خەلیل عەبدولڵا
د.پاكیزە رەفیق حیلمی كەسایەتییەكی دیاری روناكبیریو زانستی كوردستانەو لەرێی نوسینو پەروەردەوە خزمەتی زۆری كردووەو ناوی بەشانازییەوە لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستاندا تۆمار كراوە. رۆژی 4ی ئابی 1924 لەئەشكەوتی قازی ناوچەی سورداشی سەربەپارێزگای سلێمانی لەدایك بووە، بەهۆی ئەوەی ئەو كاتە مامۆستا رەفیق حیلمی باوكی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید لەشاخ لەتێكۆشاندا بوون لەدژی دەسەڵاتی ئینگلیزەكان. د.پاكیزە قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانیو بەغداو قاھیرە تەواو كردووە. ئەیلولی 1959 رۆڵی دیاری لەدامەزراندنی بەشی كوردی لەزانكۆی بەغدا هەبووەو هەر خۆی پرۆگرامی خوێندنی ئەو بەشەی لەوانەكانی زمانو ئەدەبی كوردیو مێژوو و جوگرافیا داناوە. دەوری زۆری هەبووە لەدامەزراندنی كۆڕی زانیاری كوردو ماوەیەك لەوێ خزمەتی كردووە. د.پاكیزە وەك ئەكادیمییەكی بەتوانا كە هەردوو نامەی ماستەرو دكتۆراكەی لەسەر مێژووی كوردن،خزمەتێكی زۆری بەخوێندكارانی كوردو نەتەوەكانی تر كردووەو سەرپەرشتی دەیان نامەی ماستەرو دكتۆرای كردووە. مامۆستایەكی زیرەكو بەتوانا بووەو زمانەكانی كوردیو فارسیو توركیو عەرەبیو ئینگلیزی بەباشی زانیوە. خاوەنی دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی زانستیو چەندان كتێبی بەنرخە لە دیارترینیان(یاداشتەكانی، دیوانی شیعرەكانیو هەردوو نامەی ماستەرو دكتۆراكەی كەلەسەر مێژووی كوردن). ئەم كەسایەتییە زانستیو روناكبیرەی كوردستان لە 12ی ئابی 2003 بۆ یەكجاری ماڵئاوایی كردو چووە ریزی نەمرانی كوردستانەوە. درودی رێزو وەفا بۆ گیانی پاكی دكتۆر پاكیزەی ئەكادیمیو روناكبیری دڵسۆز.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure