13/5/2017 02:43 PM

مەراسیمی واژۆكردن و دابەشكردنی دیوانە شیعرییەكە شەهید بەرزان عوسمان بەڕێوەچوو

لەچایخانەی شەعب لەشاری سلێمانی، مەراسیمی واژۆكردن و دابەشكردنی دیوانە شیعری (دایە شیعر قەدەغەیە)ی شاعیرو پێشمەرگەی شەهید (بەرزان عوسمان) بڵاوكرایەوە.
لەمەراسیمەكەدا، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەرو رووناكبیرو هونەرمەندو رۆژنامەنووس و بنەماڵەی شەهید بەرزان و هاوڕێ‌ و دۆستانی شەهید، ئامادەی بوون، سەرەتا بەوەستانی چەند ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان مەراسیمەكە دەستی پێكردو دواتر بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی كە هاوكات پێشەكی بۆ كتێبەكەش نووسیوە، بەو پێیەی هاوڕێی نزیكی شەهید بەرزان بووە، وتی: من ئەمەوێت ئەوەتان بیربخەمەوە كە سلێمانی لە خۆیەوە ناوی لیًَنەنراوە پایتەختی رۆشنبیری، بەڵكو پایتەختی رۆشنبیرییە كە دەیان كەڵە نووسەرو رووناكبیرو وهونەرمەندی هەبووەو هەیە، هەروەها پایتەختی شەهیدانیشە، چونكە سلێمانی بەبەراورد بەهەموو شارەكانی تری كوردستانی گەورە زۆرترین خوێنی رشتوەو قوربانی داوە، كە دیارە بەداخەوە شەهید بەرزان یەكێكە لەو شەهیدە نەمرانە.
پاشان، ئامادەكاری كتێبەكە، نەوزاد عەلی ئەحمەد وتەیەكی پێشكەشكردو باسی قۆناغەكانی چاپكردنی كتێبەكەی كردو پارچە شیعرێكیشی بۆ شەهید بەرزان خوێندەوە.
هەر لەمەراسیمەكەدا، خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە پێشكەش بە كاك سەڵاح قەزاز كرا لەخاڵی شەهید بەرزانەو لەبری بنەماڵەكەی وەریگرت، كە كاك سەڵاح-یش یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكان و خەباتكارێكی كوردە.
پاشان مەراسیمی دابەشكردنی كتێبەكە بەسەر ئامادەبووان بەڕێوەچوو، كە مەراسیمەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەرییەوە رێكخرابوو.
خاك- بەیاد مەریوانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved