كتێبی زانستی سیاسه‌ت له دووتۆیی 218 لاپه‌ڕه له نووسینی به‌رزان ئه‌حمه‌د كورده له تیراژی 1000 دانه چاپ و بڵاوكرایه‌وه. پێشكهكی كتێبه‌كه له‌لایه‌ن د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود نووسراوه‌و ئاماژه‌ی به ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه كردووه‌و نووسیویه‌تی: له‌م كتێبه‌دا نووسه‌ر هه‌وڵیداوه به‌شێك له‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژانه بخاته‌ڕوو كه په‌یوه‌ستن به زانسته سیاسییه‌كانه‌وه. هه‌رچه‌ند هه‌ر یه‌كێك له‌و چه‌مكانه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد هه‌یه، به‌ڵام له‌م كتێبه‌دا ئه‌و لایه‌نه ڕوونكراونهوه كه هه‌ر چه‌مێك ده‌به‌ستێته‌وه به زانستی سیاسه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكی گرنگ و جێی بایه‌خه. ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ئه‌و كتێبه به‌گشتی ده‌توانێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتنێكی تیۆری سیاسی له‌ڕووی چه‌مك و زاراوه‌و مێژوو به‌ره‌وپێشچوونه سیاسییه‌كان. هه‌روه‌ها گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له به‌شێكی دیار له په‌یوه‌ندی زانستی سیاسی به چه‌ندین چه‌مكی سیاسییه‌وه. نووسه‌ری كتێبه‌كه له ده‌ستپێكدا نووسیویه‌تی: هه‌موو بیرمه‌ندانی سیاسی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئه‌خلاق و دادپه‌روه‌ری مه‌رجی سه‌ره‌كی سیاسه‌ت و سیاسه‌تكردنه، به‌و مانایه‌ی بوونی داموده‌زگای چالاك و باشی حكومه‌ت، سه‌روه‌ری یاسا‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی به هێز سته‌م له خه‌ڵكی لاواز بكرێت. هه‌ربۆیه بیرمه‌ندێكی وه‌ك ژان ژاك ڕۆسۆ داوای به‌شداریكردنی كارای هاووڵاتیانی كردووه له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌روه‌ها مونتسكیۆش جه‌خت له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كات. ئه‌مانه‌ش به ئامانجی ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی پارێراوبن. كتێبه‌كه له چوار به‌ش پێكهاتووه كه هه‌ر به‌شێكدا چه‌ندین چه‌مكی سیاسی به شێوه‌ی زانستی خراونه‌ته‌ڕوو. كۆتایی كتێبه‌كه‌ش له ئه‌نجامێك و سه‌رچاوه‌كان پێكهاتووه. كتێبه‌كه له تیراژی هه‌زار دانه‌و به نرخی 6000 دینار له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی چوارچرا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. خاك - پوكمیدیا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure