1/2/2020 11:53 AM

چەند چەپکە یادگارێک لە جیهانە روون و بێ گەردەکەی مامۆستا هێمن


عەبدولكەریم شێخانی‌

جیهانی‌ مامۆستا هێمنی‌ موکریانی‌ هەتا بڵێی فراوان وڕوون و بەتام و چێژە، پڕە لەسەربردەو قسەی‌ خۆش، لە شیعری ناسک و تەڕ و پاراو. ئەمڕۆ هەندێک قسەی‌ خۆش و ڕووداوتان لە بارەی‌ هێمنەوە پێشکەش دەکەم بە هیوایەی‌ بە دڵتان بێ .
شەوێکیان مامۆستا هێمنم دەعوەت کردبوو لە ماڵەوە لەگەڵ چەند برادەرێک، بەڵام هەندێ کەسیش خۆیان تێ خزاند. دانیشتین و سەرەتا دانیشتنەکە زۆر خۆش بوو، بەڵام یەکێک کە خۆی لە ڕژێم نزیک کردبووەوە چەند جووتەیەکی‌ هاویشت و تەنانەت بێ ڕێزیشی‌ بەرانبەر بە مامۆستا هێمن و کاک هاشمی کەریمی‌ کە ناوی‌ خوازراوەی‌ کاک حەسەن بوو کرد و ئەو دانیشتنە خۆشەی‌ لێ تێک داین.
ئەو کەسە ئێستا لە ژیاندا نەماوە. سەرەتای‌ دانیشتنەکە بۆ کارێک بانگی هێمنی‌ کوڕمم کرد کە ئەوسا پێم وایە لە پۆلی یەکەم یان دووەمی‌ ناوەندی‌ بوو و ئەوە ٣٧ ساڵە لە سویدە و ئێستا پڕۆفیسۆری جیۆلۆجییە و مامۆستای‌ زانکۆی ئەپسالایە لەو وڵاتە. کەبانگم کرد، مامۆستا هێمن وەڵامی‌ دایەوە. منیش داوای‌ لێبوردنم لێ کرد و گوتم مامۆستا ببوورە، من هێمنی‌ خزمەتکارتم بانگ کرد. گوتی‌: دە ئەو هێمنۆکەم بۆ بانگ کە. هێمن چووە خزمەتی‌ و نێوچەوانی‌ ماچ کرد. هێمنی‌ کوڕم وەک منداڵی دیکە شەرمن نەبوو و بە مامۆستای‌ گوت: مامۆستا تۆ بۆچی‌ لە دیوانەکەتدا ئەو شیعرەت نەنووسیوە؟ مامۆستا گوتی‌: کام شیعرە بابە ؟ هێمن گوتی‌ :
ئەوەی‌ گوتی‌ نەورۆزی کورد دەبێ نەبێ
مێشک و مۆخی دەهاڕین ورد چەند گەورە بێ
مامۆستا گوتی‌: بابە ئەو شیعرە هی هێمنی‌ گەرمێنێیە و من هێمنی‌ کوێستانێم وەک ڕێوی‌ گەرمێنێ و ڕێوی‌ کویستانێ. مامۆستا دەیزانی‌ کە من شیعرەکانی‌ ئەوم پێ خۆشە و بڵاویان دەکەمەوە، بۆیە دیوانی تاریک و ڕوونی‌ پێشکەش کردووم و لەسەری نووسیوە: پێشکەشە بە مامۆستا کەریم شێخانی‌ باوکی‌ هێمنۆکەی‌ کە لە شیعرم دەگا .
جارێکیان مامۆستا هێمن گێڕایەوەو گوتی‌: ڕۆژێک لامدایە ماڵی پیاوێکی‌ هەژار، کابرا زۆری پێ خۆش بوو و ڕەنگە ئەو هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبێ من ڕوو لە ماڵێی بکەم. زۆر بەخێرهاتنی‌ کردم و لێکدا لێکدا دەیگوت: قوربان یاخوا بەخێرێی، سەرسەرم، سەرچاوم، سەر ڕوحم، سەردڵم… ئیدی‌ هەموو شتێکی‌ گوت و بۆ قسەی‌ دیکە دەگەڕا نەوەک شتێک مابێ و ئەو بیری چووبێ و کە نائومێد و زانی‌ هیچ شتێکی‌ دیکە نەماوە، بە دەنگێکی بەرز گوتی‌: (قوربان هەر سێ تەڵاقم کەوتبێ بەخێر بێی ).
ئەو ڕووداوەشم کاتی‌ خۆی ڕەنگە هەشت نۆدە ساڵ دەبێ بڵاو کردۆتەوە، لەوانەیە کەم کەس دیبێتی‌، بۆیە دەڵێم خراپ نییە گەر دووبارە بڵاوی‌ بکەمەوە چونکە زۆر جار کاکە شێخ چاپووکی‌ سەید عومەر ئاماژەی‌ پێ دەکات بیرمی‌ دەخاتەوە و من لێرە سڵاو و ڕێزی‌ خۆمی‌ بۆ دەنێرم بۆ سوید کە ئێستا لەوێیە و چۆتەوە بۆ سەردانی‌ منداڵەکانی‌ .
مامۆستا هێمن گوتی‌: جارێکیان چووم بۆ تاران. کە کوڕ و کاڵی کورد پێیان زانی‌ هەندێکیان هاتن بۆ لام و ئیدی‌ کەوتینە قسەی‌ خۆش. یەکێکیان کە خوێندکاری‌ بەشی فارسی بوو لە دانیشکەدەی ئەدەبیات گوتی‌: مامۆستا خۆ کەس نازانێ بۆ نایەی‌ بۆ پۆلەکەی‌ ئێمە لە دانیشکەدە، مامۆستایەکمان هەیە ئەدەبی فارسیمان پێ دەڵێ دەموڕاوێژی‌ ئەوەندە خۆشە هەر زەینەتە گوێی لێ ڕاگری‌. بە کورتی‌، قەناعەتیان پێ کردم بچم. بۆ سبەینێ لەگەڵیان چووم و وەک دانشجۆیەک (خوێندکارێک) دانیشتم، مامۆستاکە هات و چووە سەر تریبیۆنەکەو دانیشت. پیاوێکی‌ بەتەمەن، تەنکە ڕیشێکی‌ سۆفیانەی‌ هەبوو لێی بوو بوو بە نەخش. ئیدی‌ دەستی‌ پێ کرد. لەڕاستیشدا ئەوەندە بە تام و چێژ قسەی‌ دەکرد، پیاو خواخوای‌ بوو تەواوی‌ نەکات و هەر بەردەوام بێ. لەبەر ئەوەی‌ بە تەمەن بوو دەنگی‌ کەمێک نزم بوو. کچێک لە نێو خوێندکارەکاندا هاواری کرد: ئاغا بلندتر، ئاغا بلندتر (ئاغا بولەندتەر، ئاغا بولەندتەر) . مامۆستا هیچ خۆی تێک نەداو بەو دەنگە نەرمەیەوە گوتی‌: خانم چ کنم بلند نمیشە (خانم چ کونەم بولەند نەمیشە)، واتە خانم چی بکەم بڵند نابێ، بەکوردی‌ واتە هەڵناستێ. ئیدی‌ هەموو پۆلەکە دایانە قاقای‌ پێکەنین و کچەکە لە هەموومان زیاتر پێکەنی .
ئازیزان دانیشن بەخێر بۆ هەندێ ڕووداوی‌ دیکەی‌ مامۆستا هێمنی‌ خوا لێ
خۆشبوو .




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved