6/1/2020 02:50 PM

زەردەی خۆراوا لە کێش، ئەفسوونێکی نەبڕاوە

زەردەی خۆراوا لە کێش، ئەفسوونێکی نەبڕاوە

د. ژینۆ عەبدولڵا-كیش 

دورگەی كیش کە ڕووبەرەکەی 91.5 کم چوارگۆشەیە، دەكەوێتە سنووری ئاویی ئێران لە قەزا- شەهرستانی بەندەر لەنگەی سەر بە پاریزگا-ئستانی هورموزگان لەبەرانبەر هەر دوو وڵاتی عەرەبی عومان و ئیمارات کە بەسەر کەنداوی فارسدا دەڕوانن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی چاپی ئەمریکا لە 2010 دا، دورگەی کیش بە یەكێك لە دە جوانترین دورگەی جیهان دانراوە. بەپێی ئامارەکانی دەزگاکانی گەشتوگوزاری ئێران ، ساڵانە یەك ملیۆن گەشیتار ڕوودەكەنە ئەم دورگە دڵڕفێنە بۆ پشوودان و ئاشنا بوون بە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی. یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین دیمەنە سروشتییەكانی دورگەی كیش لە ئێران، دیمەنی ئەفسوناویی خۆرئاوابوونە لە كەنار دەریاكانی ئەو دورگە قەشەنگەی ناو ئاوی پان و بەرینی كەنداوی فارس. هاوكات پاشماوەی بە جێماویی كەشتییەکی یۆنانیی، جوانیی و ئەفسوونێکی زیاتری داوە بەو کەناراوانە بەتایبەت لە زەردەی خۆراوادا ئەو دەمەی گەشتیاران و شەیدایانی وێنەگرتن و ئەوینداران ڕوو لە خۆر دەکەن بۆ تەماشاکردنی دوایین چرکەساتەکانی ئاوابوونی ئەو هەسارە زەبەلاحە ئاگرینە بڵێسەدارەی دەمە و ئێواران دەبێتە گۆیەکی پڕتەقاڵیی ناسك و وردە وردە لە بەرچاوان نامێنێت و لات وایە لە ناو دەریادا نغرۆ دەبێت. هەر ئەو دیمەنەی بووە و دەبێتە مایەی ئارامیی دڵ و دەروونی جوانیی خوازان و بەیتی شیعری شاعیران و کۆپلەی هۆنراوەی گۆرانیی گۆرانیبێژان و ئیلهامی جوملەی موزیکیی ئاواز دانەران و دیمەنی نێو کلیپی دەرهێنەران و گرتەی نێو زوومی کامێرای وێنەگران لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایە بن. سەبارەت بەو كەشتییەش کە لە کەناراوێکی کیشدا بەجێماوە ، زانراوە ئەو کەشتییە یۆنانییەی دروستكراوی بەریتانیایە ، لە ساڵی 1966 دا لەو دورگەیەدا پاش لەکارکەوتنی لەنگەری پێگیراوە و کاپتن و ئەندامانی تیمەکەی هەرچەند هەوڵیداناداوە و کۆشاویانە نەیانتوانیوە بیخەنەوە گەڕ بۆ دەریاوانیی بۆیە بەناچاریی جێیان هێشتووە و ئیستا بووەتە جێژوان و وێستگەی سەردانی ئەوینداران و گەشتیاران. ئەمەش کورد وتەنی بەدەست خەڵکی ئەو دورگەیە نەبووە بەڵام بەدڵی ئەوان بووە چونکە کێ خوا ئەیداتێ بەو جۆرەی ئەوان جوانییەکی تر بێتە سەر جوانییەکانی کەنارەکانیان.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved