11/2/2020 04:03 PM

مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا


د.ئاراس محه‌مه‌د سالح

مزگەوتی گەورەی سلێمانی لەیەکەم ڕۆژی بنیاتنانی سلێمانیەوە لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستکراوە، ئەم مزگەوتە لەکاتی دروستکرانیدا کەوتووەتە دەرەوەی شارو بەپێوەری ئەم سەردەمە وەک زانکۆیەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئیبراهیم پاشای میر بابان لە قەڵاچوالانەوە کتیبخانەی گەورەی بابانی بۆ گواستوەتەوە، بۆ شوێنیکی وەها گرنگ و ناوەندێکی مەعریفی شێخ مارفی نۆدێی کە پێشتر مامۆستای مزگەوتی گەورەی قەڵاچوالان بووە دەگوێزیتەوە بۆ شاری نوێ و مزگەوتی گەورە، ئەم مزگەوتە بەدرێژایی مێژووی سلێمانی ناوەندیکی گرنگی زانستی و خواپەرستی و عیرفانی بووە، لە هەمان کاتدا بووەتە هێمای شارو هەرکەسێک ڕووی لەم شارە کردبێت سەرەتا چووەتە مزگەوتی گەورە.
لەدوای هاتنی عوسمانیەکان بۆ کوردستان و فراوان بوونی دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا، ئەم دەوڵەتە بەردەوام لە کێشەو ململانێی توندی مەزهەبی و سیاسیدا بووە لەگەڵ دەوڵەتی سەفەوی ئێرانی ڕکابەریدا، لەبەر ئەوەی کوردستان کەوتووەتە سەر سنوری نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ناکۆکەوە، بەردەوام باجی قورسی ئەو شەڕو پێکدادانانەی نێوان ئەو دەوڵەتەی داوە، دەوڵەتی عوسمانی سیاسەتی مەزهەبی بەکارهێناوەو لەبەر ئەوەی کورد سونەی هاومەزهەبی بووە، هەموو کات هەوڵیداوە کورد بەلای خۆیدا ڕاکێشی، بۆ ئەوەی وەک دیوارێکی ڕاگر لەبەرامبەر هێرشی سەفەوی و قاجاری بەکاریان بهێنێ.
عوسمانیەکان هەوڵی زۆریان داوە کە سەرۆک خێڵ و شێخانی تەریقەت و پیاوانی خاوەنی دەسەڵاتی کورد لە خۆیان نزیک بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش پلەو پایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارگێڕیان پێداون و هاوکاری دارایی کردوون و نیشانەی ڕەمزیان پێبەخشیون، هەروەها عوسمانیەکان هەوڵیانداوە پشتگیری ناوەندە ئاینییە تەقلیدیەکان بکەن، هەتا بتوانن لەبەرامبەر شاڵاوی مەزهەبی سەفەویدا بەرگری بکەن ببنە لەمپەرێک لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ڕکابەردا.
لە بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانیدا لە ڕۆژی (20/ ڕەجەبی 1307ک- 12/3/1890ز) دەرچووە، ئاماژە بە چەند شتێک دەکات:
ئەوەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە لەلایەن دانیشتوان و فەرمانبەرانی شارەوە (1000) لیرە کۆکراوەتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە، کۆکردنەوەی ئەو بڕە زۆرەو نۆژەنکردنەوەی شوێنێکی وەک مزگەوتی گەورە لەلایەن خەڵکی سلێمانیەوە نیشانەی دڵسۆزی و خێرخوازی خەڵکەکەیەتی، لەدوای ڕوخانی میرایەتیە کوردیەکانەوە ئەرکی پرۆسەی خویندن و کاروباری مزگەوت و خویدنگەکان لە هەموو کوردستاندا کەوتوەتە سەرشانی خەڵکە هەژارو ڕەنج کێشەکەوە، بەهۆی دڵسۆزی خێرخوازی خەڵکی کودستانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بووە، لەگەڵ هەموو ناهەمواری و نائارامی سیاسیدا لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا کە میرایەتیە کورد\یەکان نەماون و دەسەڵاتێکی لاوازی عوسمانی لە کوردستاندا حوکمڕان بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە ماوەیەدا دەیان زاناو شاعیری گەورە لە هەموو کوردستاندا دەرکەوتوون و پێگەیشتوون، ئەوەیش بەڵگەی بەردەوامی پرۆسەی خوێندنە لە کوردستاندا.
هەروەکو لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی لەلایەن خەڵکەوەو چاوەڕێی نەکردنی دەوڵەت، نیشانەی دڵسۆزی و خەمخۆری خەڵکە لەلایەکەوە، لەلایەکی ترەوە نیشانەی ئەوەیە دەوڵەتیش گرنگی بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات نەداوەو شوێنە گشتیە گرنگەکانیشی پشتگوێ خستوە، بەڵام ساڵانە باج و خەراجی وڵاتی کۆکردوەتەوە ئەگەر کەسێک سەرپێچی کردبێت تووشی لێپێچینەوەی توند بووە.
کە ئەو کەسەی سەرپەرشتی مزگەوتی گەورەی کردووە لەوکاتەدا ناوی (محەمەد سەعید بەرزنجی) بوەوەو کوڕەزای کاک ئەحمەد شێخە، چونکە ئەڵێت: باپیرم لەم مزگەوتەدا نێژراوە کە کاک ئەحمەدی شێخە، لەو کاتەدا سێ ساڵ بووە کاک ئەحمەدی شێخ کۆچی دوایی کردووە، کاک ئەحمەدی شێخ وەک زانایەکی ئاینی و شێخێکی تەریقەتی قادری، یەکێک بووە لە کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی و جێگەی ڕێزو خۆشەویستی خەڵک بووە، لە ساڵی (1887ز) کۆچی دوایی کردووە لە گۆشەیەکی مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا بەخاک سپێراوە.
لەلایەن دانیشتوانەوە تەنها مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوەو پارەی کۆکراوە بەشی دروستکردنی منارەی مزگەوتەکەی نەکردووە، هەربۆیە داوا کراوە لەسەر حسابی پاشا بڕی تێچوونی بۆ تەرخان بکرێت و منارەیەک بۆ مزگەوتەکە دروست بکرێت، هەتا ئەوکاتە ئەم مزگەوتە دێرینە منارەی نەبووە، وەکو لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە منارەی یەکەمی مزگەوتی گەورە لە ساڵی (1890ز) دروستکراوە.
لە دوای نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە داوا لەلایەنی دەسەڵات کراوە هاوکاری دروستکرانی منارەکە بکات، بۆ جارێکی تر کۆمەک لە خەڵکی کۆنەکراوەتەوە، هەروەکو لە بەڵگەنامەکەوە دەردەکەوێت کەسی بەرپرسی دەسسەڵاتدار لە شارەدا ڕاپۆرتەکەی بەرز کردوەتەوە، پێ دەچێت بۆ ئەوەی نیازپاکی و گرنگیدانی دەوڵەت پیشانی خەڵکی بدات ئەو داوایەی بەرز کردوەتەوە بۆ دەوڵەت هەتا سەرنج و خۆشەویستی خەڵکی بەتایبەتی توێژی زانایان و شێخانی تەریقەت و موریدەکانیان بۆ دەوڵەت ڕابکێشێ، یان خەڵکەکە هەژار بووەو لە توانایاندا نەماوە زیاتر هاوکاری نۆژەنکردنەوەکە بکەن و منارەی مزگەوتەکەیان بە پێویستیەکی گرنگ نەزانیوە.
هەروەکو لە بەڵگەنامەکەدا بە ڕاشکاوی هاتووە بۆ یەکەم جار منارەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە ساڵ (1890ز) دروستکراوەو بڕی تێچووی منارەکەش لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی ئەوکاتەوە دابینکراوە، وەک پیشاندانی دڵسۆزی سوڵتان بۆ شوێنە پیرۆزو ئاینییەکان، بە تایبەتی لە کوردستان و شوێنێکی وەک سلێمانیدا کە بەهۆی نزیکیەوە لە دەوڵەتی قاجاری ئەو سەردەمە هەموو کات دەوڵەتی عوسمانی بە ترس و دڵەڕاوکێوە سەیری کردووە.
داوا کردنی (محەمەد سەعید بەرزنجی) کە داوای کردووە ناوی مزگەوتی گەورە بگۆڕرێت کە هەتا ئەوکاتە ناوی مزگەوتی ئیبراهیم پاشای بابان بووە، لەوکاتەدا میرایەتی بابان نەماوەو هەربۆیە داوای کردووە ناوەکەی بکرێت بە (حەمیدیە) بۆ پیشاندانی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ سولتانی عوسمانی، بەڵکو سوڵتانیش بەردەوام بێت لە هاوکاری بەخشش بۆ مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان و شێخانی تەریقەت و بنەماڵە ئایمیەکان.
بەکارهێنانی (تەلەگراف) لەوکات و سەردەمەدا بۆ گەیاندنی پۆستەکانی دەوڵەت بە (بابی عالی) لە ئەستەمبوڵ کاروباری دەوڵەتی ئاسانترو خێراتر کردووە، هەنگاوێکیش بووە لەبەرەو پێشچوونی ژیانی گشتی کە لە شارە گەورەکاندا تەلەگراف هەبووە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری گشتی.
نووسینی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز لەسەر قورئانێکی دەستنووس و ناردنی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی سوڵتان لە ئەستەمبوڵ، دەستوەردانی سوڵتانە لە هەموو کاروبارێکی گەورەو بچوکی ئەو ڕۆژگارەدا، تەنانەت نووسینی چەند ئایەتێک لەسەر دیواری مزگەوتێکیش، هەروەها نووسینی ئەو ئایەتانەی هەڵبژێراون لە قورئانێکی دەستنووس پێدەچێت هەتا ئەوکاتە کاغەز لە شارێکی وەک سلێمانیدا نەبووبێت، یان بۆ پیرۆزی لەسەر قورئانەکە نوسراوە، هەتا زیاتر سەرنجی سوڵتان ڕابکێشێت و ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەو نووسینە، ڕەزامەندی سوڵتانیش پیرۆزی ئەدات بە کارەکە لە دیدگای خەڵکی ئەوکاتەوە.
بەرپرس سەرکاتبی ئەوکاتی سلێمانی ناوی (سورەیا) بووە، هەر ئەویش داواکاری بەرز بکاتەوە بۆ دیوانی سوڵتان لە ئەستەمبوڵ، هەروەکو لە کۆتایدا ئیمزای کردووە، گرنگی بایەخی ئەم بەڵگەنامەیە ئەوەیە بەشێوەیەکی مەیدانی لەکات و شوێنی خۆیدا نوسراوە، هەروەها وەک نوسراوێکی فەرمانگەی ڕەسمی تۆمار کراوە، هەربۆیە زانیاریەکانی و گرنگ و جیگەی بڕوان.
زمانی ڕاپۆرتەکە زیاتر بە زمانێکی سیاسی نوسراوەو هەوڵیداوە سۆزی سوڵتان ڕابکێشێ بەلای خۆیدا بۆ ئەوەی هاوکاری و یارمەتیدانی خەڵکی و خزمەتکردن و نۆژەنکردنەوەی شوێنە گشتیەکان بەشداری بکات، بە تایبەتی شوێنە ئاینیە پیرۆزەکان، لەلایەک وەک ئەرکێکی دەوڵەت، لەلایەکی ترەوە هەتا دڵسۆزی سوڵتان بۆ مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان پیشان بدات و زیاتر لایەنگیری و خۆشەویستی خەڵکە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ دەوڵەت و سوڵتان دەستەبەر بکات.
ئەم بەڵگەنامەیە زۆر لایەنی مێژووی ئەم شارەو ناوەندێکی گرنگی وەک مزگەوتی گەورە روون دەکاتەوە، هەروەها وینەیەکی گشتی دەسەڵاتی عوسمانی پیشان دەدات لە کوردستاندا، لە هەمان کاتدا زۆر لایەنی کارگێڕی و سیاسی ئەو دەوڵەتە روون دەکاتەوە لە مامەڵە کردنی لەگەڵ ناوچەو هەرێمە جیاوازەکانی ژیر دەسەڵاتیدا، بەتایبەتی لایەنی مامەڵەکردنی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ناوەندە ئاینی و شوینە پیرۆزەکان لەو کات و ڕۆژگارەدا روون دەکاتەوە.
لایەنێکی تری ئەم بەڵگەنامەیە دڵسۆزی خێرخوازی دانیشتوانی سلێمانی رون دەکاتەوە، کە هەموو کات لەسەر گیرفانی خۆیان و ماڵ مناڵیان خزمەتی شارو شوێنە گرنگەکانیان کردووە، چاوەڕیی دەوڵەت دەسەڵات نەبوون و لەسەر ئەرکی خۆیان خزمەتی شارو دێهات و نیشتمانی خۆیان کردووە.

سەرچاوەکان:

1/ سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، وەرگێڕانی ئاشتی رەحمان، ئامادەکردنی: د.نەوزاد یەحیا باجگر، چاپی یەکەم 2018ز، بەرگی هەشتەم، لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی جیهان- هەولێر.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved