24/12/2019 04:30 PM

فەرهەنگی مێژوویی كورد

 

د. ژینۆ عەبدولڵا*

بەم دواییە یە كێك لە دەوڵەمەندترین و پڕ زانیاری ترین كتێب دەربارەی مێژووی كورد  كە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانی خۆرئاوەوەو نووسرابێت بەم هەموو زانیاریە پڕبایەخ و زۆرەوە، كتێبی" فەرهەنگی مێژوویی كورد" لە نووسینی  پ.د. مایكڵ گوتنەر و بە وەڕگێران یاخود بە كوردی كردنی بە زمانێكی پاراووی كوردی مامۆستا شاهۆ بورهان عەبدولڵا، سەرۆكی بەشی وەڕگێران لە كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانیە.
ئەم كتێبە لە دووتۆی 419 لاپەڕەدا و لە گەڵ چەند  نەخشەو وێنەیەكی نووسەر لەگەڵ كەسایەتیە ناسراووكاریگەرەكانی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان، بڵاوكراوەتەوەو بەشێوەی فەرهەنگ و بەگوێرەی پیتەكان زانیاری و داتاو ئامار و ڕوونكردنەوەی پێویست  لە پەراوێزدا نووسسراوە.
مایكل گۆتنەركێ یە؟
بەكالۆریس و ماستەری لە زانكۆی كۆلۆمبیا (Columbia) و دكتۆراكەی لە زانكۆی ویلایەتیی كێنت Kent State)) وەرگرتووە، مامۆستای زانستی سیاسییە لە زانكۆی تەكنۆلۆجیای تێنێسی (Tennessee Technological University) لە كوكڤیڵ لە ویلایەتی تێنێسی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و لە ساڵی 1972 ەوە ئەندامی ئەو زانكۆیە. لە 2002 ەوە لە وەرزی هاوین دا لە زانكۆی نێونەتەوەیی لە ڤییەنا وانەبێژیی كردووە. پێشتر لە 1967 بۆ 1969 مایكل لە زانكۆی ویلایەتیی كێنت لە ئۆهایۆ وانەی دەوتەوە. لە 1978 بۆ 1979 مایكل وەك وانەبێژی سەرەكی فولبرایت لە بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەكان لە زانكۆی تەكنۆلۆجیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئانكەرەی پێتەختی توركیا وانەی دەوتەوە. مایكل لە پاییزی 2002 دا لە فیسك (Fisk) لە ناشڤیل لە تێنێسی و لە هاوینی 2001 دا لە كۆلیجی پەروەردەیی شوخوی (Xuhui) شێنگهای لە شاری شێنگهای وانەی دەوتەوە. لە 2007 ەوە لە چواربۆنەی جیا دا بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كۆرسێكی تایبەت و كورتخایەنی لەبارەی كوردەوە وتووەوە.
كتێبەكانی لە بارەی كوردەوە
پرۆفیسۆر گۆتنەر ژمارەیەك كتێبی لەبارەی كوردەوە نووسیوە كە سەرنجی زانایانی ڕاكێشاوە وەك هەلكشانی كوردەكان:چارەسەری بەرەوپێشچوویی كێشەی كورد لە عێراق و توركیا، 2008؛ ئارێشەی كورد لە عێراق: دوودڵی سیاسی، 1999؛ كورد و داهاتووی توركیا، 1997؛ كورد لە عێراق: تراجیدیا وهیوا، 1992؛ كورد لە توركیا: دوودڵی سیاسی، 1990. هەروەها لەگەڵ محەمەد ئەحمەد هەڵەبڕی چەند پەرتووك بووە وەك بەرەوپێشچوونی نەتەوەپەروەریی كوردیی، 2007؛ پرسی كورد و شەڕی 2003 ی عێراق، 2005؛ كۆڕەوی كورد: لە ئاوارە بوونی ناوخۆوە بۆ ڕەوەندی هەندەران، 2002؛ و پرسی كورد و یاسای نێونەتەوەیی، 2000.
كتێبەكانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
ژمارەیەكی زۆر نامیلكەی زانایانەی لەبارەی كوردەوە لە چەند گۆڤاری بەناوبانگ دا بڵاو كردووەتەوە وەك گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێبازی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕەخنە: لێكۆلینەوەی ڕەخنەگرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات، مێژووی هەنووكە، گۆڤاری كاروباری كەمینەی موسڵمان، وەرزنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرزنامەی جیهانی سێهەم، وەرزنامەی مانەوەی كلتوریی، زانستی سیاسی و سیاسەت و چەندین گۆڤاری تر.
 مایكل لە لایەن ژمارەیەك ئاژانسی حكومیی جیاواز لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەروەها زۆر كۆنفڕانسی زانستی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەرەوە بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی لەبارەی لایەنە جۆراوجۆرەكانی پرسی كورد وتار پێشكەش بكات. ئیستا مایكل لە بۆردی بەڕێوەبەرانی كۆمسیۆنی سیڤیكی یەكێتی ئەوروپا و توركیا كار دەكات كە ڕێكخراوێكی ناحكومییە و بۆ وەرگیرانی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا دا لۆبی دەكات ئەویش وەك ڕێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا.
ووشە مێژوویی و سیاسیەكان لە خۆ دەگرێت
بێگومان بەم هە موو زانیارییە زۆرەی نووسەرو توێژەر دەربارەی دۆسیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كورد هەیەتی، ئەم كتێبە دەوڵە مەندەو پڕزانیارییە بۆ توێژەران و دەستەبژیری كورد گرنگی زۆری هەیە، نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسیویەتی:
 " ئەم چاپە تازەیە زیاتر ووشە مێژوویی و سیاسیەكان لە خۆ دەگرێت و جەخت ئەخاتە سەر ئەو بابەتانەی كە لەم سەردەمە نزیكترن. سەرەڕای ئەمەش هەوڵم داوە گرنگترین ناو و ڕووداوەكانی پێشووش لە بیر نەكەم. هەروەها ژمارەیەك وشە لە پێوەندی لەگەڵ مژارە كلتوری و ئابوری و كۆمەڵایەتیە گرنگەكان خستووەتە ناو ئەم كتێبەوە. لە پێناسەی زۆر لە وشەكان دا هەندێك وشە بە تۆخی (bold-faced) نووسراون یان لە كۆتاییان دا 'هەروەها بنوارە' نووسراوە كە ئەمە یارمەتی خوێنەران ئەدات بۆ بە دەست هێنانی زانیاری زیاتر. سەرەڕای ئەمانەش گومانی تێدا نیە ئاستێك لە بیروڕای نووسەر لە كاتی هەڵبژاردنی مژارەكان بۆ وشە لیست كراوەكان بەرچاو ئەكەوێت. لەمەش زیاتر من دڵنیام هەندێك وشەم سەبارەت بەو مژارانە لە بیر كردووە كە شایانی باس كردنن. كەوابوو لە پێشنیاری خوێنەر بۆ وشەی زیاتر لە چاپەكانی داهاتووی ئەم پەرتوكە پێشوازی ئەكەم".
نووسینی ناوەكان و ووشەكان بە زمانی ئینگلیزی ئاسان بكەم
نووسەر زیاتر دەربارەی كتێبەكەی زانیاری باس دەكات و ئاماژەبەوەدەكات: لە نووسینی فەرهەنگێك لە بارەی كوردەوە بە زمانی ئینگلیزی هەوڵم داوە هەتا ئەو ڕادەی ئەكرێت نووسینی ناوەكان و ووشەكان بە زمانی ئینگلیزی ئاسان بكەم. بەلەبەرچاوگرتنی ژمارەیەكی زۆر شێوەی ڕێنووس لە ناو زانایانی ڕۆژئاوا و جیاوازییە زمانییەكان لە ناو كوردەكان بۆ خۆیان، نەدەكرا بە تەواوی لە نووسینی ووشەكان بە زمانی ئینگلیزی نەگۆڕ بم. من ئەو ڕێنووسانەم بە كار بردووە كە بۆ من، وەك خوێنەر و نووسەرێكی ئینگلیزی زمان، خۆشتر بووە. هەرچەندە ئەوانەی سوورن لە سەر پەتێتی زمان لەوانەیە دژایەتی ئەمە بكەن، بەڵام دەرەنجامەكە ئەبێ ئەوە بێت كە خوێنەران بە ئاسانی و خێرا بتوانن تێبگەن سەبارەت بە چی خەریكی خوێندنەوەن.
بێ لایەنی توێژەر
هاوكات پ.د.مایكل گوتنەرباسی لەوەشكردوە، لە نووسینی ئەم فەرهەنگە مێژووییە دا هەردەم هەوڵم داوە هەتا ئەكرێ بێ لایەن بم بە بێ ئەوەی بەشێوەیەكی زەق و بەرچاو لە ڕووی سیاسییەوە ڕاست و بێ هەڵە بم. بە ئاشكرا و بە نائاشكرا زۆر رەخنەم گرتووە لەو وڵاتانەی كوردیان تێدا ئەژی و هەروەها لە كوردەكان خۆیان. ئەنجام نەدانی ئەو كارە ئەبووە هۆی سڕینەوەی زۆر شت و لە دەست دانی زۆرلایەنی گەوهەریی ئەو مژارانەی كە خۆم پێوە خەریك كردوون. هەڵبەت، لە پاڵ ئەمەش دا، من لە بارەی مژارێك ئەنووسم كە نووسراوەكانی تری سەبارەت بەو مژارە لە بنچینە دا زۆر ناكۆكن یان بە سۆز و لایەنگرانە نووسراون. وەك كەسێكی ڕۆژئاوایی و ئەمریكی هیوادارم بێ لایەنی بەراوردیی من ببێتە خاڵی بە هێزییم و قەرەبووی هەندێك لەو تێنەگەیشتنانە بكاتەوە كە من بە هۆی كورد نەبوونمەوە لە سەداسەد تووشی ئەبم.  من لە دۆستایەتی و ئاشنا بوونم لەگەڵ زۆر لەو زانایانەی كە لەبارەی كوردەوە ئەنووسن و هەروەها لە زۆر لە ڕێبەرانی كورد شت فێر بووم، كە هەندێكیان لێرەدا ناویان نەهاتووە. 
سەرنجی گشتی
سەڕەڕای دەوڵەمەندی ئەم كتێبە، بە تایبەت لەوەڕگێڕانە ئاسان و پاراوەكەیدا كە واهەست دەكەیت نووسەر بە زمانی كوردی نووسیوە، چەند سەرنجێك بەدی دەكرێت زیاتر پەیوەندی بەتەكنیك و دیزاینەوە هەیە لەوانە باشتر بوو ئەو نە خشەیەی لەم كتێبەدا دانراوە لە بەشی كۆتایی و ڕەنگاوڕەنگ بوایە، هاوكات وێنەكانیش لە ڕووی میتۆدی مێژییەوە نیە واتا لە كۆنەوە بۆ تازەو بە گوێرەی زنجیرەی مێژووی نیە،  هیچ زانیاریەك یاخود ئەوەی پێدەڵین كاپشنی وێنە نیەو دواجاریش بەڕاستی ئەو پێڕستەی دانراوە لە ئاستی ئەو هە مووزانیاری و داتا و ئاماروو ڕوونكردنەوەنیە بەهیوای لە چاپی داهاتوودا  چاكبرێت، بێگومان ئەم سەرنجە گشتیانە لە بایەخی ئەم كتێبە كەمناكاتەوەو لە كۆتایدا دووبارە هیوای سەركەوتنی زیاتر و كاری بەپێزتر بۆ مامۆستا شاهۆبورهان عەبدولڵا دەخوازم.
*مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی
ناوی كتێب: فەرهەنگی مێژوویی كورد
نووسەر: مایكڵ گوتنەر
وەڕگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: شاهۆ بورهان عەبدولڵا
لەبڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2019






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved