تاركۆڤسكی سینه‌ماكاری گه‌وره‌ی روس، ئه‌و پیاوه‌ی سینه‌مای برده قۆناغێكی تره‌وه، جیاواز له سینه‌ماكارانی سه‌رده‌می خۆی به رێگایه‌كی دیكه‌دا رۆیشت، ئه‌وه‌ی ئه‌و له سینه‌مادا كردی داهێنانێكی مه‌زن بوو، ئه‌و شاعیری سینه‌ما بوو، ته‌كنیكی كاركردنی، فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له‌باره‌ی ژیان و هونه‌ره‌وه هێشتاش له نێو ئه‌م جیهانه به‌رینه‌دا پانتاییه‌كی فراوانیان گرتووه، تا ئه‌مڕۆش بینه‌رانی سینه‌ما به‌سه‌رسامییه‌وه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌ڕوانن. بۆ چاوی بینه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش سینه‌مای تاركۆڤسكی تازه‌یه، قسه‌كانی له‌باره‌ی سینه‌ماوه قوتابخانه‌یه‌كن بۆ ئه‌وانه‌ی دێنه دنیای سینه‌ماوه و ده‌یانه‌وێت سینه‌ماكارێكی داهێنه‌ریان لێده‌ربچێ. له پێشه‌كی كتێبی رۆژانه یاداشته‌كانی، سه‌باره‌ت به‌تاركۆڤسكی نووسراوه: «ئه‌ندری تاركۆڤسكی وه‌ك پاڕادۆكسێكی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری وه‌دیار ده‌كه‌وێت، هونه‌رمه‌ندێكی مۆدێرنی خۆرئاوایی دیل، له جه‌سته‌ی هاووڵاتییه‌كی روسیاییدا. ناوێكی جیهانی كه به‌پاره‌ی قه‌رز زگی خۆی تێر ده‌كرد. ئه‌و فیلم گه‌لێكی ئه‌زموونگه‌ریی له وڵاتێكدا به‌رهه‌م هێنا، كه هونه‌ر ته‌نیا به‌ئاڕاسته‌یه‌كی ریالیستیدا مۆڵه‌تی پێ ده‌درا. ئه‌و كه‌سێكی بێ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر سنووری به‌رگه‌نه‌گرتن و هاوكاتیش هه‌میشه له‌سه‌نته‌ردا و چاوی ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌ر بوو.» فیلمی سۆلاریس یه‌كێكه له به‌رهه‌مه ناوازه‌كانی تاركۆڤسكی، كه به‌یه‌كێ له شاكاره‌كانی جیهانی سینه‌ما ده‌ژمێردرێ، ئه‌م فیلمه له ساڵی 1972 به‌رهه‌م هاتووه، یه‌كێك له كاره به‌ناوبانگه‌كانی تاركۆڤسكییه و له رۆمانێكی ستاینسلاولیمه وه‌رگیراوه، به‌ده‌ر له تاركۆڤسكی دوو سینه‌ماكاری دیكه كاریان له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه كردووه، یه‌كێكیان به‌ر له كاره‌كه‌ی ناركۆڤسكییه و ئه‌وی دیكه‌یان له‌پاش كاره‌كه‌ی تاركۆڤسكییه، به‌ڵام هیچیان وه‌ك به‌رهه‌مه‌كه‌ی تاركۆڤسكی ناوبانگیان ده‌رنه‌كردووه. تاركۆڤسكی به‌جۆرێك كاری له‌م فیلمه‌دا كردووه كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆش بینه‌رانی سینه‌ما سه‌رسامن به‌و كاره. ئه‌م رۆمانه له‌ساڵی 1961 دا بۆ یه‌كه‌م جار بڵاوبووه‌ته‌وه كه له نووسینی نووسه‌ری پۆڵه‌ندی ستاینسلاولیمه. ئه‌م رۆمانه كه بابه‌ته‌كه‌ی خه‌یاڵی زانستییه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دنیای سینه‌ما هه‌بووه، بابه‌تی رۆمانه‌كه بۆ پیشه‌سازی فیلم گرنگه، بۆیه چه‌ند سینه‌ماكارێك رۆمانه‌كه‌یان كردووه به فیلم، یه‌ك له‌وانه سۆلاریسی تاركۆفسكییه. كه ساڵی 1972 به‌رهه‌م هاتووه. به‌ده‌ر له تاركۆڤسكی، ساڵی 1968 بۆ یه‌كه‌م جار فیلمێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌رهه‌م هاتووه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌م رۆمانه بووه، له ساڵی 2002یش سی ساڵ دوای سۆلاریسی تاركۆڤسكی بۆ جاری سێیه‌م ئه‌م رۆمانه كرایه‌وه به‌فیلم. هه‌ر سێ فیلمه‌كه‌ش له رۆمانه‌كه‌وه وه‌رگیراون. فیلمه‌كه‌ی تاركۆفسكی له نواندنی چه‌ند ئه‌كته‌رێكه له‌وانه: ناتالیا بۆندارجوك، دۆناتاس بانیونیس، نیكۆلیا گرینكۆ، جیۆری جارفیت و.. ئه‌م به‌رهه‌مه فیلمێكی درامی خه‌یاڵی زانستییه، به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌وه‌یه كه سۆلاریسه، رووداوه‌كان له ده‌ره‌وی ژینگه‌ی زه‌ویدا روو ئه‌ده‌ن، وێنه‌یه‌ك له رارایی و حاڵه‌تی ده‌روونی له‌فیلمه‌كه‌دا ده‌بینرێ، په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان ناته‌ندروسته، تاركۆفسكی له دروستكردنی چه‌مكی فیلم‌دا بلیمه‌ته، به‌تایبه‌ت له‌م فیلمه‌دا، فیلمێكی درێژه و تاركۆفسكی سه‌رسام بووه به‌م رۆمانه و توانیوێتی زۆر به‌جوانی رۆمانه‌كه بكات به‌فیلم، چۆن فیلمێك، به‌ڕاستی توحفه‌یه له سینه‌مای خه‌یاڵی زانستیدا، ئه‌م فیلمه مواجه‌هه‌ی كێشه‌ی تاكه له‌گه‌ڵ زانستی تازه‌دا كه له هه‌ساره‌ی زه‌وی دوورده‌كه‌ونه‌وه به‌ره‌و ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه. ئه‌ستێره‌یه‌كی نامۆ، قووڵبوونه‌وه به‌خه‌یاڵی زانستی و فیكردا، سۆلاریس سێیه‌م فیلمی تاركۆڤسكییه و هه‌ساره‌یه‌كی تازه دۆزراوه‌یه، روسه‌كان له په‌یدابوونییه‌وه گه‌ره‌كیان بووه لێی حاڵی ببن و ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی كه وه‌كو سێ گۆشه‌ی به‌رمۆدا مه‌ترسیداره و پڕه له په‌نهان، ئه‌وه‌ی بۆی رۆیشتووه یان مردوه و یان شێت بووه. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه دكتۆرێكی ده‌روونیه ده‌چێت بۆ سۆلاریس و ئه‌ویش وه‌ك زاناكان و كه‌شتیوانه فه‌زاییه‌كانی دیكه ده‌گاته سۆلاریس دوای ئه‌وه‌ی نزیكی ده‌بێته‌وه راسته‌وخۆ ژنه مردووه‌كه‌ی زیندوو ده‌بێته‌وه. جوانی فیلمه‌كه و ئاستی ته‌كنیك لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كه چه‌ند سه‌رنجڕاكێشه، یارییه‌كه له نێوان خه‌یاڵی زاستی و كاره‌كته‌ری دنیای راسته‌قینه و خه‌یاڵی به‌رزه فڕی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری سینه‌ما. ئه‌گه‌ر به‌دیوێكدا ئه‌م فیلمه خه‌یاڵێك بێت سه‌ربۆ زانستی تازه بكێشێ، له دنیای هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا یارییه‌كی جوانه له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه و پلۆتێكی پڕ له ته‌كنیكه، ده‌ركه‌وتنی ژنێك كه له‌سه‌ر زه‌وی مردووه و له سۆلاریس زیندوو ده‌بێته‌وه و ده‌بینرێ. كه‌وایه بینه‌ر خه‌یاڵ ده‌كات سۆلاریس هه‌ساره‌ی مردنه؟ ئه‌م كاره‌ی تاركۆڤسكی وه‌ك هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی له‌سه‌رو وه‌ختێكدا به‌رهه‌می هێناوه، كه چه‌ند فرسه‌خێك له پێش سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌وه بووه. سۆلاریس چ وه‌ك رۆمانه‌كه و چ وه‌ك فیلمه‌كه به‌رهه‌مێكی ئاست به‌رزه كه بۆ ئه‌مڕۆی بینه‌ری هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات بابه‌تێكی تازه و سه‌رنجڕاكێشه. تاركۆڤسكی نه‌مر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ی به‌حه‌وت فیلمی درێژ پانتاییه‌كی فراوانی له سینه‌مای جیهان گرتووه، ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ سینه‌مادا هه‌بێ تاركۆڤسكی ده‌ناسێ و بینه‌رێكی سه‌رسوڕما و ساكاوه به‌دیار خه‌یاڵه زانستی و دنیا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌وه، كه فه‌زای كاركردنی چه‌ند له نێو سینه‌مادایه، ئه‌وه‌نده‌ش په‌ی به دنیایه‌كی شیعریی ده‌بات، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌ره‌و دنیای میتافیزیك په‌لكێشمان ده‌كات. سینه‌مای تاركۆفیسكی له نێوان رابردوو و داهاتوودا گه‌مه‌ی خه‌یاڵی زانست و فیكر و ته‌كنیكی سینه‌مایه، بینه‌ر بۆ دنیای راستی و درۆ خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت ده‌بات. زۆربه‌ی فیلمه‌كانی په‌یبردنه به‌دنیای میتافیزیك و به‌جۆرێك په‌یوه‌ستن به ئایینی مه‌سیحییه‌ته‌وه. ئه‌م ده‌رهێنه‌ره نازناوی باشترین ده‌رهێنه‌ری مێژووی سینه‌مای روسی وه‌رگرتووه و یه‌كێكه له‌سه‌د ده‌رهێنه‌ره مه‌زنه‌كانی مێژووی سینه‌مای جیهان. ئینگمار بێرگمان له‌باره‌ی تاركۆڤسكیه‌وه گوتویه‌تی: تاركۆڤسكی له چاوی مندا گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایه، داهێنه‌ری زمانێكی تازه‌یه. تاركۆڤسكی ژیان و سینه‌ما ئه‌ندرێ ئارسێنیڤیچ تاركۆڤسكی، نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و گه‌وره ده‌رهێنه‌ری روسی له ساڵی 1932 له گوندی زافراژی له ئیڤانۆڤۆ ئۆبلاست له دایكبوو. باوكی تاركۆڤسكی « ئه‌رسینی تاركۆڤسكی» یه‌كێك له گرنگترین شاعیره‌كانی روسیا بووه. دایكی تاركۆڤسكی ماریا ئیڤانۆڤا ڤیشنیاكۆڤا، ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی ئه‌ده‌بیی ماكسیم گۆڕكی بووه. تاركۆڤسكی ژیانی منداڵی له یوریڤێتس به‌سه‌ربردووه. ئه‌و رووداوه تراژیدیه‌ی كاریگه‌رییه‌كی قورسی له‌سه‌ری هه‌بوو، رۆیشتنی باوكی بوو، كه ساڵی 1937 باوكی خێزانه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه. تاركۆڤسكی له‌گه‌ڵ دایكی و مارینای خوشكی ژیاوه، له‌پێناوی ژیانێكی باشتر و شایسته‌تر روو له مۆسكۆ ده‌كه‌ن، له مۆسكۆ دایكی له ده‌زگایه‌كی چاپه‌مه‌نی كتێب كاری كردووه. دایكی حه‌زی ده‌كرد تاركۆڤسكی له بواری هونه‌ر و میوزیكدا بخوێنێ. سه‌ره‌تا تاركۆڤسكی له قوتابخانه‌یه‌كی مۆسكۆ فێری پیانۆبوو به‌ڵام خۆی له‌زه‌تی له ئه‌ده‌ب ده‌بینی، به تایبه‌تی شیعر. له‌ساڵی1956 یه‌كه‌مین كورته فیلمی به‌رهه‌م هێنا به‌ناوی بكوژه‌كان، ئه‌م به‌رهه‌مه له چیرۆكی بكوژه‌كانی ئێرنێست هه‌مه‌نگواییه‌وه وه‌رگیرابوو. تاركۆڤسكی پاشتر به فیلمی منداڵێتی ئیڤان، ناوبانگێكی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستهێنا و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و فیلمه ساڵی 1962 خه‌ڵاتی <شێری ئاڵتوونی له فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس وه‌رگرت. ساڵی 1965 به‌دروستكردنی فیلمی ژیانی ئه‌ندرێ روبێلف، وێنه‌كێشێكی سه‌ده‌ی پانزه‌ی روسیا بوو، ئه‌ندرێ تاركۆڤسكی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، له ساڵی 1974 فیلمی ئاوێنه‌ی دروستكرد كه سه‌ربورده‌ی منداڵیی خۆی و وێنایه‌كی شیعره‌كانی باوكی بوو، به‌م كاره‌ش جارێكی دیكه ناڕه‌زایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدارانی روسیای ئه‌و سه‌رده‌مه لێكه‌وته‌وه. له ساڵی 1976» شانۆی هه‌ملێت»ی شكسپیری له مۆسكۆ به‌رهه‌م هێنا، دوای ئه‌وه خۆی بۆ دروستكردنی فیلمی ستاكێر ئاماده‌كرد، كه دوایین فیلمی بوو له ناوخۆی روسیا به‌رهه‌می هێنابێ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستی تاركۆڤسكی تێكچوو، فیلمه‌كه تا ساڵی 1979 هه‌ڵپه‌سێردرا. له‌ساڵی 1979 سه‌فه‌ری ئیتاڵیای كرد، له‌وێ فیلمی به‌ڵگه‌یی گه‌شتكردن له نێو زه‌ماندا-ی دروستكرد و هه‌روه‌ها له سه‌فه‌رێكی دیكه‌دا بۆ ئه‌و وڵاته سیناریۆی نۆستالێژیای ته‌واوكرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باری ئابووری كز بوو، به‌ڵام كۆڵی نه‌دا و له ساڵی 1983 هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م فیلمه‌شی به‌كۆتایی گه‌یاند و به‌م به‌رهه‌مه توانی له فێستیڤاڵی كان خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی داوه‌ران به‌ده‌ست بهێنێ. له‌ساڵی 1985 به جه‌سته‌یه‌كی نه‌خۆشه‌وه، كه ده‌ردی شێرپه‌نجه‌ی ریخۆڵه په‌رێشانی كردبوو، لێ به‌و حاڵه‌شه‌وه له سوید ده‌ستیكرد به‌دروستكردنی فیلمی فیداكاری و دیسانه‌وه له فێستیڤاڵی كان خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ماناگه‌را و خه‌ڵاتی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی ره‌خنه‌گرانی فیلمی وه‌رگرت. به‌ڵام تاركۆڤسكی بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كان ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه نه‌بوو.ساڵی 1983 تاركۆڤسكی له‌گه‌ڵ بریسۆن به‌هاوبه‌شی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر یان له فێستیڤاڵی كانی سینه‌مایی وه‌رگرت. ئه‌م سینه‌ماكاره مه‌زن و به‌ناوبانگه‌ی روسیا له 29 ی دیسه‌مبه‌ری 1986 له‌پاریس كۆچی دوایی كردوه. له 3ی جه‌نیوه‌ری ساڵی 1987 له گۆڕستانێكی روسی له پاریس به‌خاك سپێردرا. ستانیسلاف لیم ستانیسلاف لیم رۆماننووسی پۆڵه‌ندی ساڵی 1921 له شاری لفیف له‌دایكبووه، ساڵی 2006 كۆچی دوایی كردووه، ئه‌م رۆماننووسه به یه‌كێ له‌و نووسه‌رانه داده‌نرێ كه به‌رهه‌مه‌كانی زیاتر له‌باره‌ی خه‌یاڵی زانستییه، سۆلاریس به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مێتی، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد چه‌ند جارێك كراوه به‌فیلم. ستانیسلاف لیم ساڵی 1951 یه‌كه‌م رۆمانی بڵاوكردوه‌ته‌وه. ئه‌م نووسه‌ره به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ به‌رهه‌مێكی وه‌رنه‌گێڕدراوه بۆ سه‌ر زمانی كوردی به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانی تاوه‌كو ئێستا بۆ زیاتر له‌چل زمان وه‌رگێڕدراون و بازاڕی فرۆشی به‌رهه‌مه‌كانی هێنده له‌بره‌ودایه، تاوه‌كو ئێستا سی ملیۆن نوسخه‌ی تێپه‌ڕاندووه. له به‌رهه‌مه‌كانیدا گرنگی به‌خه‌یاڵی زانستی و فه‌لسه‌فه و زانستی ده‌رونی داوه. رۆمانی «سۆلاریس»یش بۆ زیاتر له چل زمانی جیهانی وه‌رگێڕدراوه. به‌داخه‌وه هێشتا نه‌كراوه به‌كوردی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure