16/3/2017 12:59 PM

هونەر هەڵەبجە بەجیهان دەناسێنێت


مێژوی مرۆڤایەتی پڕە لە کارەساتی خوێناوی کە لەکات و ساتی خۆیدا جیهانیان ڕاچڵەکاندووە ، ڕوداوەکانی جەنگ و خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژی بەشێکە لە مێژوی مرۆڤایەتی کە هەزاران مرۆڤیان کردۆتە قوربانی .
گەلی کوردیش وەك گەلانی جیهان خاوەنی برینێکی ساڕێژنەبووە بە ناوی هەڵەبجە، ئەوشارەی بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیای بۆردومان کرا .

وێنەیەك هەڵەبجە بەجیهان دەناسێنێت.

لەدوای ڕۆژەی یەکەمی بۆردومانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیای دەیان کاری جیاوازی ڕۆژنامەوانی و هونەری لەسەر ئەوشارە ئەنجامدراون ڕۆڵیان لە بەجیهانی ناساندنی کارەساتەکەدا هەبووە ، بەڵام جیاواز لەهەموو ئەوکارانە لەنێو گەروی خنکاوی هەڵەبجەدا  وێنەیەك پڕ لە ئازارو بەجەستەیەکی بریندارەوە  هاواری هەڵەبجەی بەرزکردەوە لەبری هەموو قوربانیانی هەڵەبجە دوا.
وێنەیەک خۆی کردە سیمبول و بەجیهاندا گەڕا و ئازاری هەڵەبجەی بە گوێی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا چرپاند ئەو وێنەیەش وێنەی  شەهید عومەری خاوەر وکۆرپەکەی بوو کە بە تەماشاکردنی هەموو کارەساتی ١٦ی ئازار دەگێڕێتەوە، لە ئێستادا ئەو وێنەیە یەکێکە لە وێنە کاریگەرەکانی جیهان و دەورێکی گەورەی لە بەجیهانی ناساندنی کارەساتی هەڵەبجەدا هەبووە.

خاوەنی وێنەکە ڕەمەزان ئۆزتورک کە ئەوکات ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی سەباحی تورکی بووە لەبارەی وێنەکەوە دەڵێت، ڕۆژی ١٦ی ئازار لە ڕێگای میدیا جیهانیەکانەوە هەواڵی بۆردومانی شاری هەڵەبجەم بیست بۆیە داوام لە ڕۆژنامەکەم کرد ڕێگەم پێبدەن کە بچمە ئەو شارە بۆ ڕوماڵی ڕوداوەکان کە لەوکاتەدا ڕۆژنامەنوسی جەنگ بووم .

ڕۆژنامەنوس لە درێژەی چیرۆکەیەکدا دەڵێت ڕۆژی ١٨ی مارس لە ڕێگەی وڵاتی ئیرانەوە گەیشتمە شاری هەڵەبجە لەوێ تەرمی هەرازان هاوڵاتی لەسەر سەقام و کۆڵانەکان کەوتبوو منیش دەستم بەوێنە گرتن کرد ٧٥ وێنەی ئەو کارەساتەم گرت، بەڵام کاتێک گەیشتمە سەر تەرمی شەهید عومەری خاوەر و کوڕەکەی دیمەنەکە ڕایچڵەکاندم کاتێک بینیم باوکێک بۆ پارێزگاری لە کۆرپەکەی خۆی بەسرداوە بۆیە ویستم بەجۆرێک وێنەکە بگرم کە کاریگەری گەورە دروستبکات.

ئۆز تورك دەشڵێت ، وێنەکەم پەیامەکەی خۆی گەیاند و دواتریش چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەست هێنا وەک ڕێزێکیش پاش بیست و یەك ساڵ بەسەر تێپەڕبونی کارەساتی هەڵەبجەدا ئەو کامێرایەی وینەکەم پێگرت بەخشیمە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە.

ڕۆڵی هونەر لە بەجیهانی ناساندی کارەساتەکدا.

کەمنین ئەوکارانەی بۆ ئازاری هەڵەبجە ئەنجامدراون ، لەنێویشیاندا هونەری پەیکەرسازی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، پەیکەری شەهید عومەری خاوەر، یەکێکە لە سیمبولەکانی قوربانیانی هەڵەبجە بەجۆرێک ئەوکەسانەی لەدەرەوەی کوردستان سەردانی شارەکە دەکەن بە تێڕامان لە پەیکەرەکە لەئازارەکانی هەڵەبجە تێدەگەن .

لەبارەی دروستکردن و بیرۆکەی پەیکەرەوە هونەرمەندی پەیەکەرساز زاهیر سدیق ، بۆ سایتی خاک وتی کاتێک کارەساتی گەورەی هەڵەبجە ڕویدا خەون و خەیاڵی ئەوەم هەبوو کە کارێك بۆ ئەو شارە گەورەیە ئەنجامبدەم کە قوربانیەکی گەورەی بەخشیوە، ئەوە بوو یەکێک لەو وێنە گەورانەی فۆتۆگرافەر ڕەمەزان ئۆزتورك، کە بووە وێنەیەکی جیهانی و ناوبانگی هەبوو لەنێو سەدان وێنەی هەڵەبجەو وێنەی فۆتۆگرافەراندا ، وێنەکە دەورێکی گەورەی بینی وەك ڕۆژنامەنوسێکی فەڕەنسی دەڵێت " عومەری خاوەر شەهید بوو بەڵام وێنەکەی خەڵاتی وەرگرت "،   کاتێک سەیری وێنەکە دەکەیت هەموو کارەساتی گەورەی هەڵەبجە لەو ساتەدا دەخوێنیتەوە زۆر جار بە شیعر و ڕۆمان و نوسین باس لە تراژیدیا گەورەکان کراوە بەڵام هەندێک جار وێنەیەک پانتاییەکی وای داگیر کردووە کە بارتەقای دەیان ڕۆمان و تێکستی شیعری دەبێت زۆر جار وێنەکان بەبێ وتن خۆیان گەورەترین ئاماژەن کارەکەی منیش ئەوە بوو کە گەرەترین وێنە و سیمبول پەیکەرێک بۆ شەهید عومەری خاوەر، دروست بکەم.

لەبارەی جۆری ماددەو کارەکەوە وتی ئەوەی بەلامەوە گرنگ بوو پەیکەرەکە لە ماددەیەکی وادروست بکرێت هەم تەمەن و هەم مێژووی لەڕوی بەهاو کوالێتی کاکردنەوە جێگای بایەخ بێت ، کانزاکان جێگای بایەخن بڕۆنز لە نێویاندا ، بۆیە ویستم ئەبوو کە پەیکەرەکە بە بڕۆنز دروست بکەم ، بڕۆنز یەکێکە لەوکارانەی تاکۆن بێت نەمر ئەبێت و جوان ئەبێت ، بڕۆنز یەکێکە لەو ماددانەی ئەگەر بتەویت لە پەیکەردا بەکاریبهێنیت جۆرێک لە نەمری دەبەخشێت بە پەیکەرەکە شەهید عومەری خاوەر و کارەساتی هەڵەبجە پێویستی بەوە بوو کە ماتڕیالێکی ئاوا باشی تیدا بەکاربهێنرێت ، هەر بۆئەو مەبەستەش ئامانجم بوو کەرەسەی توانەوە و کارەکانی لە شاری سلێمانیدا ئەنجامبدەم ئەتوانم بڵێم یەکەم کاری گەورەی بڕۆنز کە داڕێژراوە لە کوردستاندا پەیکەرەکەی شەهید عومەری خاوەر بوو لە ساڵی ٢٠٠٧دا  .

هونەرمەند دەڵێت ئێمە کارخانەیەکی گەورەی داڕشتنەوەی کانزامان نیە لە کوردستاندا ، بەڵام توانیمان کارخانەیەکی بچوکی داڕشتنەوەی کانزا لە شوێنی کارکردنی مامۆستا بەیان مانی، بەسەرپەرشتی مامۆستا هادی، دروستبکەین بەم شێوەیە پەیکەرەکە هاتە ئەنجام و لەهەمان ساڵدا پەیکەرەکە لەشاری هەڵەبجەی شەهید دانرا .


خاك- ژیمان











زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved