د.شێركۆ میرزا مه‌نگوڕی
بۆته پیشه‌ی كورده‌واری زلله‌ت و ئازار و غه‌م شێری ئیش تێكدانی ناوخۆ ڕێوی ده‌ست تورك و عه‌جه‌م نابێ له‌م پێسته بگۆڕێن هه‌ر ئه‌بێ تاكو عه‌ده‌م وابزانم كفره لای كورد سه‌ربه‌خۆیی تاج و عه‌له‌م مه‌نگوڕی ..دیوانی جیهانێكی ئازاد .. (1949) به‌ر له(48) ساڵ میرزا مه‌نگوڕی له‌پێشه‌كی كتێبی چیرۆكی (میهراكۆ) كه له‌ساڵی (1971) له‌چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین له‌سلێمانی چاپیكردووه، ده‌نوسێت: (ته‌نیا له‌دانانی كتێبه‌كان مه‌سئول بوم، ئێوه‌ش له‌بڵاوكردنه‌وه‌و چاپكردنیان مه‌سئولن). له‌ڕاستیشدا ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی مه‌نگوڕی هاته دی، به‌درێژایی (20) ساڵی ڕابردوو به‌شی زۆری به‌رهه‌مه شیعری‌و مێژوویه‌كانی بڵاوكرانه‌وه، له‌ژیانی خۆیدا مه‌نگوڕی له‌دوو وێستگه توانی چه‌ند به‌رهه‌مێكی چاپ بكات، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ڕووبه‌ڕووی گرتن‌و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كتێبه‌كانی بووه‌وه، یه‌كه‌میان كتێبی (هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن-1938) كه له‌ته‌مه‌نی (28) ساڵیدا نووسیویه‌تی، ئه‌وكات له‌سلێمانی له‌گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی نیشته‌جێ بوو، دوای ئه‌و كتێبه به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌كۆماری كوردستان، تاساڵی (1971) جارێكی‌تر بوار ڕه‌خسا به‌هۆی پشتیوانی به‌ڕێزان (حه‌سۆی میرخان فه‌رمانده‌ی هێزی كاوه، سه‌ید قادر محمد سعید، عه‌لی شه‌عبان فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی بێتواته، له به‌رنامه‌شیدابوو به‌پاره‌ی فرۆشتنی كتێبه‌كانی دیوانه شعریه‌كانی بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراو نه‌بوو، به‌هۆی كتێبی (گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ) ڕووبه‌ڕووی خۆپیشاندانی پیاوانی ئاینی‌و خه‌ڵكانێك كه هیچ یه‌ك له‌كتێبه‌كانی مه‌نگوڕیان نه‌خوێندبۆوه، به‌هۆی هاندانی چه‌ند مه‌لایه‌ك زیاتر له (1500) كه‌س به‌په‌تی سێداره‌وه په‌لاماری ماڵی مه‌نگوڕیان دا له‌ڕانیه. فه‌توای كوشتنی مه‌نگوڕی ده‌رچوو، له‌سه‌رئه‌وه‌ی كوفری كردوه‌و قسه‌ی له‌گه‌ڵ خودا كردووه، له‌شه‌وی میعراجیش ئه‌و چیرۆكه‌ی نووسیوه، پاش نزیكه‌ی چوار سه‌عات له‌به‌رد باران كردنی ماڵی مه‌نگوڕی‌و شكاندنی ده‌رگاو په‌نجه‌ره، چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی ڕانیه له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه (شێخ مسته‌فای باقلان) و قائیمقام، مدیری پۆلیس كه‌وتنه نێوان مه‌نگوڕی‌و خۆپیشانده‌ران، ده‌مڕاستی خۆپیشانده‌ران كه مه‌لا(......) بوو، داواكاری خۆپیشانده‌ران‌و پیاوانی ئاینی خوێنده‌وه كه له چه‌ند خاڵێك پێكهاتبوو: 1- میرزا مه‌نگوڕی شه‌ش مانگ نوێژی ئیجاری بكات. 2- شه‌هاده‌و ئیمانێكی به‌حه‌ق بێنێت. 3- تۆبه‌یه‌كی نه‌سوحی بكات. 4- جارێكی تر شتی ته‌قه‌دومی نه‌نوسێت. 5- كتێبی گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ بسووتێنێت. 6- له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا په‌شیمانی ده‌رببڕێت. 7- هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مه بڵاونه‌كراوانه‌ی كه هه‌یه‌تی بدرێن به‌لیژنه‌یه‌ك بۆ لابردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه كوفرن. له‌به‌رامبه‌ردا مه‌نگوڕی وه‌ڵامی دانه‌وه‌و وتی سه‌ریشم بپه‌ڕێنن له‌قسه‌كانی خۆم په‌شیمان نیم، فه‌رموون ئێوه‌ش به‌نووسین وه‌ڵامم بده‌نه‌وه، كه خۆپیشانده‌ران ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مه‌نگوڕیان بینی، هێرش‌و په‌لاماری زیاتر بۆ سه‌ر خانه‌واده‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد، دوجار به‌بیانووی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی مه‌نگوڕی بڕیاردرا بگوازرێته‌وه بۆ سه‌رای ڕانیه، كه خانووه‌كه‌یان له‌به‌رامبه‌ر سه‌رابوو، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجبو‌و، ئازایه‌تی مه‌نگوڕی بوو له‌وساته‌دا، كه په‌تی سێداره‌ی بۆ هه‌ڵواسراو منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی ژیانیان كه‌وتبووه مه‌ترسیه‌وه كه پێكهاتبوون له: (رابعه خێزانی ئه‌حمه‌د، توران، پاكستان، كوردستان، شنۆ، بتوێن، ئێران، ئاكۆ، شێركۆ، گوڵستان، لاجان). هه‌ر له‌وكاته‌دا مه‌لا(......) كه سه‌رقافڵه‌ی خۆپیشانده‌ران بوو، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ڕق‌و كینه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌رامبه‌ر مه‌نگوڕی زیاد بكات‌و نه‌هێڵێت ڕزگاری ببێت، به‌ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌كرد: (هۆ خه‌ڵكینه ئێوه واز له‌گه‌شتی مه‌ریخ بهێنن، وه‌رن چیرۆكی زێڕینای ئامێدی) بخوێننه‌وه بزانه ئه‌و كچه‌تیوه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ سوپای موسڵمانان كردوه، ئه‌وه كوفری گه‌وره‌یه. به‌هه‌رحاڵ مه‌نگوڕی خرایه ناو سه‌راو ورده ورده، خۆپیشانده‌رانیش به‌ره‌و چۆڵكردنی ناوچه‌كه ده‌ڕۆیشتن، بۆ ڕۆژی دواتر به‌هه‌مانشێوه خۆپیشانده‌ران هاتنه‌وه به‌رده‌م سه‌راو داوای به‌ده‌سته‌وه‌دانی مه‌نگوڕیان ده‌كرد، تاوه‌كو پاش نیوه‌ڕۆ به‌هه‌ر جۆرێك بوو گواسترایه‌وه بۆ سلێمانی، له‌دوای سه‌ردانی پارێزگار (علی عبدالله)، بڕیاردرا نقڵی شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه بكرێت، ته‌نانه‌ت فشاری مه‌لاكان گه‌یشتبووه سلێمانی و له‌سه‌ر دیواری مزگه‌وتی گه‌وره لافیته هه‌ڵواسرابوو كه تێدا نوسرابوو: (دوژمنی دینه‌كه‌ت بناسه مه‌نگوڕی). فه‌رمانی گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی میرزا مه‌نگوڕی بۆ شاره‌وانی ته‌وێڵه ده‌رچوو، مه‌نگوڕی‌و خێزانه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی چوارساڵ له‌نێو دۆستان‌و ئازیزان و خزمانی هه‌ورامان مانه‌وه، ڕۆژگارێكی پڕ له‌خۆشی‌و چالاكی هونه‌ری‌و شانۆیی به‌ڕێكرد (1971-1975)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی بوو، له‌كاتی گه‌یشتنی مه‌نگوڕی بۆ ته‌وێڵه، مه‌لا(......) كه ئه‌وكات مه‌لایه‌كی ناودارو ده‌ستڕۆیشتوی ناوچه‌ی هه‌ورامان‌و هه‌ڵه‌بجه‌بوو، داوای كرد كه (مه‌نگوڕی ته‌وێڵه چۆڵ بكات، چونكه گڵاوی ده‌كات)، به‌ڵام به‌هه‌وڵی ڕۆشنبیران‌و خه‌ڵكی ته‌وێڵه، به‌تایبه‌تی فه‌رمانده‌ی خوالێخۆشبوو (فه‌تاح ئاغا) به‌گژ ئه‌و مه‌لایه‌دا چوونه‌وه‌و وه‌ڵامیان دایه‌وه كه مه‌نگوڕی له‌سایه‌ی خه‌ڵكی هه‌وراماندا ده‌ژی‌و كه‌س بۆی نییه ژیانی لێ ته‌نگه‌تاو بكات. له‌دوای ئه‌و ڕوداوه‌وه ئیتر پرۆژه‌ی چاپكردنی كتێبه‌كانی كه‌وته ڕۆژگارێكی تاریك و ئاسۆیه‌ك نه‌بوو كه ببێته مایه‌ی خۆشحاڵی، ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه ناوبه‌ناو له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری) شیعری بڵاوده‌كرده‌وه، ته‌مه‌نیش زه‌فه‌ری پێ هێنابوو، ئه‌و سه‌ركێشی‌و حه‌وسه‌ڵه‌یه‌ی جارانی نه‌مابوو، بۆیه تا له‌ژیاندامابوو، هیچ به‌رهه‌مێكی تری چاپ نه‌كردو له (12/1/1988) ماڵئاوایی له‌ژیان كرد‌و له‌گردی سه‌یوان به‌خاك سپێردرا، تاوه‌كو (19/6/1992) به‌هه‌وڵی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد لقی سلێمانی و مامۆستایانی به‌ڕێز (ڕه‌ئوف بێگه‌رد، كه‌ریم زه‌ند) دووباره ته‌رمه‌كه‌ی گواسترایه‌وه بۆ گۆڕمریه‌م. ڕۆشنبیران‌و نووسه‌رانی ڕانیه‌و پشده‌ر به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ڕۆڵی به‌رچاوی (نیازی حمه عزیز‌و حاكم كمال‌و كاك عه‌لی) دیار بوو له‌به‌دیهێنانی ئه‌و وه‌سیه‌ته‌داو گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ گۆڕمریه‌م له‌چیای كێوه‌ڕه‌شی ڕانیه، له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پێشمه‌رگه‌ی ئازا‌و دێرین (كاك عوسمان بچكۆل) له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ك له‌پێشمه‌رگه دلێره‌كانی‌و حاكم كه‌مال و به‌نده به‌هاوكاری ڕێكخراوی (میدیكۆ)، به‌ئامێری پشكنینی لوغمی ژێر زه‌وی، به‌درێژایی ڕۆژێكی مانگی مایس هه‌موو ئه‌و ناوچانه پشكنینی بۆ كرا كه گۆڕه‌كه‌ی مه‌نگوڕی له‌خۆ ده‌گرێت، توانرا له‌نزیك گۆڕه‌كه‌ی (24) لوغم هه‌ڵبگیرێته‌وه، پاش دڵنیابوون بۆ ڕۆژێكیتر له‌گه‌ڵ دوو كرێكاری ئازا (عه‌باس‌و عبدالله) بۆ جاری دووه‌م به‌سه‌ر چیای كێوه‌ڕه‌شدا سه‌ركه‌وتین، قه‌بری مه‌نگوڕیمان له‌سه‌ر ئه‌و چیا سه‌خته به‌ماندوبونێكی زۆر هه‌ڵكه‌ند، دواتر خه‌ڵكی قاره‌مان‌و دڵسۆزی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین (گردجان، چوارقوڕنه، حاجیاوا، ڕانیه، قه‌ڵادزێ) و نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسیه‌كان پێشوازی له‌ته‌رمه‌كه‌ی كرا‌و له‌نێو ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ردا، (شێواو)ی شاعیر به‌هه‌ڵبه‌ستێك پێشوازی كرد‌و و وتی: ئه‌وا هاته‌وه ته‌رمی پیرۆزی خۆی كردبوو قوربان، له‌پێناو هۆزی گۆڕمریه‌م، میرزا وا میوانته قه‌دری زۆر بگره ده‌ست له‌ملانته.. دواتریش له‌باخچه‌ی گشتی ڕانیه ڕێوڕه‌سمی خوێندنه‌وه‌ی وتاری نوسه‌رانی سلێمانی‌و ڕانیه‌و قه‌ڵادزێ خوێنرایه‌وه، له‌سه‌ره‌تا مامۆستا ڕه‌ئوف بێگه‌رد وتاری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد لقی سلێمانی خوێنده‌وه كه تا ئێستا ئه‌و وتاره پارێزراوه‌و تێیدا هاتبوو: مامۆستا میرزا مه‌نگوڕی یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ سه‌رده‌می خۆی ناتوانین ناوی ئاسایی لێ بنێین، چونكه به ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نامۆ بووه‌و هه‌ر ئه‌وه‌یش تۆوی سه‌رپێچی‌و یاخی بوونی تێدا ڕواندووه، مامۆستا نه‌پیاوێكی ده‌سته‌مۆ‌و نه ملكه‌چی واقیع بووه، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر له‌ڕوانگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه، به‌ڵكو وه‌ك پراكتیكی ژیانیشی سه‌لماندویه‌تی كه مرۆڤێكی هۆشیارو دوور له‌خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان بووه. هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا ئیسماعیل ڕاجی، جه‌مال كۆیی، نیازی حمه عزیز، به‌كر پشده‌ری، كه‌ریم زه‌ند، ئاراس قادر، ئه‌حمەد مه‌نگوڕی وتار‌و شیعریان خوێنده‌وه. گه‌شت بۆ شاره‌كانی كوردستان و به‌غدا مه‌نگوڕی (14) جار له‌ژیانیدا ئاواره بووه، له‌ته‌مه‌نی (28) ساڵی هاته سلێمانی، وه‌ك فه‌رمانبه‌ری میری له‌كه‌رتی (پۆلیس) دامه‌زرا، پاشان له‌ساڵی (1938) له‌زیندان ئازاد بوو، ماوه‌ی سێ مانگ له‌قه‌زای چوارتا له‌بناویله نیشه‌جێ بوو، پاشان چووه مه‌هاباد ماوه‌ی سێ ساڵ (1946-1949) جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه سلێمانی (1950 تا 1952) به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی فه‌رمانبه‌ری گواسترایه‌وه بۆ ڕانیه‌و له‌وێش (19) ساڵ مایه‌وه تا ساڵی 1971 دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانی به‌رامبه‌ركرا، گواسترایه‌وه بۆ شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه، له‌وێش (4) ساڵ مایه‌وه تا هه‌ره‌سی شۆڕش چووه ئۆردوگاكانی ئێران (سه‌ریاس‌و ئه‌نزل) پاشان كرماشان‌و سنه، دواتر له‌ساڵی 1975 گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌هه‌ریه‌ك له‌و شار‌و شارۆچكانه‌ی تێیدا ژیاوه هه‌میشه هه‌وڵی داوه له‌نێو ئازار‌و خه‌ون و ئومێده‌كانی خه‌ڵكیدا بژی به‌هه‌موو توانایه‌وه خزمه‌تی كردوون، هه‌ر بۆ نموونه له ته‌وێڵه سه‌ره‌تای هه‌موو وه‌رزێكی به‌هار نمایشی شانۆگه‌ری (كاوه‌ی ئاسنگه‌ری) كردووه، یه‌كێك له قه‌سیده‌كانی به‌م جۆره باسی له‌جوانی‌و میواندۆستی خه‌ڵكی هه‌ورامان به‌گشتی ده‌كات كه له 16/8/1971دا نوسیویه‌تی: ته‌وێڵه بوكی هه‌ورامان له‌پێنج هه‌زار دانیشتووی شار تێپه‌ڕئه‌كات به‌پێی ئه‌ژمار زۆربه‌ی خه‌ڵكی صه‌نعه‌تكاره كڵاش زۆر باوه له‌م شاره دیموكراتی لێره باوه ڕانیه كه ماوه‌ی (19) ساڵ تێیدا ژیاوه زیاد له (10) شیعری بۆ جوانی‌و قاره‌مانیه‌تی خه‌ڵكی پشده‌رو بتوێن نووسیوه، ئه‌گه‌رچی ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆری بینی له‌ڕانیه، به‌ڵام بۆ ساتێكیش خۆشه‌ویستی ڕانیه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌دڵدا له‌ق نه‌بوو، به‌جۆرێك ڕانیه به‌لایه‌وه جێگای بایه‌خ‌و گرنگی بوو، وه‌سیه‌تی كرد كه ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕمه‌ریەم له‌سه‌ر شاخی كێوه‌ڕه‌ش بنێژرێت، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه‌ی له‌به‌رزیه‌وه ڕانیه‌و جوانی ده‌شتی بتوێن ببینێت: ئه‌م قه‌زایه نائیبێكی موخڵیصی كوردی ئه‌وێ تێگه‌یشتوو چاوكراوه شاره‌زاو وردی ئه‌وێ دوژمنی كۆنه‌په‌رستی لاوی خۆكردی ئه‌وێ لاوی ئازای دابه‌ستی ئاو و زه‌وی و هه‌ردی ئه‌وێ ئه‌م قه‌زایه زۆر ده‌مێكه بێ كه‌س و پاشكه‌وتووه داروبه‌ردی ئه‌م قه‌زایه به‌ر شه‌قی زۆر كه‌وتووه 24/5/1954 كێشه‌ی گه‌وره‌ی به‌رده‌م مه‌نگوڕی یه‌كه‌م، نه‌بونی پلانێكی ئه‌ده‌بی‌و دووه‌م، ده‌ربڕینی بیر‌و بۆ چوونه‌كانی كه دژ به‌ده‌سه‌ڵاتی میری و ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گ و مه‌لا‌و سێیه‌میش، په‌ل هاویشتنی بۆ زیاد له ژانرێكی ئه‌ده‌بی، به‌و مانایه‌ی كه خۆی له‌سه‌ر بوار و ژانرێكی ئه‌ده‌بی ساغ نه‌كردۆته‌وه، له‌كوێ (26) به‌رهه‌می شه‌شیانی ته‌رخان كردووه بۆ بیره‌وه‌ری‌و مێژووی كورد‌و كۆماری مهاباد‌و شێخ محمود‌و شۆڕشه‌كه‌ی، تۆماره مێژووییه‌كانیشی وه‌ك مێژوونوسێك تاڕاده‌یه‌كی زۆر ڕێبازی بێلایه‌نی‌و هاوسه‌نگی ڕووداو و كه‌سایه‌تیه‌كانی وه‌رگرتووه، واته لایه‌نی باشی‌و خراپی گه‌وره‌و بچوك، فه‌رامۆش نه‌كردنی ڕاستییه‌كان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی خۆشی بێت. بێگومان نووسه‌ر یان مێژوونووس ده‌بێت كۆمه‌ڵه كه‌ره‌سته‌یه‌كی زانستی له‌میتۆدی نووسین په‌یڕه‌وبكات، له‌سه‌روو هه‌موشیانه‌وه وتنی ڕاستی‌و هه‌روه‌ها به‌ئاگایی له‌و ڕووداو و پرسانه‌ی ده‌بنه هه‌وێنی نووسین، وێڕای ده‌ربڕین‌و داڕشتنێك كه زوو بگاته خوێنه‌ر، به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنت بخاته سه‌ر ئه‌و حوكمه‌ی كه نووسه‌ر له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداو و كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ده‌یخاته ڕوو، دواجاریش چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی مێژوویی. دیاره به‌شێكی زۆری مێژوونووسانی كورد له (100) ساڵی ڕابردوودا، ته‌نها میتۆدێك كه كاریان له‌سه‌ر كردووه میتۆدی وه‌سفی بووه، ئه‌و میتۆده‌ش ئه‌وه ده‌خوازێت كه هه‌ر ڕووداوێك یان پرسێك كه له‌سه‌ری ده‌نووسرێت ده‌بێت ئاماژه به‌و سه‌رچاوه‌یه بكه‌یت كه ئه‌و زانیاریه‌ی لێوه‌رگیراوه، تاچه‌ندیش ئه‌و زانیارانه (ئیقتیباس) كراون، له‌به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه مێژوویه‌كان، به ئێستاشه‌وه كه‌مترین ئاماژه به‌سه‌رچاوه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بشكرێت ئه‌وه ته‌نها ناوی نووسه‌ره‌كه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی نووسراوه، به‌بێ ئاماژه‌كردن بۆ ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌و چه‌ندیشی له‌و زانیارانه وه‌رگرتووه، شوێنی چاپ‌و ژماره‌ی چاپ، جگه له‌خاڵبه‌ندی، ئه‌مانه هه‌مووی مه‌رجی زانستین‌و میتۆدی وه‌سفی ده‌یخوازێت. میتۆدێكی تر (وه‌سفی) شیكاری ناوه‌رۆك و به‌كاربردنی ئاماره، كه دیاره مێژوونووسانی پێشوو كه‌متر په‌یان به‌م میتۆده بردووه. لێره‌وه ده‌پرسین كه ئاخۆ مه‌نگوڕی چه‌ند له‌و میتۆد‌و ڕێبازانه‌ی به‌كارهێناوه‌و چۆنیش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون؟ ئه‌وه‌ی مه‌نگوڕی له مێژوونووسانی دیكه جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه خودی نووسه‌ر به‌شدارو شاهیدی ناو ڕووداوه‌كان بووه، نزیك بووه له‌بڕیاربه‌ده‌ستان‌و زانیاری ده‌سكه‌وتووه، بۆ نموونه له‌كتێبی (كۆماری مه‌هاباد) له‌ستادی له‌شكرو سكرتێری فه‌رمانده حه‌مه ڕه‌شید خان بووه، هه‌روه‌ك نووسه‌رو مێژوونووسی ناوداری كورد (محمود مه‌لا عیزه‌ت) له‌كتێبی (دۆكیۆمێنته‌كانی كۆماری مه‌هاباد) ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی خستۆته ڕوو كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و نوسراوانه‌ی كه له‌فه‌رمانده‌یی هێزی بۆكان‌و سنه ده‌رچوون به‌قه‌ڵه‌م‌و داڕشتنی مه‌نگوڕی نووسراون. وێڕای ئه‌وه‌ش خودی نووسه‌ر ڕه‌خنه له هه‌ڵوێست‌و بیر‌و بۆچوونه‌كانی خۆیشی ده‌گرێت، نه‌ك خۆی بكات به پاڵه‌وان‌و قاره‌مانی ڕووداوه‌كان، لایه‌ن‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی دیكه‌ش فه‌رامۆش بكات. بۆ نموونه كه فه‌رمانده‌یه‌كی وه‌ك جه‌نراڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خان له‌گێڕانه‌وه‌كانی مه‌نگوڕی پانتایه‌كی فراوانی هه‌یه ڕۆڵی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ‌و بێلایه‌نانه به‌رجه‌سته كردووه، به‌ده‌رله‌وه‌ی كه چه‌نده له‌خودی نووسه‌ره‌وه نزیك بووه، فه‌رمان‌و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و فه‌رمانده ناوداره‌ی كوردی خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌مان میتۆد ڕووداو و كه‌سایه‌تیه‌كانی دیكه‌ی خستۆته‌ڕوو، له‌هه‌مانكاتیشدا زمانی ڕه‌خنه‌ی به‌جۆرێك به‌كارهێناوه كه دووربێت له‌هه‌موو (تانه‌و ته‌شه‌رو شكاندن‌و جنێودان)ێك، به‌چاوی مێژوونووسێكی ورد‌و به‌ئاگا ڕووداوه‌كانی تۆماركردووه، ڕه‌نگه هه‌ندێك جاریش له‌نووسینی مێژووی ڕووداوێك هه‌ڵه‌یه‌ك ڕوویدابێت كه ئه‌مه‌ش نابێته كه‌مكردنه‌وه‌ی زمانی باڵای مه‌نگوڕی له‌نووسینه‌وه‌ی مێژوودا. ململانێ له‌گه‌ڵ ژیاندا له‌سۆنگه‌ی ئه‌م پێشه‌كییه‌دا سه‌رباری ئه‌م هه‌موو كتێب و به‌رهه‌مه شیعری و مێژوویی و چیرۆكه، بۆچی مه‌نگوڕی وه‌ك شاعیرانی دیكه ناسراو نییه له‌كاتێكدا یه‌ك دیوانی شیعریان هه‌یه؟ یان شیعره‌كانیان خراونه‌ته پرۆگرامی خوێندنه‌وه؟ ئه‌مه له‌كاتێكدا مه‌نگوڕی چوار دیوانی شیعری هه‌یه كه ته‌نیا دیوانی ده‌ستووری ژیان (7) هه‌زار چوارینه‌یه له دووتوێی (1300) لاپه‌ڕه‌دا ساڵی (2009) چاپكراوه، دیوانی جیهانێكی ئازاد كه (717) لاپه‌ڕه‌یه‌و له‌ساڵی (2008) چاپكراوه، دیوانی به‌هه‌شتی دڵداری (517) لاپه‌ڕه‌یه، جگه له دیوانی جیهانێكی به پێكه‌نین كه (214) لاپه‌ڕه‌یه‌و ساڵی (2008) بڵاوكراوه‌ته‌وه، وێڕای چه‌ند به‌رهه‌مێكی تریش كه كۆی لاپه‌ڕه‌كانی ده‌گاته زیاتر له (6) هه‌زار لاپه‌ڕه. دیاره ئه‌و پرسیاره نه یه‌كه‌مجاره ده‌كرێت و نه دواجاریش ده‌بێت، وه‌ڵامه‌كه‌شی زۆر هۆكار له‌خۆده‌گرێت، كه هیوادارم له‌م پێشه‌كیه‌دا به‌شێك له‌و وه‌ڵامه به‌رده‌ستبخه‌ین، به‌تایبه‌تیش له‌م پارچه شیعره‌دا زۆر لایه‌نی ژیانی خۆی خستۆته‌ڕوو: له‌ڕۆژێكا ئه‌ژیم ڕاستی به‌ڕاستی پولێ ناهێنێ شه‌رم خووی باش ئه‌وه ئیمڕۆ شتێكه پیاو ئه‌سووتێنێ به‌كۆڵێ دانش و باری هونه‌ر تۆ بچیه ناو مه‌ردوم ئومێدت وانه‌بێ به‌م چاكه‌وه هیچ چاكی بنوێنێ به‌من باوه‌ڕ بكه له‌م كاته زانا پولێ ناهێنێ به‌بێ پشت و په‌نا له‌م ساته ته‌نیا گزگلێ دێنێ ئه‌وه‌ی پاره‌ی هه‌بێ چه‌شنی برووسكه ئیشه‌كه‌ی ئه‌ڕوا ئه‌وه‌ی لاتیشه وا كه‌وتوه هه‌تا برای خۆشی نایدوێنێ. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌م شیعره كه ساڵی (1949) نووسراوه، واته (70) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ ئێستاش گونجاوه‌و هه‌مان ڕه‌وش باڵی به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ژیانماندا كێشاوه. هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی له ده‌ورانی حوكمی پادشایه‌تی له‌عیراقدا و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رچاو سانسۆر بوونی هه‌بوو، ئازادی ڕاده‌ربڕین كۆت و پێوه‌ند كرابوو، به‌ربه‌ره‌كانی دژایه‌تی هه‌موو بیرێكی پێشكه‌وتنخوازی و چه‌پگه‌رایی، وێڕای ترسی ده‌سه‌ڵاتداران له‌مه‌ڕ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییه مه‌ده‌نیه‌كان و پرسی دیموكراسی و علمانیه‌ت و مافی گه‌لان و ئه‌و ته‌وژمه فكری و فه‌لسه‌فیانه‌ی كه به‌مه‌ترسی داده‌نران له‌سه‌ر ته‌ختی پادشایه‌تی، هه‌روه‌ها ڕه‌وشی سیاسیی له‌عیراق و كوردستانی باشوور كه له هه‌لومه‌رجێكی ئاڵۆزدابوون، شۆڕشه‌كانی شێخی نه‌مر و ڕاپه‌ڕینی (1930)ی به‌ر ده‌ركی سه‌رای سلێمانی و باڵاده‌ستی ئینگلیز‌و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی په‌رتكه‌و زاڵ به‌و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانی 1936 و 1937 دژ به‌حكومه‌ت و به‌شداری كورد له‌و ڕووداوانه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌كر سدقی له‌ساڵی 1937 و سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ كورد‌و كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی نوێ به‌و مه‌به‌سته‌ی ئه‌ڵمانیا ئاواتی كورد له سه‌ربه‌خۆیی ده‌هێنێته‌دی، سیمای ئه‌و ڕۆژگاره بوون، هه‌روه‌ها به‌شداری كارای سیاسه‌تمه‌دارانی كورد له وێنه‌ی (تۆفیق قه‌زاز و مه‌حمود جه‌وده‌ت و تۆفیق وه‌هبی و حه‌مەئاغا و ئاوڕه‌حمان ئاغا و ئه‌مین ڕواندزی) و چه‌ندانی تر له‌نێو بۆته‌ی سیاسه‌تدا له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ ته‌ره‌ف عیراق و ئینگلیز و ئه‌ڵمانیا له‌كاردابوون بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كورد، له‌لایه‌كی تریشدا شه‌ڕی عه‌شایه‌ری پشده‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا له‌ساڵی (1938) ئا له‌و هه‌لومه‌رجه سیاسییه دژواره‌دا مه‌نگوڕی ته‌مه‌ن (28) ساڵ كتێبی (هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن) له‌چاپخانه‌ی شاره‌وانی سلێمانی چاپ ده‌كات، چه‌ند ڕۆژێك دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی، میری ده‌موده‌ست مه‌نگوڕی ده‌خاته نێو زیندان و بۆماوه‌ی شه‌ش مانگ زیندانی ده‌كات و یه‌ك ساڵ چاودێری و سوتاندنی كتێبه‌كه‌ی و دواتریش ده‌ركرانی له‌وه‌زیفه، بڕوانه دیوانی جیهانێكی ئازاد قه‌سیده‌ی (ته‌صویری مه‌حكه‌مه‌كردنم) به‌رهه‌مه‌كه‌ی مه‌نگوڕی زاده‌ی ئه‌و دۆخه دژواره سیاسییه بوو، كه به‌تێڕوانینی خۆی توانیویه‌تی ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كورد‌و به‌شداریكردنی له‌و فه‌زا سیاسییه‌ی كه دواجار به‌قازانج بۆ كورد نه‌شكایه‌وه. نیاز‌و خه‌ونی ئه‌وه بوو كه به تێڕوانینه نوێكانی سه‌رده‌م له بۆته‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاویدا مشتومڕێكی سیاسیی بهێنێته‌دی، به‌ڵام مه‌خابن له‌ودیو ده‌رگا ئاسنینه‌كانی زیندان خۆی دۆزیه‌وه. ڕوانگه‌و بیروبۆچونه‌كان و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش درێژكراوه‌ی ئه‌و زه‌مینه ڕووناكبیریه بوون كه سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ی ته‌نی بوو، له‌كاتێكدا نه ناوه‌ندی ئه‌كادیمی نه زانكۆ و سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه بوونی نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا دونیابینی و ڕاڤه‌كردنی ته‌یاره فیكری و فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بیه‌كان له‌كایه‌ی ڕۆشنبیری كوردی پانتاییه‌كی هه‌بووه‌و هه‌نگاوێكی هاوچه‌رخانه‌و بوێرانه بووه، مه‌نگوڕیش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه (ڕه‌خنه له واقیعی چینایه‌تی ناو كۆمه‌ڵگا، له‌واقیعی پیاوسالاری ده‌گرێت و پێگه‌ی خراپی ژنان و ماف و ئازادی ژنانی خۆرئاوایی به‌نمونه‌ی ڕاست و سه‌ركه‌وتوو داده‌نێت له‌ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگا له‌بیروباوه‌ڕی خورافیات ئاگاداربكاته‌وه كه ڕێگرن له دنیابینی تازه‌و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا. مه‌نگوڕی له‌م كتێبه‌یدا پێمان ده‌ڵێت كه شاڕێی دروستكردنی كۆمه‌ڵگای تازه‌و مۆدێرن، په‌روه‌رده‌یه‌كی ئه‌قڵانی و زانستیه ئه‌مه‌ش ڕوونادات ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا كۆی تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا ده‌ستكاری...، (جه‌مال حسێن، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن، 2017) تایبه‌تمه‌ندیه‌كیتری مه‌نگوڕی خۆی ده‌دۆزێته‌وه له‌ڕاڤه‌كردنی پرسه ئاڵۆزه‌كانی مرۆڤ كه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه پرسی نوێ بوون و كه‌مترین نووسینیان له‌باره‌وه نووسرابوو، وه‌ك: ئازادی، ڕۆڵی ژن و مافه مه‌ده‌نییه‌كان، دیموكراسی و بیری نه‌ته‌وایه‌تی، زمان و دین و ئه‌خلاق، یه‌كسانی و ویژدان و لادان له‌خورافات و دواكه‌وتوویی، پرسیاركردن له‌باره‌ی ئایین كه تاچه‌ند كورد سوودی لێوه‌رگرتووه؟ هه‌روه‌ها پرسیاری كه ئایا ده‌بێت نێوان مرۆڤ و خودا چۆن بێت؟ ڕۆڵی تاك له‌كۆمه‌ڵگاداو گه‌یاندنی به‌و ئاسته‌ی كه هیچ شتێك له خۆی به گه‌وره‌تر نه‌زانێت. ڕوانگه‌ی مه‌نگوڕی بۆ تێگه‌یشتنی له‌تیۆری لیبرالیزم، كه ئه‌وپه‌ڕی ئازادی به‌مرۆڤ ده‌دات و جه‌وهه‌ری ئه‌و تیۆره‌ش مرۆڤه، به‌پێچه‌وانه‌ی تیۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات و سۆسیالیستی كه كۆمه‌ڵگا جه‌وهه‌ری گۆڕانكاریه‌كانه، داخوازیه‌كانی لیبرالیزم له‌ئازادی ڕه‌هاو نه‌هێشتنی سانسۆر به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی (لێگه‌ڕێ بابڕوا، لێگه‌ڕێ با كاربكات) بواری ئابووریش به ئازادانه بۆ مرۆڤ مه‌یسه‌ر ده‌كات كه هه‌ر كه‌سه‌و به‌پێی توانا‌و كاركردنی سه‌رمایه پێكه‌وه بنێ، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك هه‌بێت ڕێگری لێبكات، مافی ژن یه‌كێكیتر بوو له‌تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی لیبرالیزم بواری كاركردن و یه‌كسانی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی نێرداو مافی هه‌ڵبژاردن و گه‌یشتن به‌پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌ی مایه سه‌رنجه كۆی ئه‌و باسانه ئێستاش كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تێیدا ده‌ژی (ئه‌مه‌ش به‌شێكی سه‌ره‌كی گوتاری ڕووناكبیری كوردییه له‌سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌وه‌ی مه‌نگوڕی ده‌یڵێت به‌شێكی دانه‌بڕاوه له گوتار‌و ڕه‌خنه‌ی ڕووناكبیران له‌مڕۆدا... (جه‌مال حسێن، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن، 2017.) به‌دیوێكی تردا كاریگه‌ری كتێبی هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن، ژیان و گوزه‌رانی خسته دژوارترین دۆخ، هه‌رچییه‌ك كه له‌ماڵی دونیا هه‌یبوو له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی دانا، ئه‌وه‌ی زیاتریش نیگه‌رانی كردبوو هه‌ڵوێستی هاوڕێ و سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكات بوو كه به چاوی ڕق و شكاندن ڕوویان لێناوه، وه‌ك خۆی له كتێبی (به‌سه‌رهاتی مه‌نگوڕی) باسی ده‌كات كه به چاوی (ئیحتیقاره‌وه) ته‌ماشایان كردووه، وێنای ژیانی ئه‌و ڕۆژگاره‌شی به‌مشێوه‌یه خستۆته چوارچێوه‌ی شیعرێكیه‌وه: عیلله‌تی ده‌ردی هه‌ژاری كار له ئینسان تێك ئه‌دا هێزی پێویستی به‌بێ شك مه‌ردو نامه‌رد لێك ئه‌دا ده‌ردی برسی شه‌ق له سه‌د ته‌گبیرو ڕێگای ڕێك ئه‌دا دڵ به‌كاری بێ شه‌رافه‌ت مه‌ی كده‌ی بێ پێك ئه‌دا *** تا فه‌له‌ك هه‌روا به‌ره‌و چه‌وتی بژی هیوات نه‌بێ پیاوی پیاو و زیره‌ك و ڕاستی ئه‌به‌د ناوی ببێ ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆ به‌ژیریان تێئه‌گه‌ی لات وانه‌بێ مافی خۆیانه به ئیستیحقاقه وا ناویان ئه‌بێ دوای تێپه‌ڕبوونی (8) ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه له‌بری ئه‌وه‌ی كۆڵبدات و ئازاره‌كانی زیندان ده‌سته‌مۆی بكات، ڕێی خه‌باتی پێشمه‌رگانه ده‌گرێته‌به‌رو ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنێت كه ده‌بێت نوسه‌ر ڕه‌فزی ژیانی باو بكات و گیانی یاخیبون بكاته ڕێگانیشانده‌ری، قوربانیدان له‌پێناو ڕاستی گوتن و كۆڵنه‌دان له‌به‌رامبه‌ر وه‌یشومه‌كانی ڕۆژگار. له‌ساڵی (1946) سلێمانی به‌جێهێشت و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ته‌مه‌نی (34) ساڵیدا به‌شداری كۆماری كوردستانی كرد، بووه جێگری جه‌نه‌راڵ محه‌مه‌د ڕه‌شید خانی بانه له فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی سه‌قز و بۆكان، به‌م هۆنراوه‌یه‌ش هه‌نگاوێكی تری نا بۆ ژیانێكی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان: سه‌رێ بۆ وه‌ته‌ن نه‌برێته به‌ردار گیانێ له‌سه‌ر خاك نه‌خرێته ئازار به‌خوێنی لاشه نه‌نووسرێت گۆڤار به‌كه‌ڵكی چی دێ ژیانی بێ سه‌ردار ژیانی بن ده‌ستی نۆكه‌ری زۆردار له‌ماوه‌ی یانزه مانگی ته‌مه‌نی كۆمار هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی و ئه‌ده‌بی خۆی خسته‌گه‌ڕ و به‌نوسینی وتار‌و شیعر له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستان ده‌ستی به‌چالاكی ئه‌ده‌بی كرده‌وه، (مه‌نگوڕی هاوبه‌شییه‌كی چاوێنی كردووه له ئه‌زمونه مێژووییه‌كه‌ی مهاباددا، جێگری جه‌نه‌ڕاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خان بوو، زۆربه‌ی نامه‌كانی فه‌رمانده‌ییه‌كه به‌ده‌ستوخه‌تی مه‌نگوڕی نووسراون، هه‌روه‌ك له هه‌رسێ به‌رگه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهوری كوردستان به‌چاپم گه‌یاندوون.... (مه‌حمود مه‌لاعززه‌ت، سوید، 1999). دوای ڕووخانی كۆماریش سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كانی كۆماری كوردستانی به‌دیدێكی ڕه‌خنه‌گرانه نوسیووه، مێژوونووسی ناوداری كورد مه‌حمودی مه‌لا عززه‌ت له‌ساڵی (1999) له‌سوید له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌رگی یه‌كه‌می چاپكرد و له‌پێشه‌كیه‌كه‌شیدا هه‌ڵسه‌گاندنی به‌مجۆره بۆ كردووه: (ئه‌م به‌رهه‌مه‌و كۆی به‌رهه‌مه‌كانی مه‌نگوڕی، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی بێگه‌ردی بیروبۆچوون و ژیان و چه‌ند لایه‌نێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارین كه له‌سه‌رده‌مێكی مێژوویی دیاردا، هیممه‌تی ئه‌و هیلاكی نه‌زانین و بێئومێدی له به‌چاپگه‌یاندنی نوسینه‌كانی و نه‌دۆزینه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌رێك، ئه‌وانه له‌چالاكی و توانا و هیوای نوسینه‌كانی كه‌منه‌كردووه، بۆیه كه چاو به‌و هه‌موو به‌رهه‌مه چاپ نه‌كراوانه‌یدا ده‌كه‌وێت ئه‌و ڕاستییانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت). ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه مه‌نگوڕی له‌سه‌ر بیر‌و بۆچوونی جیاواز له‌ناو كۆماری كوردستاندا (17) ڕۆژ زیندانی ده‌كرێت كه ئه‌وه‌ش بۆخۆی تراژیدیایه‌كی دیكه‌یه، له‌هه‌مووشی گرنگتر بۆ مه‌نگوڕی ئه‌و زیندانییكرنه به‌خێر به‌سه‌ریدا ده‌شكێته‌وه بۆئه‌وه‌ی باس و خواسی نێو زیندانی كۆماری كوردستان‌مان به‌مجۆره بۆ تۆمار بكات: (له‌وكاته‌ی كه من چوومه زیندان په‌نجا به‌ندی تێدا بوو، له‌تاوانه‌كانیانم پرسین (38) كه‌سیان وه‌ڵامیان دایه‌وه كه ژنیان هه‌ڵگرتوه‌و (10) نه‌فه‌ریش به‌گومانی ئه‌وه‌ی كه له‌عیراقه‌وه هاتوون و كه‌س پشتگیریان ناكات و نه‌ناسراون، (2) كه‌سی تریان له‌سه‌ر قه‌رز، زۆرم به‌زه‌یی به‌م خه‌ڵكه هه‌ژارانه‌دا ئه‌هات كه وه‌كو ئاژه‌ڵ خراونه‌ته ئه‌و زیندانه نه موزه‌كه‌ره‌ی توقیفی و نه درێژی موده‌و نه ڕۆژی لێ پرسین و نه واده‌ی چوونه دادگا‌و نه پرسیاری هه‌وه‌ڵی دیاری نه‌كراوه، زۆربه‌ی به‌ندیه‌كان مانه‌وه‌یان چوار تا پێنج مانگ تێپه‌ڕی كردبوو، داخوازیان به‌هیچ لا ڕا نه‌ئه‌گه‌ی). له‌بواری ڕۆژنامه‌نووسیدا له‌چه‌ند ژماره‌یه‌كدا نووسینه‌كانی بڵاوكراوه‌ته‌وه، له ژماره‌ی (42) ڕۆژی (1/5/1946) له‌سه‌ر زمان وتارێكی به‌ناونیشانی (بڕێك له‌ده‌ستوری كوردی نووسین) بڵاوكردۆته‌وه. هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به ئایین ساڵی (1947) مه‌نگوڕی جارێكی‌تر خۆی له ئامێزی سلێمانی دۆزیه‌وه، خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره‌ش هێنده ڕۆچۆته هه‌ست و ناخیه‌وه (12) هۆنراوه‌ی بۆ نوسیوه، بۆ ڕه‌شه‌بای سلێمانی، گردی سه‌یوانی شه‌هیدان، باخی گشتی، لافاوی سلێمانی، زانكۆی سلێمانی و له‌یادی 200 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیشدا ئه‌م شیعره‌ی نوسیوه: سلێمانی سه‌ری به‌رزه به‌هۆی ناوی سلێمانی قه‌ڵاتێكی چڕ‌و سه‌خته به جێماوه له (بابان)ی وه‌كو بوركانی ئاگر وایه بۆ پیرو بۆ گه‌نجانی كوڕ و كچ یه‌ك مه‌به‌ست ئه‌مڕۆ هه‌یانه سۆزی نیشتمانی به‌ناو شارێكه ئه‌مما قیبله‌ی كورده به‌بێ وه‌ستان به‌شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ناوی چۆته ناو داستان كاریگه‌ریه‌كانی كه‌وتنی كۆماری كوردستان له‌مهاباد نائومێدی خسته ناو كوردانی هه‌ر چوار پارچه و به‌جۆرێك هه‌ركه‌سێكت بدواندایه به‌وه وه‌ڵامی ده‌دایه كه ته‌واو ئیتر، مه‌حاڵه هه‌لومه‌رجێكی دیكه بۆ كورد دروست ببێته‌وه، به‌ڵام له باشوری كوردستان هه‌ژموونی دوو حزبی جه‌ماوه‌ری نوێ سه‌ریان هه‌ڵدا كه له‌ساڵی (1947) دامه‌زران یه‌كه‌میان به‌ناوی (پارتی) كه (ئیبرایم ئه‌حمه‌د) سكرتێری بوو، حزبی دووه‌میش به‌ناوی (تحرر = ئازادی) كه ئامانجیان ڕووخاندنی ڕژێمی پادشایه‌تی بوو له‌عیراقدا، له‌گه‌ڵ چه‌ندین حزبی تر وه‌ك (حزبی ئیستیقلال، ئیتحادی ده‌ستوری، ئومه‌ی ئیشتراكی و هتد...) ژیانێكی سیاسی نوێیان له‌كوردستان و عیراق پێكهێنابوو، سیاسه‌تمه‌داره كورده‌كانیش به‌سه‌ر ئه‌و حزبانه‌دا دابه‌شببوون بانگه‌شه‌ی حزبیان ده‌كرد، خه‌ڵكیان به‌دروشمی جۆراوجۆر سه‌رقاڵ كردبوو، خوالێخۆشبوان (عه‌لی كه‌مال و حه‌مه ئاغای عه‌بدولڕه‌حمان ئاغا) لقی حزبی ئیتحادی ده‌ستووریان كرده‌وه، (تۆفیق وه‌هبیش) له‌ڕیزی حزبی ئومه‌ی ئیشتراكی كاری ده‌كرد، فه‌زایه‌كی سیاسی و حزبایه‌تی باڵی كێشابوو به‌سه‌ر كوردستان و سلێمانی به‌تایبه‌تی، له‌وكاته‌شدا مه‌نگوڕی كتێبی (جیهانێكی به پێكه‌نین) بڵاوده‌كاته‌وه جارێكی تر قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی دێته‌وه نێو كوانووی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت، به‌ڵام هه‌ر پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی، (شێخ مه‌حمود) بڕیاری كوشتنی ده‌دات و پاش بێنه‌و به‌رده‌یه‌كی زۆر شێخ ده‌یبه‌خشێت، دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه، ساڵی (1952) مه‌نگوڕی ده‌چێته قه‌زای ڕانیه و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت. له‌هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول (1961) به‌شداریه‌كی به‌رچاوی ده‌بێت و ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌ش ده‌نوسێته‌وه، تا ده‌گات به ترسناكترین و ناخۆشترین ڕووداوی ژیانی له‌سه‌ر چاپكردنی (گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ) له ساڵی (1971). جێگای ئاماژه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و به‌رهه‌مه له‌ساڵی (1958) نوسراوه، به‌ڵام چاپكردنی كه‌وته ساڵی (1971)، له‌به‌رامبه‌ردا فه‌توای كوشتنی دراو به‌مولیحدو زه‌ندیق تۆمه‌تباركراو خۆپیشانده‌ران كه ژماره‌یه‌ك مه‌لا ڕابه‌رایه‌تیان ده‌كردن، داوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌یان له‌مه‌نگوڕی كرد، به‌ڵام به نه‌خێر وه‌ڵامی دانه‌وه‌و له‌ئه‌نجامدا به هه‌وڵی دڵسۆزان مه‌نگوڕی له كوشتن ڕزگاركرا، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه له‌ناو ئه‌و هه‌موو مه‌ترسیه‌دا پێشبینی ئه‌وه‌ی به خۆپیشانده‌ران ده‌وت كه ڕۆژێك دێت له‌م كتێبه‌م تێبگه‌ن، هه‌ر لێره‌ش په‌یكه‌رم بۆ بكه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵیشه هه‌ردوو پێشبینیه‌كه‌ی هاتنه‌دی، له ڕانیه نه‌ك په‌یكه‌رێك به‌ڵكو دوو په‌یكه‌ریشی بۆ كرا، بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌شی تاوه‌كو ئێستا سێ جار چاپكراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین توێژینه‌وه‌شی له‌باره‌وه كراون. به‌ڕێز (سه‌ربه‌ست كه‌ركوكی) له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه وه‌ك كتێب دووجار چاپكراوه‌ته‌وه، له‌باره‌ی گه‌شته‌كه به‌مشێوه‌یه ده‌نوسێت: (گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ خه‌یاڵی زانستییه‌و داهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێیه، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌كیتر له یۆتۆپیا جیهانیه‌كانی تردا نین، ئاماژه‌ی بۆ هه‌ندێك ئامراز كردووه و شیكردونه‌ته‌وه، كه نه له‌پێش ده‌ستپێكردنی میرزا به‌نوسینی گه‌شته‌كه‌ی له‌ساڵی (1958) تا ڕۆژی چاپكردنیشی له‌ساڵی (1971) نه له‌ئارادابوون و نه له‌و كات و ساتانه‌دا بیریان لێكراوه‌ته‌وه، له‌نموونه‌ی كۆنفرانسی ته‌له‌فزیۆنی، مۆبایل، ئینته‌رنێت، ماڵپه‌ڕ، ئیمێڵ، سكایب، چاودێریكردنی ڕێگاوبان به‌كامێرا، ڕۆبۆت، دروستكردنی گۆشت). دیدگا فه‌لسه‌فیه‌كانی مه‌نگوڕی جوانتر به‌رجه‌سته ده‌بێت كاتێك لێكۆڵیار و مامۆستای به‌شی فه‌لسه‌فه به‌ڕێز (نه‌وزاد جه‌مال) له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا به‌ناونیشانی (هزر و دونیابینی یۆتۆپی مه‌نگوڕی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ) ده‌نوسێت: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م به‌رهه‌مه هزرییه له‌ڕۆشنبیری كوردیدا هه‌ڵبسه‌نگێنین، به‌تایبه‌ت له كۆنتێكستیی سیاسیی و مێژووی ده‌قه‌كه‌یدا، بایه‌خی هێجگاری ده‌بێ وه‌ك ده‌بینین تێگه‌یشتنێكی نوێی به‌كارهێناوه كه تێڕوانینێكی یۆتۆپیه، ئه‌مه‌ش ده‌یكاته نموونه‌ی ڕۆشنبیرێكی بێ هاوتا، ڕوانینێك كه به‌تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی پێچراوه، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تاییش بن تاڕاده‌یه‌ك. له به‌رگریكردن له‌مه‌نگوڕی له‌پای ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی خرابووه پاڵ مه‌نگوڕی، كه مولحید‌و زه‌ندیقه‌و سوكایه‌تی به‌ئایین كردووه، لێكۆڵیار به‌ڕێز (جه‌مال حسێن) له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا ده‌نوسێت: مه‌نگوڕی نه‌ك ڕه‌خنه‌ی له جه‌وهه‌ری دین و موقه‌ده‌سیی ئایینی نه‌گرتووه، بگره به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و به‌پشت به‌ستن به تێكست و بڕوا ئایینیه‌كان هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگا هانبدات بۆ وه‌رگرتنی بیروباوه‌ڕه مرۆڤ دۆست و تازه‌كان، به‌دیوه‌كه‌ی تریان ئه‌و ڕه‌خنه‌یه كه مه‌نگوڕی له‌و ئه‌قڵیه‌ته دینی و ته‌ریقه‌ته‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا باوبووه، له‌نێوان ئاڕاسته‌یه‌ك كه پڕه له خورافات و سلوكی نا ئه‌قڵانی، له‌گه‌ڵ ئاراسته‌یه‌ك كه به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌قڵ بوونی هه‌یه‌و له‌سایه‌یدا ده‌گات به‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌ریانه‌ی كه به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌دوایدا وێڵه. تێگه‌یشتن له ئاین تێگه‌یشتنی مه‌نگوڕی له‌به‌رامبه‌ر (دین)دا تێگه‌یشتنێكی ساده نه‌بووه، وه‌ك ده‌وروبه‌ری له‌دینی نه‌ده‌ڕوانی، به‌ڵكو به‌زمانێكی ڕه‌خنه‌یی بیروبۆچوونه‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه مه‌نگوڕی ئه‌و بۆچوونه‌ی هه‌بوو كه ده‌بێت دین دوور بخرێته‌وه له‌خورافات‌و ئه‌فسانه، كه به‌شێوه‌یه‌كی باو له‌نێو كۆمه‌ڵگادا په‌ره‌ی سه‌ندبوو، وێڕای ئه‌مه‌ش داوای ئه‌كرد كه (وسیط) نابێت له نێوان خودا‌و مرۆڤدا هه‌بێت، چونكه دین بۆ مرۆڤ و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ش پێداویستیه‌كی ڕۆحییه، به‌جۆرێك ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی (دینیان) كردووه به‌دروشمی ژیانیان، توانیویانه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یشی پێ دروست بكه‌ن، عه‌ره‌ب له‌و نه‌ته‌وانه‌ن كه دێن ڕزگاری كردن له‌كۆمه‌ڵه خێڵێكی په‌رته‌وازه له‌جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بیدا، كردنی به‌و ده‌وڵه‌ته كه نه‌ك هه‌ر له‌ناوچه‌ی جه‌زیره بمێنێته‌وه، به‌ڵكو قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلام گه‌یشته چه‌ندین كیشوه‌ر، نه‌ته‌وه‌ی فارس‌و توركیش به‌هه‌مان شێوه دین بوو به به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت‌و باڵا ده‌ستی له‌ناوچه‌كه، ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی كورد كه زۆر له‌پێناوی دینی ئیسلامی‌دا هه‌وڵ و كۆششی كردوه، به‌ڵام وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر نه‌یتوانیوه به‌سودی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كورد دین به‌كاربهێنێت. مه‌نگوڕی به‌مجۆره له‌دین ده‌ڕوانێت: یه‌كێك له‌چامه شیعریه‌كانی له گۆڤاری (په‌یام) ژماره (267) له 8/11/1954 بڵاوده‌كاته‌وه، به‌ناونیشانی: (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خودا) هه‌روه‌كو ئاگات له‌ئیجادم نه‌بووبێ، ئه‌ی خودا! ئه‌و حه‌له‌ی گیانت به‌ئیجباری به‌سه‌ر خه‌ڵكا ئه‌دا خالقا گه‌ر تۆ منت كردووه له‌ناو ئه‌م كه‌ونه‌دا كوا جل‌و نان‌و وه‌زیفه‌م، كێ ئه‌مانه‌م پێ ئه‌دا وه‌ڵامی خودا: مه‌نگوڕی من تۆم نه‌كردووه، نیمه له‌م باره خه‌به‌ر ناوی تۆ ته‌سجیل نیه لای من له‌سه‌ر قه‌یدی به‌شه‌ر مومكنه تێكه‌ڵ بووه قه‌یدت له‌گه‌ڵ حه‌یوان‌و مه‌ڕ پێستی تۆ سه‌هوه‌ن شتێكی تر ئه‌بێ كردبێتیه‌به‌ر ئه‌و له‌جێی تۆ بۆته گه‌وره تۆش وه‌ها هاوده‌ردی شه‌ڕ تۆ له‌ژێر محنه‌تی حه‌رامی ئه‌و ئه‌ژی ئه‌مڕۆ به‌فه‌ڕ تۆ بچۆ لای قۆنته‌رات چی پێبده ئێستا خه‌به‌ر پێی بڵێ لالۆ (میكائیل) كوانێ قه‌یدم بێنه‌به‌ر بابگه‌ڕێ بۆتان له‌قه‌یدی كائیناتا په‌ڕبه‌په‌ڕ دیاره شیعره‌كه درێژه لێره‌دا بواری ته‌واوی ده‌قه‌كه‌ی نییه، ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه مه‌نگوڕی به‌دوای شوناس‌و كه‌سێتی‌و مرۆڤ بوونی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و چه‌ندین پرسیاری جه‌وهه‌ری ده‌وروژێنێت. بێگومان بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌چ ئاستێكدایه، به‌تایبه‌تیش ڕه‌خنه له‌دین‌و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خودا. هه‌روه‌ها كرۆكی بیری مه‌نگوڕی ده‌رده‌خات كه چۆن له‌دین‌و خودا ده‌ڕوانێت و مه‌ینه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا باس ده‌كات‌و ئه‌و زوڵمه‌ی كه له كورد كراوه هه‌ر ته‌نها له‌سه‌رده‌ستی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه نییه، به‌ڵكو خودا‌و ئاین زوڵمێكی گه‌وره‌یان له‌كورد كردووه، بۆیه كه‌وتۆته به‌ر ئازاری ڕۆژگار. كورد‌و كوردایه‌تی به‌درێژایی ته‌مه‌نی مه‌نگوڕی له‌زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی سه‌رده‌می خۆیدا، به‌شداریه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه، چ به‌نووسینی بابه‌تی فكری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، یان شیعری نه‌ته‌وه‌یی‌و دڵداری یان به‌شێوه‌ی ڕه‌خنه به‌شداری ئه‌و خرۆشه ئه‌ده‌بیه‌ی كردووه، ئازا‌و ئازادانه بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌ربڕیوه، سه‌رسه‌ختانه به‌رگری له‌ماف‌و حه‌قی نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه، له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین شیعر‌و چیرۆكی بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نووسیوه، ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیشی كردووه به‌سه‌كۆیه‌ك بۆ ئاگاهێنانه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌ی له پاشكه‌وتن‌و نه‌خوێنده‌واری‌و خورافات و ده‌مارگیری خێڵ. به‌توندی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بۆته‌وه كه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان درۆ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن‌و ڕێز له‌ئیراده‌و حه‌قی میلله‌تی خۆیان ناگرن و سه‌نگه‌ری خیانه‌ت هه‌ڵده‌بژێرن. لێره‌دا به‌كورتی ئاماژه به‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤارانه ده‌كه‌ین كه بابه‌ته ئه‌ده‌بیه‌كانی تێدا بڵاوكراونه‌ته‌وه: گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره‌كانی (9،12،11ساڵ چواره‌م) (7،2ساڵی پێنجه‌م) گۆڤاری شه‌فه‌ق (ژ4-نیسانی1958). گۆڤاری هه‌تاو ژماره (186،154،ساڵی 1959). گۆڤاری په‌یام ژماره (267) ساڵی (8/11/1954). گۆڤاری په‌یام ژماره (135). گۆڤاری ڕۆژی نوێ (1960). ڕۆژنامه‌ی ژین ژماره‌كانی (1034، 1044، 1041، 1032، 1063، 1069) ساڵی (1951). بڕیاری سه‌فه‌ر بونیادی جه‌سته‌یی و هۆشی هه‌ر مرۆڤێك زاده‌ی ئه‌و ڕووداو و په‌روه‌رده‌یه‌یه كه له‌قۆناغی مێردمنداڵیدا پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، له هه‌ر قۆناغێكی ته‌مه‌ندا كه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه نه‌چه‌سپا مه‌حاڵه بتوانرێت به زۆر به‌رجه‌سته‌ی بكه‌یت، كاره‌كته‌ری مه‌نگوڕیش كوڕی زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ژیان بووه له‌قه‌زای قه‌ڵادزێ و (20) ساڵی ته‌مه‌نی تێدا ژیاوه‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ش خزمه‌تگوزاری وه‌ك پێویست پێنه‌گه‌یشتووه، ته‌نها چانسێك كه ڕه‌وتی ژیانی گۆڕی ئه‌و بڕیاره‌ی بوو كه له‌هه‌ڕه‌تی لاویه‌تی له ته‌مه‌نی 14 ساڵی به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای باوكی‌دا، كه به بازرگانی توتن سه‌رقاڵبوو، بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی چوو بووه به‌غدا و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شی له‌كاتی خۆیدا، سۆزی باوكایه‌تی ده‌یخاته ئه‌و باره‌ی كه بچێت به‌دوای باوكی‌دا، ئه‌و گه‌شته‌ش چاوی كرده‌وه كه ئاخۆ له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵادزێ چی ده‌گوزرێت؟ یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له قه‌زای كۆیه ده‌بێت كه له‌چاو قه‌ڵادزێ گه‌وره‌ترو خزمه‌تگوزاری تێدا بووه‌و به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌م بارودۆخه نامۆ بوو، هزرو بیركردنه‌وه‌ی ده‌گۆڕێت، ئه‌و پرسیاره له‌خۆی ده‌كات: ئه‌گه‌ر كۆیه ئاوا جیاوازبێت ئه‌ی ده‌بێت به‌غداد چ پێشكه‌وتن و شارستانیه‌تێكی تێدا بێت؟ هه‌ر ئه‌م پرسیارانه‌ش وای لێده‌كات یه‌كه‌م سه‌ركێشی له ژیانیدا تاقیبكاته‌وه‌و بڕیاری سه‌فه‌ر بدات، له هه‌ردوو كتێبی (به‌سه‌رهاتی مه‌نگوڕی) و (جیهانێكی ئازاد) ته‌واوی ئه‌و سه‌فه‌رو گه‌شته‌ی گێڕاوه‌ته‌وه كه چ گۆڕانێكی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و بیر‌و بیركردنه‌وه‌ی هێناوه ئه‌و باره سایكۆلۆجیه‌ش له‌نوسینێكی ڕوناكبیرو مامۆستای فه‌لسه‌فه (ڕێبوار سیوه‌یلی) به‌ناونیشانی (شار له گێڕانه‌وه‌ی مه‌نگوڕی-دا) به‌مجۆره وێناكراوه كه: (ئه‌و لێكدانه‌وه‌ی مه‌نگوڕی سه‌رسام بوونێك پیشان ده‌دات له یه‌كه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنی سۆژه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ دنیای شێوه مۆدێرن و جیهانی مۆدێرنیزاسیۆندا. جیهانێك كه هاوكاته له‌گه‌ڵ خۆتێگه‌یشتنێكی نوێ و درووستبوونی هه‌ستی دواكه‌وتوویی و نامۆبوونی خود له‌گه‌ڵ واقیعی خۆیدا)، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ردوو شوێنه‌كه چ كۆیه و چ به‌غدا، كاریگه‌رییه‌كی بێئه‌ندازه له‌سه‌ر ڕه‌وشت و په‌روه‌رده‌و كه‌سایه‌تی داده‌نێت، ده‌یكاته مرۆڤێك كه هه‌ڵگری بیر‌و ئه‌ندێشه و خه‌ون و دونیابینی ببێت، كردی به كه‌سێكی یاخی و چاونه‌ترس، گیانی یاخیبوونیشی له هه‌موو وێستگه‌كانی ژیانیدا هه‌بوو، به‌م شیعره‌ش باسی گه‌شته‌كه‌ی بۆ شاری به‌غدا ده‌كات: خانووی به‌ردو ته‌لاری قوچ سه‌ركه‌وتبوو به‌پێچكه‌و سوچ خشتی مه‌ڕمه‌ڕ ده‌رگای بلور شاریان كردبوو به‌كۆگای نوور گڕی گڵۆپ تیشكی سه‌ر ئاو به‌یه‌ك هه‌ڵمه‌ت ئه‌یدا له‌چاو ڕه‌نگی لاشه تیشكی كاره‌ب كاسیی كردبووم ئه‌م وت یا ڕه‌ب بۆ كوێ بچم چۆن ده‌رباز بم تاكه‌ی ئاوا مارانگاز بم كۆڕی ڕه‌خنه‌سازی له‌ساڵی (1947) به‌دواوه مه‌نگوڕی له‌كایه‌ی ئه‌ده‌بیدا ده‌ستده‌كاته‌وه به چالاكی ئه‌ده‌بی و به‌تایبه‌تیش له كۆڕی ڕه‌خنه‌سازیدا به‌زمانێك دوور له سوكایه‌تی و ناوزڕاندن و تانه‌لێدان، لێره‌دا ئه‌م نموونه‌یه ده‌خه‌ینه ڕوو: له‌ژماره (7ی ساڵی 1944) شاعیری ناوداری كورد بێكه‌س ڕه‌خنه له چوارینه شیعریه‌كانی مه‌نگوڕی ده‌گرێت له‌سه‌ر قافیه‌ی شیعری و مانای وشه‌كانی وتارێك به‌ناوی (سه‌رنجدانێك له ئه‌ده‌بی مه‌نگوڕی) ده‌نوسێت. له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ته‌ی له گه‌لاوێژ به‌شی لێكۆڵینه‌وه ته‌رخانكراوه، من زۆر تووشی ده‌ردی سه‌ری و ناخۆشی بووم، باوه‌ڕم پێ بكه له ژینی خۆم بێزارم هه‌روه‌كو پێشینان وتویانه دارێكم به ده‌سته‌وه‌یه هه‌ردوو سه‌ری ...... نازانم چی بكه‌م؟) مه‌نگوڕیش له ژماره (9ی ساڵی 1944) وه‌ڵامی بێكه‌سی شاعیر ده‌داته‌وه و ده‌نوسێت: (له‌پێش وه‌رامی مامۆستا بێكه‌س وامنیش دوو ڕه‌خنه‌ی هه‌ره گه‌وره له ڕیزه گه‌وهه‌ره‌كانی ئه‌و ئه‌گرم و تكای ئه‌وه‌شی لێئه‌كه‌م كه نابێ بتۆرێ: اولا ئه‌دیب نابێ بێ ئه‌ده‌ب بێ. هه‌ی هاوار ئه‌دیب چۆن ئه‌وه‌نده نه‌شاره‌زا ئه‌بێ كه نه‌توانێ شتێكی جوانتر بكات به‌نموونه‌ی میسال ...) وه‌ڵامكاریه‌كه دورودرێژه، به‌ڵام هه‌ست به زمانی ساده‌و هێمنانه‌ی مه‌نگوڕی ده‌كرێت كه به‌ڕێزه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی نوسیووه. د.كامیل به‌صیریش له‌به‌رگی دوازده‌هه‌می گۆڤاری كۆڕی زانیاری عیراق توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌ناونیشانی (مامۆستا فایق بێكه‌س له كۆڕی ڕه‌خنه‌سازی كوردیدا) نوسیوه‌و تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ نموونه‌ی شیعری چه‌ند شاعیرێك كردووه كه بێكه‌سی شاعیر ڕه‌خنه‌ی لێ‌گرتوون له نێویاندا مه‌نگوڕی، به‌ڵام د.كامیل زۆر به‌لای بێكه‌سدا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی شكاندۆته‌وه و وه‌ك توێژه‌رێك بێلایه‌نی له‌ده‌ستداوه. له‌وێسته‌گه‌یه‌كی تردا له‌ژماره (4ی گۆڤاری شه‌فه‌ق، نیسانی 1958) ڕه‌خنه له ڕه‌فیق حیلمی ده‌گرێت له‌سه‌ر وتارێكی به‌ناوی (انقلاب له شیعری كوردی). هه‌ر دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كه‌ی، هه‌ر له‌هه‌مان گۆڤار ژماره‌كانی (پێنج و شه‌ش) مه‌نگوڕی ڕه‌خنه‌باران ده‌كه‌ن، به‌زمانێكی توند وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه له‌وانه‌ش: (هۆگر گۆران) كه نوسیویه‌تی: به‌ڕێكه‌وت وتارێكی میرزا مه‌نگوڕم به‌رچاو كه‌وت ده‌رباره‌ی شیعری كوردی كه بۆ سه‌یر بڵاوتان كردبۆوه منیش هه‌ر بۆ سه‌یر وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه) له‌وتارێكی تریشدا هه‌ر وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه كه ناوی نوسه‌ری له‌سه‌ر نییه، نوسراوه: (كاك مه‌نگوڕ ئه‌م سلێمانی چیه‌تییه‌ت، تۆش وه‌ك هه‌ندێك له وڕێنه‌كه‌ره‌كان ده‌ستت كردووه به وڕێنه‌كردن). پانۆرامای به‌سه‌رهاتی سیاسیی كورد یه‌كێكیتر له به‌رهه‌مه‌كانی كتێبی به‌سه‌رهاتی سیاسی كورد (1914 تا 1985)، ئه‌م كتێبه كۆی ڕووداوه‌كانی ساڵانی (1914 تا 1985) له‌خۆده‌گرێت كه ده‌كاته (70) ساڵ له ته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد، له كوردستانی باشور و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك (دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین حكومه‌تی كوردی له سه‌رده‌می شێخ مه‌حمود) و (كۆماری كوردستان له مهاباد) و ڕاپه‌ڕینی سلێمانی (1930)، شۆڕشی كورد له (1960) و هه‌ستانه‌وه‌ی شۆڕشی كورد له ساڵی (1975) و شه‌ڕی نێوان (عێراق و ئێران) كه گرنگترین ئه‌و باسانه‌ن له‌م كتێبه‌دا وه‌ك مێژوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان كردووه، به سودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه و دۆكیۆمێنت و وه‌ك به‌شداربوویه‌كیش له‌و ڕووداوانه بێگومان مێژوونووس چه‌نده ورد‌و به ئاگاش بێت، ناتوانێت ته‌واوی ڕاستییه‌كان بدركێنێت و گشت لایه‌نه‌كان و ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو، به‌دڵنیایشه‌وه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی مه‌نگوڕی بێ خه‌وش نییه له‌كه‌موكوڕی، یان ناوهێنانی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی كه لایه‌نی باش و خراپی باسكردون. به حوكمی ئه‌وه‌ی خۆی به‌شداری ئه‌و مێژووه بووه‌و پله‌ی وه‌زیفی تێدا هه‌بووه، باشتر بۆی گونجاوه نزیك و به‌ئاگابێت له بڕیار و پلان و ده‌ستكه‌وتنی دۆكیۆمێنت و نوسراوه‌كانی شۆڕش. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجدانه نزیكایه‌تی له‌سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تییه‌كان نه‌بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه گیانی خزمایه‌تی و مه‌حسوبیه‌ت و برایه‌تی به‌سه‌ردا زاڵ بێت، به‌ڵكو ڕووداوه‌كانی وه‌ك خۆیان باسكردووه‌و بێلایه‌نی و دوركه‌وتنه‌وه له ڕق و سوكایه‌تی گرنگترین ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ن كه (ئه‌ده‌بی مه‌نگوڕی) پێ ده‌ناسرێت و زاده‌ی هزرێكی زانستی-یه به له‌به‌رچاوگرتنی بابه‌تیبون لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی كردوه كه ئه‌و ڕووداوه چۆن ڕویداوه یان كێ لێی به‌رپرسبووه، لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئه‌و بابه‌ته چۆن بوو؟ كه‌ی و له كوێ ڕوویدا؟ پاڵنه‌ر و فاكته‌كان چی بوون؟ ناوهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كان گه‌وره و بچوك، تا ئه‌و شوێنه‌ی زانیاری هه‌بووبێت له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك، هه‌ڵوێست و ڕۆڵ و كار و كرده‌وه‌كانی تۆماركردوه، بێ گوێدانه باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری ئه‌و كه‌سه، به‌هێز یان بێ هێز، پاره‌دار یان هه‌ژار، ئاغا یان كرمانج، ده‌ره‌به‌گ یان جوتیار، پله‌دار یان بێ پله، هه‌مووی به یه‌ك چاو له نێوان ته‌رازووی ویژدانی گه‌ل هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كردوون، (مه‌نگوڕی ڕوناكبیرێك بووه كه پێش زۆربه‌ی هاوڕوناكبیره‌كانی ئه‌و زه‌مانه‌ی خۆی كه‌وتوه، به‌ئاگا بووه له سه‌رچاوه مێژووییه كۆنه‌كانی كورد، هه‌ربۆیه له‌م كتێبه‌یدا به‌سه‌رهاتی سیاسی كورد بۆچوونی تازه‌و شاراوه بۆ مێژوو ده‌رده‌خات كه پێویسته ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان ده‌رسی لێوه‌رگرن... محه‌مه‌د نوری تۆفیق، خوێندنه‌وه‌یه‌كی كتێبی به‌سه‌رهاتی سیاسی كورد، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، 2000. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕوانینه له زۆر قۆناغدا دووچاری مه‌ترسی كوشتن و ڕاوه‌دونان و زیندانیكردن و ئاواره‌بوونی كردوه، به‌ڵام باكی به‌هیچ یه‌ك له‌و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شانه نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له ساڵی (1971) كاتێك كه خۆپیشاندانێكی گه‌وره له‌ڕانیه دژی كرا، له بری پاشگه‌زبونه‌وه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران وتی: ڕۆژێك دێت له پای وته و بیر و هه‌ڵوێسته‌كانم، په‌یكه‌رم بۆ بكه‌ن. (ڕاستی وتن) ئه‌و چه‌مكه‌یه كه كاریگه‌ری خۆی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌بووه. زۆرن ئه‌وانه‌ی كه له‌و پێناوه‌دا ژیاون، به نوری قه‌ڵه‌می ڕاستی وتن تاریكستانی نا عه‌داله‌تی و نا یه‌كسانی و غه‌در و خیانه‌تی زۆرێكیان له سه‌ركرده و فه‌رمانده و ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دار و شێخ و مه‌لا هه‌ڵماڵیوه، بێ ترس و سڵه‌مینه‌وه له پله و پایه و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاییان. وه‌ك ئه‌و دوو دێڕه شیعره‌ی كه نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نگوڕی ده‌رده‌خات: مه‌بده‌ئی من لاتی و ته‌نهایه‌تی و ڕاست بێژیه غه‌یری ڕاست گۆیی ئیتر كارم به‌كاری تر چیه له‌نموونه‌ی هه‌ڵوێستی مه‌نگوڕی له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی ئاغادا له ساڵی (1949) ده‌نووسێت: ئاغا گوێت لێبێ با تێت گه‌یه‌نم زاخاوی دڵمت بۆ هه‌ڵڕژێنم چیتر به‌هیوا نه‌بی بتژێنم ئه‌وڕۆژه ڕۆیی سوجده‌ت بۆ بێنم په‌نجه‌م بۆ بێنی ده‌ستت ئه‌شكێنم بۆ ده‌نكه جۆیه‌ك چاوت ده‌ردێنم له‌و وێنه شیعریه‌دا، مافی زه‌وتكراو و مه‌زڵومییه‌تی چینی جوتیار ده‌خاته‌ڕوو بانگه‌شه‌ده‌كات بۆ سه‌رده‌م و زه‌مه‌نێكی نوێ بۆ ئه‌و چینه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی ئاغا ئازایانه بێ ترس بۆچوونه‌كانی ده‌ربڕیوه. گه‌لێك مه‌رج و ڕێنمایی زانستی هه‌ن كه ده‌بێت مێژوونوس هه‌ڵگری بێت له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه ئه‌خلاقی به‌رزی (پاره و پول) نه‌ویستی، یان جنێو و سوكایه‌تی و شكاندن و له‌كه‌داركردن. ئه‌وه‌ی كه زانستی مێژوو پێمان ده‌ڵێ، ئه‌وه‌یه‌كه ده‌بێت مێژوونوس ڕاستگۆبێت، بێ به‌ڵگه قسه نه‌كات، شتێك كه زانیاری تێدا نییه تۆماری نه‌كات، باسێك كه خۆی به‌شدار نه‌بوبێت ناكرێت به‌بێ به‌ڵگه و دۆكیومێنت بنوسێت، ده‌بێ بێلایه‌ن بێت، دوور بێت له هه‌ڵچون و په‌رچه‌كردار. له‌و سۆنگه‌وه ئه‌ده‌بیاتی مه‌نگوڕی گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی مه‌یدانی ئازادی و ئازایه‌تی قه‌ڵه‌م و ڕه‌خنه‌و كۆڵنه‌دان بووه له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كان، هه‌ر له‌پای ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌شی (4) جار زیندانی كراوه، (14) جاریش ئاواره‌بووه. كه ته‌مه‌نی گه‌یشته (78) ده‌یوت منیش ئه‌متوانی وه‌ك نووسه‌ر و شاعیره‌كانی تر خاوه‌نی دیوانێك بم و له پاڵیا بحه‌سێمه‌وه و ناوم وه‌ك ئه‌وان بچێته ناو كتێبی خوێندن. به‌ڵام من بۆ ئه‌وه نه‌هاتومه‌ته كایه‌ی نوسین، خه‌بات و ئازادی گه‌له‌كه‌م زۆرتری له من ده‌وێت، بۆیه نه‌ك دیوانێكی شیعر، به‌ڵكو چوار دیوانم بۆ به‌رزی نیشتمانم نووسی، له مێژووشدا هه‌موو ئه‌و به‌سه‌رهات و ڕووداوانه‌ی بینیومن تۆمارم كردوون، به چیرۆكیش مه‌زڵومییه‌ت و ئازایه‌تی و به‌رخودانی گه‌له‌كه‌م نوسیوه‌ته‌وه. له فۆلكلۆریشدا شه‌ش كتێبم نووسیوه. دواجاریش له‌كایه‌ی فه‌لسه‌فه و یۆتۆبیاش خه‌ون و ئاواتی گه‌له‌كه‌م بردۆته هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و دونیایه‌كی ترم بۆ گه‌له‌كه‌م نه‌خشاندووه، پێشنیازی ژیانێكی پڕ له یه‌كسانی و دوور له چه‌وسانه‌وه و به‌رزی زانست و زانینم بۆ كردووه. به‌مه‌ش تا كۆچی دوایی له‌ساڵی (1988) نزیكه‌ی (10) هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی له شیعر و چیرۆك و مێژو و فۆلكلۆر بۆ كتێبخانه‌ی كوردی به‌جێهێشت. ئه‌زمونێكی نوێ تایبه‌تیه‌كی دیكه‌ی هزرو دیدگای مه‌نگوڕی باسكردنی ڕۆڵی خه‌ڵكه له شۆڕشدا و به‌كاره‌كته‌رێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و خۆڕاگری ده‌شوبهێنێت و چۆن ده‌ستی له خۆشییه‌كانی دونیا هه‌ڵگرتوه له‌پێناو گه‌له‌كه‌ی خه‌بات ده‌كات، له‌و سۆنگه‌یه‌وه له‌زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ڕۆڵ و پێگه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه كردووه، له‌م شیعره‌دا ناوی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده و ڕۆشنبیر و شاعیر و مێژوونوس و نووسه‌ر و دكتۆر و بازرگان ده‌بات كه هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵگری چ خه‌یاڵ و خه‌ون و خولیایه‌كن له‌پێناوی ئامانجی مه‌زنی سه‌ربه‌خۆی. بۆیه بۆ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌لاقه‌یه‌كی جوانی پێداهه‌ڵدان به به‌رۆكی گیانفیدایی و گیانبازی و فیداكاری ئه‌و زاتانه ده‌خاته‌ڕوو. له كتێبی به‌سه‌رهاتی سیاسی كورد كه به شیعر ڕووداوه‌كانی له (1914 تا 1975) نوسیوه سه‌دان ناوی تێدایه كه به‌شداری شۆڕ‌شیان كردوه، لێره‌دا نمونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه‌ڕوو: بوو به ئامێر هێز بۆ هێزی خه‌بات فه‌تاح سیوه‌یلی مه‌ردی كاره‌سات بوو به فه‌رمانده‌ی هێزی زمناكۆ جمال نامیقی ڕۆڵه‌ی قه‌ڵاچۆ شێخ حه‌مه‌ئه‌مین، ئاغای قایمقام بوو به پێشمه‌رگه به دڵێكی پڕ فام سەعید یعقوبی و وه‌هاب ئه‌تروشی چوونه ناو شۆڕش زۆر به ڕووخۆشی مسته‌فا صالح، شێركۆ و بۆتانی چونه ناو شۆڕش بۆ قسه‌جوانی ئه‌مینی میرزا و مامۆستا بێگه‌رد ئه‌وانیش چوونه ناو زه‌حمه‌ت و ده‌رد عقید له‌تیف و محمد شیروان مقده‌م علی بۆی هاتنه مه‌یدان كاك سامی و هادی له ده‌سته‌ی تعلیم بۆی چونه شاخان به عەقڵی سه‌لیم ره‌ئیسی صحه كاك قادر شاڵی له خۆشی هه‌ڵدا ڕووی كرده تاڵی دكتۆر كمال و كاك جمال غفور هاتنه ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌ی جه‌سوور علی سعید و كاك علی جبار ڕویان كرده شاخ پشتیان كرده شار یادگار ڕه‌ئوف و كاك احمد كه‌مال به‌سه‌ر نه‌زانی ته‌واوببوون زاڵ دكتور ته‌یب و ناهیده كابان به ڕاست و به چه‌پ ئه‌یان كرد ده‌رمان دكتور حمید و خالد دزه‌یی به‌كاریان دێنا ڕوحم و به‌زه‌یی هۆشیار بابان و أنوه‌ر و ڕزگار بۆ ئه‌ندازیاری هاتبوونه ناو كار دكتور عزیز و كاك كمال خه‌یات خۆیان توش كردبوو به هه‌زار ئاوات ئه‌نوه‌ر فه‌ره‌ج و كاك احمد هه‌ردی دوژمنیان ڕوخاند به قه‌ڵا و به‌ردی كمال فوئاد و كاك سیروان فه‌وزی خۆیان خسته ناو ئامانجی به‌رزی نامق شریف و كاك صلاح حفید هاتنه ناو شۆڕش به ڕوتبه‌ی عمید ڕه‌خنه‌و ستایش ئه‌م ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌ش ده‌رخستنی ڕۆڵی كه‌سایه‌تییه‌كانه جا له چ پله‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی به‌رزی خوێندندا بن، نه‌یهێشتوه ناو و ناوبانگیان ون بێت، هه‌روه‌ها له‌ناوهێنانی سه‌ركرده و فه‌رمانده‌كانیش به چاوی شكاندن و كه‌مكردنه‌وه و ناوزڕاندن پێنوسه‌كه‌ی نه‌خستۆته‌كار، به‌ڵكو چی ڕاسته ئه‌وه‌ی وتووه، له‌كاتێكدا كه ڕه‌خنه له قازی محه‌مه‌د ده‌گرێت و كه‌موكوڕی و هه‌ڵه‌كانی له‌كۆماری كوردستان ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی بۆ ده‌نوسێت: خۆت به چاو نه‌تدی كه قازی ڕه‌هبه‌ری كوردی ئێران سه‌دری قازی و كاكی سه‌یفی شێر به‌چه‌ی خاوه‌ن ته‌كان ئه‌حمه‌دی فاروقی ڕۆڵه‌ی لێده‌ری وه‌ك قاره‌مان گیانی خۆیان كرد به قوربانی به‌سه‌د عه‌زم و سیبات یان كه ڕه‌خنه له مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌گرێت له‌كۆماری كوردستاندا، له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌م هه‌ڵبه‌سته له‌ساڵی (1958) باس له گه‌وره‌یی ئه‌و سه‌ركرده‌یه ده‌كات: كورد قه‌رزداری هونه‌رته ئه‌ی زه‌عیمی بارزان تۆ له ڕێی گه‌لدا مژیوته ئه‌رك و ئازاری جیهان تۆ خه‌باتت كردووه یه‌ك جار له ڕێگای نیشتمان كورد به كرده‌ی تۆوه سه‌ربه‌رزه له گشت ڕۆژو زه‌مان كورد له‌گه‌ڵ تۆدایه تا مردن به گه‌وره‌و بچوكیه‌وه هه‌ر له ئارارات و كرماشان هه‌تا كه‌ركوكیه‌وه له هه‌لومه‌رج و ڕۆژگارێكی تردا و له كتێبی (حه‌قایقی به‌سه‌رهاتی شێخ محمود له په‌نا ئیستیقلالی كورددا) چیرۆكی به‌رخودان و قاره‌مانیه‌تی شێخ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو كه تووشی چ نه‌هامه‌تی و سه‌رگه‌ردانی بوون، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌ست ده‌خاته سه‌ر هه‌ڵه و كه‌موكوڕیه‌كان و ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرێت، كاتێكیش شێخی نه‌مر كۆچی دوایی ده‌كات له‌چامه‌یه‌كیدا له‌ساڵی 1956 به‌شینه‌وه بۆی ده‌نوسێ: كورده گوێ بگره ئه‌وا دیسان فه‌له‌ك ڕه‌نجایه‌وه ڕه‌وشه‌نایی كورد و كوردستان ئه‌وا كوژایه‌وه ئاسمان ئامالی كوردی وا هه‌موو پێچایه‌وه هه‌رچی ئاساری هونه‌ر بو تۆ هه‌مووت كوژانه‌وه تاقه ئومێدێك هه‌بوو محمود ئه‌ویشت سانه‌وه له‌وێستگه‌یه‌كی تری ڕووداوه‌كانی كوردستان له‌پاڵ به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵی قاره‌مانانه‌ی مام جه‌لال له شۆڕشی ئه‌یلولدا به‌دیوێكی تردا ڕه‌خنه‌ش له‌و سه‌ركرده دیاره‌ی كورد ده‌گرێت، به‌ڵام له زۆربه‌ی قه‌سیده‌كانیدا ئاوا باسی مام جه‌لال ده‌كات: له حه‌وتی نیسان جه‌لال تاڵه‌بان ئاغجه‌له‌ری گرت وه‌كو شێری لان *** مام جه‌لال وه‌ك شێر چووه به‌رده‌م جه‌یش له ناڵپارێزا لێیدان كردنی كیش *** له ئاغجه‌له‌را شه‌ڕێكی به سام شه‌ڕێكی خوێنین شه‌ڕێكی پڕزام كرا له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بان هێزی سه‌ربازیان به كوشتار شكان بۆ زۆر سه‌ركرده و كه‌سایه‌تی تریش هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بووه. له دیوانی جیهانێكی ئازاد، كه (840) لاپه‌ڕه‌یه، ته‌واوی ئه‌و تێڕوانینانه به‌رجه‌سته‌كراون. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه مه‌نگوڕی كه ڕه‌خنه‌ی له شێخ و مه‌لا گرتووه، به مانای شكاندن و له‌كه‌داركردن یان له كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵیان نه‌بووه له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به‌شداریان له شۆڕشه‌كانی كورد دا، به‌ڵام زۆر به‌توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و شێخ و مه‌لایانه بووه‌ته‌وه كه خورافات به‌ناوی ئایینه‌وه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌تا له قه‌سیده‌یه‌كدا ئاوا باسی جوامێری شێخ و مه‌لای كورد ده‌كات: ته‌گبیر چیه ئه‌ی شێخ و مه‌لا و ده‌سته‌ی ئه‌شراف ئاغا و به‌گ و خان، میری به‌به‌و لێده‌ره‌كه‌ی جاف به‌زاز و قه‌زاز و ڕه‌نجبه‌ر و ئاسنگه‌ر و خه‌فاف كۆببنه‌وه بێ فێڵ و درۆ و هه‌ڵمه‌تی گه‌زاف *** جا به‌سیه وه‌رن چاره‌ی ئه‌م ده‌رده بكه‌ن زوو لاده‌ن له وته‌ی كۆن ئه‌وه‌ی ڕۆیی به‌سه‌رچوو په‌یمانی ڕه‌هایی بگرن یه‌ك دڵ و یه‌ك خوو داوای حه‌قی كورد كه‌ن كوڕه زۆر عه‌یبه كه‌وا (جوو) ئازاد بێ له گه‌ردوون ئێوه بێبه‌ش بن و نووستوو
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure