4/12/2019 02:45 PM

تێڕوانینێكی خێرا بۆ دیوانە شیعری پینلۆپی هاوچەرخ –گەڕان بەدوای یۆتۆپیادا - ی نیان نەوشیروان مەستی

 

   پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 

 پینلۆپی هاوچەرخ ناونیشانی دیوانە شیعری شاعیر( نیان نەوشیروان فوئاد مەستی ) یە كەهەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری ئەدەبی بەراووردكاریدا لەنامە چاپكراوەكەی بە ناونیشانی (( الشحنە الدینامیكیە فی الإبداع الرومانسی بین شیللی ، كۆران و نازك الملائكە((.شاعیر لەدایكبووی شاری سلێمانییە و بەهەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەنوسێ و گفتوگۆی پێدەكات . لەڕێبازی نووسینە شیعرییەكانیدا سەر بە قوتابخانەی سوریالی و دەربڕینی وئەپستراكتە، لەگەڵ ئەمانەشدا دەربڕینە ڕۆمانسیزمەكان ڕووبەرێكی فراوانی لەدیوانەكەدا داگیر كردووە .شاعیر خاوەن پەیمان بەستێكە بەرەو ئازارە مرۆڤایەتییەكان كەدەشێت  سەرچاوەیەكی بەنرخی نوسینی شیعرەكانی بێت . گەڕانەكانی بەدوای بەها مرۆڤایەتییەكان ، بێ گومان ، لە ڕێگەی ئاوێتەكردنی خودی خۆیەوەیە ئەنجام دراوە كەتەواو كەوتۆتە نێو بازنە سۆزداری و هەستییەكانییەوە . هەر ئەمەشە گوشاری خستۆتە سەر شاعیر تا خود و بارە سایكۆڵۆژییەكەی خۆی ئازاد بكات، لەولاشەوە بەرەنگاری یاسا ترادیشنەكانی نووسینی شیعر بێت و كەرەستە جێگیرییەكانی خوێنەریش تێك بشكێنێت.شیعرەكانی ئەم دیوانە پڕە لەجوڵە و مانا سروشتییەكان كە دەورە دراوە بە گۆشەنیگای هەستەكان ,بەبینراو نەبینراوەوە . ئەم تێهەڵكێشییە كارێكی پۆزەتیڤی لەسەر شاعیر دروست كردووە، چونكە توانیویتی جۆرە تەبایی و هەماهەنگییەك دروست بكات لە نێو هەر بڕگەیەك لە بڕگەكانی شیعرەكانیدا .هەروەها ، لەم دیوانەدا ، چاومان بە ئەزمونێكی نوێ دەكەوێت كە پشتی بەگریمانەكانی ئەندێشە بەستووە ، ئەمەش پێویستییەكی كارنامەیی بنەڕەتییە بۆ یەكخستنی گوتارە شیعرییەكان .لێرەدا پێویستە ئەوە بوترێت كە شیعری ئەم دیوانە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵكو مەبەستێتییەكی نائاشكرای بە دواوەیە كە ڕەنگە بە هۆی دۆزینەوەی جەمسەری هێماكانەوە بتوانرێت پەیوەندییەكانی دال بە مەدلولەوە بدۆزینەوە، كە بەشێوەیەكی گشتی خۆی لەپڕۆسەی پشتگیریكردنی كاری ئاسانكاری و جیدیەتی ویژدانی مرۆڤایەتیدا دەبینێتەوە . بە مانایەكی تر ، شیعرەكانی ئەم دیوانە لەڕوانگەی واقعێكی سایكۆڵۆژی سەریان هەڵداوە كەهەمیشە هەوڵی داوە ڕۆح و جەستە بەرەو زەمەنێكی ئەندێشاوی پچڕ پچڕ بەرێت . هەر لەبەر ئەمەشە هەست بەوە دەكرێت كە وێنە شیعرییەكان لەدیواری دڵێكی برینداردا چەكەرەی كردووە كە بۆتە ئەرشیفێك بۆ ژیانی شاعیر بە یادگار و جیهانە نەبینراوەكەی . لێرەدا زەمەن لای شاعیر زەمەنێكی ئەبەدی و بێ كۆتایییە،یان زەمەنەكان بەهۆی پەیامە شیعرییەكەوە بەوەستاوی ماوەتەوە وگۆڕانكاریان بەسەردا نایەت.ئەم زەمەنە لە مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە و بە مرۆڤیش كۆتایی پێ دێت . واتە شاعیر لەبازنە سۆزدارییەكەیدا باس لەسادەیی پەیوەندییە ئاركۆلۆژیاییە سۆسیۆڵۆژییەكان دەكات كەپێویستە لێرەدا پرسیار لە خۆی نەكەین بەڵكو لە شیعرەكانی كەچەندە كاریگەری بەسەر بۆچوونە گشتییەكان ,نەك تایبەتییەكان ,بەجێ دەهێڵێت، وەك ئەوەی كارەكە مەڵبەندی هەستێكی كۆ بێت بۆ كۆمەڵگایەكی سۆشیاڵی كە دیاریكراوە بە مەرجە نامیتریالیزمەكان .

سەرجەم شیعری ئەم دیوانە لەسەر بنەمای ئەو ڕستەو فرەیزانە هەڵهێنجنراوە كە خۆی لەفەرهەنگە سۆسیۆڵۆژی و شیعرییەكاندا دەبینێتەوە، ئەویش بریتین لەهێزی دەربڕین و با وەرهێنان بە دەنگەكانی. بەمەش دەشێت كەمێك هەست بە واقیعی هەستی ئەم دەربڕینانە بكەین . هەر لەبەر ئەمەشە ڕستە شیعرییەكانی ئەم دیوانە خۆی لە كەوانەی عەروزدا نابینێتەوە، بەڵكو پشتی بە مۆسیقا و دووبارە بونەوەی ردمی شیعرەكان بە ستووە كەبەمە دەوترێت شیعری ڕدمی ( ئیقاعی ). ئامانجیش لەمە بەدەرخستنی كارنامەی بەیەك گەیشتنە لەنێوان خاوەن دەق و وەرگر ,ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێك لە نزیكایەتی فیكر و دەربڕین و تێگەیشتن و ڕاڤەكردن . دیارە شاعیر مەبەستێتی هانی خوێنەر بدات بۆ كەمكردنەوەی ماوە و بۆشاییەكانی نێو دەقەكان . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە شاعیر بە زۆرە ملێیی شێوە ئەندازەییەكانی بۆ شیعرەكان دانەناوە ، هەر بۆیە وێنەكان ، بە پێچەوانەی شیعرە كلاسیكی و ڕیاڵیزمییەكان سادەییەكی پێوە دیارە، هەر ئەم سادەییەشە بۆتە جێگەی سەرنج و دروستبوونی بۆشایی و چەندێتی خوێندنەوە . چونكە شیعرەكان لەسەر بنەما هەستییەكان بونیاد نراوە كە لەزۆر حاڵەتدا دەورە دراوە بە ڕژێمە خواستەیی و دوبارەییەكان كەپێویستە هەستی پێ بكەین و لێی تێبگەین و ڕاڤەشی بكەین . بەمانایەكی ڕوونتر ، شێوە شیعری ئەم دیوانە و تۆڕی وێنە و یەكەكان تەنها بەشداری ناكەن لە نۆرمە (معیار) شیعرییە زانراوەكان ، بەڵكو بە كاری تێگەیشتن و راڤەكردنیش . هەر لەبەر ئەمەش ئەم دوو كارە ( تێگەیشتن و ڕاڤەكردن ) لە هەوڵی دەستنیشانكردنی بەرهەمە دەقییەكانی ناوەوەدایە، تا وا لە دەقە شیعرییەكانی ئەم دیوانە بكات بەرەو فەزایەكی بەرهەمهێنەری بەرێت تا ئەو ڕادەیەی بڵێین دیوانەكە بریتییە لە چەندین دیالۆكی بەردەوام و كۆكردنەوەیان لە نێو دەقكێدا . واتە هەر شیعرێكی ئەم دیوانە، وەك كارێكی گێڕانەوەگەری ، لەسەر بنەمای شیعرێكی تری ئەم دیوانە هاتوتە بەرهەم . تەنانەت ناونیشانی شیعرەكان پەیوەندییەكی ئۆرگانی و لۆژیكییان هەیە لەگەڵ سروشتی دەقە شیعرییەكان كەڕەنگە تاڕادەیەك یارمەتیدەرێك بێت بۆ كردنەوەی دەرگا نهێنییەكان و لەولاشەوە تەوژمێك بدات بە خوێنەر بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە نێو ناخ و تیمەی شیعرەكان .ئەم ناونیشانانە چەند كارنامەیەكیان هەیە وەك كارنامەی سەرنجڕاكێشان و ئاماژەكردن و وەسفكردن و دەستنیشان كردن كە جیرار جینێت چەختی لەسەر كردووە ، یان وەك كارنامەی هاندان و ئایدۆلۆژیا و شیعریەت وەك هنری متران كاری لەسەر كردووە . ئەمانەش بۆچونێكمان لا دروست دەكات كە بڵێین شیعری ئەم دیوانە زیاتر خۆی لەم خەسڵەتە جوانیانەی لای خوارەوەدا دەبینێتەوە :

-سەقامگیری بابەت : پرسیاری شیعرەكان خۆی لە پرسیارە گشتییەكاندا دەبینێتەوە ئەویش لە ڕێگەی گەمەی خود و بەرامبەر و گەڕان بەدوای چارەنووسی زەمەنجێگەییە یۆتۆپیایەكاندا . بە دەربڕینێكی تر ، بایۆلۆژیەتی شیعرەكان خۆی لەنێو خانەیەكی سەرەكیدا دەبینێتەوە گەر چی هۆكاری دروستبوونی ئەم خانەیە بەهۆی چەند خانەیەكی تری لاوەكییەوە بینا كراوە. كارە پینڵۆپییەكە  لێرەوە بەدەر دەكەوێت دوای ئەوەی دەقەكان دەچنە ژێر كاریگەریی كارنامەی مەبەستێتییەوە . سروشتی ئەم پینڵۆپە یۆتۆپیاییە خۆی لە دۆخێكی بەردەوامدا دەبینێتەوە تا ئەو ڕادەیەی كارە پەیوەستێتییەكە لەسوڕانێكی هەمیشەیی بێ كۆتاییدا دەمینێتەوە كە بناغەكەی لە شیعری ((دەریای ئەستێرە)) وە دەست پێدەكات . لەم شیعرە و شیعرەكانی تریشدا جۆرێك لەبەر فراوانی و قوڵی و بەرزبوونەوەی دەربڕین و هەستەكاندا بەدی دەكرێت .
-ئەندێشەیی : ئەندێشە لە دیوانەكەدا بەشێكی بەرفراوانی بۆ خۆی داگیر كردووە ئەویش لە ڕوانگەی پێكهاتەو كارلێكی وێنە هونەرییەكان و توانای دەربڕینی خود  یان لە ڕێگەی جۆرایەتی و جوڵەی بەردەوامی وێنە و شێوە و ناوەڕۆك كەسەرجەمیان بوونەتە شێوازی نووسینی شاعیر و بەرجەستەكردنی بیرو گوتارە جیدییەكانی نێو شیعرەكانی .
-كاری ئایدیۆلۆژیایی : گەرچی چارەنووسی خود لە نێو كەوانەی تەمومژی ولێڵاویی و ئازار و ناڕەحەتیدایە ئەویش بە گێڕانەوەی زەمەنە یەك لەدوای یەكەكان و گوشاری سۆز بەسەر جۆرایەتی دایەلۆگەكاندا ، بەڵام ، لەهەمان كاتدا ، جۆرە پەیوەندییەكی ڕۆحی بەدی دەكەین لەنێوان ئەم و ئەوێكی وونبوو كە یارمەتی گواستنەوەی ڕووداوەكان دەدەن لەئاستێكی كرداری بۆ كارێكی هەڵچوونی یان كاردانەوەی كاری خود بۆ ئاستێكی هوشیاری و مرۆڤایەتی, یان لەدایەڵۆگ وگفتوگۆی خود لەگەڵ بەرامبەر بەئەزمونێكی سەربەستیانە .هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن كە بۆچونی شاعیر لەنێو چوارچێوەیەكی ئایدیۆلۆژیایی,لەجۆرێكی تایبەت, دەمانگوێزێتەوە بۆ تێگەیشتنی بیرێكی گەورەتر و بیناكردنی یەك ڕژێمی واتایی كە ئەویش خۆی لەجیهانی سۆزداری یۆتۆپیایدا دەبینێتەوە .

-دڵەڕاوكێی خود : سەربەستی دەقەكان لەڕێگەی چەمكێكی عەفەوییەوە سەری هەڵداوە . هەر ئەمەشە كاری دڵەڕاوكێكەی دروست كردووە و وامان لێ دەكات بێ دابڕان وپچڕاندن بەدوای شیعرەكاندا بگەڕێین تابتوانین ,وەك خوێنەر ,دەستنیشانی خاڵی ململانێی زەمەنە جیاوازەكان بكەین ، بەڵام شاعیر ووریاترە لە خوێنەر و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەستە سۆزدارییە بێدەنگەییەكەیدا دەكات و زانیارییەكان، بە شێوەیەك لە شێوەكان ،گەمارۆ دەدات لە نێو زەمەنە جیاوازەكاندا دواتریش ئەم زەمەنە كاریگەر نابێت بەسەر بایۆڵوژیەتی سایكۆڵۆژیای شاعیرو دڵەراوكێكانیشی بە بەردەوامی لەنێو شیعرەكاندا  دێن ودەچن بەبێ ئەوەی جیهانی ڕیالیست بتوانێت تێكیان بشكێنێت.
-پەیوەستێتی : ئەفلاتۆن وا بۆمان دەدوێت كە شیعر نامەیەكی پیرۆزە ، ئەو شاعیرەی نەتوانێت  ئەو نامەیە بەئەنجامی پۆزەتیڤی بەرێت ئەوا شیعرەكەی ناشرین وخراپە . لەم ڕوانگەیەوە ، خاوەنی ئەم دیوانە شیعرە پەیوەستە بە نامە سەرەكییە شیعرییەكەی خۆیەوە ، چونكە وەك دەردەكەوێت شیعر لای شاعیر مەڵبەندێكی پیرۆزی ئازادە. خاتو نیان بەهۆی بەرز ڕاگرتنی بەهای ژیانی مرۆڤایەتی چۆتە نێو كارنامەیەكی پەیوەستێتییەوەو سەرجەم شیعرەكانی لەژێر مەرجەكانی ئەزموونی سۆسۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی و فیكری كۆمەڵگاكەیەوە سەریهەڵداوە ، هەر بۆیە دەبینین پەیوەستێتی شاعیر لە بنەڕەتدا كارێكی لۆژیكی سۆزداری نموونەییە كە بەردی بناغەكەی هەڵچوونێكی میتافیزیكییە كەخۆی لە بنەما سەرەكییەكانیدا دەبینێتەوە :رۆح ، سایكۆڵۆژیا،بیر.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved