29/1/2020 01:23 PM

نامەیەکی کراوەی ئەلیف شەفەق بۆ ئەحمەد کایا

 

"دیموکراسییەکی ماندوو"
ئازاد بەرزنجی کردوویە بە کوردی

تۆ منت نەدەناسی. نە لە یەک شاردا هاتبووینە دونیاوە و نە لە قوتابخانەیەکدا پێکەوە خوێندبوومان، نە بە یەک زمانیش یەکەمین لایلایە و حیکایەتەکانمان بیستبوو. خێزانەکەی ئێوە زۆر بوون، خوشک و برای زۆرت هەبوون، لە کاتێکدا من بەتەنها دایکێکی بێوەژن و داپیرەیەکم هەبوو. باوکی تۆ کرێکاری کارگەیەکی قوماش بوو، باوکی من مامۆستای زانکۆ بوو، گەرچی زۆرم نەدیبوو. تۆ لەگەڵ هەژاری و نەداریدا گەورە بوویت، بەڵام ئازارەکەی من جۆرێکی تر بوو؛ ئازارێکی پەنهان بوو. زمانەکەی تۆ قەدەغە بوو، لەکاتێکدا من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو وشە و پەیڤانەدا نەبوو کە بەکارم دەهێنان.
ساڵانێک بەسەر ڕووداوەکەی دوانزدەی سێپتەمبەردا تێپەڕیبوو. تانکەکان بەسەر خاکی ئەم نیشتمانەدا گوزەریان کردبوو. نەمدەزانی، نەماندەزانی ، لەودیو شیشە ئاسنینەکانی زیندانەوە چی ڕوودەدات. چ بەڵایەکیان بەسەر نەیارە چەپ یا ڕاستەکاندا دەهێنا. ئەشکەنجەدانەکان چۆن ڕوویان دا، هاونیشتمانان هیچیان سەبارەت بەمە نەدەزانی. دراوسێکەمان، پوورە حیکمەت، دڵی خۆش بوو بەوەی هەراوزەنا لە کۆڵان و شەقامەکاندا نەمابوو و چالاکییە ئەنارشیستەکان کۆتاییان هاتبوو. هەر کە کەنعان ئاڤرەن لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە دەرکەوت، ڕەزای بەقاڵ سڵاوی لێ کرد. من بە ماوەیەک دوای ئەوە، تورکیام جێهێشت، بە مەبەستی خوێندن چووم بۆ دەرەوەی تورکیا. هەندێ کەس پێیان وایە من زۆر درەنگ تۆم ناسی، بەڵام ئەگەر لە خۆم بپرسن، ئەوا دەڵێم ڕێک لە کاتی خۆیدا تۆم ناسی. خوێندکاری زانکۆ بووم، ڕۆژێکیان دەمەدەمی زەردەپەڕ بوو، بە ڕێکەوت گوێم بۆ گۆرانییەک شل کردبوو، سەرەتا بەلامەوە نامۆ نەبوو، ڕاستت بوێت، زۆر پیاوانە هاتە گوێم. بۆ منێک کە سەودای تایبەتمەندیی پیاوانەم لە ژناندا و هیی ژنانەم لە پیاواندا، تۆ دڵنیا بوویت لەوەی کێ لەسەر هەقە و کێ لەسەر هەق نییە. وەلێ من لە پەنای ئەو کەسانەدا زیاتر هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد کە مێشکیان شپرزە بوو و نیگەران بوون.
تۆ باست لە قارەمان دەکرد، بەڵام من هەڵوەدای کۆمەڵگایەک بووم پێویستی بە قارەمان نەبێت، وەکو برتۆڵت برێشتیش دەڵێت:" هیچ بە هاوڕێ مەڵێ و مەبەرە هۆی شپرزەیی مێشکم" ئەوە حاڵەتێکی زبر و مەردانەی هەبوو لای من. ئەو جەختەی تۆ لەو دێڕەتدا "بەبێ چڕینی سروود، مەرگ شایستەی ئێمە نییە" دەیکەیتەوە، منی لە تۆ دوور خستەوە. وەختێ دەتوت:" ئەی ئەڤینی ڕەسەنم"، لە وشەی ئەڤینەکە دەگەیشتم، بەڵام سەرم لە "ڕەسەن"ەکە دەرنەدەکرد. کێشەم لەگەڵ ئەو وەسفانەدا هەبوو کە بەکارت دەهێنان. لێ گوێم بۆ وشەکانت شل کرد، گوێم لە بانگەوازەکەت بوو، پاشان گوێم لە گۆرانییەکەت گرت، دوای ئەویش گۆرانییەکی تر و ... کاتێک چاوم هەڵهێنا، سەیرم کرد بە کونجکاوییەوە گوێ بۆ گۆرانییەکانت هەڵدەخەم.
کەمێک لە یەک جیاواز بووین، تۆ حەزت لە ڕاکی و پاستورمە بوو، لێ من زۆر حەزم لێیان نەبوو. ئەگەر خوانێک من و تۆی پێکەوە کۆبکردایەتەوە، لەوانە بوو گاڵتەت بە خۆراکەکانم بهاتایە، یان منت بە "کەیبانوو" یان "ئاشپەزێکی فەرەنگی"بزانیانە. منیش هەندێجار خۆشیم لە ڕەفتارت دەهات و ئیرەییم پێت دەبرد؛ بە تۆیەک کە هەمیشە لەسەر هەق بوویت.
وەلێ تۆ بە شێوەیەکی سەیر دڵ بەئازار بوویت و نەدەکرا ئەوە هەست پێ نەکرێ. لەژێر ئەو جلانەی بەرتەوە، مناڵێک خۆی حەشار دابوو. مرۆڤێک بوویت سەرشار لە خەم، بە دەرد و ژان ئاشنا بوویت، تۆ لە کەس نەدەچوویت. تۆ تاقانە بوویت و پیاو بوویت، سەرڕاست بوویت و قسەی دڵی خۆت دەکرد. لەو قسەیەتدا کە جارێکیان کردبووت:"نە دیاربەکر لە من تێگەیشت و نە تۆ، بەڵام من هەردووکتانم خۆش ویست" دڕکێک هەبوو کە چەقییە ناو دڵم.
وێڕای هەموو ئەمانەش، کەچی هەر ژیانت خۆش دەویست، بە ویژدان بوویت، باوەڕت بە مرۆڤدۆستی هەبوو، ئەگەر دراوسێکەت برسی بووایە، نەتدەتوانی بە سکی تێرەوە سەر بخەیتە سەر سەرین. ئەگەر خوێن لە پەنجەی کەسێک بهاتایە، تۆ ئازارت پێ دەگەیشت. خۆت دەخستە ژێر باری کاری وەهاوە، کە پەیوەندیی بە تۆوە نەبوو. چونکە بەرگەی ستەم و ناعەدالەتیت نەدەگرت. هەر بۆیە هەرگیز لەگەڵ ئەو قسەیەدا تەبا نەبوویت، کە دەڵێت:"هەر کەسە هەقی بەسەر کاری خۆیەوە هەیە". ئاوازی دەنگت لە دڵمدا دەنیشت. ئەوەم بەلاوە گرنگ نەبوو کە هەندێجار لەگەڵ قسەکانتدا نەبووم. تۆ "پیاوی باران و زریان" بوویت. تۆ هێندەی وتنی "من بۆ شەڕی دونیا دەچم" سەرچڵ بوویت. من لە تۆوە فێر بووم بڵێم "نووری چاوم".
ساڵانێک تێپەڕین. بۆ ساتێک لە تەلەڤزیۆندا دەنگی "هووها" و هەڵدانی چەقۆ و چەتاڵ و دروشم وتنەوە... چ شتێک ببووە هۆی ئەو هەموو ناڕەزایی و توندوتیژییە؟! چی دەبوو گەر ڤیدیۆیەکت بە زمانی کوردی تۆمار بکردایە؟ دەتوت باهۆزێک هەڵیکردبوو، ئەقڵ کۆچی کردبوو. نۆرەی توندوتیژی بوو. تۆ بە خاکەکەی خۆتەوە وابەستە بوویت. گەرچی دەتوت:"شەو من دەناسێ، هەندێجار دەمێنمەوە و هەندێجار دەڕۆم". کەچی هەر مانەوەت هەڵبژارد. هەست دەکەم هەموو خوو و خدەکانت لایەنێکی مرۆییان هەبوو. هاوڕێیەتییەکانی جاران، سفرە ئاشناکان، هەستکردن بۆ بەردەوامی. دیارە مردن لە مەنفادا مایەی ئازار بووە بۆ دڵت. ئاخر بۆچی ئەو وڵاتەی کە تا ئەو ڕادەیە خۆشت ویست، هێندە ئازاری دایت؟! سەیر لەوەدایە کەس وەڵامی ئەم پرسیارە نازانێت.
ئێستا نازانم لەو سەرەوە چۆن ئێمە دەبینیت؟ بەڵام هەواڵەکانمان زۆر دڵخۆشکەر نین. تەنانەت لەو تۆزە دیمۆکراسییەش کە بەدەستمان هێنابوو، پاشەکشێمان کردووە، بە خێراییەکی زۆریش. ئەوەتانێ دووبارە ڕەوایەتی بە سزای لە سێدارەدان دراوەتەوە. تۆیەک وتبووت:"ئەی باڵندەکان، بەرەو زێدی من لە شەقەی باڵ بدەن، ئەوەتانێ لەسەر چیاکانم گوڵە ئەرخەوان شکۆفەیان کردووە". گوڵە ئەرخەوان نا، ئێستا هەرا و پێکدادانێکی سەیرە. دیمۆکراسییەکەمان بەرەوە نابووتی دەڕوات. بۆچی ناتوانین ببینە وڵاتێک، کە ژیان پیرۆز ڕابگرێت و تازە ناشتوانین ببین؟
***
ئەم نووسینەم لە ساڵڕۆژی مەرگی هونەرمەندی گرانقەدر "ئەحمەد کایا"دا نووسی، کەسێک کە لە هیچ کەسێک نەدەچوو و لە دەستدانی مایەی کەسەرێکی گەورە بوو. ئەو مامۆستا هونەرمەندە وتبووی:"ئەوەی بۆ ئێمە مایەوە، چڵک و ژەنگ و تەپوتۆز بوو، هاوڕێکانمان تیاچوون، ترسی نەمان باڵی بەسەر بوونماندا کێشاوە". خۆزیا لەم وڵاتەدا، کورد و تورک، سوننە و شیعە، موحافەزەکار و سۆسیال دیمۆکرات، ژن و پیاو، بیانتوانیبایە لەوپەڕی ئارامی و ئاشتی و دیمۆکراسیدا، پێکەوە بژیبانایە.
پەنجا ساڵی تر، هیچکام لەم ناکۆکی و نەیارییانە مانای نامێنێت، بەڵام ئەو مرۆڤانەی تیاچوون، ئیتر بۆ هەرگیز ناگەڕێنەوە.

سەرچاوە:
فکر نکن تنهایی
الیف شافاک
ترجمه: صابر حسینی
انتشارات مروارید، چاپ اول ٢٠١٩ ، تهران.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved