د.ژینۆ عەبدولڵا* لە ماوەی ڕابردودا لە بەشی كوردی كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی، بەسەر كەوتوویی تێزی دكتۆرای خوێندكاری خوێندنی باڵا ئازاد محه‌مه‌د سه‌عید، بە نێوی " فانتازیا له ڕۆمانی کوردی‌دا ( رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان، دەغدو وەک نمونە " بە ڕێوەچوو. هونەری ڕۆمان رۆمان به پڕبایه‌خترین و گه‌وره‌ترین ژانری ئه‌ده‌بی ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی دیكه له خۆ ده‌گرێت، هونه‌ری فانتازیا كه یه‌كێكه له‌ره‌گه‌زه‌كانی رۆمان، ئه‌گه‌ر له ئه‌ده‌بی جیهانیدا كۆنیش بێت، ئەوا له ئه‌ده‌بی كوردیدا وه‌كو ره‌گه‌زێك زۆر كۆن نییه ، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م كاره له رۆمانی كوردیدا، بە شێوەیەکی بەرچاو لە رۆمانی کوردی‌دا بەرچاو دەکەوێت . ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکە بۆ کارکردن لە کایەی فانتازیادا لە ناو رۆمانی کوردی‌دا ناونیشانەکەی بریتییە لە (فانتازیا لەرۆمانی کوردی‌دا(رۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان و دەغدو وەک نمونە)). هۆی هەڵبژاردنی بابەتەكە: هۆکارێکی سەرەکیی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئەدەب رەخنەی کوردی‌دا کاری لەسەر فانتازیا کراوە، بۆیە هەوڵمان داوە فانتازیا لەرۆمانی كوردیدا به نموونه‌ی دوو رۆمانی دوو رۆماننووسی به‌ناوبانگی كوردستانی باشور "به‌ختیار عه‌لی نووسه‌ر رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان"و"خه‌سره‌و جاف"نووسه‌ر رۆمانی "ده‌غدو" بکەینە بابەتی ئەم لێکۆڵینەوەیە، له رۆمانی یه‌كه‌مدا فانتازیا سه‌رتاپا رۆمانه‌كەی داپۆشیوەو ده‌توانرێ بگووترێت له ئاست رۆمانه فانتازیا ئامێزه‌كانی جیهاندایه ، هه‌روه‌ها رووداو كه‌سیێتیی و شوێنه فانتازیاكانی ئه‌و رۆمانه له ئاستی به‌شێك له رۆمانه جیهانییه ئاسراوەكاندایه به‌تایبه‌تی كریشنا و فلووت و... هتد ،رۆمانی ده‌غدو جیا له رۆمانی یه‌كه‌م جیهانی پێشبینی و خه‌ون و خه‌یاڵی زانستی و ئیسكاتۆلۆجیا و یۆتۆپیا ،به شێوه‌یه‌كی گشتی به مێژووی كۆنی كورده‌وه گرێدرا‌وه،ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه‌یه. پێکهاتەی لێکۆڵینەوەکە ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، كه تایبه‌ته به هونه‌ری فانتازیا، پێكهاتووه له پێشه‌كییه‌ك و ده‌روازه و سێ به‌ش و ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌كان، له‌ده‌روازه‌دا زاراوه‌ی فانتازیا له زمانی گریكی و ئینگلیزی و له فه‌ڕه‌نسی و عه‌ره‌بی و کوردیش‌دا ده‌ستنیشان كراوه، له ئه‌ده‌بی كوردیدا به هه‌مان شێوه‌ی ئینگلیزییه‌كه به‌كاردێت. له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌دا پێناسه و چه‌مكی فانتازیا خراوەتە ڕوو، كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ند و نوسه‌ری به‌ناوبانگ ئاماژه‌ی پێكراوه، له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌دا مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا خراوه‌ته ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ژانرانه‌ی، كه په‌یوه‌ندیان به فانتازیاوه هه‌یه خراونه‌ته ڕوو. له به‌شی یه‌كه‌مدا كه‌سیێتیی فانتازی پێناسه كراوه، له ڕووی تیۆرییه‌وه و جۆره‌كانی كه‌سیێتیی فانتازی ئاماژه‌ی پێكراوه، له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌دا له ڕووی پڕاكتیكییه‌وه كه‌سیێتیی فانتازی له هه‌ردوو رۆمانی" شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" رۆماننوس به‌ختیار عه‌لی رۆمانی "ده‌غدو" رۆماننوس خه‌سره‌و جاف خراوه‌تە ڕوو. له به‌شی دووه‌مدا رووداو له ڕووی تیۆرییه‌وه باسكراوه، جۆره‌كانی رووداو خراوه‌ته ڕوو، له ته‌وه‌ره‌یه‌كی تردا رووداوی فانتازی له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا به شێوه‌ی پڕاكتیكی ئاماژه‌ی پێكراوه. له به‌شی سێیه‌مدا، شوێنی فانتازی پێناسه‌كراوه له ڕووی تیۆرییه‌وه و جۆره‌كانی شوێنی فانتازی و شوێنی ئاسایی واقیعی ئاماژه‌ی پێكراوه، له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیکەدا شوێنی فانتازی له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی پڕاكتیكی خراوه‌ته ڕوو. لە کۆتاشدا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه له چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌ی پێكراوه، دواتر لیستی سەرچاوەکان نوسراوە لەگەڵ پوخته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی . دەروازه‌یه‌ك بۆ فانتازیا فانتازیا ئه‌و پانتاییه فراوانه‌یه كه زۆربه‌ی دیارده‌و ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت و سه‌رچاوه‌یه‌كیشه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی زۆربه‌یان.فانتازیا له زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا زیاتر وەکو زاراوه بە "العجیب" به‌كار هاتووه له قورئانی پیرۆزدا چوارجار به‌كار هاتووه له هه‌ردوو سوره‌تی "هود" و سورەتی "ق" :سورەتی ١١و سوره‌تی ٥٠: ته‌نها دوانمان به نمووه له قورئانی پیرۆزدا هێناوه‌ته‌وه ("هود" ئایه‌تی: ٧٣ ل : ٢٣٠" قالو أتعجبين من آمر الله رحمت الله و بركته عليكم أهل البيت إنه حميد مجيد""، له سوره‌تی" ق" له ئایه‌تی: ٢ : ٥١٨" بل عجبوا إن جاءهم منذر منهم فقال الكفرون هذا شىء عجيب") . فانتازیا یەکێکە لەو جۆرە رەگەزانەی کە لە بواری ئەدەب و هونەر بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاردێت "فانتازیا"Fantasia"له بواری مۆزیكدا به پارچه‌یه‌كی كورتی سه‌ربه‌خۆی ئاسان ده‌ناسرێت، له وێنه‌كێشاندا ئه‌م سیفه‌ته پۆرترێیت ده‌گه‌یه‌نێ، كه دیمه‌نێكی سروشتی نه‌ناسراو ده‌خاته ڕوو. فانتازیا له ئه‌ده‌بدا دیاریكردن و ده‌ست نیشان كردنی ئاسان نییه، به‌م واتایه‌ی ئێستای داهێنانێكی سه‌ربه‌خۆ و خۆش ده‌گه‌یەنێ.له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م فانتازیا ڕۆڵێكی گرنگ و چه‌سپاوی له ئه‌ده‌بدا بینی" (حمود، ٢٠١٢: ٧٩١) له بواری مۆزیكدا فانتازیا به پارچه‌یه‌كی كورتی یه‌كگرتووی نه‌پچڕاو ده‌گوترێت، كه واتایه‌ك و چێژێكی بێ شومار به گوێگره‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌كو و پۆرترێیت له كورتیله چیرۆكدا واتایه‌كی كورت و چڕ و پڕ واتا ده‌به‌خشێت. سەبارەت بە پێناسەی فانتازیا له ئه‌ده‌بدا دەکرێ بوترێت "ڕه‌گه‌زێكه له ئه‌ده‌ب، بونه‌وه‌رو دیارده‌ی سه‌روو سروشتی، كه ده‌ست له ژیانی ئاسایی مرۆڤه‌وه وه‌رده‌دەن، رێڕه‌وه‌كه‌ی به ته‌واوی ده‌گۆڕن، ژیانی ئه‌و پاڵه‌وانه پڕوپووچانه‌ی بابه‌تی سروت و باوه‌ڕی ئایینی ده‌خاته ڕوو، وه‌كو ئه‌و داستانانه‌ی، كه باسی له دایك بوونی گه‌ل و نیشتمان ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها فانتازیا بۆی هه‌یه ڕۆبچێته نێو ئه‌و رووداوه تایبه‌تانه‌ی باس له یه‌كه‌م خه‌ڵق بوونی بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات، كه له كتێبه پیرۆزه‌كاندا هاتووه، وێڕای ده‌رئاسا "معجزە" پەرچو و خاوه‌ن كه‌ڕامات،كه سه‌روو سروشتی وه‌كو چوارچێوه‌یەك له‌خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ها له بواری سه‌رسوڕماندا چیرۆكی "erigoeAll" خاوه‌ن ناوه‌ڕۆكێكی زانستی و ئه‌و چیرۆكانه به‌گشتی، كه رۆمانیش ده‌گرێته‌وه ،كه له سه‌ر زاری ئاژه‌ڵانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه ئەو زاراوانە بە زمانی فەڕەنسییە "Les fables" وحیكایه‌تی جنۆکه خێره‌ومه‌نده‌كان"Les contes de fees"و حیكایه‌تی تارماییه‌كان"Les fantomes" وهه‌روه‌ها فانتازیای خه‌یاڵی زانستی"La science fiction" له خۆ ده‌گرێت"(علام، ٢٠١٠: ٣٢ -٣٣). واتە فانتازیا لە زۆر بواری جۆراوجۆردا هه‌یه و له هه‌ندێك رێباز و ژانر و ره‌گه‌زی ئه‌ده‌بی نزیك ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ندێكی دیكه‌یان تێكه‌ڵاو ده‌بێت و له هه‌ندێك دۆخدا، لێك جیاكردنه‌وه‌یان ئاسان نییه. "تۆدۆرۆف" كۆمه‌ڵێك پێناسه بۆ فانتازیا ده‌خاته ڕوو، "سه‌ره‌تا به‌م پێناسه‌یه‌ی كاستێكس ده‌ستپێده‌كات فانتازیا له ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسیدا به‌وه جیا ده‌كرێته‌وه ، ئاماژه‌كردنێكی به‌هێزه له نهێنییه شاراوه‌كانی واقیعی ژیان" ( ژیاب، ٢٠١٥: ٥٦) لێره‌دا یه‌كێك له پێناسه‌كانی فانتازیا له ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیدا به‌وه جیا ده‌كرێته‌وه: ئاماژه‌كردنێكی به‌هێزه له نهێنییه‌كان و شته شاراوه‌كانی واقیعی ژیان. هه‌روه‌ها "تزفتیان تۆدۆرۆف" ،كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی چه‌مكی فانتازیایه، له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به ناونیشانی "ده‌روازه‌یەك بۆ ئه‌ده‌بی فانتازی" خودی خۆی راڕایه له به‌ڕه‌گه‌زكردنی فانتازیا به شێوه‌یه‌كی ره‌ها، خوێنه‌ر به‌شداری پێ ده‌كات له‌ده‌ست نیشان كردنیدا، هه‌روه‌ها "مه‌رجی راڕایی وگومان وه‌كو دوو دۆخن ،كه به‌سه‌ر خوێنه‌ردا دێن ئه‌و جیهانه‌ی ،كه دركی پێده‌كات جیهانێكی راسته‌قینه‌ی هه‌یه، به‌ڵام قابیل نییه تێی بگه‌ین" (علام، ٢٠١٠: ١١) واتە "تۆدۆرۆف" لە به‌ژانربوونی فانتازیا دڵنیا نییەو پێی وایه له‌سه‌ر خوێنەر ده‌وه‌ستێت، له ده‌ست نیشانكردنی فانتازیادا ماوه راڕابوونه‌كه تا چه‌نده خوێنه‌ر تێكه‌ڵاوی رووداوه‌كه بووه ئالوده بووه پێی، فانتازیا لە رۆمان‌دا گرێ و رووداوەکان بەرەو لوتکە دەبات و لە چەق بەستن رزگاری دەکات بوون و نەبوونی مەرجی سەرکی و حەتمی نییە ،هەبوونی ڕێڕەوی رۆمان خۆش دەکات و لەهەمان کاتدا چێژ‌و خۆشی بە خوێنەر و بیسەر دەگەیەنێت. ئه‌گه‌ر رووداوه‌كه واقیعی بێت یان خوێنه‌ر سه‌رسام نه‌كات و گومانی لا دروست نه‌كات و توشی راڕایی نه‌كات ئه‌و كاته رووداوه‌كه، ده‌بێته ر‌ووداوێكی ئاسایی و نابێتە فانتازیا. شاری مۆسیقاره سپییه‌كان ناونیشانی رۆمانەکەی به‌ختیار عه‌لییه و شارێكی فانتازیی و خه‌یاڵییه، هه‌روه‌ها ناو نیشانی تابلۆیه‌كه له ناو رۆمانه‌كه‌دا زاراوه‌ی " شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" "١٠٦" جار لە رۆمانەکەدا به‌كار هاتووه "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان شارێكه، تا مرۆڤ نه‌چێته ناوی نازانێت چییه؟ شارێكی سپی بێسنووره، كه مرۆڤ هه‌رگیز نازانێت له چ ده‌روازه‌یه‌كه‌وه ده‌چێته ژوورێ له نێو ده‌ریایه‌كی به‌ریندایه له گیای سه‌وز، مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌و شورا سپییه گه‌وره‌یه ببینێت، كه له‌هه‌ر چوارلاوه ئابلۆقه‌یداوه، شورایه‌ی ناكۆتایه كه چه‌نده به ناو شوێندا ده‌ڕوات هێنده‌ش به‌ناو كاتدا تێده‌په‌ڕێت شارێكه مرۆڤ ده‌توانێت سه‌ره‌تاكه‌ی ببینێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت بزانێت له كوێدا ته‌واو ده‌بێت." (عه‌لی، ٢٠١٣: ٧١٨). لەم وەسفانەی گێڕەرەوە ئەوە دەردەکەوێت شاری مۆسیقارە سپییەکان شارێکی فانتازییەو لە شارێکی واقیعی ناچێت، چونکە مرۆڤ نازانێت لە چ دەروازەیەکەوە بچێتە ناوی له هەرچوار لاوە بە شوورای سپی دەورە دراوە کە سەرەتای هەیەو کۆتایی نییە، شورا خۆی لە خۆیدا واتای سنوردارییەو پێچەوانەی ئەوەیە ،کە کۆتایی نەیەت، بەڵام شورای ئەم شارە کۆتاییەکەی دیار نییەو مرۆڤ نازانێت لە کوێدا کۆتایی دێت، هەموو ئەمانە ئەم شارە دەکەن بە شارێکی سەروو سروشتی و نائاسایی و فانتازی. ئەم شاره فانتازییه شارێكه هیج فریشته‌یه‌كی تێدا نییه، مرۆڤ خۆی فریشته‌ی ئه‌و شاره بوو. شارۆخی شارۆخ په‌یوه‌ندی هونه‌ری و مۆسیقی له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌نی مسته‌فا سه‌قزی هه‌بوو له دوای كوژرانی له‌شه‌ڕدا، ده‌بێته ڕۆح و په‌یوه‌ندی به شاری مۆسیقاره سپییه‌كانه‌وه ده‌كات و ده‌بێته ده‌لیلی جه‌لاده‌تی كۆتر به‌ره‌و سه‌ر زه‌مینی جوانییه كوژراوه‌كان ده‌چێت. له‌و شوێنه فانتازییه‌دا شارۆخی شارۆخ به‌خێر هاتنی جه‌لاده‌تی كۆتر ده‌كات بۆ شاری مۆسیقاره سپییه‌كان، كه له سه‌رەتای ده‌ستپێكی رۆمانه‌كه‌دا زه‌رفێك ده‌داته ده‌ستی بۆ ئه‌وه‌ی بچێته لای ره‌وشه‌نی مسته‌فا سه‌قزی، كه جه‌لاده‌تی كۆتری له‌لایه و چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن بۆ هه‌ندێك كاری پێویست. جه‌لاده‌ت لەو شارەدا سه‌یری ئه‌و كچه مۆسیقارانه‌ی ده‌كرد كه له هه‌وادا ده‌فڕین، شاری ئه‌و جوانیانه‌یه كه له ژیاندا جێگایان نه‌بۆته‌وه، مردنیش له‌وه لاوازتره باوه‌شیان بۆ بكاته‌وه. شارۆخی شارۆخ بە جەلادەت دەڵێت من تاوه‌كو ئێره ده‌توانم له‌گه‌ڵتدا بێم، تا ئه‌و كاته‌ی به‌بێ كۆمه‌كی من خۆت له نێوان ئه‌م جیهانانه‌دا هاتوچۆ بكه‌یت له نێوان شاری مۆسیقاره سپییه‌كان و مه‌مله‌كه‌تی خۆتدا، جه‌لاده‌ت له‌گه‌ڵ شارۆخی شارۆخدا پێكه‌وه چوونه به‌ر ده‌رگایه‌كی سپی فانتازی، پاش ئیستێك ده‌نگێك له‌ودیو ده‌رگاوه گووتی: با جه‌لاده‌تی كۆتر بێته ژووره‌وه، جه‌لاده‌ت به هه‌مان نیگای غه‌مگین و ڕوانینی بۆ ئاسۆی دوور كه له‌گه‌ڵ دواهه‌مین ئێواره‌و و دواهه‌مین شه‌وی مردنیدا جیاوازییه‌كی وایان نه‌بوو، جگه له زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی غه‌مگین هیچ نیشانه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر روخساری جه‌لاده‌تدا نه‌ده‌خوێندرایه‌وه، ئیسحاقی لێوزێڕین و جه‌لاده‌ت هه‌رده‌بووایه به‌یه‌كه‌وه بمرن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئێستا هه‌ردووكیان له جێگایه‌كی فانتازیدا یه‌كتر ده‌بیننه‌وه. له‌و شوێنه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار "جه‌لاده‌ت" و "ئیسحاقی لێو زێڕین" له‌دوای كوژرانیان به دیداری یه‌ك شاد ده‌بنه‌وه كه شوێنێكی فانتازی له دونیایه‌كی تره. "ئیسحاقی لێو زێڕین" به "جه‌لاده‌تی" گووت: خۆشحاڵم كه جارێكی دیكه ده‌تبینمه‌وه، من په‌یمانم دایتێ، كه یه‌كتر ده‌بینینه‌وه، به پێی ئه‌و پلانه خێرایه‌ی كه به‌ر له كوژرانیان لێوزێڕین دایڕشتبوو ده‌مزانی چه‌ند ساڵ بڕوات، چه‌ند دیوار له نێوانماندا بێت، چه‌ند شار‌و چه‌ند زه‌مین له یه‌كترمان دووربخاته‌وه ئێمه دووباره یه‌كتر ده‌بینینه‌وه..جه‌لاده‌ت باوه‌شی به مامۆستاكه‌یدا كرد، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بوو له‌و شوێنه فانتازییه له‌به‌ر ده‌رگا سپییه‌كه‌ی ئه‌م شاره‌دا ئیسحاق بدۆزێته‌وه. ئه‌نجام هاوكات ئەم تێزی دكتۆرایە وەك هەر تێوێژینەوەیەكی ئەكادیمی گەیشتۆتە چەند ئەنجامێك لەوانە: ١- فانتازیا له رۆمانی كوردیدا بە شێوەیەکی عەفەوی لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردی‌دا هەبووە،بەڵام لەسەدەی بیستەمدا چەند رۆماننوسێک بەرچاو دەکەوێت کە لە بواری فانتازیادا کاردەکەن. ٢- كه‌سیێتیی فانتازی "جه‌لاده‌تی كۆتر" له رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان،له ئاستی كه‌سیێتیی فانتازی جیهانیدایه وه‌كو "كریشنا" و "پان" . ٣- كه‌سیێتیی فانتازی له رۆمانی "ده‌غدو"دا ،زیاتر "ده‌غدو" و "موغی موغان" و و "گای باڵدار" ی په‌یكه‌ری ده‌روازه‌ی نرگاڵه له نزیك دیواری نه‌ینه‌وادا. ٤- پڕۆسەی دۆنادۆن یه‌كێكه لەخاسیەتی كه‌سیێتییه فانتازییه‌كانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان "و "ده‌غدو". ٥- به‌شێك له كه‌سیێتییه فانتازییه‌كانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" ،له ئه‌نجامی ڕەنگدانەوەی زوڵم و ئازاری مرۆڤه غه‌مگینه‌كانی سه‌رده‌می جینۆساید‌و قڕكردن و له‌ناو بردنی سه‌دان هه‌زار مرۆڤی كورد سه‌ری هه‌ڵداوه. ٦- ناو نیشانی رۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" له ناونیشانێكی فانتازیی و له شوێنی فانتازی و كه‌سیێتیی فانتازی و رووداوی فانتازی پێكهاتووه . ٧- به‌شێك له شوێنه فانتازییه‌كانی هه‌ردوو ڕۆمانه‌كه، شوێنی واقیعی فانتازیین. ٨- له رۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان"دا، كاتێك سیفه‌تی ره‌نگی سپی ده‌چێته سه‌ر هه‌ر شوێنێك، ده‌یكاته شوێنی فانتازی. ٩- له پاڵ شوێنی فانتازی، شوێنی "یۆتۆپیا" و "دیستۆپیا" به‌كار هاتووه، زانستی "ئیسكاتۆلۆجیا"، به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له ڕۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" و "ده‌غدو"دا به‌كار هاتووه. ١٠- له رۆمانی "ده‌غدو"دا شوێنەکان زیاتر واقیعین و تەنیا یەک شوێنی فانتازی تیایە، ئەویش ژوورەکەی سەنگەرە کە گۆڕێک و سندوقێکی تێدایەو کردوویانە بە شوێنێکی داخراوی فانتازی. ١١- جه‌سته شوێن یه‌كێكی تره له‌شوێنه فانتازییه‌كان كه له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه. ١٢- رووداوه فانتازیاكان له هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌دا به‌شێكیان واقیعین بەرگی فانتازیایان بەبەردا کراوەو به‌شێكیان خه‌یاڵین . شایەنی ئاماژەپێكردنە، سەرپەرشتیاری تێزی دكتۆراكە پ.د.محەمەد ئه‌مین عه‌بدوڵا ، ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆ پێكهاتبوون لە: پ.دمحەمەد ئەحمەد سەعید سەرۆكی لیژنە لە زانكۆی سلێمانی و پ.د.عوسمان حەمە خدر لە زانكۆی كۆیەو پ.د.هیمداد حسێن زانكۆی سەلاحەدین و پ.ی.د.مەریوان عومەر حەسەن لە زانكۆی سلێمانی و پ.ی.د. عەتا ڕەشید حوسێن لە زانكۆی سلێمانی . مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure