17/4/2017 11:26 AM

فیلمی كوردی بێده‌نگ به‌شداری فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر ده‌كات

فیلمی كوردیی "سكوت" واته‌ "بێده‌نگ" The Silence له‌ ده‌رهێنانی هاوبه‌شی سینه‌ماكارانی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیا "عه‌لی عه‌سگه‌ری" و "فه‌ڕنووش سه‌مه‌دی" به‌رهه‌می وڵاتانی ئیتاڵیاو ئه‌ڵمانیا له‌ به‌شی پێشبڕكێی "نێوده‌وڵه‌تی" به‌ ناونیشانی "سینه‌مای سه‌عاده‌ت" له‌ میانه‌ی سی و پێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی په‌ردیسی "چارسوو" له‌ شاری تاران نمایش ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ 14 فیلم له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ ركابه‌ریدا ده‌بێت.

ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ چیرۆكی كچێكی كوردو دایكی په‌نابه‌ری له‌ وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بینه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ سه‌ردانی دكتۆر ده‌كه‌ن به‌ڵام كچه‌كه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ قسه‌كانی دكتۆره‌كه‌ بۆ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی كوردی، بێده‌نگ ده‌بێت.

"بێده‌نگ" كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كان له‌ وڵاتی فه‌ره‌نساو هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك فێستیڤاڵی جیهانی نمایشكراوه‌و تائێستا چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی كورته‌ فیلمه‌كانی "سینه‌مای جیهان" له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان نمایشكرا.

كورته‌ فیلمی "بێده‌نگ" بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی "نێوده‌وڵه‌تی" به‌ ناونیشانی "سینه‌مای سه‌عاده‌ت" له‌ سی و پێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر له‌گه‌ڵ 14 كورته‌ فیلم له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ ركابه‌ریدا ده‌بێت، له‌وانه‌: كورته‌ فیلمی "قوناغ" A Place له‌ ده‌رهێنانی "ئه‌یوان فێرناندێز دی كۆرۆبا" له‌ وڵاتی ئیسپانیا، كورته‌ فیلمی "ئامالیمبۆ" Amalimbo له‌ ده‌رهێنانی "خوان پابلۆ لیبۆسارت" له‌ وڵاتی سوید، كورته‌ فیلمی "به‌ هۆی ئه‌ڤینه‌وه‌" Because of Love له‌ ده‌رهێنانی "یوم. عه‌بدوالغفوور شاهین" له‌ وڵاتی توركیا، كورته‌ فیلمی "ئه‌و په‌ڕیی سنوور" Beyond the Border له‌ ده‌رهێنانی "دانیله‌ لۆكا" له‌ وڵاتی سویسرا، كورته‌ فیلمی "هێرش بۆ هه‌ژدیها" Charge The Dragon له‌ ده‌رهێنانی "یان بۆبنیچك" له‌ وڵاتانی كۆماری چیك و ئسلۆڤانیا، كورته‌ فیلمی "هه‌ڕاجی خه‌ونه‌كان" Dreams on Sale له‌ ده‌رهێنانی "ولاد بۆزیانۆ" له‌ وڵاتی رۆمانی، كورته‌ فیلمی "ماڵ" Home له‌ ده‌رهێنانی "ئێرینا تسیلیك" له‌ وڵاتی ئۆكڕاین، كورته‌ فیلمی "نامرۆڤانه‌" Inhuman له‌ ده‌رهێنانی "دانیه‌ل دیمیدرۆف" له‌ وڵاتی رووسیا، كورته‌ فیلمی "رۆژه‌كانی دوایی" Last Days له‌ ده‌رهێنانی "ئارتۆرۆ لێئۆن لیرنا" له‌ وڵاتانی پڕۆو ئیسپانیا، كورته‌ فیلمی "مه‌سخ" Metamorphosis له‌ ده‌رهێنانی "ئادریان ئارسه‌" له‌ وڵاتی مه‌كزیك، كورته‌ فیلمی "سرته‌كانی با" Winds Whispers له‌ ده‌رهێنانی "لۆئیك ژۆنه‌" له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، كورته‌ فیلمی "ریكلامی فرۆش" Online Shopping له‌ ده‌رهێنانی "قه‌سیده‌ گوڵمه‌كانی" له‌ وڵاتی ئێران، كورته‌ فیلمی "ته‌ناوب" Periodicty له‌ ده‌رهێنانی "عه‌لی خوشدونی فه‌راهانی" له‌ وڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها كورته‌ فیلمی "پێشخزمه‌ت" The Servant له‌ ده‌رهێنانی "فوڕنووش عابیدی" له‌ وڵاتی ئێران.

خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved