2/5/2020 03:35 PM

فریدا کالۆ

فریدا کالۆ، شێوەکار و فێمێنیستی بەناوباگی مێژووی هاوچەرخی جیهان، ساڵی 1907 لە شاری "کۆیۆئاکان"ـی مەکسیک لەدایکبووە. باوکی بە رەگەز ئەڵمانی بووە و پاشان کۆچ دەکا بۆ مەکسیک. فریدا هەر لە تەمەنی 6 ساڵانەوە لەگەڵ رەنج و ئازاری جەستەیی رووبەڕوو ئەبێتەوە و هەر ئەم بابەتە ئەبێتەوە هۆی ئەوەی لە تەمەنی 47 ساڵان و بەهۆی بەستنی خوێن لە دەمارەکانیدا کۆچی دوایی بکات.
فریدا ساڵی 1922 لەو کاتەدا کە سەرقاڵی خوێندن لە بواری پزیشکیدا بوو لەگەڵ شێوەکاری بەناوبانگی مەکسیکی واتە "دیێگۆ ریڤێرا" ئاشنا ئەبێت و چەند ساڵ دواتر هاوسەرگیری دەکەن. بەڵام ئەم هاوسەگیرییە بێ ئاکامە فریدا تووشی خەمۆکی ئەکات، چونکە هەم مناڵەکەی بە ناچاری لە بار ئەبات و هەم ئاگاداری خەیانەتەکانی "رێڤێرا"ـیە.
فریدا خۆی ئەڵێ: "من زۆر عاشقی ریڤێرا بووم و ئەویش منی خۆش ئەویست. من لەو ماوەیەدا بوومە کۆمۆنیست و ئەو زیاتر عاشق ببوو. من هەمیشە حەزم ئەکرد مناڵێکم لە رێڤێرا هەبێت."
فریدا و دێێگۆ ساڵانێکی زۆر لە یەک دابڕابوون، بەڵام ساڵی 1937 مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە "لیۆن ترۆتسکی" و هاوسەرەکەی کە کۆچیان کردبوو بۆ مەکسیک، یەکیان گرتەوە. ماڵی ئەم دوو شێوەکارە لەڕاستیدا ببوو بە شوێنی حاوانەوەی چالاکانی سیاسی راونراو، هەنەرمەندانی دوورخراوە و کەسانی لەم چەشنە کە زۆرینەیان چەپ و کۆمۆنیست بوون. فریدا و هاوسەرەکەی ساڵی 1939 بە فەرمی لە یەک جیابوونەوە، بەڵام پاش ساڵێک دووبارە هاوسەرگیریان کردەوە.


فریدا ئەگەرچی خۆی بە هونەرمەندێکی "سووریاڵ" نەدەزانی، بەڵام ساڵی 1938 لەگەڵ یەکێک لە روخسارە ناسراوەکانی ئەم رەوتە واتە "ئەندرێ برێتۆن" ئاشنا بوو. لە مێژووی هونەردا فریدا وەکوو شێوەکارێکی "سووریاڵ" پێناسە دەکرێت و هەندێک کەسیش لایان وایە سەر بە قوتابخانەی "ریالیزمی سێحراوی"ـیە.
تابلۆکانی فریدا زۆتر "سێلف پۆرترە"ـن، واتە روخساری خۆی کێشاوەتەوە. تابلۆی "دوو فریدا"، "فریدا و دیێگۆ ریڤێرا"، نەخۆشخانەی هێنری فۆرد" و "تۆقێک لە دڕک" بەشێکن لە کارە بەناوبانگەکانی ئەم شێوەکارە فێمێنیست-کۆمۆنیستە. جێی ئاماژەیە کە ژیانی هونەری و تاکەکەسی فریدا تا ئێستا بۆتە هەوێنی چەندین فیلم و کتێب.
سەبارەت بە مەرگی فریدا گومان زۆرە و هەندێک دەڵێن خۆی کوشتووە و هەندێکیش دەڵێن بە هۆی بەستنی خوێن لە دەمارەکانیدا تووشی جەڵتەی مێشک بووە. ئەم خانمە هونەرمەندە ساڵی 1954 لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە رووی ژیندا دادەخات.

 

 

سەرچاوە: biography

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved