19/11/2019 03:00 PM

گۆران لە زانكۆی سلێمانی

 

 د.ژینۆ عەبدوڵڵا

 لەساڵیادی شاعیری گەورەی كورد گۆران(18/11 /2019 )، بەشی زمانی عەرەبی،كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی ،بەهاوكاری لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژ ولەهۆڵی پرۆفیسۆر عیززەدین مستەفا ڕەسوڵ،سیمنارێكی بۆ هەردوو ڕەخنەگر وئەكادیمی پرۆفیسۆران زاهیر لەتیف كەریم ونیان نەوشیروان فوئاد مەستی ر ِێكخست بەناونیشانی "گۆران لەژێر ڕۆشنایی ئەدەبی بەراووردكاریدا".سیمنارەكە، یاریدەدەری پرۆفیسۆر دكتۆر ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەی دەبرد،سەرەتا بەپێناسەیەكی گۆران وڕۆڵی لەبزاڤی شیعری نوێی كوردی دەستی پێكرد.دواتر پ.د.زاهیر لەتیف كەریم ئاماژەیەكی خێرای بەوەدا كەمەبەستێتی ئەم سیمنارە لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ گەورەیی وپێزانین و وەفایەك بۆ گۆران ی هەمیشە زیندوو كەتوانی شیعری كوردی لەقۆناغێكی چەقبەستووەوە بگوێزێتەوە بۆ فەلسەفە نوێیەكان وچەمكە بابەتگەرایی وئەزموونگەرایی ودیدگەراییە جیهانییەكان.هەروەها پێناسەیەكی خێرای بەژیانی گۆران وپێناسە سەرەكییەكانی زانستی ئەدەبی بەراووردكاری كرد.دواتر چەند پرسیارێكی خستە ڕوو كەسەرجەمیان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەناونیشانی سیمنارەكەوە هەبوو،وەك ئایا دەشێت گۆران وئەدەبەكەی لەبازنەی ئەدەبە نەتەواییەتیەكە بچنە دەرەوە وپەیوەندی بەئەدەبە زلهێزەكانەوە بكەن؟ ڕۆڵی ئەدەبی بەراووردكاری بۆ گۆران چی بوو؟ جۆری ئەو توێژینەوە بەراووردكارییانە خۆیان لەچ قوتابخانەیەكی بەراووردكاریدا دەبینێتەوە؟بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم ،ووتی"پێویستە سەرجەم ئەدەبە نەتەوایەتییەكان لەسنووری دیاریكراوی خۆیان بچنە دەرەوە،بەپێچەوانەوە ئەدەبەكان بەرەو پوكانەوە دەڕۆن.بەڵام بۆ چوونە دەرەوە ئاماژەی بەچوار مەرجدا كەئەو مەرجانە مەرجی زانستی ئەدەبی بەراووردكارییە وەك پاراستنی ڕەسەنایەتی وچوونە دەرەوە بەڕێژەیەكی لۆژیكی دیاریكراو ووەرگرتنی ئەو بابەتانەی دەگونجێن لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگادا ودوا مەرجیش  بریتی بوو لەتموح ئەویش بەوەی نووسەران وشاعیران پێویستە هەندێك لادان لەپرنسپەكانی كۆمەڵگادا بكەن لەپێناو خوڵقاندنی ئایندە وەك ئەوەی گەر ئەمڕۆ بابەتێك نەگونجێت ئەوا ئەگەری ئەوەی هەیە لەئایندەیەكی نزیك یان دووردا بگونجێت.بۆ وەڵامی پرسیاری دوهەمیش ئاماژەی بەچەندین ڕۆڵێكدا كەتوێژینەوە بەراووردكارییەكان بە گۆران یان بەخشێوە وەك:
- لێكۆلێنەوە لەشوناسی فیكری وسۆسیۆڵۆژی وسیاسی وئەدەبی گۆران كەبێگومان ئەم لێكۆڵینەوەیە پەیوەندی بەبەرامبەرەكەشەوە هەیە.
- ئاشكراكردنی توانا داهێنانەكانی گۆران هەروەك چۆن ڤۆڵتێر داهێنانەكانی شكسپیری ئاشكرا كرد.
- دەستنیشانكردنی ئاستی بەڕۆشنبیركردنی دەقەكانی لەڕووی پێكهاتە پەیوەندی وسەرچاوە ناوەكی ودەرەكییەكانەوە.
- بەدەرخستنی كەسێتی نووسینی لەڕووی ڕێباز ومیتۆد وكەرەستە هونەری وبابەتییەكانی.
- بەدەرخستنی زانیارییە وورد وشاراوەكان .لێرەدا ئاماژەیكرد بە میتۆدی ڕەخنە بونیادگەری ودوای بونیادگەرییەكان بەتایبەتی بونیادی زانستە ئەندازەیی وماتماتیكی وفیزیكی وكیماگەرییەكان.یان ڕەخنەی خوڵقاندن وفۆرماڵیزمەكان ...هتد.
- زانینی تایبەتمەندییەكانی ئەدەبی نەتەوایەتی وڕێژەی بەشداریكردنی گۆران لەبونیادنانی ئەو ئەدەبە.
- دیاریكردنی ئامانجێتی وستراتیژییەتی گوتاری شیعری گۆران وەك ئەوەی گۆران تەواو ڕەچاوی دۆخە سۆسیۆڵۆژییەكانی كۆمەڵگای خۆی كردبێت و وێنەیەكی دووبارەی بەرامبەرەكان نەبێت.
- دەستنیشانكردنی بەها شیعرییەكانی لەڕووی شێوە وبابەت وناوەڕۆكەوە.
بۆ وەڵامی پرسیاری سێهەمیش گووتی:
ئەو توێژینەوانانەی كەهەتا ئێستا لەگەڵ پ.د.نیان مەستی ئەنجام دراوە یەك ئاڕاستەی وەرنەگرتووە بەڵكو سەرجەم قوتابخانە بەراووردكارییەكانی لەخۆ گرتووە وەك قوتابخانەی فەڕەنسی وئەمریكی وسڵاڤی وئینگلیزی وبونیادگەییەكان.بۆ ئەمە چەند نموونەیەكی پراكتیكی هێنایەوە كەلێرەدا جێگەیان نابێتەوە.

پ.د.نیان نوشیروان فوئاد مەستی یش لەلایەن خۆیەوە جەختی لەسەر بابەتێكی هەستیاری ئەدەبی بەراووردكاری كرد ئەویش بەڕۆشبیركردنی دەقە.ئاماژەی بەوەدا كە گۆران بەوپێیەی هەڵگری چەندین پەیام وڕێبازی شیعرییە وەك كڵاسیزم وڕۆمانسیزم وڕیاڵیزم وسیمبۆڵیزم ودادایزم ئەوا بێگومان ئەم ڕێبازانە پێویستیان بەسەرچاوە جۆراوجۆرەكانی ڕۆشنبیری ومەعریفییە.واتە بەلای پ.د.نیان مەستی ییەوە كارنامەی گۆران تەنها كارنامەیەكی خۆڕسكی نەبووە بەڵكو لەپشت بەهرە شیعرییەكەوە ڕۆشنبیرییەت بوونی هەبووە.لێرەدا ئاماژەی بەووتەیەكی گەورە شاعیری جیهانی ت.س.ئیلیۆت كرد كەدەڵێت "شاعیر لەڕێگەی دوو چەمكی سەرەكییەوە دەبێتە داهێنەر ئەوانیش بەهرە وڕۆشنبیرییە.گۆران یش لەم جۆرە بوو،لەلایەكەوە خاوەن سەلیقە وبەهرەیەكی شیعری  كەبێگومان ئەم بەهرەییەی لەسەرچاوە ناوەكییەكانەوە بۆ ماوەتەوە بەنموونەی مەولەوی وبێسارانی ونالی وسالم وكوردی ومەحوی...دواتر بەمەوە نەوەستاوە ولەپێناو فراوانكردن وگەورەكردنی بازنەی ئەدەبی نەتەوایەتی ولەڕێگەی زانینی زمان وڕۆشنبیرییەتە عەرەبی وفارسی وتوركی دواتر ئینگلیزییەكانەوە پەیوەندی بەجیهانی دەرەوە كردووە.بەمانایەكی ڕوونتر پ.د.نیان ئاماژەی بەوەدا كەكارنامەكان وبەرپرسیارێتی گۆران بەرامبەر بەئەدەبی نەتەوایەتی لەئاستێكی نموونەی وئایدیاڵیزمیدا بوو،ئەمە گەرچی لەڕووی فیكری وسیاسییەوە سەر بەبلۆكی ماركسیزم وسۆشیاڵیزم بوو.دواتر ئاماژەیەكی زانستی خستە ڕوو بەوەی گەر گۆران وئەدەبی نەتەوایەتی دەرگایان لەسەر خۆیان دابخستایە ئەوا وەك ئەوە وابوو كەسێك لەژوورێكی داخراودا دابنێت بەبێ ئۆكسجین.بۆیە پەیوەندیكردنی گۆران بەجیهانی دەرەوە هەنگاوێكی پۆزەتیڤ بوو بۆ خۆی وئەدەبە نەتەوایەتییەكەی.
دوای تەوابوونی سیمنار،دەرگای پرسیارەكان لەبەردەم ئامادەبووندا كرایەوە،  كەخۆشبەختانە زۆربەی مامۆستایانی زمانی عەرەبی وكوردی وئینگلیزی ئامادەبوون.ئەمە جگە لەخوێندكارانی بەشە زانستییەكان.سیمنارەكەش بەزمانی عەرەبی پێشكەش كرا،بەڵام پرسیار ووەڵامەكان زمانی كوردی لەخۆ گرت.
 









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved