4/3/2017 12:44 PM

شاخەوان هەڵەبجەیی: هونەرم بۆ گەیاندنی ئازاری نەتەوەکەم کردووە

دوای ماوەیەك لە بێدەنگی و نەبونی کاری هونەری جارێکی دیکە بە دەنگ و سەدایەکی ڕسەنەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و گۆرانی بۆ ئازاری نەتەوەکەی دەڵێت ، هونەرمەند، لە هەناسەی خنکاوی هەڵەبجەوە ئاواز و گۆرانی بۆ خاك و نیشتیمان و هەڵەبجە چڕی توانی هەوادارێکی زۆر لەخۆی کۆبکاتەوە دواتر لە ڕێگەی چەند ئەلبومێکەوە کە دیارترینیان ئەلبومی (کەنیلە) بوو بووە دەنگێکی دیاری هونەری میوزیك و گۆرانی کوردی هەروەك خۆی دەڵێت گۆرانی بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و ئازاری خێزان و نەتەوەکەی وتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕێگەی چەند کارێکی جیاوازەوە هەوڵی داوە کلتوری کوردی و ئەروپی لێک نزیك بکاتەوە، هونەرمەند شاخەوان هەڵەبجەیی، لە دیدارێکدا لەگەڵ سایتی خاك، باس لە دواین کارە هونەریەکانی دەکات و کاریگەریەکانی قەیران و ڕۆڵی میدیا لەسەر هونەری کوردی دەخاتە ڕوو.

خاك- وەك دەڵێن هونەر لەبری هەموان قسە دەکات لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە کوردستان بە قەیراندا تێدەپەڕێت ویستوتە لە ڕێگەی هونەرەکەتەوە چ پەیامێک بگەیەنیت؟

شاخەوان- لە ڕاستیدا لەماوەی ئەم دوو ساڵەی کوردستان بە قەیران و شەڕێکی ناخۆشدا تێپەڕیوە  من لە کوردستان نەژیاوم بەڵام ئەگەر بە جەستەش لێرە نەبووبم بە ڕۆح لێرە بووم، هەمیشە ئاگاداری کارەساتەکان بووم کە بەسەرماندا هاتووە، بەنیازم لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بگەڕێمەوە کوردستان و لە شاری سلێمانی پەرە بەکارە هونەریەکانم بدەم.

خاك- ئەو بەرهەمە نوێیەی بە نیازی لە داهاتودا ئەنجامی بدەیت باس لە چیدەکات و گەیاندنی پەیام و ئازاری ئێستای میللەتە؟
هونەرمەند- بەرهەمە تازەکەم بەناوی (ئەمجارە دەڕۆی) هۆنراوەی دیار هەڵەبجەییە، هەرچەندە نازانم کاتی نوسینی هۆنراوەکە بۆکەی دەگەڕێتەوە بەڵام کاتێك هۆنراوەکەم بینی پێم وابوو لەگەڵ ئەم سەردەمەدا دەگونجێت، من بە شوێن هۆنراوەیەکدا دەگەڕێم کە دەمەوێت تایبەتبێت و بابەتی ئەمڕۆ بێت بۆ نمونە وەك ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیدا دەژین، وەك چۆن کۆچی گەنجان سەری هەڵداوەتەوە کە من ئەمەم پێ باشنیە لەکاتی هەستیاردا گەنجان وڵات بەجێبهێڵن، هیوادارم هەموان پێکەوە زاڵ بین بەسەر ئەم دۆخەدا، پێم خۆش بوو ئەم بەرهەمەم کاریگەری هەبێت و پەیامێک بێت بۆ خەڵك و بە شێوەیەکی ئیجابی کاریگەری لەسەر گوێگر هەبێت.

خاك- هونەر چێژە هەم پەیامەو دەشبێت خەسڵەتی هونەری تێدابێت، شێوازی کارکردنی تۆ چۆنە؟ کاتێک تێکستێکی جوان دەبینیت دەیکەیتە گۆرانی یاخود دەتەوێت لەپشتی هەرکارێکتەوە ئامانجێکی گەورەی لەپشتەوە بێت؟
شاخەوان- من پێم وایە کارێکی هونەری ئەگەر پلانی بۆدابنێیت هەستەکەی کەمدەبێتەوە، ئەوەی لای من زۆر گرنگە لە کارە هونەریەکانمدا ئەوەیش ئاوازە، ئەگەر ئەو ئاوازە لە هەستەوە هەڵنەقوڵێت و دەرنەیەت لەوانەیە کارەکە سەرکەوتوو نەبێت و ئەگەر دەنگی هونەرمەندەکەش چەند بەهێزبێت، دواتر هۆنراوەو ئینجا ستایلی گۆرانیەکە ، خۆم کەسێکی ئەکادیمی نیم بەڵام ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ دەکەم ئەوان دەتوانن لەگەڵ شێوازی دەنگی مندا کاربکەن.

خاك- یەکێک لەوبابەتە هونەریانەی لە سۆشیال میدیادا قسەو باسێکی زۆری لەسەر دەکرێت بونی ئاوازی کۆپیە، کەسانێک تۆمەتبارت دەکەن بەوەی ئاوازی چەند بەرهەمێكت کۆپییە ،ڕای تۆ لەوبارەیەوە چیە دەکرێت ئەوەندە بە سانایی بڕیار لە بونی ئاوازی کۆپی بدرێت لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە تێکەڵاوی زۆری بەسەر یەکەوە هەیە ؟

شاخەوان- من تەنها یەك گۆرانیم هەیە کە قسەی لەسەر بکرێت ئەویش گۆرانی (سەفەرت خێر)ە لەسەر ئەلبومەکەشم نوسیومە ئاوازی وەرگیراو نەم نوسیوە ئاوازی خۆمە یاخود هی کەسێکی دیکەیە، چونکە دەزانم لەکوێوە وەرم گرتووە، ئەم ناوچەیە تێکەڵاوییەکی زۆرمان هەیە بەتایبەتی ئێمە و نەتەوەی فارس، من لە جوانی ئاوازەکە پێم خۆش بوو ئەو ئاوازە فارسیە بڵێمەوە هەوڵیشمدا هونەرمەندەکە ئاگاردار بکەمەوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو لە ئەمریکا دەژیا نەمانتوانی، بۆیە نوسیم ئاوازێکی وەرگیراو، پێشم وایە وتنەوەی ئاوازێکی جوان بە زمانی کوردی کارێکی خراپ نیەو ئەگەر خاوەنەکەشی ئاگادار بکرێتەوە کارێکی باشە.

  
خاك- ڕۆڵی میدیا کوردیەکان چیە بۆ خزمەتکردن بە هونەر و هونەرمەندان ، لە ئێستادا میدیاکان ڕویان لە هونەر و هونەرمەندانی میللی کردووە ، ئەمە چ کاریگەریەکی لەسەر هونەر دروست کردووە؟

شاخەوان- میدیاکان تا ئێستا کاریان زۆر کردووە بۆ هونەرمەندان بەڵام بەهۆی کێشەو قەیرانەکانەوە هونەرمەندان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دوورکەوتنەوە لەکارکردن تەنها ئەو هونەرمەندانە نەبێت کە خۆیان توانایەکی باشی داراییان هەیە کار دەکەن و دێنە ناو ساحەکەوە، من بە ڕاشکاوانە دەیڵێم ئەگەر لە میدیایەك یان کەناڵێک کەسێکت هەبوو متمانەی بەدەنگت هەبوو یان بەکەسایەتیت هەبوو خۆشبەختانە ئەوانیش هاوکاریت دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دورکەوتنەوەی هونەرمەندان و ئەوستایلانەی کەهەیە بۆشاییەکی بۆ هونەرو هونەرمەندانی میللی دروست کرد کە زیاتر بێنەپێشەوە.

خاك- لە ئێستا هەر تاکێكی کۆمەڵگا بدوێنیت دەڵێت قەیران هەیە، ئابوریناسێک دەڵێت قەیرانی ئابوری هەیە، میدیاکار دەڵێت قەیرانی میدیایمان هەیە تۆ وەک هونەرمەندێك دەڵێیت قەیرانی هونەری هەیە ؟ لە دۆخێکی باشدایە هونەری کوردی یان خراپ؟
شاخەوان- دۆخی هونەری کوردی لە ئاستێکی باشدا نیە بەڵام ناشتوانین بڵێین لە قەیراندایە ، چونکە ئێمە سەردەمێك هونەرمان کردووە زۆر لەم دۆخەی ئێستا سەختر بووە، من لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان بڕە پارەیەکی زۆرم شكدەبرد لە تۆمارکردنی یەك تراك گۆرانیدا بەکارم هێناوە ، چونکە هونەرکردن لام لە خوێنەوە بووە هونەرم بۆ ئەوەنەکردووە ڕۆژێک پارەی پێپەیاکەم ، هونەرم بۆئەوە کردووە کە ڕۆحی خۆم ئاسودەکەم و ئازاری خێزان و کەسوکار و میللەتەکەم بگەیەنم و بڵێم ئێوە ئەگەر دەتانەوێت زمانی ئێمە لەناوبەرن ناتوانن ئەگەر دەتانەوێت کەسایەتی ئێمە لەناو بەرن ناتوانن ، هونەر پەیامێکی ئاشتیانەیە دەیگەیەنیت، بۆ نمونە ڕەش پێستەکان لە ناو ئەمریکادا لە کۆندا بە سکڵاڤەر بەناوبانگ بوون کاریان پێدەکرا ئێستا لە ڕێگەی هونەرو وەرزشەوە خۆیان سەپاندووە تەنانەت گەیشتنە ئاستی سەرۆکایەتی .

خاك- باسی ڕەش پێستەکانت کرد کە لەڕێگەی هونەرەوە خۆیان گەیاندە تۆپ، ئەی هونەرمەندانی کورد توانیویانە ئەم کارە بکەن؟  هونەری کوردی بە جیهانی بکەن ؟.
شاخەوان- پێم باشە هونەرمەند کلتوری کوردی و ئەوروپی لەیەك نزیك بکاتەوە لە هونەرێکدا پیشانی بدات جا ئەو هونەرە چ نمایشی سەما بێت یا جلوبەرگ بێت یان میوزیك و گۆرانی بێت لەهەر بوارێکدا بێت دەرئەکەوێت ، چەند هونەرمەندێك کە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە وڵاتانی ئەورپو بە زمانە ئەوروپیەکان گۆرانی دەڵێن جێگای شانازییە بۆ ئێمە، چەند هوەنرمەندیکمان هەیە لە ئەڵمانیا، بەڕیتانیا و ئەمریکا کارەکانیان بە شێوەی ڕێپ ئەکەن بە شیوەی پۆپ ئەکەن بە زمانی بیانی کە ئەوە جێگای شانازییە بۆ ئێمە چونکە هەر ناوەکانین بۆخۆی گەیاندنی پەیامەکەیە ، بۆخۆشم گۆرانیەکم هەیە بە ڕێپی ئەڵمانی و ئینگلیزی، ئەو بە شێوەی ڕێپ ئەیڵێت من بە شێوەی گۆرانیەکی فۆلکلۆر بە شیوازێکی مۆدێرن دەیڵیم گۆرانیەکە بەناوی (هەیشانە)وە، خەڵکیش زۆر پێشوازی لەو بەرهەمە کردووە.

خاك- بە نیسبەت گوێگرەکانتەوە کارەکانت وایان کردووە کە گوێگرانی کرمانجی و پارچەکانی دیکەی کوردستان لەخۆیان کۆبکەنەوە؟
شاخەوان- لە ئێستا ستایلێکی ئەرەبیسك چۆتە ناو گوێی ناوچەکانی هەولێر بەرەوسەرو دهۆکەوە چونکە ماوەیەك خەڵکانێکی زۆر خۆیان پێوە سەرقاڵکرد منیش وتم ئەگەر هەمان کار بکەم واتە هەروەك ئەوانم هیچم نەکردووە هەرستایلێک مۆسیقی بێت من بەجوانی ئەزانم من نەموتووە دژی ئەرەبیسکم چونکە گوێگری خۆی هەیە و هەستی هونەرمەندیشە، بە زاراوەکانی هەورامی و هەڵەبجەی و سلێمانی کارمکردووە لەوهەوڵەشدام بەشوێن ئاوازێکی کرمانجیدا بگەڕێم بە دەنگی خۆم بچمە ناو ئەو گوێگرانەوە خۆشەویستیەک دروست ببێت لە نێوانماندا.

خاك- ژیمان عبدالرحمن




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved