18/7/2020 04:28 PM

محەممەدسەعید نەجاڕی

محەممەدسەعید نەجاڕی ناسراو بە "ئاسۆ" شاعیرێکی ناسراوی ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئاسۆ ساڵی 1956 لە ئاوایی سارووقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە. لەم گوندە بۆ یەکەم جار بە هەولی برایم خان خوێندنگە کراوەتەوە و نراوەتە بەر خوێندن. لە شارەکانی سەقز و بۆکان درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی 2001 لە زانکۆی تەورێز بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبیات و وێژەی فارسی‌دا وەرگرتووە.ساڵی 1993 لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکاندا وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردرا. لە قوتابخانە و زانکۆکانی شاری بۆکان مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی بووە و پاشان خانەنشین کراوە. دواتر بانگھێشت کراوەتەوە بۆ وانە گوتنەوەی فارسی لە کولێژی پەرەستاریی شاری بۆکان.
ئاسۆ سەر بە بەرەی شاعیرانی پاش ھێمن و ھەژار و ھێدی و ئاواتە. ھونراوەکانی ئاسۆ زۆربەیان شێعری کلاسیک و لە سەر شێوازی غەزەلن. غەزەلەکانی تژین لە باس و خواسی دڵداری و خۆشەویستی و لە سەر زاران نەرم و ڕەوانن. ھەر وەھا باسی نیشتمانپەروەریشی ھاوپێچی غەزەلە عاشقانەکانی کردووە. ئاسۆ شێعری نوێشی نووسیوە، بەڵام زیاتر بەھۆی غەزەلەکانیەوە ناسراوە.

بەرهەمەکانی ئەم شاعیرە بریتن لە:
*دیوانی تەوژمی خەیاڵ
*دیوانی گەزیزە
*دیوانی پەیکی شادی
*دیوانی جومعەکان
*رۆمانی رێبوار
*شەرح و لێکدانەوەی شیعرەکانی میسباحودیوان
*شەرح و لێکدانەوەی شیعرەکانی وەفایی

 

خاک _ پشکۆ کامەرن




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved