5/5/2016 01:38 PM

ئەو غەدرەی مێژو لەكوردی كردوە لەسەر شانۆ بەرجەستەدەكەم

هونەرمەند شوان عەتوف كە نزیكەی 20 رۆژە شانۆگەرییەكەی (تەپڵ و بەرد) بەردەوامە لەنمایشكردن بەسایتی خاك-ی راگەیاند "نزیكەی 20 رۆژە شانۆگەریی (تەپڵ و بەرد) لەهۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان لەشاری سلێمانی نمایشدەكەین‌و بەردەوامین لەنمایشكردن". وتیشی "سوپاسی زۆری ئەو بینەرانە دەكەم كە بەپەرۆشەوە هاتن بۆ بینینی شانۆگەرییەكە". 
سەبارەت بەكرۆكی شانۆگەرییەكەش، شوان عەتوف وتی "لەم شانۆگەرییەدا لەرێگەی كەسایەتی تالەی تەپڵەوە ئەو غەدرانەی مێژو بەرجەستە دەكەم كەدەرهەق بەتاكی كورد كراوە". وتیشی "هەمیشە ئێمە وەكو مرۆڤ مێژو غەدری لێ‌ كردوین‌و جوگرافیا غەدری لێ‌ كردوین، سیاسەتی هەرێمایەتی‌و سیاسەتی نێودەوڵەتی غەدری لێ‌ كردویت، ئەخلاق‌و ئاین‌و نەریتەكان غەدریان لێ‌ كردوین". 
ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە ئەو غەدرانەی مێژو كە بەرامبەر بەتاكی كورد كراوە لەكاری هونەریدا بەرجەستە بكرێت. 
عەتوف زیاتر لەبارەی كارەكتەری شانۆگەرییەكەیەوە هەڵوێستەدەكات‌و دەڵێ‌ "دەمەوێت كارەكتەر لەناو قەیراندا بێت‌و قەیرانەكەشی قوڵ بێت‌و لەرێگەی ئەو قەیرانەوە دەمەوێت پەیامێكی تازەمان بۆ كەشف بكات، نەك پەیامێكی تەقلیدی‌و پرسیارێكی تازەمان بۆ بێنێتە كایەوە‌و كەشفی پانتاییەكی تازەمان بۆ بكات بۆ ئەوەی بینەری ئێمە ئاگاداربێت كە چی دەگوزەرێت لەدەوروبەری". 
شانۆگەریی (تەپڵ و بەرد) لەنواندن‌و دەرهێنانی شوان عەتوف-ە‌و رۆژانە لەسەعات (5)ی ئێوارە لەهۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی نمایشدەكرێت. 
خاك-هەردی محەمەد 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved