18/12/2019 04:32 PM

تێوری نێو دەوڵەتی سەرەتا و پەرەسەندن

 

لە نووسنی ساڵح عوسمان خزر

نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەیدا نووسیویەتی:

تیرۆر چەمكێكە بۆ هەر كارێكی توندوتیژی بەكاردێت، كە لەلایەن رێكخراوێك یان كەسێك یان گروپێكەوە ئەنجام دەدرێت، كە ئامانجی تێكدانی ئەمنی وڵاتێك یان گەیشتن بە ئامانجە سیاسیی و تایبەتیەكانە ، یان بە مەبەستی گۆڕینی حوكمی وڵاتێك پەنا بۆ ئەو كارە دەبرێت.
 
مرۆڤایەتی بەدرێژایی سەردەمە جیاوازەكان،بە شێوەیەك لەشێوەكان تیرۆری بەخۆیەوە بنییوە،بەڵام لەڕووی مێژووییەوە وەك چەمك، مێژوونوسان پێیان وایە تیرۆر لەگەڵ شۆرشی فەرەنسی سەری هەڵداوە،ئەو كاتەی ئەوروپا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی بە بارێكی قورسی سیاسیدا تێدەپەڕی و حكومەتەكانیش دژی هاوڵاتیان ترس و تۆقاندنیان بەكاردەهێنا، ئەو كات چەمكەكە بە( ترساندنی حكومەت - government by intimidation) ناوزەند دەكرا،بەڵام تیرۆر بە كردار مێژوویەكی درێژی هەیە و ناتوانرێت كاتێكی بۆ دیاری بكرێت، هەروەها بەهۆی ئەو مێژووە درێژاییەوە ئێستا تیرۆر پانتایەكی فراوانی لە سەرانسەری جیهاندا داگیركردووە،هەموو جۆرەكانی بەپێی مەبەست و بەرژەوەندی بەكاردەهێنرێت.
ئەوەی ئێستا مرۆڤایەتی روبەڕوی بۆتەوە كەوتۆتە سەروو هەموو پێشبینیەكانەوە، تیرۆر شپرزەیی‌و راڕایی هێناوەتە كایەوە، لەهەموو كات‌و شوێنێكدا مرۆڤ دەخاتە نیگەرانییەوە، لەوانەیە ئەو مرۆڤەش بگرێتەوە كە لەبنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بەو بابەتانەوە نەبێت، كە تیرۆریستان هەوڵی بۆ دەدەن، وەكچۆن ئەو كەسە دەگرێتەوە كە تیرۆریستان باوەڕیان وایە كە پەیوەندی پتەوی بەو ئامانجانەوە هەیە كە ئەوان هەوڵی بۆ  دەدەن،هەروەها هەر بە هۆی تیرۆرەوە هەندێك لەدەوڵەتانیش كەوتونەتە دۆخێكی نەخوازراوەوە ،وەك عیراق و سوریا و یەمەن و چەندین وڵاتی دیكە، لەبەرئەوەی روبەڕووی دوژمنكارییەك دەبنەوە كە سەرچاوەكەی نەزانراوە،بۆیە لەهەر كات ‌و شوێنێكیشدا بێت دەشێت  تیرۆر دەستی خۆی بوەشێنێت، بە ئاراستەی هەر مرۆڤێك كە مەبەستی بێت ، ئەمەش بە  ئامانجی بڵاوكردنەوەی ترس‌و تۆقاندن و  هێنانەدی ئامانجێكی دیاریكراوی تیرۆرستانە.
تیرۆر بەگشتی بەتۆقاندنی جەماوەر زەمینەسازیی بۆ كارەكەی دەكات، یاخود ترس دەخانە ناو دڵی هەندێك كەس دوای ئەوەی پەیامەكەیان پێ‌ دەگات، تیرۆر لەرابردودا تەنها غافڵكوژیی (اغتیال) یاخود برینداركردنی هەندێك كەسایەتی گشتی یان دیپلۆماتكارەكانی دەگرتەوە، بەڵام لەئێستادا شێوەی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە،وەك رفاندنی فڕۆكە، گرتنی بارمتە ، پەكخستن ‌و تەقاندنەوەی رێگاكانی هاتوچۆ و هۆكارەكانی جوڵە، تەقاندنەوەی باڵەخانەو سەنتەرە بازرگانیەكان، كاری خۆكوژی، تاڵانكردنی جبەخانەی چەك، داگیركردنی باڵیۆزخانەكان‌و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان‌و شوێنی كۆبونەوەكان.
ئەم قۆناغەی ئێستا كە جیهان بەگشتی‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتایبەتی پێیدا تێدەپەڕێت، بابەتی تیرۆری كردۆتە یەكەمین كێشە لەنێوان سەرجەم ئەو كێشانەی كە هەلومەرجە جیهانیەكانی ئەمڕۆیان پێ‌ وەسف دەكرێت، تیرۆر بەدزێوترین تاوانەكانی سەردەم و دڕندەترینیان دادەنرێت،چونكە كار بۆ لەناوبردنی موڵك‌و سامانە گشتی‌و تایبەتیەكان دەكات، دەیەوێت دەستكەوتە ژیاریەكانی زۆرێك لەوڵاتانی جیهان لەناو بەرێت،هەروەها گوێ‌ بەمافەكانی مرۆڤ نادات، ئەو بەهایانەش كە ئاینە ئاسمانیەكان خەڵكی بۆ هاندەدەن لەلای تیرۆرستان گرنگ نیە، بەتایبەت ئاینی ئیسلام كە لەسەر لێبوردەیی‌و وازهێنان لەتوندوتیژی ‌و دوركەوتنەوە لە خوێنڕشتن‌و وێرانكاری ‌و تۆقاندن بەندە.
ئێستا  تیرۆر هەڕەشە لەئاشتی جیهانیش دەكات،ئاسایشی هەرێمی نەتەوەكان ‌و بەرژەوەندییە زیندووەكانیان دەخاتە مەترسیەوە، كە ئەمەش لێكدانەوەی خۆی لای هەموو دەوڵەتێك یاخود كۆمەڵگەیەك هەیە.
دەشێت تیرۆری ئەمڕۆ گۆڕابێت و جیاواز بێت لە هی دوێنێ‌،لە داهاتووشدا گۆڕانكاری دیكە ڕووبدات،بۆیە بەردەوامیی هێرش‌و كارە تیرۆریستیەكان كارێكی چاوەڕوانكراوە، وەكچۆن زیادبوون و پەرەسەندنی تیرۆریش لەڕووی هۆكارو پاڵنەرەكانیەوە هەر بەردەوامە، هەروەها لەڕووی شێوازو ئامڕازەكانیشیەوە جیاوازە، جا ئەوە تیرۆری دەوڵەت یاخود تیرۆری تاك یان گروپەكان بێت.
 داهێنانە تیرۆرستیەكان لەڕووی جۆرێتی ئەو كارانەوە كە ئەنجامی دەدەن‌و چۆنێتی ئەنجامدانەكانیشی، شێوازو ئامڕازەكانی ئەو جێبەجێكردنە بۆتە ئەمرێكی واقیعی.
لێكۆڵەرەوانی بواری تیرۆر وایدەبینن،كە چارەسەری ئەمنیی بۆ روبەڕوبونەوەی دیاردەی تیرۆر بە تەنها بەس نیە، بەتایبەتیش كە كێشەیەكی ئاوێتەو ئاڵۆزو خاوەن رەهەندی زۆرە، لەبەرئەوە زاڵبون بەسەر تیرۆر و تیرۆریستاندا بەئەنجام ناگات تەنیا لەمیانی چارەسەركردنی هۆكارە راستەقینەكانیەوە نەبێت.
لەبەرئەوە دەوڵەتان بەپێی توانا خودیی ‌و پێگە و بازنەی گرنگیپێدانیان لەبنبڕكردنی تیرۆردا چالاك بوون،  بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانەش، هێشتا روبەرێكی فراوان لەكاركردن لەئارادایە بۆ لەناوبردنی ئەم بەڵا گەورەیە و هەڵكێشانی لەڕەگ‌و ریشەوە.
ئامانج لەنوسینی ئەم كتێبە،بۆ روونكردنەوەی چەمك و واتای تیرۆر و  باكگراوندی مێژوویی تیرۆر و تیرۆری نێودەوڵەتیە، وەك سەرەتاو ئەو پەرەسەندنەی لەماوەی سەردەمی ئێستاماندا بەخۆیەوە دەبینێت،لەگەڵ ئاماژەدان بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی لەسەر ئاستی ئەمنی و كلتوری و ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی،هەروەها روونكردنەوەی دەرەنجام‌و ڕێنمایی‌و پێشنیارەكان و داهاتووی تیرۆر و لێكەوتەكانی ئەم بەڵا جیهانیە، بەشێكی دیكەی ئەم كتێبە پێكدەهێنێت.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved