4/1/2020 01:09 PM

رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی

 

خەلیل عەبدوللا
لەسەردەمی جەنگی جیهانی
یەكەمدا، ئینگلیزەكان كە لایەنێكی بەهێز‌و لەبراوەكانی ئەو جەنگە بوون، شانبەشانی ماكینەی جەنگی بایەخیشان بەماكینەی چاپەمەنی دابوو، لەبەرئەوە هەر شوێنێكیان داگیر كردبێ‌ هەوڵیان دابوو كە رۆژنامەیەكی تایبەت‌و بەزمانی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەربكەن، بۆ ئەوەی سیاسەت‌و تێڕوانینی خۆیان لە رێی ئەو رۆژنامەیەوە بەخەڵك بگەینن.
لەو چوارچێوەیەدا‌و لەناو گەلە كۆلۆنیكراوەكاندا بایەخیشیان بەگەلی كورد دابوو لەو روەوە رۆژنامەی تایبەتیان بەزمانی كوردی دەركردووە بۆ ئەوەی سەرنجی گەلی كورد بەلای خۆیاندا رابكێشن.
هەردوو رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی‌و پێشكەوتن یەكەمیان لەبەغدا‌و دووەمیان لەسلێمانی دوو نموونەی بەرچاون كە ئینگلیزەكان ئاراستەی كوردیان كردووە‌و هەردوو رۆژنامەكەش لەلایەن مێجەر سۆنەوە سەرپەرشتی كراون‌و بەڕێوە بران.
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی بكەین رۆژنامەی (تێگەیشتنی راستی)یە.
ئەم رۆژنامەیه‌ ژمارە (1)ی لە یەكی كانونی دووەمی 1918 لەبەغدا دەرچووە‌و تا 27ی كانونی دووەمی 1919 بەردەوام بووە‌و رۆژنامه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی و به‌رێنوسی فارسی و به‌ پیتی عه‌ره‌بی به‌ چوار لاپه‌ره‌ ده‌رچووه‌و نرخی دانه‌یه‌كی یه‌ك ئانه‌ بووه‌.رۆژنامەكە رۆژنامەیەكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی بووە‌و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە لەخزمەتی یەكبون‌و سەربەستی كوردایە. رۆژنامەكە ناوی خاوەنی ئیمیتیاز‌و سەرنوسەرو دەستەی نوسەرانی لەسەر نییە‌و تەنانەت وتارەكانیشی ناوی نوسەرەكانی لەسەر نییە، بەڵام ئەوە روونە كەمێجەر سۆن سەرپەرستی رۆژنامەكەی كردووە‌و نوسەرو ئەدیبی كورد شوكری فەزڵی هاوكاری كردووە.
سەرەتا هەفتەی دوو ژمارەی لێدەرچووە‌و دواتر بووە بەهەفتانە‌و بەهەمووی 67ژمارەی لێدەرچووە.
ئەگەرچی رۆژنامەكە دەربڕی سیاسەتی رەسمی دەوڵەتی بەریتانیا بووە‌و بانگەشەی بۆ ئەو سیاسەتە كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك رۆژنامەیەكی كوردی خزمەتی بەزمان‌و ئەدەب‌و مێژووی كورد كردووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved