29/2/2020 09:51 AM

شێخ ڕەزای تاڵەبانی، شاعیری قسە خۆش و ڕەخنەگر و خاوەن هەڵوێست


دكتۆر نووری تاڵەبانی
سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی

شاعیری گەورەو مەزنی ئەدەبی كلاسیكی كوردی، شێخ ڕەزای تاڵەبانی، لە دانانی شیعرو ڕێكخستنی كێشەو قافیەو هەڵبژاردنی بابەتی شیعریدا، بە تایبەتی لە بواری توانج تێگرتن و هەجووكردندا ڕاوەبەدەر بە تواناو لێهاتوو بووە. بەشێك لە قسە خۆش و نەستەقەكانی ئەو شاعیرە مەزنەی كورد ئێستاش دانیشتنی ئەدیب و ئەدەب دۆستان و خەڵكانی دیكەش دەڕازێننەوە. لەوە دەچێ‌ شێخ رەزا لە مناڵیەوە زیرەكی و بلیمەتی و زمان پاراویی پێوە دیار بووبێ‌، دەگێڕنەوە باوكی لە ژیاندا بووە و شێخ ڕەزا لە تەمەنی مێرد مناڵیدا بووە، لەگەڵ شێخ عەلی برا گەورەی و دوو برای تری پیكەوە بۆ زیارەتی بارەگای شێخ عەبدولقادری گەیلانی هەموو چوونەتە بەغدا. دوای چەندین ساڵ شێخ ڕەزا خۆی گێڕاویەتیەوە، كە لە كاتی تەوافدا پاڕاوەتەوە لە خوای گەورە بۆ ئەوەی توانای شیعرو قافیە ڕێكخستنی پێ‌ ببەخشێت، پاش چەند سەعاتێك زمانی بەستراوەو قسەی پێ‌ نەكراوە، ئەوەش بووەتە هۆی نارەحەتی شێخ عەلی. لەپاش گەڕانەوەیان بۆ كەركوك، شێخ عەلی ئەم ڕووداوە بۆ باوكی دەگێڕێتەوە، كە بە بزەیەكی سەر لێوەوە فەرموویەتی: "خۆزگە زمانی نەكرابایەوە"!
شێخ ڕەزای ئازاو قسە خۆش و خۆش مەشرەب، هەرگیز لە وەڵامدانەوەی بەرانبەرەكەی دانەماوە. لە وتنی شیعری ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی، بێ‌ گوێدانە پڵە و پایەیان، قەت سڵی نەكردووەتەوە،. ئەم شاعیرە چاونەترسە بە ئاشكراو ڕاستەوخۆ قسەی خۆی كردووەو ڕەخنەی هەتا لە سوڵتانی عوسمانی و سەدری ئەعزەم گرتووە. پێش سەدو بیست ساڵ یا زیاتر، شێخ ڕەزا ئەم بەیتە شیعرەی داناوە كە ڕەنگدانەوەی ئەو كۆمەڵگایەی تێیدا ژیاوەی پێوەی دیارە:
ڕاست لە دونیادا نەماوە گەر قسەی ساغت دەوێ‌
بێ‌ هەزارانت نیشان دەم گەر قورمساغت دەوێ‌!
دەكرێت بپرسین ئەگەر شێخ رەزا ئەمڕۆكە لەگەڵمان بووایا، دەبوو بە چ شێویەك وەسفی ئەم  كۆمەڵگایەی ئێستا بكردایە؟
شێخ رەزا لە گەل خزم و دۆستانی بە هەق و بە ناهەق، بە شیعر و بە قسە هەرچی بەدەمیا هاتبێت نەیگێڕاوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پیاوێكی زۆر ساف و دڵپاك بووەو دوو ڕوو و مونافیق نەبووە، خەڵكی لە شیعر و قسەكانی قەلس نەبوون و نەیانگرتۆتەدڵ. قسە خۆشەكانی شێخ رەزا وەكو شیعرەكانی بەهۆی بڵاوبوونەوەیان لە دیوەخانە و تەكیە و خانەقاكاندا، كە لەو دەمەدا مەڵبەندی لە سەرانسەری كوردستاندا ڕۆشنبیری بوون، بە دەماودەمی ماونەتەوە بۆمان، بەڵام بەداخەوە وەكو چۆن بەشێك لە شیعرەكانی نەماون، بەشێك لە قسە خۆشەكانیشی لە بیركراون، یا فەوتاون.
بەشێك لە شیعرە هەجووەكانی شێخ ڕەزا، یا قسە توندوتیژ و پەلارەكانی مایەی ئیحراج بوون بۆ كەسوكاری، بە تایبەتی بۆ حاجی شێخ عەلی تاڵەبانی برا گەورەی، كە پیاوێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی ناوچەی كەركوك وكوردستان بووە. لە بەشێك لە شیعرەكانیدا هەجوی كەسانێكی كردووە كە لە ڕاستیدا سایشتەی ئەو جۆرە هەجووە نەبوون. بۆ نموونە، لە بەیتە شیعرێكدا قسەی توندی دەرحەق بە (مەلا مەحموودی مەزناوە) وتووە، كە یەكێك لە مەلا ناودارەكانی كەركوك بووە:
كێ‌ دیویەتی ماڵی خەزور بۆ زاوا ؟
تۆ لە كیۆ تەكیە لە كیۆ؟ بزنە گەڕەی مەزناوا!
مەلا مەحموودی مەزناوە كە زانایەكی زۆر گەورەی ناوچەی كەركووك بووە. دۆستێكی زۆر نزیكی شێخ عەلی گەورە بووە، خەلیفەی كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ عەلی بووەن مامۆستای باوكم شێخ جەمیل تاڵەبانی بووە كە هەمیشە زۆر بەرێزەوە باسی دەكرد.   
شێخ ڕەزا هەر بە شیعر كەسانی ناوداری سەردەمی خۆی نەشتوە، بەڵكو لە چەند بەیتە شیعرێكدا هەجوی تێكڕا خەڵكانی چەند شارێكی كوردستانی كردووە. ئێستاش ئەو شیعرانەی لەسەر زاری خەڵكانن و كەسانێكی زۆرن، بۆ گاڵتەو لە بۆنەدا دەیڵێن و دەیانگێڕنەوە !
لەچەند كەسێكم لەوانەی چاویان بە شێخ ڕەزا كەوتووەو بیستووەو لە نزیكەوە ناسیویانە وتوویانە شێخ رەزا پیاوێكی زۆر دڵپاك و دەروون خاوێن و زۆر بەدین بووە، بە كردەوە زۆر دوور بووە لەو قسانەی لە شیعرەكانیدا وتوونی. شیعرو قسەكانی مایەی پەستی و دڵگیری و كەسی نیگەران نەكردووە، هەتا ئەو كەسانەش كە هەجویی كردوون، چونكە زانیویانە ئەو شیعرانەی بۆ سوعبەت وتوونی. شێخ ڕەزا ستایشی ئەو كەسانەشی كردووە كە لە بەشێك لە شیعرەكانیدا هەجوی كردوون. پرسیاری لێكراوە بۆ هەجووی كەسانێكی كردووە، بەڵام بەرانبەر كەسانی دیكە بێدەنگ بووە؟ لە وەڵامدا وتوویەتی: ئەو كەسەی دیار و لەبەر چاو نەبێ‌، من هەجویی ناكەم!
زۆر لە گەورە پیاوانی ئایینی و كۆمەڵایەتی كورد لەسەردەمی شێخ رەزادا حەزیان لە قسەی خۆش و شیعری هەجوی مەكشوف بووە، كە لە بەشێك لە دیوەخانە و تەكیە و خانەقاكاندا ئەو شیعرانە خوێندراونەتەوە، بۆیە بە ئاسانی بڵاوبوونەتوە و كۆمەڵگای كوردی  قبووڵی كردوون. بەڵام بەشێك لەو كەسانەی بە شیعرەكانی شێخ ڕەزا ناڕەحەت بوون، بۆ گلەیی كردن ڕوویان لە شێخ عەلی گەورە كردووە، ئەویش بەپێی نەریتی ئەو دەمە، خۆی لە شێخ ڕەزا تووڕەكردووە و سەرزەنشتی كردووە، بەتایبەتی كە بەشێكیان دۆست و موریدی شێخ عەلی بوون و لەناو كۆمەڵگادا ناودار و دیار بوون. شێخ رەزا لە پارچە شێعرێكدا بە زمانی توركی هەجوی (حاجی موستەفای قیڕدار)ی كردووە و بە (میناس غەریب) مەترانی ئەو دەمەی كەركووك تەشبیە كردووە. ئەو پارچە شیعرە لەناو دیوەخانەكانی شاری كەركوك بڵاو دەبێتەوەو پاش ماوەیەك دەگاتەوە بە حاجی موستەفا، كە یەكێك لە پیاوە ناودارەكانی كەركوك بووو ماوەیەك لە ئەستەموول ئەندامی ئەنجومەنی"مەبعوسان" و سەرۆكی شارەوانی شاری كەركوك بووە. حاجی موستەفا دەچێتە لای شێخ عەلی و گلەیی لە شێخ ڕەزا دەكات كە بە مەترانی كەركوك تەشبیهی كردووە. شیخ عەلی دەنێرێت بە شوێن شێخ ڕەزاداو خۆی لێ‌ تووڕە دەكات و پێی دەڵێ چۆن پیاوێكی وەكو حاجی موستەفا بە مەتران دەشوبهێنی؟ لەو دەمەدا  تەشبیهكردنی پیاوێكی دیندار و ناوداری ناو كۆمەڵگا بە مەتران كارێك بووە بە ئاسانی قبووڵ نەكراوە.  لە وەڵامدا شیخ ڕەزا دەڵێت: كاكە من سەرم لێشێواوە، لە لایەكەوە مەتران هاتووەتە ماڵەكەم و گڵەیی لێكردوم بەوەی شوبهاندوومە حاجی موستەفا و پرسیاری لێ‌ دەكردم لە كەركوك لە حاجی موستەفا بەولاوە كەسێكی كەم نەدۆزییەوە پێی بشوبهێنم؟ كەچی جەنابی حاجی موستەفا گڵەیی ئەوەم لێ‌ دەكات كە شوبهاندوومە بە مەتران! بە كورتی حاجی موستەفا لەو بەینەدا قەرزاربار دەبێت!  
تامی شیعرەكانی شێخ رەزا لەوەدا دەردەكەوێت كە ئاگاداری موناسەبەتی دانانیان بین، چونكە زۆر جار قەسیدەیەك، یا بەیتە شیعرێكی لە ناكاو و بە كتوپڕیی وتووە، كە پەیوەندییان بە موناسەبەتێكە هەبووە. ئاگاداربوون، یا زانینی ئەو موناسەبەتە تامێكی تایبەت بە شیعری شێخ رەزا دەبەخشێت. لە پیاوانی بە تەمەن كە چاویان بە شێخ ڕەزا كەوتووە بیستووە، یا ئەوان لە كەسانی دیكەیان بیستووەتەوە، شێخ رەزا پێاوێكی زۆر بە دین بووە، زۆر جار ئەو شیعرانەی بۆ خۆشی و ڕابواردن وتووە.
بەشێك لە موناسەبەتی دانانی شیعرەكانی شێخ رەزا یا لە قسە خۆشەكانی لەبەر ئەوەی نەنووسراونەتەوە لەبیركراون، یا فەوتاون، ئەو كەسانەی بیستوویانە دەمێكە چوونەتە بەر ڕەحمەتی خوا. مامۆستا تۆفیق وەهبی دەیگوت: پیاوێكی وەكو شێخ ڕەزای خاوەن ئەو هەموو شیعرە جوان و بە تام و لەزەتانە چۆن دەبێ دوو سێ‌ ئەوەندە قسەی خۆشی لە پاڵدا نەكردبێت! جاری واهەیە تاقە بەیتێك ڕووداوێكی گەورەی لە دوا بووە، یا بەهۆی قسەی یەكێكی كەوە كراوە، چونكە شێخ ڕەزا لە ناو جەرگەی كۆمەڵگادا ژیاوە، شیعرو قسەكانی ئاوێنە و ڕەنگدانەوەی ئەو ژیانە بوون.
شێخ ڕەزا بە جیهانی پێشكەوتووی ئەو سەردەمەی كە تێیدا ژیاوە گەشتی زۆری كردووە، چاوی بە ڕووداوی زۆر كەوتووە، هەوڵی داوە بەشێكیان تۆمار بكات نەك لەسەر كاغەز، بەڵكو لە دڵی خەڵكدا. بەشی هەرە زۆری شیعرەكانی شێخ ڕەزا زۆر جار بە كوتوپڕی ولە ناكاو وەك پەڵە هەوری بەهار بە دەمیدا هاتوون. زۆرجار تەنیا بەیتە شیعرێك موناسەبەتێكی گەورەی لەدوادا بووە، كە بەداخەوە لەبیركراوە یا هەر نەزانراوە. خوا لێخۆشبوو حاجی حەمیدی حاجی كەریمی دانیشتووی گەڕەكی (بەرتەكیە)ی كەركوك، لە سەرەتای حەفتاكاندا بۆی گێڕامەوە و گوتی: كۆمەڵێك هەرزەكار بووین لەبەردەم دەرگای تەكیە ڕاوەستابووین، شێخ ڕەزا لە ماڵی خۆیانەوە هاتە دەرێ‌، كە بەرانبەری تەكیە بوو، بۆ ئەوەی بچێتە تەكیەو فریای نوێژی جەماعەت بكەوێت. هەموو ئەو هەرزەكارانە لەبەردەمی ڕادەوستن و دەكەونە پاڕانەوە لێی تا بەیتە شیعرێك بەسەریاندا بڵێت، ئەویش لەبەر ئەوەی پەلەی بووە تا فریای نوێژەكەی بكەوێت، پێیان دەڵێت: بەرۆكم بەردەن ئەگینا زەرەر دەكەن!. حاجی حەمید گوتی كتوپڕ ڕاوەستا، لەگەڵ ئاماژەكردن بۆ ئەو چوار كەسەی كە لەو بەیتە شیعرەدا ناوی هێناون وتی:
(بەرتەكیەلی) حەرام زادە و دایك خۆگێی زۆرە
(خڵە) و (بڵە) و (فشە گاڵتە) و (عەزە دەمبۆرە)!
ئەگەر یەكێك لە موناسەبەتی گوتنی ئەم بەیتە شیعرە ئاگادار نەبێت، وادەزانێ‌ بەیتە شیعرێكی جنێودانە! سەدان شیعری شێخ ڕەزا وەكو ئەو بەیتە شیعرەی بە موناسەبەتەوە وتراون كە كەس ئاگاداری هۆی وتنیان نییە، بۆیە بەباشی لێیان تێ‌ ناگەین.
لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1979 كە لە كۆڵێجی قانوون لە زانكۆی بەغدا مامۆستا بووم، سەردانێكی كۆڕی زانیاری كوردم دەكرد و چاوم بە خوالێخۆشبوو كاك عەزیز ئاكرەیی كەوت، كە ئەو دەمە سەرۆكی بەشی كوردی (كۆڕی زانیاری عێراقی) بوو. لەو دانیشتنەدا قسە هاتە سەر شێخ ڕەزا، پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەكم لە كەسانی شارەزا و ئاگادار لە شیعرەكانی كرد، تاكو بتوانن شیعرەكانی كۆ بكەنەوە و لێكدانەوەیان بۆ بكەن، لەگەڵ تۆماركردنی موناسەبەتی وتنی ئەو شیعرانەی. پیشنیازم كرد ئەندامانی ئەو لیژنەیە بچنە ئەو شار و شارۆچكە و جێگایانەی كە كەسانی لێ‌ ماوە كە شیعری شێخ ڕەزایان لە بەرەماوە و ئاگاداری موناسەبەتی وتنی شیعرەكانین، ئامادەیی خۆیشم بۆ هاوكاری ئەو لیژنەیە نیشاندا. كاك عەزیز پێشنیازەكەی پەسەندكرد، هەر لەوێدا داوای لە كاك لەتیف گلی كرد، كە بەڕێوەبەری (كۆڕ) بوو، ئەو پێشنیازە لە مانگی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا بخاتە بەردەم كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی (كۆڕ)، چونكە پشووی هاوینی ئەو ساڵە دەستی پێكردبوو. پاش گەڕانەوەم بۆ كوردستان، لە كەركوك بۆ هاوكاریكردنی ئەو لیژنەیە، قسەم لە گەڵ چەند كەسێك كرد. لە مانگی تەمووزی هەمان ئەو ساڵەدا كاك عەزیز چووە سوریاو بەیانێكی دژ بە ڕژێمی بەعس بڵاوكردەوە، بەو شێوەیە ئەو كارەش تێكچوو و سەری نەگرت!
خوا لێخۆشبوو حەمید فەتاح، ناسراو بە (حەمید ئەفەندی) لە كەركوك، كە شێخ ڕەزای بینیبوو و لە نزیكەوە دەیناسی و بەشی زۆری شیعرەكانی لەبەر بوو، جارێكیان لە تەكیە لە كەركوك گێڕایەوە و گووتی: شێخ ڕەزا لە ماڵەوە دێتە دەرێ‌ تا بچێتە تەكیە، لەو كاتەدا حاجی ڕەفیق ئەفەندی حاجی ئەمینی خادم سوجادە، كە لە دایكەوە خزمی شێخ ڕەزا بووە، لەبەردەم تەكیەدا بەسواری ئەسپێك تێدەپەڕێت تا بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان، كە لە خوارووی تەكیەدا بوو. شێخ ڕەزا چاوی پێ‌ دەكەوێت و كتوپڕ ئەم بەیتە شیعرەی بەسەردا هەڵدەدات:
ماینە كوێتێكی لەژێردایە لەڕو سستوو عەتیق
شان بە شان ئەڕوا لەگەڵ (نعم الرفیق)!
هەندێك ڕووداوی تایبەت بە ژیانی شێخ ڕەزا هەن لەسەرەتاوە بە هەڵە تۆماركراون، بۆ نموونە: لە (پێشەكی) دیوانی شیعرەكانی شێخ رەزادا كە لە ساڵی 1946 لە بەغدا لەلایەن خوالێخۆشبوو پارێزەر عەلی تاڵەبانی كوڕەزای شێخ ڕەزا چاپكراوە، نووسەری (پێشەكی) ئەو دیوانە هەڵەی زۆری تێدا كردووە. بەداخەوە نووسەرو لێكۆڵەرانی پاشتر، بە مامۆستا عەئەلادینی سجادیشەوە، لەسەر هەمان هەڵە ڕۆیشتوون و دووبارە و سێ‌ بارەیان كردووەتەوە. بە داخەوە ئەو دیوانەی شێخ ڕەزا پڕە لە هەڵەو بە نووسینێكی كوردی ناتەواو و ناڕێك چاپكراوە. ئەو كەسەی (پێشەكی) بۆ ئەو دیوانە نووسیوە و ئامادەی كردووە بۆ چاپكردن، شارەزایێكی ئەوتۆی لەسەر ژیانی شێخ ڕەزا نەبووە. لەو (پێشەكیە)دا نووسراوە: كاتێ‌ شێخ ڕەزا لە ڕێگای گەڕانەوەی لە ئەستەمووڵ گەیشتووەتە هەوڵێر، هەواڵی كۆچكردنی باوكی بە هۆی كاروانەوە پێ‌ گەیشتووە! دواتر لەسەری ڕۆیشتووەو نووسیویەتی، پاش ماوەیەكی كەم لەگەڵ شێخ عەلی كاكی لەسەر میراتی باوكیان بەینیان تێكچووەو ناخۆشی پەیدا بووە لە نێوانیاندا. جێگای داخە بەشی زۆری ئەو كەسانەی نووسین و لێكۆڵینەوەیان لەسەر ژیانی شێخ ڕەزا كردووە، بێ‌ ئەوەی خۆیان ماندوو بكەن و لەو بۆچوونانە بكۆڵنەوە. هەمان ئەو قەسەیان دووپات كردووەوتە، بەهەمان شێوە لە كاتی گێڕانەوەی بەشێك لە موناسەبەتی وتنی چەند  شیعرێكی شێخ ڕەزادا، قسە كۆنەكان وتراونەتەوە و كەسیش ناوی ئەو كەسانەی نەهێناوە كە ئەو قسانەیان بۆ گێڕاونەتەوە. دەبوو ئەو نووسەرە بەڕێزانە تۆزێك زیاتر خۆیان ماندوو بكردایە و باشتر لەو ڕووداوانە بكۆڵنەوە. ئەو دیوانەی شێخ ڕەزا كە بە ناڕێكی كۆكراوەتەوە و زۆریش ناتەواوە،  شێخ عەلی كوڕەزای شێخ ڕەزا ئامادەی كردووە، كە شارەزای زمانی كوردی نەبوو و ئاگاداری شیعرەكانی باپیریشی نەبووە. ئەو كەسەی كە (پێشەكی) بۆ ئەو دیوانە نووسیوە و سەرپەرشتی چاپەكەی كردووە، ئەویش لەسەر ژیانی شیخ ڕەزا زۆر شارەزا نەبووە.
شێخ ڕەزا قسە خۆش شیعرەكانی پێویستیان بەلێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە. مامۆستا تۆفیق وەهبی شێخ ڕەزای دەشوبهان بە دەریاێكی گەورەو دەیگوت: وەكو چۆن دەبێ هەموو دەم خەریكی گەڕان بین لەناو دەریادا تاكو شتی تازەی تێدا بدۆزینەوە، پێویستە بەو شێوەش خەریكی لێكۆڵینەوە بین لە شیعرەكانی شیخ ڕەزادا، تا شتی تازەی تێدا بدۆزینەوە بۆ ئەوەی باشتر لێیان تێبگەین. مامۆستا مەحەممەدی حەمەی باقی، كە دەمێكە خەریكی گەڕانە بە شوێن شیعرە فارسیە بڵاونەكراوەكانی شێخ رەزادا لەناو كتێبحانەكانی ئێران شیعری زۆر نایابی دەستكەوتووە، دەڵێت بەشێك لەو شیعرانەی دەبێت پێش بڵاوكردنەوەیان لێكۆڵینەوەی قووڵیان لەسەر بكرێن.
لێرەدا پێم خۆشە دۆستان و موریدانی شێخ رەزا ئاگاداربكەمەوە كە ماوەێكە ئەكادیمیای كوردی بۆ كۆكردنەوەی هەموو شیعرەكانی شێخ رەزا، لیژنەیەكی تایبەتی دامەزرندووە، لەگەڵ لێكدانەوە و تۆماركردنی موناسەباتی دانیان، بە ئومێدی چاپكردنیان لە چەند بەرگێكدا، لە چەشنی شیعرەكانی (جەواهیری) شاعیری گەورەی عێراق و عەرەب، كە لە چەند بەرگێكدا بە جوانی چاپكراون. بەندە لە ساڵی 2007ەوە خەریكی كاركردنم لەپێناو نۆژەنكردنەوەی ماڵە وێرانەكەی شێخ رەزا، كە كەوتووەتە بەرانبەر تەكیەی تاڵەبانی لە كەركوك. ئەكادیمیای كوردی كە خەریكی كۆكردنەوەی شیعرەكانی شێخ رەزایە، هەوڵی نۆژەنكردنەوەی ماڵەكەی شێخ رەزا دەدات، تا بەهۆی تەواوكردنی ئەو دوو كارەوە، بە بەشداری كردنی دۆستان و موریدانی شێخ رەزا و هەموو ئەو كەسانەی كاریان لەسەر شیعرەكانی شێخ رەزا نووسیوە، لەسەر ئاستی ناوچەكە كۆنفرانسێكی قەشەنگ لەو شوێنەدا ڕێكبخات.  
شیخ ڕەزا هەتا لە بەرانبەر ئەو كەسانەی بە توندی هەجویان كردووە خاوەنی هەڵوێستی جوامێرانەش بووە، كە یەكێكیان شوكری فەزلی شاعیر بووە. پێش ئەوەی ئەو ڕووداوە بگێڕمەوە، كە لە مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگم بیستووە سەبارەت بە چۆنیەتی ڕزگاركردنی ملی شوكری فەزڵی لە پەتی سێدارە بە هۆی هەوڵەكانی شێخ ڕەزاوە، ڕووداوێكی دیكە دەگێڕمەوە، كە لە خوالێخۆشبوو شێخ عەلی تاڵەبانی كاكم بیستووە، ئەویش لە سەعدوڵلا ئەفەندی كەركوكی بیستووە، كە پیاوێكی ئەدەب دۆستی كەركوكی بووەو بەشی زۆری شیعرەكانی شێخ رەزای لەبەربووە. سەعدوڵلا ئەفەندی لە شاری بەغدا دانیشتووە، لەوە دەچێت لە ساڵەكانی بیستەكان و پاشتریش، لە ڕۆژانی هەینیدا لە ماڵی یەكێك لە پیاوە كوردە گەورەكانی بەغدا، بۆ گوێ‌ گرتن لە شیعر و قسەی ئەدەبی بە زمانی كوردی و عەرەبی و توركی و فارسی كۆبوونەوەی ئەدەبی سازكرابێت. لە یەكێ‌ لەو دانیشتنانەدا داوا لە سەعدوڵڵا ئەفەندی كراوە چەند بەیتە شیعرێك بخوێنێتەوە، ئەویش ئەو قەسیدە شیعرەی شێخ رەزای خوێندووەتەوە، كە تێیدا بە توندی هەجوی شوكری فەزڵی كردوە، كە بەم بەیتە دەست پێدەكات:
پورە شوكری بەسیەتی با.... شەمەت لەق نەكەم
دایكە ... ..  هەواڵەی سوری سەر ئەبڵەق نەكەم!  
وەكو گێڕاویەتەوە، كاتێ‌ دەستی بە خوێندنەوەی ئەو بەیتە شیعرە كردووە، كەسێك بەتەنیشتیەوە دانیشتووە ویستویەتی ئاگاداری بكاتەوە بۆ ئەوەی ڕابوەستێت لە خوێندنەوەی ئەو شیعرەی شێخ رەزا. ئەوەشی گێڕاوەتەوە كە كاتێ‌ خوێندنەوەی شیعرەكە بووە، یەكێك لە دانیشتوانی كۆڕەكە، كە نەیناسیوە زۆر بە كوڵ گریاوە. كاتێ‌ ڕاوەستاوە لە خوێندنەوەی ئەو پارچە شیعرە ئەو كەسەی لە كاتی شیعر خوێندنەوەدا گریاوە، سەری بەرزدەكاتەوەو داوای لێدەكات بەردەوام بێت لەسەر خوێندنەوەی شیعرەكەو وتوویەتی: "خۆزگە شێخ ڕەزا بمایەو دوو ئەوەنەدە قسەی پێ بووتمایە"! سەعدوللا ئەفەندی وتوویەتی تا ئەو رۆژە شوكری فەزڵی نەبینیوەو نەیناسیوە.
مامۆستا تۆفیق وەهبی لە ساڵی 1975 بۆی گێڕامەوەو گوتی: پاش گەڕانەوەی بۆ عێراق ماویەك خەریكی كۆكردنەوەی شیعرەكانی شیخ ڕەزاو شوكری فەزڵی بووە. ماڵەكەی لە گەڕەكی"جدید حەسەن پاشا" لەبەغدا نزیكی ماڵی شوكری فەزڵی بووە. هامشۆی یەكتریان كردووە، جارێك داوای ئەو شیعرانەی لێدەكات كە تێیدا هەجووی شێخ ڕەزای كردووە، بەڵام هەر جارەو بە بیانویەك ئەو شیعرانەی پێ‌ نەداوە. ڕۆژێكیان پێی دەڵێت: وادیارە وازی لێ‌ ناهێنێت، بۆیە ئەم ڕووداوەی بۆ دەگێڕێتەوە. شوكری فەزڵی دەكەوێتە قسەكردن و دەڵێت: لە سلێمانی بووە، لە پارچە شیعرێكدا بە زمانی توركی، هەجووێكی توندی ئۆردووی عوسمانی كردووە، پاش ماوەیەك گیراوەو ڕەوانەی بەغدا كراوەو دراوە بە دادگای سەربازی و حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە. لەو ماوەیەدا كە چاوەڕێی فەرمانی ئەستەمووڵیان كردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا، ئەو هەواڵە دەگاتە شێخ ڕەزا، كە وەكو ئاگادارین دوا ساڵەكانی ژیانی لە بەغدا بەسەربردووەو هەر لەوێشدا لە ساڵی 1910 كۆچی دوایی كردووە. ئێوارەیەك شێخ ڕەزا دەچێتە دیوەخانەی (والی)، كە وەكو مامۆستا وەهبی بەگ دەیگێڕایەوە، ئەدەب دۆست بووە و زۆرێك لە شیعرە توركیەكانی شێخ ڕەزای لەبەربووە. (والی) ڕێزو حورمەتی شێخ ڕەزا دەگرێ‌ و گڵەییشی لێ‌ دەكات كە پیشتر سەردانی نەكردووە. نەریتی دیوەخانی (والی) وابووە كە پیاوە گەورەكانی بەغدا ئێواران چوونەتە دیوەخانەكەی پێكەوە نوێژی شێوانیان كردووە، پاشان چونەتەوە ماڵی خۆیان. پاش نوێژی شێوان شێخ ڕەزا دەمێنێتەوە، (والی) پێی دەڵێت: ئەو هاتنەی بێ‌ مڵامەت (هۆ) نییە، ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: بۆ كاری شوكری فەزڵی هاتووم و دیوەخانەكەت بەجێ‌ ناهێڵم ئەگەر گفتی بەردانی شوكری فەزڵیم پێ‌ نەدەیت. ( والی) بە شێخ ڕەزا دەڵێت ئیشی شوكری فەزلی لە دەستی ئەودا نەماوە، بەڵام پێی دەڵێت لەبەر خاتر ئەو هەرچی پێ‌ بكرێت قسوور ناكات. زۆری پێ‌ ناچێت بە هۆی تكای (والی) بەغداوە بڕیاری دادگای سەربازی بە لەسێدارەدانی شوكری فەزلی لەو تۆمەتەی خرابووە پاڵی دەكرێَتە فەرمانی لێخۆشبوون! مامۆستا تۆفیق وەهبی گوتی: ئەنجا شوكری فەزڵی ڕووی تێكردم و گوتی: "ناهەقمە پاش ئەو كردەوە گەورەیەی شێخ ڕەزا پێت بڵێم: ئەو شیعرانەی تێیدا قسەی ناشرینم بە مامۆستاكەم وتووە هەموویان فەوتاون و نەماون! مامۆستا وەهبی بەگ گوتی: چەند جارێكی تر داوای ئەو شیعرانەم لێكردەوە، بەڵام بێسوود بوو هیچی پێی نەدام. ئەو ڕووداوە دەیسەلمێنێ‌ كە شێخ ڕەزا پیاوێكی زۆر دڵ گەورە بووە، ئەویش بووەتە هۆی ڕزگاركردنی شوكری فەزڵی لە پەتی سێدارە، پاشان پێی دەڵێ‌: كەسانێك لە سلێمانی هانیان داوە هەجووی بكات و قسەی ناشرین بە شێخ ڕەزا بڵێت.
ئەمە نموونەیەكە لە هەڵوێستی جوامێرانەی شێخ ڕەزا بەرانبەر كەسێك كە قسەی ناشرینی پێ‌ وتوون. لەو باوەڕەدام هەڵوێستی جوامێرانەی تری هەبووە، لە ئاكامی لێكۆڵینەوەدا باشتر دەردەكەون. ئەگەر بەوردی لە شیعرەكانی شێخ رەزا بكۆڵینە و موناسەبەتی شیعرەكانی بدۆزینەوەو هەوڵ بدەین لایەنە ڕاستیەكانی ژیانی شێخ ڕەزا بخەینە بەرچاو، دەتوانین خزمەتێكی گەورە بە ئەدەب و شیعری كوردی ڕەسەن بكەین، كە شیخ ڕەزا لوتكەكەی سەرەوەی گرتووە.
  --------------------------
(2) د. نووری تاڵەبانی، شێخانی ئیرشادی تاڵەبانی و چەند ناودارێكی تری ئەم بنەماڵەیە، چاپی دووەم، كە لە هەوڵێر لە 2003 چاپكراوە، ل 65، هەمان ئەو نامیلكەیە كاك كەمال غەمبار كردوویەتی بە عەرەبی: شیوخ الارشاد الدینی فی الاسرە الگالبانیە، مگبعە شهاب، اربیل 2912. هەروەها تەماشای گۆڤاری (ئەكادیمیای كوردی) بكە، ژمارە (25)ی ساڵی 2003، ل233، كە بابەتێكی تێدایە لەژێر ناوی: تۆفیق وەهبی لە بیرەوەریەكانی د. نووری تاڵەبانیدا.  



تێبینی ئەم بابەتە كاتی خۆی لە پاشكۆی تایبەتی شێخی هەجو لە كوردستانی نوێ بڵاوبووەتەوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved