هۆشەنگ قادر گوڵ وه‌ک هێما و سیما و ڕەمزی جوانیی ئه‌گه‌ر گوڵ نه‌مێنێ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه سروشت ده‌ستبه‌رداری جوانیی خۆی ده‌بێ. ڕازاوه‌یی سروشت سەرچاوەی جوانیی ئیلهام و ڕیشه‌كه‌ی له گوڵه‌وه‌یه له گه‌ڵا ناسک و ته‌نک و به ڕه‌نگ و ڕهونهقهكانییهوهیه. وه‌زیفه‌ی گوڵ، له ئه‌زه‌له‌وه زیاتر بۆ دیاری و بۆنه وە كار هاتووه، بۆ خۆشه‌ویستی و بۆ ده‌ربڕینی عیشق و ناز و عیشوه و چاكبوونه‌وه‌ی دڵه‌كان و خۆشەویستی و پاكی و بێگه‌ردی، له‌پێناو ته‌ندروستییه‌كی باشتر و ئومێدبه‌خشی گوڵ، ئه‌و دونیا تایبه‌تییه‌ی دوور له هه‌موو ڕقێک و توندوتیژیه‌ک. ئه‌گه‌ر گوڵه‌كان زمانی قسه‌كردنیان هه‌بوایه پێش هه‌موو شتێک یاداشتێك و مه‌زبه‌ته‌یه‌كیان ده‌نووسی، تێكڕا ئیمزایان ده‌كرد سوپاسی با و هه‌نگ و په‌پووله‌یان ده‌كرد، ئه‌وان هۆكاری مانه‌وه و زۆربوونی گوڵه‌كانن، په‌پووله و هه‌نگ و بایه‌كان ژیان به گوڵ ده‌به‌خشن، گوڵه‌كان له ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه وه‌چه ده‌نێنه‌وه، خۆیان ڕازاوه‌تر ده‌كه‌ن، زیاتر پارێزگاری له بنجوبناوان و ڕه‌گه‌زی خۆیان ده‌كه‌ن. گوڵه‌كان بۆ په‌پووله و هه‌نگه‌كان بێ هیچ ئازارێک خۆیان ڕاده‌ست ده‌كه‌ن به ڕیحابه‌تول سه‌دره‌وه به شه‌وق و به زه‌وقه‌وه به كامیلی ئیسراحه‌ته‌وه لێوی خۆیان سوراو ده‌كه‌ن، سنگی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، جوان خۆیان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه، هه‌نگ و په‌پووله‌ش به چێژه‌وه شیلله‌ی گوڵه‌كان هه‌ڵده‌مژن تا تێر تێر ده‌بن، بۆنیان ده‌كه‌ن و ده‌مه پانهكانیان و چڕنووكه تیژه‌كانیان له‌و شیلله خۆشه‌ی ژیان ده‌نێن، ئه‌وان هه‌رگیز تێر نابن، گوڵه‌كانیش به عیشقه‌وه پێشوازیان لێ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز ڕووینهدانهوه، گوڵه‌كان خۆیان ڕاپێچ نه‌كه‌ن و به‌رگری بكه‌ن، هه‌موویان به یه‌كجار پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كه‌ن… سوپاس بۆ ئێوه. ئه‌مه یاسای سروشته گوڵه‌كانیش به‌ده‌رنین له بوونه‌وه‌رانی تر. ئاماژه و ڕه‌هه‌نده‌كانی گوڵ گوڵ، خۆی جوانتر و ڕازاوه‌تر ده‌كات ته‌نانه‌ت له‌ناو دونیای سه‌رمایه‌داری، موعجیزه و نه‌خشی گوڵ ئه‌وه‌یه به بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی هه‌ر كۆمپانیایەکی زه‌به‌لاحی فه‌رمی تایبه‌تی میری، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌م كردنه‌وه‌ی شریتێكی پانی ڕهنگاوڕەنگی ڕازاوه‌ی به مقه‌ستێک ده‌بڕن، منداڵه چاوگه‌شه‌كانیش دوو سه‌به‌ته به جۆره‌ها گوڵی ڕازاوه وه‌ک دیاری ده‌به‌خشرێن. چه‌پڵه‌یه‌كی هێمن، ماچکردنی دوو منداڵه‌كه و گوڵه‌كانیش وه‌ک كاراكته‌ری جوانی له‌سه‌ر تەختی شانۆی كۆمپانیا، ئه‌وانیش دڵخۆشن. تۆ گه‌ر ده‌ته‌وێ ته‌فسیری گوڵ بكه‌یت، ناكرێت هەر بە تەنها گوڵ هەڵبهێنجی و ڕوانینت ته‌نها بۆ گوڵ بێت، ناكرێت ده‌ستبه‌رداری ژینگه‌ی ئاو و خاک و كه‌ش بیت و فه‌رامۆشیان بكه‌ی، گوڵه‌كان كوڕان و كچانی خاكن، زه‌ویش دڵخۆشه به نه‌وه جوانه‌كانی، سیسته‌می ژیان مرۆڤ و بوونه‌وه‌ران و ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان گوڵ و ڕووه‌كه‌كان ته‌نانه‌ت ئاووهه‌وا، ئاسمان، مانگ، ئه‌ستێره‌كان سه‌رجه‌میان له خولگه‌یه‌كی هاوبه‌شی ژیاندان، به‌ڵام كاراكته‌ری جوانی بۆ ئه‌و ژنانه‌یه كه به گوڵ و بۆنی گوڵ خۆیان ڕازاندۆته‌وه. ژنه‌كان له‌ناو حه‌وزی به گوڵداپۆشراو خۆیان ده‌شۆن. پزیشكه‌كانیش ده‌بێت سوپاسی گوڵ بكه‌ن كه سه‌رچاوه‌ی ده‌رمانه‌كان له پێكهاته‌ی گوڵه‌وه‌یه. هێشتا پاسه‌وانانی گوڵ زۆر نین و كه‌من. پێشه‌وا، وه‌ک پاسه‌وانێكی كارامه‌ی گوڵهكانە؛ هه‌موو گوڵ و حاجیلهكانی ده‌شتی هاموون٭ ده‌كه‌م به چه‌پكێ پێشكه‌شی پێشه‌وای ده‌كه‌م، ئه‌و به چامه شیعرییه‌كانی، جوانترینیان ده‌كات، كۆیه‌ش پێی دڵخۆشتر ده‌بیت. گوڵ،وه‌ک هێمای ژیانه‌وه گوڵ، هاوشێوه‌ی ئه‌و مۆمه و چرایەی كه ڕووناكی بۆ دهوروبەره، هێشتا بۆ ژێر خۆی تاریكه، گوڵ وه‌ک خۆی هه‌رده‌م قوربانی ده‌ستی ئه‌وانی تره؛ ئه‌وی تر كه دڵی بێبه‌زه‌ییه به‌رامبه‌ر به گوڵ. لەسه‌ر گۆڕه‌كان ته‌نها چه‌پكی گوڵ به‌جێده‌هێڵدرێت، گوڵ بۆ ژیانه، ناكرێتە دیاری بۆ مردووه‌كان؛ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیحری جوانیی گوڵ له‌وه‌دا به‌دیار ده‌كه‌وێ، مردووه‌كانیش دڵیان به گوڵه‌كان خۆشه، ئه‌وانیش ئارامگە و ماڵۆچكهكهی خۆیان پێ ده‌ڕازێننه‌وه، تا فریشته‌كانیش تێربن له بۆنی گوڵه‌كان. مردووه‌كان به چهپكهگوڵهكانهوه پێشوازی له فریشته‌كان ده‌كه‌ن، فریشته‌كان گوڵه‌كان بۆ ئاسمانی به‌رز ده‌به‌ن و پێشكه‌ش به خودای ده‌كه‌ن، خودا‌ش به‌و گوڵه جوانانه سه‌رسامه كه لە بنەڕەتدا خودا ده‌ستی سنعاتی كارامه‌یی خۆی تێدایە. هه‌موو ئاسمانه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ستێره دووره‌ده‌سته‌كان و بۆنی گوڵەكانیان بۆ ده‌چێ، سه‌رچاوه‌ی گوڵه‌كانیش ناوی زه‌ویه. لێره‌دا، گوڵ به‌به‌خته كه خودا ئه‌و گرینگی و جوانیی و نازه‌ی پێبه‌خشیوه. پێشەوا کاکەیی، دەڵێت: «ڕۆژێکیش دێت، خودا بفەرموێت: «گوڵی نێو باغه‌كان، هه‌وه‌ڵین شه‌هیدی ئه‌زه‌لی دونیان!» گوڵه‌كان، هه‌رده‌م چه‌وساوه‌ی ده‌ستی مرۆڤه‌كانن، گوڵەكان ده‌قرتێنرێن، لاسكه ناسكه‌كانیان بێڕەحمانه ڕەشهباكان دهیانپچڕێنن، بارانه‌كان به خوڕ، تهزرهكان به قورسایی خۆیان و به توندوتیژی و دڵڕه‌قی خۆیانه‌وه خونچه‌ی هه‌نار و گوڵه درەوشاوەکان په‌ک ده‌خه‌ن، ئه‌و گوڵانه‌ی له‌م وه‌رزی ساڵ بۆ ئه‌و وه‌رزی ساڵ له چاوه‌ڕوانی مانگێكی كه‌می به‌هار چاوه‌ڕوانی ژیان ده‌كه‌ن، سروشتیش بێڕەحمانه ئه‌زیه‌تیان ده‌دات، ئه‌مه‌و ئاژه‌ڵه برسییه‌كان ده‌ستیان لێناپاریزن. لێره‌دا سروشت گه‌وره‌ترین پیشێلكاری به‌رانبه‌ر گوڵه ناسكه‌كان ده‌كات، هەقی خۆیه‌تی گوڵ سكاڵا له بێڕەحمی و نادادپه‌روه‌ری سروشت بكات. غه‌زه‌بی سروشت ته‌نها بۆ مرۆڤەکان نییە، ئه‌وه‌تانێ تۆ ته‌ماشای شانۆگه‌ری ناڵه‌ناڵ و ئازاری گوڵەكان بكه به‌رانبه‌ر بوونه‌وه‌ران و ته‌نانه‌ت خودی سروشتیش گوڵه‌كان موزهحیترینن. فایەق بێکەس، دەڵێت: «ئه‌ی مانگ من و تۆ هه‌ردوو هاوده‌ردین هه‌ردوو گرفتار یه‌ک ئاهی سه‌ردین تۆ وێڵ و سه‌رگه‌رد به ئاسمانه‌وه منیش ده‌ردبه‌ده‌ر به شارانه‌وه.» سه‌یری دڵڕەقی پیاوانی سیاسه‌ت و جه‌نگ بكه‌ن، به درۆیە مێژووییهكانیانهوه گوڵەكان ده‌كه‌ن به‌دیاری پێشكه‌شی یه‌كتری ده‌كه‌ن و مێزه‌كانیان پێده‌ڕازێننه‌وه. ده‌زانن مێزه‌كان، كورسییه‌كان، كامێرا و ڕووناكییه‌كان ڕقیان له‌و جۆره سیمینار و كۆڕ و كۆبوونه‌وانه‌یه كه دواجار زۆربه‌یان مایه‌پووچی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام گوناهی گوڵ چییه بۆدلێر ده‌ڵێ (ئه‌ده‌ب له گوناهه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.) ئه‌گه‌ر گوڵەكان له توانایان بوایه ده‌یاننێرن بۆ سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌ره‌نگاریان ده‌كرد و وه‌ک ئۆپۆزسیۆن ڕەفتاریان ده‌كرد. گوڵه‌كان، هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ڕاستی و پێكه‌وه‌ژیانن، گوڵەكان هێما و ئیلهام و سیمبول و سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستین، نه‌وه‌ک ڕق؛ له هه‌ڵومه‌رجێكی ئاوادا شوناسی گوڵەكان زۆر بێبه‌ختن. له یه‌كێک له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی ئه‌رجه‌نتین، له ده‌شتاییه‌كی پان و پۆڕی گه‌وره، له ساته‌وه‌ختێكی وه‌رزی به‌هاری باراناوی ته‌ڕ و پڕدا، گیڤارای شۆڕشگێڕ و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ناچارن به‌و ڕێگه‌یه‌دا بڕۆن هیچ چاره‌ی تریان نییه، ڕێگاكه‌ش ته‌یی له گوڵی هه‌مه جۆر… یه‌كه‌مین و هه‌وه‌ڵین ئیعازی گیڤارا، بۆ مه‌فره‌زه‌كه و هاوڕێیانی ئه‌وه ده‌بێت؛ تكایه… تكایه! تا پێتان ده‌كرێ و له تواناتاندا هه‌یه، پێ له گوڵه‌كان مه‌نێن، ئێمه له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و دادپه‌روه‌رین… ئیتر بۆ ژیان له گوڵەكان بسێنینه‌وه و له‌به‌ر پێكانمان بیانشێلین. گیڤارا، وه‌ک ڕه‌مزی شۆڕشگێڕی و جوانی پاراستنی سروشت و ته‌ندروستییە، له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی به گوڵ و گوڵزار ڕازاوه‌ی عاشقێک بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستم بێت هه‌موو گوڵ و گوڵزاره‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه به‌به‌خته، ده‌بێت دڵخۆش بێت به بۆنی یه‌كپارچه له گوڵ، زهوییەكه وه‌ک ئیمپراتۆریای گوڵ. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستم بێت هه‌موو گوڵه‌كانی ده‌كه‌م به ملوانكهیهک و بولبول و چۆله‌كه و باڵنده به ڕه‌نگه‌كانیش ده‌كه‌م به قیبله‌ی ئه‌م ملوانكه جوانه‌ی كه شه‌وق و سه‌دا بداته‌وه له مل و گه‌رده‌نی تۆی ئازیزی ده‌كه‌م، هێشتا ئه‌وه كه‌مترین شته بیكه‌م. جوانترین ملوانكه‌كانی دونیان پێكهاته‌ی فیزیكی و كیمیاوی گوڵ له‌وه ئاڵۆزتره كه بخرێته ناو چوارچێوه‌ی چامه شیعرێكه‌وه، هێشتا بۆ گوڵ خه‌یاڵێكی زۆر ئه‌ندێشه و ڕوئیایه‌كی ڕونتر و دوورتر، ده‌شێت هێشتا په‌یمان به هه‌موو نهێنی و سووده‌كانی گوڵ نه‌بردبێت؛ هێشتا زۆر شتی شاراوه له پێكهاته‌ی گوڵ و ژینگه‌كه‌ی بوونی هه‌یه، لێره‌دا پیاوانی زانست و گوڵناسهكان بڕیار له‌مه ده‌ده‌ن، شیعر به هه‌موو جوانییه‌كانیه‌وه هێشتا سه‌رسامه به‌رانبه‌ر جوانی گوڵ. داخۆ، ئادەم و حەوا پێش دەرکردنیان لە بەهەشت چەند جار گوڵیان پێشکەش کردبێت، کە شاعیر لە دەقی «شەهیدکردنی گوڵ لەنێو جەنگاکاندا» باسی دەکات. هەڵبەتە، گوڵەکانی بەهەشت ئەفسوناوین و زیاتریش لە جوانیی جوانتر، جوانی گوڵەکانی بەهەشت بە سروشت جوانتر لە گوڵەکانی ئێرە، بەهەشت چەند جوان و خۆش دەبێت گوڵەکانی جوان بێت. ٭هاموون: ده‌شتێكی پان و به‌رینی خوار كۆیه‌یه، كه به‌هاران كۆمپانیای به‌رهه‌می گوڵه ده‌شتێک، خاكێک یه‌كپارچه له جوانی و له گوڵ.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure