15/11/2019 09:46 AM

یادی سلێمانی و یادی تۆ (دادە)

 

یادی سلێمانی و یادی تۆ "دادە"

جەمیل عەلی

 

لە یادی سلێمانیدا و لە هۆڵی گەلەری ئەمنە سورەکە و لە نێو وێنە پۆرترێتییە هەڵواسراوەکانی تایبەت بە لێپرسراوانی کارگێڕیی و کەسانی ناوداری شاردا کە پێدەچێت هی زۆربەیان، جگە لە کۆچکردووان ، تازەکیی گیرابێتن لە پۆرترێتەکەی تۆدا "دادە" ، وێنەیەکی تازە چرکێنراو نەکەوتە بەرچاو.بەڵکو تابلۆیەك بوو کە لە بری ئەوەی وێنەیەكی خۆ ئامادە بۆکراوی نێو ئۆفیس و سەر مێزی کاری تێدا بێت، پێنج وێنەی تێدابوو. پێنچ وێنەی جیاواز، چوار دانەیان بە قەبارە بچووك و بە مێژووش لەپێشترن " دادە" چونکە جوان جوان دیارە کە لە سەر وەختی ئەو وێنانەدا تۆ لە کوێ بوویت و سەرقاڵی چی بوویت. یەك وێنەشیان کە لە ناوەڕاستدایە قەبارەکەی گەورەترە و مێژووەکەشی نزیکترە چون پرچی ماش و برنجیی و زار و لەبی بە خەندەت نیشاندەدات.

بۆ من لە نێو هەموو ئەو وێنانەدا ئەوەی تۆ ڕایوەستاندم و مۆبایلم بۆ گرتە دەست و وێنەیم گرت. لای من لەو چرکە سات و لەو هۆڵە پڕ لە خەڵکەدا ، یادی شار بوو بە یادی تۆ "دادە". چۆن وانەبێت، کە زیاتر لە دەیەیەك منیش یەكێك بووم لەوانەی شاد بوون بە ناو‌هێنانت بە "دادە" و هەندێك جاریش گیانی پێوە بوو. ئەو گەنجەی لە سەرەتای نەوەدەکاندا و لە بەردەم تەلەفیزیۆنە دەرگا شکاوەکەی سەر مێزە بەناو ستیلە ژەنگکردووەکەی ماڵێکی نسرمی سەر شیوێکی شەهیدانی سەرچناردا، لەسەر تەختی پشت و دەست لە ژێر پشتی سەر لە میانی تەماشاکردنی هەواڵەکانی گەلی کورستاندا تۆی دەبینی بەبه قاتى كه تافييه وه ئامادەی کۆڕ و بۆنەی خۆش و ناخۆش دەبوویت و لە خەیاڵی خۆیدا پرسیاری دەکرد داخۆ ژنەکەی هەڤاڵ مام جەلال چۆن بێت؟.

ڕێك هاوشێوەی تەماشاکردنی خانمێکی بێژەری لە هەولێرەوە هاتووی ئەو کەناڵە کە دەیبردم بۆ هەمان پرسیار ، داخۆ دەبێت چۆن بێت؟. خۆشبەختانە و لە ڕێڕەوە خۆشەکانی تەمەنی گەنجییدا، بوومە هاوکار و هاوڕێیەکی ئەو خانمەی باسم کرد کە تا ئەمڕۆش لە پاش یەزدانی مەزن ، خۆم بە قەرزاری پشتیوانیی جوامێرانەی تۆیش و ئەویش و چەند کەسێکی تریش دەزانم لە کاروانی کاری پیشەیی و خێزانیی و زانستییمدا.

ئەم هەستی ئەمەکدارییە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك پێشتر، ئەو دەمەی بەختەوەر کرام بەوەی لە سەرەتای تشرینی دووەمی 98 دا، ببمە کارمەندی ئەو کەناڵە جوانە داهێنەرە شادییهێنە خەفەتبەرەی لە سەرەتای ئازاری ساڵی پێشتر لە وەرگیران و پەسەندبوونم دوای تاقیکردنەوەیەکی دوو هەفتەیی لە سەر یاڵەکەی بەرانبەر مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە بە هەوڵ و هیممەتی کوردانە داتمەزراندبوو. بەوەش بە وەڵامی پرسەکەم گەیشتم و لەو ڕۆژگارەوە زانیم خێزانەکەی مام چۆنە.

ئەمێستا کە ئەم وشانە دەنووسم پەشیمان و نیگەرانم کە نەمتوانی لەم چەند ساڵەدا بە دیدارت بگەم، لەبەر ئەوەی من تا ئێستاش هەر (ڕۆڵە) ئاساییەکەی جارانم لەبەر ئەوەی کوڕی حەپسەی حسێن حەوتەی عەبابەیلێی و کۆچکردوو حاجی شێخ عەلیی جەباریی لە دایکبووی تیماری قەرەداغم، کە بەداخەوە نەگەشت بەوەی ببینێت کوڕەکەی ، کە دووەمی سەر ئاستی بەشەکەی بوو و دەیویست بێ واستە دابمەزرێت، بێ واستە لە تەلەفیزیۆنەکەت کە خاکیی بوو وەك خۆت دامەزرا و دواتریش بووە کارمەندی ئەو کەناڵە ئاسمانییەی لە دەباشانەوە پەیامی بۆ گەلی دوور و نزیك دەنارد. دەبێت بڵێم ئەم ئاسایی بوونەی بەندە ئەگەر لە هیچدا زەرەری لێ نەدابم ئەوا لەوەدا زەرەری لێدام کە ڕێگربووە لەوەی من بە دڵی خۆم بێمە دیدارت و لە حزورتان دانیشم. زیاتریش نیگەرانم لەوەی کە دەشێت وەك پێویست ئەم یادە بەردەوامە کە یەکەم جارە ڕێی خۆی بۆ سەر لاپەڕە بگرێت ، پێت نەگات بەڵام بگات یان نەگات من بە دڵ هەر یادت دەکەم "دادە".








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved