30/4/2017 02:19 PM

بیرەوەرییەكانی ئانا گریگۆریڤنا

خێزانی رۆماننوسی رووسی دۆستۆیڤسكی
وەرگێڕانی: د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد


رۆماننووسی رووسی فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستوێڤسكی (1821-1881) یەكێكە لە رۆماننوسە ناودارەكانی سەدەی نۆزدەهەم، تا ئەمڕۆش رۆمانەكانی لە ئاستی ئەدەبیاتی دنیادا دەخوێنرێنەوەو لەسەری دەنوسرێن، دۆستوێڤسكی چەندین رۆمانی درێژو كورتی نوسیوە، بەڵام پتر بە دوو شاكاری ناودار دەناسرێتەوە، ئەوانیش بریتین لە هەردوو رۆمانی "تاوان و سزا" و "برایانی كارامازۆڤ" كە بۆ سەرجەم زمانەكانی دنیا وەرگێڕدراون، وەك خێزانەكەی لە بیرەوەرییەكانیدا دەنوسێت، لە كۆتاییەكانی ژیانیدا بیری لەوە دەكردەوە رۆمانێكی قەبەو گەورە لە پێنج بەرگدا بنووسێت بە ناونیشانی "حیكایەتەكانی گوناهكارێكی گەورە"، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا دوا رۆمانی تەواو بكات، بۆیە دوا رۆمانی دۆستوێڤسكی بریتی بووو لە (برایانی كارامازۆڤ).
ئانا گریگۆریڤنا ژنی دووەمی دۆستوێڤسكییە، ژنی یەكەمی ناوی ماریا بوو و كۆچی دوایی كردبوو، ئانا لەپاش مردنی مێردەكەی بیر لەوە دەكاتەوە بیرەوەرییەكانی ژیانی هاوسەرییان بنووسێتەوە، خۆی دەڵێ‌ پێشتر بەهیچ جۆرێك بیری لەوە نەكردبۆوە بیرەوەری بنووسێتەوە، چونكە ئەو لە بنەڕەتدا نووسەر نییە و بەهرەی ئەدەبیشی نییە، بەڵام كاتێك بیر لەژیانی خۆیان دەكاتەوەو بیر لەو ناوبانگە گەورەیە دەكاتەوە كە مێردەكەی هەیبوو،  ناوبانگێك سنوورەكانی روسیایشی تێپەڕاند، هەروەها كاتێك بیرەوەرییەكانی خۆی و مێردەكەی دەخوێنێتەوە، پێی باش دەبێ‌ هەندێ‌ لایەنی گرنگ و شاراوە  هەن پێویستە بیاننوسێتەوە، ئەو لایەنە شاراوانەش شایستەی ئەوەن خەڵكی ئاگاداریان بێت.
ئانا گریگۆریڤنا بۆ ماوەی پێنج ساڵ (1911-1916) سەرقاڵی نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییانە بوو، لەو ماوە دوورودرێژەدا، جوانترین بیۆگرافیای دۆستوێڤسكیی نووسیوەتەوە كە زانیاریی گرنگ و بەسوودی تیایە دەربارەی ژیانی تایبەتی و ژیانی ئەدەبیی دۆستوێڤسكی.
ئانا گریگۆریڤنا لەم بیرەوەرییانەدا پانزە ساڵی ژیانی هاوسەرگیرییان دەگێڕێتەوە، لەتەك ژیانی خۆش و ناخۆشی دۆستوێڤسكی، قومارو قەرزە بەردەوامەكانی، پەركەم و نەخۆشییەكانی، هەڵكشان و داكشانی ژیانیان، پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێكانیدا بەتایبەتی بیلینسكی و تۆرگنێڤ و نیكراسۆڤ، حەزی بینینی تۆڵستۆی كە هەرگیز رووی نەدا، كاركردنی لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا، ئینجا دۆستوێڤسكی وەك باوكێكی میهرەبان، هەروەها چركەساتەكانی داهێنانی مێردەكەی ئاشكرا دەكات، باسی قۆناغێك دەكات تیایدا دۆستوێڤسكی گرنگترین داهێنانە گەورەكانی بەرهەم هێناوە، بەتایبەتی (گێل، شەیتانەكان، تاوان و سزا، برایانی كارامازوڤ)، لە سەرجەم ئەو كارانەیدا ئانا لەگەڵ دۆستوێڤسكیدا بووەو تێكستەكانی بۆ نووسیونەتەوە، ئانا هاوڕێی ژیانە سەختەكەی دۆستوێڤسكی بوو، بۆیە ئاگاداری وردو درشتی ژیانی بووەو هەوڵیداوە لەم بیرەوەرییانەدا بیانخاتەڕوو.
ئەم كتێبە لە ساڵی 2016 لە ناوەندی غەزەلنوس بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە چاپ كراوە.
خاك






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved