29/3/2017 01:35 PM

گەنجێکی کورد فلتەرو لۆکەیشنی هەرێمی کوردستان بۆ سناپ چات دروست دەکات

سناپ چات تۆڕێکی کۆمەڵایەتیەو لە سەرانسەری جیهاندا بەشداربووی هەیە ئەم تۆڕە لە ساڵی ٢٠١٢ دا دامەزراوە خاوەنی چەندین فلتەری جۆراو جۆرە ، لە ئێستادا گەنجێکی کورد بە ناوەی ( شکۆ دارا) یەکێکە لە ئەندامانی  تیمی سناپ چات و فلتەر و لۆکەیشنی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

لە لێدوانێکدا بۆ سایتی خاك شکۆ، دەڵێت " دوای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات لۆکەیشنم بینی لە بەکارهێنانی سناپ چاتدا هەوڵمدا ئێمەش وەك وڵاتانی تر لۆکەیشنی شار و شارۆچکەکانمان هەبێت لەکاتی سناپکردندا".

دەشڵێت " لەکاری دروست کردنی فلتەر سەرکەوتو بووم ، ئەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە سناپ چات دوو جۆرە، دوو جۆر لۆکەیشن ھەیە یەکەمیان فریە و دووم بە پارەیە لۆکەیشن ھەموو کەسێک دەتوانی دایبنێت بەڵام ئەو لۆکەیشنەی بە پارەیە بۆ کۆپانیا و شوێنە تایبەتیەکانە، وە لە بارەی فلتەرەوە ئەتوانین بە کوردیەکەی خۆمان بڵێین ( گولەکە یاخوود سەگەکە ) کە ئەمە ئەندامانی سناپ چات ھەڵ دەستن بە دروست کردنی لە بیرۆکە و ئەپلۆد کردنی وە ئەو کاتە بە رێژەی بەکارهێنەرانی ئەندامانی سناپ چات ئەمێنێتەوە واتە ئەگەر زۆر بەکار بھێنرێت لای تەواوی بەکارھێنەران ئەمێنێتەوە تا مەوەیەکی زۆر ".

لەبارەی پەیوەندی کردنی لەگەڵ تیمەکەدا شکۆ، وتی " شێوازی پەیوەندی کردن بەو تیمەوە لەڕێی CV و ھەڵسەنگاندنی کەسەکەوە دەبێت لە لایەن تیمی ڕێگە پێدراوی سناپ چاتەوە کە بە خۆش حاڵیەوە من تاکە کەسم لە تەواوی کوردستان و عێراق توانیومە ببمە ئەندامی تیمەکە ".

لەبارەی وەڵامی تیمەکە بۆ کارەکانی وتی "تیمەکە لە ڕاستکردنەوەی بیرۆکەکاندا بۆچونی خۆیان ھەیە وە بۆچونەکانیان بۆ من زۆر گرنگە وە زۆر کات ھەموو ئیشەکان قبوڵ ناکرێن بە ھۆی نەبوونی وڵاتی خۆمان و بەشێکی زۆری لۆکەیشنەکان ئەبێت ناوی عێراقی لەسەر بێت کە ئەمە تاکو ئێستا کێشەیە چونکە ئەمەوێت کارەکان بە ناوی کوردستانەوە بێت ئەمەش لە ئێستادا کارێکی مەحاڵە ".

ڕونیشیکردەوە "  لە ئێستادا کۆنتاکتم ھەیە لەگەڵ تیمی سناپ چات بەڵام بەھۆی نەبونی فیزا و ڕێگە نەدانی فیزا لە لایەن ئەمریکا و بە تایبەتی بۆ ھاوڵاتیانی عێراقی تا ئێستا ئەم کارە قورس بووە، بەڵام لەگەڵ بونی فیزا ئەتوانم بچمە ئۆفیسەکەیان  و لەوێ دەست بەکار بم "

ئاماژەی بەوەشکرد " لە ئێستادا بەشێک لە کارەکانم قبوڵ کراوەو چاوەڕوانی دابەزینی کارەکان و دانانی لۆکەیشنی تەواوی شارۆچکەکانی کوردستان دەکەم".

شکۆ دارا، گەنجێکی شاری سلێمانیە و کاری گرافیك و دیزاینی بۆ چەند میدیایەکی ناوخۆی و دەرەکی ئەنجام داوە لەگەڵ ئەنجامدانی کاری ڕیکلام بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان.

خاك- ژیمان  عبدالرحمن 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved