3/12/2019 09:54 AM

كۆنگرەی قاهیرە، دوو دەوڵەتی تازە لەسەر دڵی كوردستان دروستكران

ئامادەکردنی: زاهیر سدیق

دابەشكردن و چاوبڕینی دەوڵەتە زلهێزەكان وایان كرد كوردستان و عیراق باسێك بێت لەباسە گرنگەكانی دانیشتن و كۆنگرە و پەیماننامەكان، گرنگی ناوچە كوردییەكانی بۆ خۆی یەكێك بوو لەخاڵە گرنگەكان كە دەوڵەتان ویستویان بیكەن بەناوچەی خۆیان كاتێ‌ بەڵێنیان بەكورد داوە دوایی كە بەرژەوەندیان نەیخواستووە پەشیمان لێی پەشیمان بوونەتەوە، بۆیە لەناوبردنی سەربەخۆیی كورد كە لەپەیمانی سیڤەردا باس كرا داگیركەران بیریان لەوە كردوەتەوە كۆنگرەیەك ساز بكەن، لە12ی 2ی 1921 بە بەشداری چل كەسایەتی كۆنگرەیەك لەقاهیرە سازدرا بەكۆنگرەی قاهیرە ناوبرا، كۆنگرەكە لەچوار باسی سەرەكی كۆڵییەوە كە بریتین لەكەمكردنەوەی خەرجی بەریتانیای گەورە لەعیراق لێكۆڵینەوە لەو كەسایەتییانەی خۆیان بۆ تەختی پاشایەتی عیراق پاڵاوتووە و مەسەلەی كورد و ناوچەكانی كوردستان و لەشكری داهاتووی عیراق، ئەگەرچی تەوەری باسەكان لەسەر چارەنووسی عیراق بوو، بەڵام تەنها رێگە بەشاندی عیراقی درا بەشداربن، ئەو كەسانەش عەرەب بوون یاخود لایەنگری ئینگلیزەكان بوون بەشداریان پێكرا، رێگە بەشاندی كورد نەدرا بەشداری ئەو كۆنگرەیە بكات، لەگەڵ ئەوەی تەوەرێك لەتەوەرەكان تایبەت بوو بەكورد و ناوچەكانی كوردستان، بەڵام بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووەكانی گەلی كوردەوە شازادە فەیسەڵی كرد بەشای عیراق كە ئینگلیز ئەمی بەپەسەند زانی، كوردەكانی كەركوك لەگەڵ ئەوە بوون كە حكومەتێكی كوردی دابمەزرێ‌، هەرچی هەردوو لیوای موسڵ و هەولێریش بوو بەمەرج دەنگیان بەفەیسەڵ دا و قەزاكانی رەواندوز و رانییە بەشداری ئەو دەنگدانەیان نەكرد، پاش ئەوەی لە 5ی 7ی 1921 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەنگیان بەمیر فەیسەڵدانا عیراق بوو بەدەوڵەتێكی سەربەخۆی مەلیكی و بەباوەڕی ئینگلیزەكان دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ لەكوردستان دانەمەزرێ‌. لە كۆنگرەی قاهیرەیەدا دوو باسی سیاسی دەربارەی كورد هاتبوونە پێش یەكەمیان ئایا ناوچە كوردییەكان ببەسترێ‌ بەعیراقەوە؟ دووەم لایەنگری جیابوونەوە و سەربەخۆیی كورد بكرێ‌؟ دوای كۆنگرەی قاهیرە هۆكارەكان و بەرژەوەندی ئینگلیز و وڵاتان وایانخواست كە كوردستان بەعیراقی عەرەبییە بلكێت بۆیە لە 18ی7ی 1926بەفەرمی هێڵی برۆكسل بوو بەسنووری نێوان عیراق و توركیا و كوردیش بەبێ‌ دەوڵەتی مایەوە لەمەش زیاتر ئینگیلز و فەرەنسا بەزەبری چەك شۆڕشەكانی كوردستانیان كوژاندەوە.
كوردستانیان بە عیراقەوە لكاند
د. مارف عومەر گوڵ: لە1921دا لە قاهیرە كۆنگرەیەكی گەورە بە سەرپەرشتی و رابەرایەتی وەزارەتی موستەعمەراتی بەریتانیا بەرێوەچوو، ئەو كۆنگرەیە بەپلەی یەكەم بۆ باسكردنی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لەو سەردەمەدا هەروەها باس كردنی مەسەلەی كورد و بارودۆخی كوردستان كە پێی دەوترا كوردستانی عوسمانی لەپاش كۆتایی هاتنی دەوڵەتی عوسمانی دابەشكرا بەكوردستانی ناوچەی عیراق و سوریا و توركیا. ئەو كۆنگرەیە بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵی بەریتانی كە خۆی وەزیری موستەعمەرات بوو، لەو سەردەمەدا بەڕێوەچوو، لەكۆنگرەكەدا دوو ئاڕاستەی جیاواز دروست بوون دەربارەی مەسەلەی كوردستان یەكێكیان ئەوە بوو كە وینستۆن چەرچڵ خۆی ئەو ئاراستەیەی هەبوو ئەو بیرورایەی هەبوو كەوا كیانێك یان حكومەتێكی كوردی دروستبكرێ‌ جیاواز یان بە جیا لەدەوڵەتی عیراق، دووەمیشیان پێرسی كۆكس و مسس بێڵ خاوەنی ئەو بیروڕایە بوون، كە ئەوان هەردووكیان لە عیراقدا كاروبارەی بەریتانییەكانیان بەرێوە دەبرد، بیروڕایان وابوو نەخێر با دەوڵەتێكی كوردی یان كیانێكی كوردی دروست نەبێ‌ بەڵكو كوردستان بلكێنرێ‌ بە دەوڵەتی عیراقەوە.
مەلیكێكیان لە سعودییەوە بۆ عیراق هێنا
عەبدولقادر شكاك: كۆنگرەیەكیان هێنایە پێشەوە تاوەكو ئەم كوشتارە لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە و بیكەن بەكۆڵی عیراقییەكانەوە، ئەوە بوو بڕیاریاندا كۆنگرەیەك ببەستن، كۆنگرەی قاهیرە كۆمەڵێك لەدەوڵەتە عەرەبییەكانی ئەو كاتە بەشداریان تێداكرد بەسەرپەرشتی چەرچڵ كە ئەوكاتە لەگەڵ هەموو مەندووبەكانی سامی كۆبووەوە لە لە12ی 3ی 1921دا كۆنگرەكەیان دەستپێكرد لەقاهیرە دوانزە رۆژی خایاند لە 24ی 3دا ئەو كۆنگرەیە كۆتایی پێهات و گەیشتنە ئەوەی چوار خاڵ بەرەسمی بناسێنن، یەكێك لەو چوار خاڵە هێشتنەوەی ویلایەتی موسڵ بوو لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا كە خۆی سەرپەرشتی بكات كە ئەو چوار شارە بوون موسڵ و هەولێرو كەركوك و سلێمانی بوو، پاشان مانەوەی سوپای بەریتانی لەعیراقدا و پاشان دانانی مەلیك فەیسەڵ، مەلیك فەیسەڵ كە خەڵكی سعودییە بوو هێنایان بەزۆر شەرعییەتێكیان پێی دا و لەو كۆنگرەیەدا كردیان بەپاشای عیراق. خاڵێكی تریش ئەوەیە كە هەموو نەتەوەكانی تری عیراق مافە كەلتوری و مافە نیشتمانی و زمان و رۆشنبیریی پارێزراوبێ‌ لەچوارچێوەی عیراقدا.
دوو دەوڵەتی تازە لەسەر دڵی كوردستان دروستكران
د. مارف عومەر گوڵ: دیارە باسكردنی شێوەی حوكمڕانی لەعیراقدا یان دروستكردنی دەوڵەتی عیراق باسێكی سەرەكی كۆنگرەكە بوو، هەروەها باس كردنی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا ئەگەرچی كورد بەشداری پێنەكرابوو، بەڵام بەریتانییەكان بەپلەی یەكەم  كە كۆنگرەكەیان هەڵدەسوڕاند ئەو بابەتانەیان باس كرد و گفتوگۆیان لەسەر كرد، چەند هۆكارێك هەبوون بووە هۆی ئەوەی بیرورای مسس بێڵ و پێرسی كۆكس سەربگرێ‌ لەكۆنگرەكەدا و كوردستان بلكێندرێ‌ بەعیراقەوە پێرسی كۆكس و میسس بێڵ هەردووكیان كاروباری بەریتانیایان لەعیراقدا بەڕێوە دەبرد، هەم  لەبارودۆخی ناوخۆی عیراق شارەزاییان هەبوو  هەم لەناوخۆی كوردستان، پەیوەندییەكی بەرفراوانیان هەبوو لەگەڵ سەركردە عەرەبەكان بەتایبەتی ناسیۆنالیستەكان كە ئەو كاتە پێداگریان لەسەر ئەوە دەكرد كە دەوڵەتی عیراق دروست بكرێ‌ و كوردستانی پێوەبلكێنرێ‌، ئەمە لەلایەك و لەیەكی تر سەركەوتنی كەمالییەكان لە توركیا بووە هۆی ئەوەی پەیماننامەی سیڤەر هەڵبوەشێتەوە، چونكە بەریتانیا و دەوڵەتانی بەشداربووی سیڤەر لەگەڵ حكومەتی سوڵتانی عوسمانی ئەنجام درابوو لەهەمان كاتدا حكومەتی مستەفا كەمال لەتوركیا هەبوو، چەند رێكەوتننامەیەكیان لەگەڵ بەریتانیا و فرەنسا و ئیتاڵیا و ئەو وڵاتانەی تر كردیان كە بوو بەهۆی ئەوەی لەحكومەتی مستەفا كەمال نزیك بوونەوە و پەیماننامەی سیڤەریش بەرەو ئەوە بچێ‌ كە ئیتركاری لەسەر ناكرێ‌، چونكە تەسدیق نەكرا و پشتڕاستیش نەكرایەوە، لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی كە تێیدا بەشداربوون، بۆیە سەركەوتنی حكومەتی تازەی توركیا كە بەڕابەرایەتی مستەفا كەمال بوو هەم لەسەر بارودۆخی توركیا و هەم لەسەر بارودۆخی عیراقیش كاریگەری هەبوو، كە لەوكاتەدا دەوڵەتی تازەی عیراق دروست بووبوو، واتە دروستكردنی دوو دەوڵەتی تازەی توركیاو عیراق كاریگەری هەبوو لەسەر زاڵبوونی بیروڕای ناسیۆنالیستەكانی تورك و عەرەب كە ئەوانەش كاریگەریان هەبوو لەسەر سیاسەتی بەریتانیا و زیاتر ئەوان بەرەو سەركەوتن دەچوون و بەریتانییەكانیش وەكو واقیع راستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ ئەوان دەكرد، ئەوان بەهێزتربوون لەكورد و توانا وقەبارەی كورد، سەرباری ئەوەش رۆڵی مەلیك فەیسەڵ كە پاشتر بوو بەمەلیكی عیراق كاریگەری خۆی هەبوو لەسەر ئەوەی كوردستان بلكێنرێ‌ بەعیراقەوە، بۆ ئەمەش دیارە شێوازی هەم دیبلۆماسی و هەم سەربازی جۆراوجۆر بەكارهێنرا بۆ ئەوەی كوردستان بلكێنرێ‌ بە عیراقەوە، ئەمانە هەموو بوون بەهۆی گۆڕانكاری لەسیاسەت و ئاڕاستەی بەریتانیا بەرانبەر بەچارەنووسی كوردستان كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان بوو، ئەو سەركەوتنەی توركیای تازە و دروستبونی دەوڵەتی تازەی عیراق و دروستكردنی ئینتیدابی فەرەنسی لەسوریا، ئەمانە هەموو بوون بەهۆی ئەوەی كوردستان بەوجۆرە دابەشبكرێ‌، بەشێكی لەتوركیا و بەشێكی لەسوریا و باشووری كوردستانیش لەچوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا حوكمڕانی بكرێ‌ نەك وەكو حكومەتێكی سەربەخۆ و دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
عەبدولقادر شكاك: ئەگەر ئێمە سەیری پێشوتر بكەین سنووری جوگرافیای كوردستان سنوورێكی سەربەخۆبووە، شەرەفخانی بەدلیسی بۆجاری یەكەم لەساڵی 1595دا بۆ یەكەم جار سنووری كوردستانی لەسەرنەخشە دیاریكردووە، جاری دووەمیش ئەولیا چەلەبی لەساڵی 1665دا سنوری كوردستانی دیاریكردووە، بۆ جاری سێیەمیش ئەو سنوورانە لەلایەن شەریف پاشای خەندانەوە دیاریكرایەوە و پێشكەشی كۆنگرەی كردووە. بۆیە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی سلێمانی هیچ كاتێك رازی نەبوون بۆ بەوەی عیراقی بن و ئێستاش ئەو عیراقی بوونە لێماننابێتەوە و مافەكانی خۆمانمان پێڕەوا نابینن، ئەو سنوورە حەقیقییەی كە ئێمە لەگەڵ برا عەرەبەكاندا هەمانە سنووری چیای حەمرین لەیەكمان جیا ئەكاتەوە، پێش كۆنگرەی قاهیرە باكووری عێراق چیاكانی حەمرین بوو، نەك زاخۆ، بەڵام ئەوەتا عەرەبەكان بەڕەوای نازانن داوای حەقی خۆمان دەكەین، بۆیە كۆنگرەی قاهیرە بوو  بەبنەمایەك بۆ ئەوەی پەیماننامەیەكی تر بێتە پێشەوە لە عیراقدا بەناوی ئەنگڵۆ عێراقی، لەو پەیماننامەیەدا هەرچی مەرجەكانی دەوڵەتی بەریتانیا بوو بەسەردەوڵتی عیراقدا . ئەو كاتەش سەرۆك وەزیرانی عێراقیان لەكۆنگرەكەدا دانا وتی وەك بەخشینێ‌ كە كوردستانیان پێبەخشرا وە عێراق وەك لاشەیەك وایە كوردستان سەرەكەیەتی جارێكی تر عێراق بەبێ‌ كوردستان ناتوانێ‌ بژی بۆیە عێراق بەلایەوە گرنگ بوو هەرچی مەرجەكانی دەوڵەتی بەریتانیابوو هەمووی قبوڵ كرد بەمەرجێك ئەوە بچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ئیتر لەو كۆنگرەیە بدواوە كوردستان بوو بە بەشێكی عێراق و لەكۆنگرەی گەلانیشدا وەكو بەشێك لەعێراق حیسابیان بۆ كرد و ئێستاش لێمان نابێتەوە.
د. مارف عومەر گوڵ: ئەوەمان لەبیر نەچێ‌ لەو سەردەمەدا حكومەتی شێخ مەحمود هەبوو هاوشانی ئەوەش ژمارەیەكی دیار لەناوداران و كەسایەتی كورد هەم لەسلێمانی و هەم لە بەشەكانی تری كوردستان هەبوون ئەمانە لەهەوڵێكی بەردەوامدابوون بۆ ئەوەی ئەم بەشەی كوردستان نەلكێندرێ‌ بەعێراقەوە، هەوڵێكی زۆر درا، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان واكەوتەوە كە مەلیك فەیسەڵ كرا بەمەلیكی عێراق و وەكو ناسیۆنالیستێكی عەرەب رۆڵی هەبوو لە لكاندنی كوردستان بەعێراقەوە، دیارە ئەمەش پێچەوانەی داخوازییەكانی كوردبوو، هەروەها دەتوانین بڵێین ئەو سەركردانەی ئەو سەردەمەر كە  جەعفەر عەسكەری بۆ خۆی یەكێك بوو لەوانەی كە لەدامەزراندنی دەوڵەتی  عیراقدا بەشداربوو لەگەڵ داخوازییەكانی  كوردا نەبوو، كە بەو شێوەیەی كورد داوای دەكرد بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی سەربەخۆی دەكرد، لەیەكێك لەگفتوگۆكاندا جەعفەر عەسكەری قسەی لەسەر ئەوە كردووە ئەگەر كوردستان جیابێتەوە لەعێراق بەچی ئەژی؟ بەچی دەتوانێ‌ كاروباری خۆی بەرێوەبەرێ‌؟ حوكمڕانی چۆن دەكات؟ دیارە لەچەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆدا هەم لەسلێمانی و لەچەند شوێنێكی دیكە ئەوانە بەڕووی جەعفەر عەسكریدا ڕوونكراوەتەوە و هەروەها بەڕووی بەرپرسانی ئەو وەختەی عێراق كراونەتەوە كە كورد دەیەوێت سەربەخۆ بێت، بەڵام لەژێرچاودێری بەریتانیا و عوسبەت ولئومەمدا، بەڵام ئەمانە هیچیان سەریان نەگرت و عەرەبەكان زاڵ بوون، بەتایبەتیش نزیكایەتی یان كاریگەری ناسیۆنالیستی عەرەب لەسەر مسس بێڵ و پێرسی كۆكس لەسەر ئەوەی كە دەوڵەتی عێراق دروست ببێت و ئەم بەشەی كوردستانیش بلكێنرێ‌ بەعێراقەوە بۆیە هەوڵەكانی كورد سەری نەگرت، دیارە هەوڵێكی زۆر درا لەلایەن كەسایەتییە ناودارەكانی كوردستان و شەخسی شێخ مەحمود خۆی و ئەو دەزگایانەی ئەو كاتە هەبوون لەكوردستان وەكو حكومەتی شێخ مەحمود، ئەگەرچی هەوڵەكان نەیانتوانی بگەنە ئەنجام، بەڵام بەشێكن لەمێژوو و هەوڵ و خەباتی كورد لەو سەردەمەدا.
پرس وڕا بە كورد نەكرا
عەبدولقادر شكاك: ئینگلیزەكان هاتن لەعێراق راپرسییەكیان كرد بەتایبەتی لەسلێمانی و ناوچە كوردییەكاندا، خەڵكی سلێمانی ئەو كاتە دەورێكی باڵای هەبووە، ئەو كاتە هاتن مەرجێكیان دانا ئەو كەسەی كە هەزار ریاڵی ئەو زەمەنەی نەبوایە نەیدەوتوانی بەشداری لە راپرسییەكەدا بكات، ئەو كاتە لەهەموو سلێمانیدا دوو سەد كەس بەشداریان لەو راپرسییەدا كرد، سەدونەوەد كەسیان چوون دەنگیاندا، سەدوپەنجاو پێنج كەسیان ڕازی نەبوون كوردستان بلكێنرێت بەعێراقەوە و سی و پێنج كەسیانیش ڕازی بوون بەوە كە كوردستان بلكێنرێت بە عێراقەوە، هەروەها خەڵكی كەركوكیش كە كوردەكان ئەوكاتە زۆرینە بوون عەرەب كەمینەبوون، لەبەر ئەوە ئەوانیش بۆچوونیان لەگەڵ خەڵكی سلێمانی بوون، بەڵام هەولێر و موسڵ بەپێچەوانەی سلێمانی و كەركوكەوە وتیان ئێمە رازین بەعێراقەوە بلكێنرێین، بەڵام مافە كلتوری و نیشتمانییەكان و ئۆتۆنۆمییەكمان لەچوارچێوەی عیراقدا پێبدرێ‌. هەر لەوكاتەوە خەڵكی سلێمانی ناڕازی بوون لەهەندێك كردەوەی ئینگلیزەكان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەیری ئەو مێژووە بكەین، ئێمە كە لكێنراین بەعیراقەوە هیچ كاتێك سوودمەند نەبووین لەعیراقی بوونمان بگرە ئێمە لەژێر ناوی عیراقی بووندا ئەنفال كراوین و كیمیاباران كراوین و هەموو مافەكانمان لێ‌ زەوتكرا و چوار هەزار و پێنج سەد گوندمان لەگەڵ ئەرزدا تەخت كرا، لەبەر ئەوە عێراقی بوون هیچ خێرێكی بۆ ئێمە نەبوو، خەڵكی كوردستان بەگشتی ناڕازی بوون لەوەی بەعێراقەوە بلكێنرێ‌ بۆیە كوردیش تێیدا بەشداربوو، لەزۆر شتیشدا كورد پرسیشی پێنەكراوە، هەر زوو خەڵك ئەوەی زانی، بۆیە رۆشنبیرانی ئەوكاتانەی ئێمە دژی ئەوە بوون بلكێنرێین بەعێراقەوە.
د. مارف عومەر گوڵ: ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەكان كە باس لەو سەردەمەی عێراق دەكات دەبینین چەندین بەڵگەنامە هەیە كە مەسبەتە و داخوازی ناوداران و كەسایەتییەكانی كورد بەتایبەتی لەسلێمانی و چەند ناوچەیەكی تردا ئەو مەسبەت و داخوازیانە بۆ ئەوە بوە كوردستان نەلكێنرێت بەعێراقەوە و بەوە رازی نەبوون بەڵكو دەیانویست كوردستان شێوەیەكی سەربەخۆ وەربگرێ‌ هەم لەژێر چاودێری كردنی بەریتانییەكان و هەم لەژێرچاودێری كردنی عوسبەتولئومەمدا بێ‌، هەوڵەكانی مەلیك فەیسەڵ بەپێچەوانەی داخوازییەكانی كوردبووە كە كوردستان بلكێنرێ‌ بەعێراقەوە، بۆیە كورد لەوە تێگەیشتبوو سیاسەتی مەلیك فەیسەڵ بەزەرەری كورد ئەشكێتەوە.
عەبدولقادر شكاك: كوردستان ئەوكاتە لەنێوان دەوڵەتە سەركەوتووەكاندا دابەشبوو بوو، فەلەستین و عێراق بەر ئینگلیزەكان كەوت، سوریا و لوبنانیش بەر فەرەنسییەكان كەوت، بەشێكی كوردستانیش لەپەیمانی سایكس پیكۆدا بەر روسەكان كەوت وەك ناوچەی قارس و ئەرزرۆم و تەرابزۆن كەوتبووە بەشی روسیاوە، هیچیان پێنەبوو بۆ كورد
هەتا نوێنەری بەریتانیا باسی ئەوە دەكات كاتی خۆی دەڵێ‌ بەلامەوە سەیرە كاتی خۆی كوردەكان ئەهاتن باسی مافەكانی خۆیانیان ئەكرد كە لە ئەساسدا ئێمە هیچ شتێكمان پێنەبوو، یەكێك لەنوێنرەكانیان پێرسی كۆكس ئەڵێ‌ بەلامەوە سەیر بوو سمكۆی شكاك كە نامەی بۆ ئەناردین یان نوێنەری خۆی كە سەید تەها شەمزینی بوو دەنارد باسی سەربەخۆیی كوردستانی ئەكرد لەكاتێكدا كە ئێمە هیچمان پێ نەبوو، چونكە بۆ پێشتر نەخشەی جەنگی یەكەمی جیهانییان داڕێشتبوو پێش ئەوەی جەنگەكە دەست پێبكات، مەسەلەن روسەكان ئەو كاتە لە پەیماننامەی 907دا باسی ئەوەیان كردبوو لەگەڵ ئینگلیزەكاندا رێكەوتبوون تەنانەت ئێرانیش بەشە كوردییەكەی بۆ  روسەكان بێت و باقی ئێران بمێنێتەوە بۆ ئینگلیزەكان، بەڵام لەشۆڕشی بەلشەفیدا ئەو خەونە نەما و كۆتایی پێهات، دوای هاتنی شۆڕشگێڕانی بەلشەفی خوازیرابوون كە ئێران ئێرانێكی بەلشەفی بێت و عێراقیش عێراقێكی مەركەزی بێت، هەردوو لایان چ ئینگلیزەكان و فەرنسییەكان و چ رووسەكان لەدوای شۆڕشی بەلشەفییەوە خوازیار بوون كە ئێران مەركەزیەتێكی بەهێزی هەبێ‌، بۆیە سەركردەكانی ئەوكاتە ئەوەی كە من لەمێژوودا خوێندومەتەوە و بیری لێ‌ دەكەمەوە زۆر بەمەسئولیەتەوە قسەیان كردووە، یەكێكی وەكو شێخ مەحمود هەمیشە بەكەسێكی زۆر شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەرەوەرم زانیوە، نامەكانی دەری دەخات زۆر مەئیوس بووە لەروسەكان، كۆمەڵێك نامەی هەیە من لەلامە باسی ئەوە دەكات تەنانەت لێیان ئەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی شتێكی بۆ دروست بكەن یان ئەونامانەی كە ئەوكاتە ناردویەتی بۆ مەندووبی سامی، ئەوەی ئەو نامانەی كە بۆ كۆنگرەی ئاشتی ناردووە ئەمانە هەمووی جوهدێكی گەورەی شێخ مەحمود وسەركردەكانی ئەوكاتەبوون لەكوردستانی گەورەدا، یوسف زیا بەگ و شێخ سەعیدی پیران و دكتۆر فوئاد  بۆ نموونە خالید بەگی جوبرانلی و ئیحسان نوری پاشا و  سمكۆی شكاك و شێخ مەحمود و برایم خانی دەلۆ ئەمانە هەموو باسی سەربەخۆیی كوردستان و یەكبوونی خاكی كوردستانیان كردووە زانیویانە چارەنووسیان بەرەو كوێ‌ ئەروات و زانیویانە بەتەمای ئەوەن پارچە پارچە بكرێن بۆیە هەوڵەكانی خۆیان چڕكردوە و ئەوانیش بەرژەوەندییەكانیان زۆر گەورەتر بووە لەوەی كە كورد بیری لێ‌ ئەكردەوە بۆیە گوێیان بەكورد نەداوە و هیچ حیسابێكیان بۆ نەكردووە.
د. مارف عومەر گوڵ: دیار پاڵپشتی بەریتانییەكان بەتایبەتی كۆكس و مسس بێڵ  بەرەو ئەوەی بردن كە كوردستان بلكێنرێ‌ بەعێراقەوە، ئەوەمان لەبیر نەچێ‌ بۆ یەكەمین جار سوپایەكی عێراقی هاتە كوردستان و سلێمانی بەیارمەتی بەریتانییەكان، یەكەم هێرشی كرایەسەر و یەكەم كاری ئەوەبوو هاتە كوردستان و سلێمانی داگیركرد و حكومەتەكەی شێخ مەحمودیش رۆژ بەڕۆژ بەرەو كۆتایی دەڕۆیشت، ئەوە یەكەم هەنگاو بوو كە كار بكرێت بە ئەمری واقیع لەو ناوچانەی كوردستان ئەو بزوتنەوە كوردییانەی تێیدا بوون مەجالیان نەمێنێ‌ و كوردستان لەژێردەسەڵاتی سوپای عیراقدا بێت و بەكردەوەش كاربكرێت بۆ ئەوەی بلكێنرێت بەعێراقەوە.
عەبدولقادر شكاك: لەكۆنگرەی قاهیرەدا ئاماژەم پێدا ئەوكاتە ویستیان ویلایەتی موسڵ بەبارێكی تردا بەرن و ویستیان لەچوارچێوەی خۆیاندا بیهێڵنەوە هەركاتێك پێویستیان بەوە هەبوو بەهەر شوێنێك بیلكێنن یان ویستیان بەهەر شوێنێك بیناسێنن كە خۆیان مەبەستیان بێ‌، بۆیە ئەڵێ‌ ئەو چوار شارەی ویلایەتی موسڵ بمێنێتەوە لەژێر ئینتیدابی راستەوخۆی بەریتانییەكاندا بێت، بەڵام ئەوەش نەچووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و ئاخیری هەموویان لكاندەوە بە عێراقەوە.
د. مارف عومەر گوڵ: ئەگەر بەراوردێك بكەین لەنێوان ئەو سەردەمەی عێراق بەكوردستانەوە لەنێوان بیستەكانی عێراق و ئێستا كە ساڵی 2013یە دەبینین روداوەكان بەنیسبەت كوردەوە دووبارە دەبنەوە ئێستاش كورد داوا دەكات سوپای عێراق نەیاتە بۆ كوردستان كە ئەوەتا حكومەتی ئێستای مالیكی چەند پێكهاتەیەكی جیاواز لە سوپای عێراق دروست كردووە هاتوونەتە كەركوك و هەندێك ناوچەی تر، ئەو كاتەش ئەوە روویدا سوپای عێراق هات و داوای ئەوە ئەكرا كە كوردستان نەلكێنرێ‌ بەعێراقەوە و ئێستاكەش داوای ئەوە ئەكرێ‌ جۆرێك لەسەربەخۆیی خۆی هەبێ‌، ئەگەر چی ئێستا بەرەسمی لەچوارچێوەی عیراقدایە، بەڵام ئەوسا بەرەسمی نەچووبووە چوارچێوەی عێراقەوە، ئێستا نوێنەرانی كورد لە بەغدا و رابەرانی كورد لەكوردستان داوای ئەوە دەكەن بەغدا داخوازییەكانی كورد جێبەجێ‌ بكەن، ئەوكاتەش كە بەریتانییەكان لەبەغدا بوون و هەروەها ئەو رابەرە عەرەبانەی بەغدا كار لەسەر ئەوە نەكەن كوردستان بلكێنری َ بەعێراقەوە، دیارە لە نێوان بیستەكانی سەدەی بیستەم و ساڵی 2013 ی سەدەی بیستویەكەمدا زۆر خاڵ و زۆر هەڵویستی لەیك چوو هەیە دەربارەی مەسەلەی كورد.
ئەو راپرسییە دروست نەبوو
عەبدولقادر شكاك: بەبڕوای من مادەم ئینگلیزەكان مەبەستیان بوو فەیسەڵی كوڕی حوسێن كە هاوپەیمانێكی سەرەكیان بوو لەسعودییە هێنایان و كردیان بەمەلیكی عێراق ئەو راپرسیەشیان كرد كە ئەڵێ‌ لەسەدا نەوەدوپێنجی خەڵكی عێراق دەنگیانداوە چ عەجەبە ئەگەر ئێمە سەیری پێكهاتەی خەڵكی عێراق بكەین جگە لەوەی كە كورد و عەرەب و كەمەنەتەوەكانی تر تێدایە لەگەڵ ئەوەشدا دوو مەزهەبی گەورەی دژ بەیەكی تێدایە كە مەزهەبی شیعە و سوننەیە و ئەتوانین بڵێن سەدا پەنجاوپێنجی خەڵكی عێراق شیعەیە، ئایا شیعەی عێراق رازی بووە بەوەی كەسێك لەسعودییەوە بهێنرێ‌ و بكرێ‌ بەمەلیكی عێراق؟ ئەمە هەر خۆی جێگەی گومانە ئەگەر لێی وردبینەوە من بڕوا ناكەم ئەو راپرسییە راپرسییەكی دروست بووبێ‌ و ڕای خەڵكی عێراق بووبێ‌.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved