30/11/2019 03:21 PM

چەند سەرنجێکی درەنگوەخت سەبارەت بەپێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب

 

ئارام سدیق

ئەو چەند ڕۆژەی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی بەڕێوە چوو، ڕۆژانە بەر قسەی جۆراوجۆر و بەر بۆچوونی سەیر و سەمەرە دەکەوین، کە بەشێکیان لەلایەن هەندێک نووسەر و هونەرمەند و خۆبەڕۆشنبیرزانەوەیە، کە جێگەی پرسیار و سەرنجن. بێگومان ئەگەر خەڵک و خوێنەری ئاسایی بۆچوونیان هەرچییەک بێت، ڕەنگە ئاسایی و ڕاگوزەر وەریبگرین. بەڵام کاتێک نووسەرێک، یان هونەرمەندێک خاوەنی سەدان تابلۆی شێوەکاریی و پێیوابێت پیشانگە نێودەوڵەتی کتێب تەنها شوێنی بەشێک لە خوێنەرانە و ئەوانەی دیکە کە بە دڵی ئەو نین بۆیان نییە بێنە پێشانگە. ئەمە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.
دەشێ پاش ئەم هەڵوێستە بپرسین، بەڕاست پێشانگەی کتێب شوێنی کێیە؟ شوێنی خوێنەرەکان نییە؟ شوێنی هەموو ئەو کەسانە نییە کە دەخوێننەوە؟ ئیدی بۆچی هەندێک لە پێشانگەی کتێب مەحروم بن و تەنها بۆ هەندێک پێشانگە واڵابێت؟ بێگومان ئەوە تەنها خاوەن عەقڵە داخراو و چەقبەستووەکانن، یان ئەوانە مەیلی فاشییەت و دیکتاتۆربوونیان هەیە تەنها دەیانەوێت هاوبۆچوون و هاوئاوازەکانیان ببینن. لەبەر ئەوەی ژیان شوێنی هەموانە، کەواتە پێشانگەی کتێبیش وەکو بەشێکی بچووکراوە لە ژیان شوێنی هەموانە لە عەلمانی و بێدینەوە تا سەلەفی و جولەکە و مەسیحی. ئەگەر هونەر و خوێندنەوە فێری ئەوەی نەکردبین ڕێزی هەموو مرۆڤێک بگرین هەر ڕەنگ و ڕەگەز و دین و بۆچوونێکی هەبێت، ئیدی بۆ کاری هونەری بکەین و بۆچی بخوێنینەوە؟
هەر پەیوەندی بە یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب چەندین نووسەر و چەند ناوەند و دەزگای چاپیش بە وتار و پۆستی فەیسبووکی باسیان لەوە کردووە، کە نابێت پێشانگەی کتێب ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ بوونی کتێبی سەلەفی و زۆربەشداریکردنی زۆر و بەرچاوی دەزگای سەلەفی و ئیسلامییەکان...هتد مەترسیدارە! لە ڕاستیدا ئەگەر ئەم نووسەر و خاوەن دەزگایانە تەنها کەمێک ئەو کتێبانەیان بخوێندایەتە، کە باس لە پێکەوەژیان و فرەیی و هاوڵاتیبوون دەکرد ڕێگەیان بە خۆیان نەدەدا لە وتاری داڕشتنئاسادا شەریحەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردی ڕەتبکەنەوە، چونکە ئەوان وەکو ئینسان مافی ژیان و خوێندنەوە و کتێبکڕینیان هەیە. بەڵام ئەم بەڕێزانە نەیانپرسیوە ئەوە هۆکاری چییە کە بیری "سەلەفییەتی جیهادی" تا دێ گەشەی زیاتر دەکات؟ نەیانپرسیوە بۆ خوێنەری کتێبی دەزگا ئایینی و کتێبە سەلەفییەکان تا دێت زیاتر و زیاتر دەبێت؟ بێگومان ئەمە بەهۆی پاشەکشەی دەزگا دیموکراسیخواز و لیبڕاڵەکانەوەیە. ئەو دەزگایانەی کە پەرە بە بیری یەکتر قەبوڵکردن و فرەیی دەدەن. ئەوە شکستی عەلمانییەت و ئەزموونی حزبە نزیک لە چەپ و چەپڕەوەکانە کە سەلەفیزم بە گشتی و سەلەفیزمی جیهادی بەتایبەت تا دێت پەرەدەستێنێت. ئەوە پەروەردەی قوتابخانەی سەلەفییەتە، کە خوێنەری مولتەزیم دروست دەکات و پابەندی دەکات بە خوێندنەوە و گەڕان. نەک کار بکەن لەسەر تۆرانی خوێنەر.
ئەوەی کە پێیوایە پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب تەنها بۆ شەریحەیەکی دیاریکراوەی سەلەفیەت و ئیسلامییە و هیچ کتێبی جیدیی تێدا نییە ئەوە تەنها لەبەر ئەوەیە، کە خودی خۆی و دەزگاکەی بەشداری لە پێشانگەکەدا نەکردووە و چاوی بەو پێشوازییە گەورەیەی خوێنەران لەم یەکەمین ئەزموونەی پێشانگەی کتێبدا لە پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیریی هەڵنایە. بێگومان ئەم پێشانگەیە بەدەر نییە لە چەندین کەموکوڕی کە لە دەرفەتی دیکەدا (بەتایبەت لە کۆتایی پێشانگەکەدا) بە وردی هەڵوەستەیان لەسەر دەکەم. بەڵام خاڵە ئەرێنییەکانی دە هێندەی خاڵە نەرێنییەکانییەتی. بۆیە گرنگە فراوانتر لە عەقڵی چەقبەستووی سەدەکانی ناوەڕاست بیر بکەینەوە و بڕوامان بە فرەیی و جیاوازیی هەبێت. بڕوامان بەوە هەبێت کە ئەگەر دەمانەوێت شەپۆلێکی خەڵەتێنەری سەلەفی هەیە دەبێت بە کار و پرۆژە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاری ڕووبەڕوویان بینەوە، نەک بە خۆگۆشەگیرکردن و بۆڵەبۆڵ. ئەگەر دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە دابنێین، ئەوا پێویستە کار و بەرنامەمان هەبێت. نەک ببینە نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندی بۆڵەبۆڵکەری فەیسبووکچی.
ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی دە ساڵ زیاترە جگە لە بەیاننامە و قسەی ئینشائی هیچی دیکەیان بەرهەم نەهێناوە، چیتر گوێ لە قسەکانیان ناگیرێت و خۆشیان لەوە دڵنیان کە سەردەمیان تەواو بووە، بۆیە دەیانەوێت بە نەرێوتن لە بەرامبەر هەر وزەیەکی رۆشنبیریی و کارێکی داهێنەرانەدا دەیانەوێت بانگەشە بۆ بوون و مانەوەی خۆیان بکەن لە سەرزەمینی رۆشنبیرییدا، کە ئیدی خۆری ئەوان ئاوا بووە.
ئەوەی خەمخۆری ئەدەب و رۆشنبیریی بێت هەر وزەیەکی ئەدەبی و چالاکییەکی رۆشنبیریی نەک لە شارەکەی خۆیدا لە هەر شوێنێکی دونیادا بکرێت پێی دڵخۆش دەبێت، چونکە دواجار ئەدەب و فەرهەنگ بە تەنها موڵکی گەلێکی دیاریگراو نین، بەڵکو ئەوە سەرمایەی هەموو مرۆڤایەتین. خۆ ئەگەر چالاکییەکی رۆشنبیریی و ئەدەبی لە شارەکەی خۆتدا بێت سەرەڕای کەموکوڕی و لایەنە نەرێنییەکانیشی، بەڵام ئەگەر وزەیەکی ئەرێنی تێدا بوو گرنگە دژایەتی نەکرێت. بۆیە پەیوەست بە یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، گرنگە سەرەتا لایەنە ئەرێنییەکانی ببینین و دواتر بکەوینە ئەوەی باسی لایەنە نەرێنییەکانی بکەین و پیشنیاری باشترکردن و هاوکاریکردنی ستافەکەی بین بۆ ئەوەی (ئەگەر مەیلی چاکەمان هەیە) بە کردار بیسەلمینین نەک تەنها گفتار بێت لە بری کردار.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved