16/12/2019 09:08 AM

مەلاجەمیل رۆژبەیانی، مێژووی حەق گوتن

مەلا ئەحمەدی باوكی و مەلا جەمیل دوو قوربانی دەستی رەشی نەزانی وخوێنمژەكانن. دوو مەلای راستگۆ و شارەزا هەریەكەیان لەسەردەمێكدا تیرۆر دەكرێن.  مەلا ئەحمەدی باوكی مەلا جەمیل بەهۆی كێشەی گوندەوە دەرەبەگەکان شەهیدی دەكەن‌. مەلاجەمیل پیاوی كورد و كوردایەتی و مەرد و سەربڵندی نێو زیندان. كۆڵی نەدا لەحەق گوتن و كوردپەرستن تا شەهید بوونی. دڵسۆزانە و مەردانە كوردپەرستی كرد. زیندانە تاریكەكانی نوگرە سەلمان و ناصریە و حەویجە و كەركوك چاوترسێنیان نەكرد، نەیانتوانی كۆڵ بەمەلا جەمیل رۆژبەیانی بدەن. ئەم پیاوە هەموو تەمەنی خۆی بە ئازایەتی و مەردایەتی بەسەربردووە و دواجاریش لەسەر هەڵوێستی مەردانەی شەهیدكرا.
 مەلا جەمیل لەتەمەنی بیست و چوار ساڵییەوە  دەستی بەنووسین كردووە و یەكەم نووسینی لەساڵی1937بووە لەبارەی بەكر سدقییەوە. زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی زانیوە. مەلا جەمیل لە زینداندا خەریكی وەرگێڕان بووە، شەرەفنامەی لەفارسیەوە كردووە بەعەرەبی و تاریخ سلیمانیە وانحاوهای لە كوردییەوە كردووە بە عەرەبی و چەندین وتاری نووسیوە. بەچەند ناوێكەوە دەینووسی جەمیل بەندی رۆژبەیانی - "ج ب ر"  لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزەوە نازناوی بەندی لابرد و بەناوی محەمەد جەمیل رۆژبەیانییەوە دەینوسی. رۆژبەیانی هەمیشە لەهەوڵی ساغكردنەوەی ناو و مێژووی ناوچەكانی كوردستاندا بووە بەدووی ئەسڵ و رەچەڵەكی كورد دا گەڕاوە. بەدوای مێژووی راستەقینەی فەرماننڕەوای موكریاندا گەڕاوە و لێكۆڵینەوەی لەبارەی ماد و پارس و شاری دینەوەر كردووە.
ماوەیەك پێشمەرگەبووە لەشۆڕشی ئەیلول و تادوای جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی و لەگەڵ باڵەجیابووەكەدا چوو بۆ ئێران و دوایی ئەوان گەڕانەوە و ئەو هەرمایەوەتا.. ساڵی 1979 ودوای گەڕانەوەی چووە بەغدا و لەساڵی 1980 ژنی هێناوە، لەكۆڕی زانیاری بووە. لەدوای راپەرشینیشەوە بە ناوی مێژوونوسێكی كوردوتاری بۆ رۆژنامەی ئیتحاد و گۆڤاری شانەدەر و...دەنارد.
مەلا جەمیل رۆژبەیانی مێژوونووسی ناودای كورد، ناوی تەواوی محەمەد جەمیل ئەحمەدی رۆژبەیانییە. لەساڵی 1913 لەگوندی فەرقان لەناوچەی قەرە حەسەن سەر بەشاری كەركوك لەدایكبووە. مەلا جەمیل لەنێو بنەماڵەیەكی ئاینیدا گەورەبووە، كاتێ‌ تەمەنی بووبەشەش ساڵ لای باوكی وانەی ئاینی خوێندووە و قورئانی خەتم كردووە، لەساڵی 1920 دوای ئەوەی ماڵیان دەچێتە بادەوا لای مەلا وەهاب كتێبەكانی سمایل نامە، ئەحمەدی، مولودی كوردی خوێندووە. لەساڵی 1922 كاتێ‌ شێخ مەحمود لەهندستان دەگەڕێتەوە مەلا ئەحمەدی باوكی بانگێشت كردووە بۆ سلێمانی بەو ئامانجەی كە زانكۆیەك لەچەشنی ئەزهەر دامەزرێنن، مەلا ئەحمەد و محەمەد جەمیلی كوڕیشی لەگەڵ خۆی دەبات. مەلا جەمیل لەسلێمانی گوڵستان و بوستان، بینا، عیزی، عەوامیلی گورگانی ..خوێندوە. لەساڵی 1924 دوای تێكچوونی حكومەتەكەی شێخ مەلاجەمیل لەگەڵ باوكیدا گەڕاونەتەوە بادەوا و لەوێ‌ مەلا جەمیل چووەتەخوێندنگا و لەپاڵیشیدا وانەی ئاینی خوێندووە. مەلا جەمیل لەگەڵ خوێندندا كاری شوان و ساوەلەوانی كردووە. لەساڵی 1930 چووەتە كەركوك و لای مەلا سەید یوسف رۆژبەیانی لە مزگەوتی حەسەن مەكی(فەنناری- سیوتی- شەرحی عەقائدی  نەسەفی) خوێندووە و لەساڵی 1932 مەلایوسف گوێزراوەتەوە بۆ پردێ‌ و مەلا جەمیلیش لەگەڵیدا چووە و ساڵێك لەوێ‌ ژیاوە و پاشان چووەتە هەولێر لای مەلا عەبدوڵڵای كونە فلوسە شەش مانگ دەرسی موتەوەلی خوێندوە. هەر لەوكاتەدا بنەماڵەی یاسین ئاغا رازی نابن مەلاجەمیل لەمزگەوت بمێنێتەوە بۆیە دەیبەنە دیوەخانی خۆیان لەسەر قەڵا. لەوێ‌ دەچێتە گوندی عەوینە لای مەلا عوسمان و لەگەڵ حەسەن ئاغا كە پیاوێكی خوێندەوار بووە دۆستایەتی توندوتۆڵ دروستدەكەن. هەر لەو ماوەیەدا باوكی مەلاجەمیل دەبێت بەقوربانی مەلای نەزانەوە.  ئەوكاتە باوكی لە فەرقان دەبێ‌ بەهۆی هەندێك مەلای خراپ و نەزانەوە كوژراوە. كوشتی باوكی وا  لەمەلا جەمیل دەكات دووساڵ لەكاروباری ئاینی و خوێندن دوور دەكەوێتەوە و خەریكی كاروباری ماڵ دەبێت. 
لەساڵی 1935 دەچێتە كفری و لای موفتی سەعیدی بێوری سوەیلی دەخوێنێ‌، تا ساڵی 1937 و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك ئەبێ‌ بەفەقێ‌ و زیرەكی ولێهاتووی مەلاجەمیل دەروازەی سەركەوتنی بۆ دەكاتەوە و مەلا رەزای واعیز دەیكات بەجێگری خۆی. لەمزگەوتی قیردار و مانگی دوانزە دیناری بۆ دەبڕێتەوە و لەساڵی 1942 هەر لای مەلا رەزا ئیجازەی زانستی مەلایەتی وەردەگرێت.
لەماوەی ژیانیدا چەند جارێك رووبەرووی زیندان بووەتەوە و بیری كوردایەتی توشی تەنگ و چەڵەمەی كردووە و دواجاریش بوو بە قوربانی كوردایەتی و فیكر و شەهیدبوو. لەساڵی 1942دا بەهۆی سیخورەكانەوە دەگیرێت رەوانەی نوگرەسەلمان دەكرێ‌ و لەساڵی 1949 بەهۆی وتارێكەوە لەسەر جەژنی نەورۆز دەینوسێ‌ چەند شێخ و مەلایەك بەگرتی دەدەن و جارێكی تر رەوانەی نوگرە سەلمان دەكرێت. پاش مانگێك دەیبەنە ناسریە.
 لەوەڵامی قسەیەكی(جەلال بایار)ی سەرۆك كۆماری توركیا كە لەئەمریكا وتبووی كورد نییە،
لەساڵی 1954 دوای گواستنەوەی بۆ كوت لەمزگەوتی گەورە دەبێت بەئیمام و وانەی ئاینی دەڵێتەوە و هاوكات سەرقاڵی وتار نووسین دەبێت و وتارەكانیشی دەنێرت بۆ رۆژنامەی ژین. وتارەكانی لەبارەی دەروێشی لەكوردستان و لەبارەی فەقێ‌ و فەقێیەتی لەكوردستان دەبێت. هەر لەو سەردەمەدا وتارێك دژی جەلال بایاری سەرۆك كۆماری توركیا دەنوسێت كە گوتبووی كورد نییە. مەلا جەمیل ئەو وتارەی لە رۆژنامەی ئەهالی لەژێر ناوی (التتریك لاینزید الشعب الكردی إلاتمكا بقومیە)بڵاوكردووەتەوە. بەو هۆیەوە رۆژنامەكە دادەخرێ‌ و پێنج سەد دیناریش وەك غەرامە لەبەرێوەبەرەكەی  عەباس حەسەن جومعە دەسێنرێت. بەڵام (كاكە زیاد، عەلی كەمال، ئەحمەد عوسمان) (500)دینارەكە دەدەن.
سەردەمێك مەلاجەمیل هاوكاری شوعییەكانی دەكردو بۆخۆشی شوعی نەبووە و ئەمەشی تەنها لەبەر ئەوە كردووە كە دژی دەسەڵات وەستاوەتەوە.
لەساڵی 1959 مەلا جەمیل دەگوێزرێتەوە بۆ كەركوك و لەوێ‌ خەریكی وانەگوتنەوە و پێش نوێژی دەبێ‌. لەو رۆژگارەدا كورد كوژی دەست پێدەكات و مەلا جەمیل وتارێك دەنووسێت لە رۆژنامەی(صوت الاكراد) لەبەر توندی وتارەكە رەوانەی ناصرییەی دەكەنەوە و پانزەمانگ زیندانی دەكرێت و پاشان ئازاد دەكرێت و بەڵام لە ئیمامەتی دەردەكرێ‌.
مەلا جەمیل لەگەڵ كاكە زیاد و شێخ لەتیفی حەفید و لوقمان بارزانی وەك وەفدێك دەچنە سوڤێت و لەگەڵ خروشوف دا گفتوگۆ لەسەر ماف و حقوقی كوردان دەكەن هەر لەو گەشتەدا پیاو مەعقولانی عەرەبیشیان لەگەڵ دابووە. مەلا جەمیل بەتوندی لەگەڵ خروشوفدا گفتوگۆ دەكات و داوای هاوكاری دەكات بۆ كورد.
لەنیسانی 1963 بەغدا بەجێ‌ دەهێڵی و روو لەكوردستان دەكات و دەبێت بە پێشمەرگە و ماوەیەك لە چەمی رێزان دەمێنێتەوە و پاشان گەشتێك دەكات بۆ ناوچەكانی گەرمیان  بۆ ئەوەی ورەی خەڵك كورد بەهێز بێت، مەلا جەمیل ماوەیەك لە قەرەحەسەن و جەباری دەمێنێتەوە. و دوایی لە سەنگاو دەبێت بەقازی و پاشان دەبێ‌ بەئەندامی دادگای تەمیز.
لەتەموزی 1964 بەهۆی نارێكی ماڵی كورد و ناكۆكی لەشۆڕشدا سەفەر دەكات بۆ ئێران و ماوەیەك لە سەردەشت و سەقز و هەمەدان و بێتوش ئەمێنێتەوە و پاشان ئەچێتە تاران و لەساڵی 1965لەبەشی كوردی و عەرەبی رادیۆ دەبێت بەسەرپەرشتیار . بەزیرەكی و توانای خۆی لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك بەرنامەبەرهەم دەهێنێ‌ لەوانە وڵاتەكەت باشتر بناسە–كورد و رەگەزی ئاری – چیرۆكی شەو و...هتد رۆژبەیانی پانزە ساڵ لە ئێران دەمێنێتەوە تا كاتی رووخانی رژێمی شا و لەسەردەمی خومەینیدا وتارێك لەدژی دەسەڵاتی تازە دەنووسێت لەسەر ئەوەی كە خومەینی هێرش دەكاتە سەر سنە لەسەر ئەو وتارە توشی لێپێچینەوە دەبێت و ئیتر رۆژبەیانی بەهاوكاری باڵیۆزخانەی عێراقی و رەشیدسندی و عەبدولوەهاب ئەتروشی و شێخ حوسێنی خانەقا لە 17 ئەیلولی 1979 دەگاتەوە بەغدا. پاشان دەبێت بە ئەندامی دەستەی كۆڕی زانیاری كورد ، لە ساڵی 1980 مەلاجەمیل ژن دەهێنێ‌ بەڵام بەهۆی نەخۆشی ژنەكەیەوە منداڵی نابێت
لە 26 /27 ی ئاداری 2001 لە شەوێكی تاریك و نوتكی بێ‌ كارەبایی بەغدا دا خۆفرۆشەكانی بەعس هەڵدەكوتنە سەری و شەهیدی دەكەن. هۆكاری شەهید كردنی لەسەر بوێری و ئازایەتی و راستبێژی و هەوڵەكانی بوو كە مەلا جەمیل هەمیشە لە هەوڵی ساغكردنەوەی مێژووی دروستی گەل و نەتەوەكەیدابوو. ئەمەش فرتوفێڵ و عەیب و عاری و غش و گزی بەعسیەكانی ئاشكرا دەكرد بۆیە دەستی رەشی بەعسیان و خۆفرۆشان شەهیدی كرد. لەدوای شەهید كردنی لە 28-3 – 2001تەرمی مەلاجەمیل لە بەغداوە هێنرایەوە بۆ كەركوك و لە گۆڕستانی غەریبان لە گەڕەكی شۆرجە نێژرا، بەئامادەبوونی لێشاوێك لە خەڵكی رۆشنبیر و خەڵكی شار و لەگەڵ خەڵكانێك كە لەشارەكانی سلێمانی و هەولێر و بەغدا و موسڵ و..ئامادەی مەراسیمی ناشتنی بوون
مەلاجەمیل چەندین خەڵاتی وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی شكۆمەندی ئودەبای كوردی هەولێر- شكۆمەندی گەلاوێژ- مەدالیای یەكێتی مێژوونووسان لەبەغدا و وخەڵاتی گەلاوێژ و... 
مەلاجەمیل رۆژبەیانی لەماوەی ژیانی رۆشنبیریدا  كۆمەڵێك پەرتووكی هێناوەتە بەرهەم. بەرهەمەكانی (گاڵتەو گەپی مەلای مەزمورە- چل وەزیر، ئەم بەرهەمەی لەسەر دوای محەمەد ئەمین عەسری وەرگێڕاوە بۆ كوردی – زانستی فەرمایشت و مێژوو- بوێژە كوردەكانی ناوچەی كەركوك – شەرفنامە- هەنگ و كەڵكی بەشێك لەمێژووی هەولێر- مێژووی دەروێشی لەكوردستان- مێژووی سلێمانی و دەوروبەری- مێژووی داقوق- دین الكردالقدیمە- صلوات الیزیدیە- مژكرات رفیق حیلمی – وڵاتەكەت باشتر بناسە- چیرۆكی شەو- چواردەوڵەتی كورد- مێژووی حەسنەوەیهی و عەییاری- فەرمانرەوایی جاوان–فەرمانڕەوایی موكریان- وڵاتگیری رەشەخاكی عێراق- كتاب سراج السالكین- مژكرات مامون بەگ- وتەكانی شاهنشاە ئاریا میهر- كوردورەگەزی ئاری- كەركوك ناوی مێووی كۆنی دانیشتوانی دەسەڵاتەكانی- شۆڕشی نەتەوەی كورد لەتوركیا- شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری...).. ئەمانە و چەندین بەرهەمی دیكە.
لەكۆتاییدا  سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانەدەكەم كە بەنووسین و زانیارییەكانیان بەوتار و بەدیدار بەشداریان لەم پاشكۆ تابەتەدا كرد و بەزانیاری و بیرەوەری هەموو ئەو نووسەر و رۆشنبیرەبەرێزانە پاشكۆكەمان دەوڵەمەندتربوو.  دەستەكانیان دەگوشم و چاوەكانیان ماچ دەكەم.  وە سوپاسی هەموو ئەو برادەرانەدەكەم كە هەمیشە لەسۆراغی ئەم پاشكۆیەدا تەلەفونیان بۆ دەكردم و لەسۆراغی بڵاوبوونەوەیدابوون. 
ئەم بابەتە لەئەدگاری تایبەت بە مەلا جەمیل رۆژبەیانی بڵاوبووەتەوە. لەكوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved