25/4/2020 02:59 PM

عەلی ئەشرەف دەرویشیان

عەلی ئەشرەف دەرویشیان ساڵی1941 لە بنەماڵەیەکی کرێکاری لە گەڕەکی ئاوشووران لە شاری کرماشان لەدایک بووە. ساڵی 1958 زانستگای سەڕەتایی پەروەردەی مامۆستای تارانی تەواو کردووە و لە گوندەکانی دەوروبەری کرماشان گێڵان بووە بە مامۆستا. ساڵی 1966 دەستی کردووە بە خوێندنی وێژەی فارسی لە زانکۆی تاران و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت و لەدرێژەدا ماستەری دەروونناسیی پەروەردەی خوێند و ھاوکاتیش لە زانستگای باڵای پەروەردەی مامۆستای تاران خوێندنی خۆی لە بەشی ڕاوێژکاری و ڕێنمونی بۆ فێرکاری بەردەوام کرد. دەرویشیان لە سەردەمی حکومەتی محەممەدڕەزا پەھلەوی لە ساڵی 1970 تا 1977 بەهۆی نووسینی کتێبی «لەم وڵاتە» و چالاکیی سیاسی سێ جار دەستگیر و نووسینی لێ قەدەغە کرا. ئەو یەکەم جار لە کرماشان و بە ماوەی 8 مانگ دەستگیر کرا بەڵام پاش لە 2 مانگ دیسان و ئەم جارە لە تاران دەستگیر کرا و 7 مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە. ھەروەھا بەهۆی ئەم تاوانەوە لە زانکۆ و ھەروەھا لە مامۆستایەتی دەر کرا. دەستگیری سێهەمی دەرویشیان ساڵی 1974 بوو کە حوکمی 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و ھەتا سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لەناو زینداندا بوو. دەرویشیان لە ساڵی 1973 لەگەل شاناز دارابیان ژیانی هاوبەشی پێکهێنا.
بابەتی کارەکانی دەرویشیان خەڵکی بندەستن. ئەو ھەروەھا لە زۆربەی کارەکانیدا سەبارەت بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی دەنوسێت. دەرویشیان دەڵێت لە کاتی منداڵی و لە چیرۆکەکانی دایەگەورەیەوە لەگەل چیرۆک و چیرۆکبیژی ئاشنا بووە. دەرویشیان یەکەمین چیرۆکی خۆی کە قەت بڵاو نەکراوە لە بەندیخانەی "دیزل ئاباد"ـی کرماشان نوسیوە. ئەو لە کارەکانیدا ھەروەھا سەبارەت بە قوتابیەکانی خۆی و خەڵکی چەوساوەی شاری کرماشان و گوندەکانی دەوروبەری دەنوسێت و بەشێک لە هەژاری و کێشەکانی خەڵکە ئاشکرا دەکات. دەرویشیان دەڵێت لەدوای مردنی سەمەد بیھرەنگی لە ساڵی 1969 بڕیاری داو رێگەی ئەم نووسەرە دەروەستە ئازەبایجانییە درێژە بدات.
دەرویشیان ساڵی 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە چاوی بە رووی ژیندا داخست.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved