8/5/2020 11:06 AM

سەید کامیل ئیمامی

شاعیری نیشتمانپەروەر سەید کامیل ئیمامی ناسراو بە ئاوات ساڵی 1903 لە گوندی زەنبیل سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیلە کە لە ڕێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوون.
ئەم شاعیرە لە ناو خوێندەواران و فەقێیاندا پەروەردە بووە. سەید کامیل لە لای زۆر مامۆستایانی ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خوێندویەتی و بۆ ماوەیەکیش لە لای مامی واتە حاجی بابەشێخ کە وەزیری کۆماری کوردستان بووە خوێندویەتی. ھەر لەو سەروبەندەدا وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر چالاکی ھەبووە، ساڵی 1946 لەسەر ھەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە گیراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی بۆکان و سەقز و ورمێ و مەھاباد دەستبەسەر بووە. سەید کامیل ئیمامی لەگەڵ زۆربەی شاعیر و ھونەرمەندی ئەو کاتە دۆستایەتی نزیکی بووە بۆ نموونە سوارە ئیلخانیزادە، ھەژار، هێمن و عەباس حەقیقی و ھەر وەھا لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد حەسەن زیرەک  پەیوەندییەکی نزیکی بووە. ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە لە ڕۆژی 27/7/1989 کۆچی دوایی کردووە . تەرمی سەید کامیل ئیمامی لە خانەقای زەنبیل، لە تەنیشت گڵکۆی شێخانی زەنبیلەوە نێژراوە و گڵکۆکەی لەگەڵ مەزاری شێخان چاودێری دەکرێت و جێگەی زیارەتی موریدان و گەشتیارانە.
ئەم شاعیرە دیوانەشیعرێکی لە پاش بەجێماوە. یەکێک لە شیعرە بەناوبەناگەکانی کە مامۆستا محەمەدی ماملێ کردوویەتی بە گۆرانی و پاشان مامۆستا ناسر رەزازی گوتوویەتیەوە ئەو شیعرەی خوارەوەیە.

من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە کەچی  *  ئەقڵ ئەڵێ، نا، قسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی
من دەڵێم نوختەیی ئەو رەوزەنی ئیمانە دەچم  *  ئەو دەڵێ، نا، رەشە، جێ راوگەیی شەیتانە نەچی
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم  *  ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچووە، وێرانە نەچی
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە دەچم  *  ئەو دەڵێ، نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی
من دەڵێم مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم  *  ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە نەچی
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم  * ئەو دەڵێ کون کونە جێگەی سەرە پەیکانە نەچی
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕما "کامیل"  * من دەڵێم جوانە بچم ئەو دەڵێ وا جوانە نەچی

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved