵكدارێكی ناوچەكە بووە بەنێوی بەهرام خان، ئەم پیاوە هەموو شتێكی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە. بەشێك لە تەمەنی لەگەڵ گاندی بەسەر بردووە و هیچ كات خەون و خەیاڵی پۆست و پلە نەبووە و هەمیشە وەك سەربازێكی سادە و ساكار لەو پێناوەدا خەباتی كردوە.
لەگەڵ یەكپارچەیی هیندستان بوو
لە دوای دەركردنی ئینگلیزیش كە دیارە ئینگلیز هێشتا بە بەرنامە كاری دەكرد بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی، ئەم بەرە ناتوندوتیژە رووبەرووی كێشەیەكی گەورەبوونەوە ئەویش مەسەلەی جوداكردنەوەی پاكستان بوو لە هیندستان، كە محەمەد عەلی جەناح سەركردەی پاكستانی داوای جیابوونەوەی دەكرد، لە پاڵ گاندیدا عەبدولغەفارخان یەكێك بوو لەوانەی دژی جیابوونەوەی پاكستان بوو، بەڵام جەناح مكوڕ بوو لەسەر قسەی خۆی بۆیە دواجار پاكستان لە هیندستان جیابووەوە و تاوەكو ئێستاش ناكۆكی و شەڕ بەردەوامە. لەو رۆژگارەدا گاندی زۆری هەوڵداوە جەناح رازی بكات، بەئەندازەیەك كە تەنازولاتی گەورەی بۆ كردوە، پێشنیاری كردوە محەمەد عەلی جەناح ببێت بە سەرۆك وەزیران تەنیا دەست لە جیابوونەوە هەڵبگرێت، بەڵام بێسوود بووە، دواجار پاكستان لە هندستان جودابووەوە. لەپاڵ گاندیدا عەبدولغەفارخانیش دژی جیابوونەوەی پاكستان لە هیندستان راوەستاوە. خان ئەو پیاوەی هەموو تەمەنی بۆ خەباتی مەدەنی تەرخان كردوە، تا دواچركە وەفاداربووە بە خەباتی ناتوندوتیژ و تاكە سەركردەی موسڵمانە و وبێ وێنەیە لە خەباتی مەدەنیدا، بەداخەوە رەوتە ئیسلامییەكانی دنیا نەك هەر رێگای میناڕەوی عەبدولغەفارخانیان نەگرتوەتە بەر بەڵكە گرنگیشی پێنادەن، بەجۆرێك لە دنیای ئیسلامیدا نەناسراوە. لێ ئەوانەی خەباتی چەكداری دەكەن و پێیانوایە بەرێگای شەڕ سەركەوتوو دەبن زۆرن و لەبرەودان، هەمیشەش ئەم رێگایە ئیسلامی بەرەو توندوتیژی زیاتر بردووە. خان ئەو پیاوە باڵابەرزەی وێنەیەكی میانڕەوی داوە بە ئیسلام  لەتاریكیدایە.
سوركێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved