مامۆستا سه‌لام مه‌نمی هه‌موو ژیانی خۆی بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌ی ته‌رخانكرد‌و له‌بواره‌كانی ئه‌ده‌بی‌و په‌روه‌رده‌ییدا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش كرد‌و شوێن په‌نجه‌ی به‌و بوارانه‌وه دیاره. مامۆستا سه‌لام ساڵی ١٩٣٧ له شاری سلێمانی له‌دایك بووه.سه‌ره‌تا چۆته به‌رخوێندنی ئاینی‌و له‌سه‌رده‌ستی مه‌لا غه‌فوری باوكی‌و مامۆستایان مسته‌فا زه‌ڵمی‌و شێخ تۆفیق به‌رزنجی ده‌رسه ئاینییه‌كانی خوێندووه. هێنده خولیای خوێندن‌و فێربوون بووه، ساڵی 1958 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا بۆ خوێندن چۆته قاهیره‌و ساڵێك له‌وێ خوێندوویه‌تی‌و به‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان میسر‌و عیراقه‌وه، نه‌یتوانیوه درێژه به‌خوێندن بدات‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌غدا، به‌ڵام كۆڵی له‌خوێندن نه‌داوه‌وكۆلیجی شه‌ریعه‌ی به‌غدای ته‌واو كردووه‌و به‌كالۆریۆسی له زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ده‌ستهێناوه. دواتر به‌مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی داده‌مه‌زرێت‌و خزمه‌تێكی زۆر پێشكه‌ش به‌خوێندكارانی شاری سلێمانی ئه‌كات‌و به‌هۆی خزمه‌ت‌و لێهاتووییه‌وه ده‌بێ به‌سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی زمانی عه‌ره‌بی له‌قوتابخانه ناوه‌ندی‌و ئاماده‌ییه‌كانی سلێمانیدا‌و له‌بواری خوێندن‌و په‌روه‌رده‌دا خزمه‌ت ئه‌كات. بێجگه‌له له‌بواری په‌روه‌رده، مه‌یدانی كار‌و خزمه‌تی ئه‌ساسی مامۆستا سه‌لام مه‌نمی ئه‌ده‌ب‌و نووسین بووه. سه‌ره‌تای نووسینی بۆ ساڵی 1970 ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌و ساڵه یه‌كه‌م چیرۆكی درێژی به‌ناوی جوتیارێكی كۆڵنه‌ده‌ره‌وه به‌چاپ گه‌یاندووه. دواتر له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی وه‌ك هاوكاری‌و به‌یان‌و رۆشنبیری نوێ‌و رۆژی كوردستان، چیرۆك‌و نووسینه‌كانی بڵاو كردۆته‌وه‌و خاوه‌نی بیست كتێبی چاپكراوه. به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا سه‌لام بواره‌كانی چیرۆك‌و فولكلۆر‌و كه‌له‌پووروئه‌فسانه‌و كلتوری له‌خۆگرتووه‌و شوێن په‌نجه‌ی به‌و رشتانه‌ی ئه‌ده‌ب‌و رۆشنبیرییه‌وه دیاره.چیرۆكه‌كانی مامۆستا سه‌لام مه‌نمی كه پشكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌كانین، له‌گۆشه‌نیگای چینایه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌زمانێكی میللی پارا‌و نووسراون‌وده‌ربڕی ئازار و خه‌مه‌كانی جووتیاران‌و ره‌نجده‌رانن. مامۆستا مه‌نمی بایه‌خیشی به‌ئه‌ده‌بی مناڵان داوه‌و چه‌ندین چیرۆكی بۆ مناڵانی كوردستان نووسیوه‌و له‌دوو توێی چه‌ند كتێبێكدا چاپی كردوون. بێجگه له‌دنیای چیرۆك مامۆستا مه‌نمی بایه‌خی به‌رشته‌كانی دیكه‌ی رۆشنبیری وه‌ك فۆلكلۆر‌و كه‌له‌پوور‌و ئه‌فسانه داوه‌و چه‌ند كتێبێكی تایبه‌ت به‌و بوارانه‌ی پێشكه‌ش به‌كتێبخانه‌ی كوردی كردووه. به‌هۆی ئه‌زموون‌و توانای رۆشنبیرییه‌وه، ماوه‌یه‌ك وه‌ك شاره‌زا له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری خزمه‌تی كردووه. مامۆستا سه‌لام مه‌نمی پیاوێكی تێكۆشه‌رو به‌هه‌ڵوێست بووه‌و هه‌رده‌م له‌به‌ره‌ی گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌یدا بووه‌و ساڵی 1974 به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌و له‌راگه‌یاندنی شۆڕش‌و ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان خزمه‌تی كردووه. له‌سه‌رده‌می شۆڕشی نوێشدا هه‌ڵوێستی دیار‌و ئازایانه‌ی هه‌بووه‌و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریی نیشتماندا بووه‌و له‌شاره‌وه به‌نهێنی چیرۆكه‌كانی بۆشاخ ناردووه‌و له‌گۆڤاری نووسه‌ری كوردستاندا به‌ناوی خوازراوه‌وه بڵاو بوونه‌ته‌وه.مامۆستا سه‌لام مه‌نمی په‌روه‌رده‌كار‌و ئه‌دیب‌و چیرۆكنووس‌و خه‌مخۆری فۆلكلۆر‌و كه‌له‌پور، پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ری به‌هه‌ڵوێست، نزیكه‌ی نیوسه‌ده له‌و بوارانه خزمه‌تی دیاری كرد. له‌به‌رئه‌وه رۆڵی جوامێرانه‌ی هه‌رگیز له‌بیرناكرێ‌و له‌لاپه‌ڕه دره‌وشاوه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا به‌شانازییه‌وه تۆمار ده‌كرێن. مامۆستا سه‌لام مه‌نمی كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ئه‌ده‌بی‌و په‌روه‌رده‌یی بوو، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه شه‌قام‌و باخچه‌و قوتابخانه‌و ده‌زگای رۆشنبیری به‌ناوه‌وه بنرێت‌و به‌رهه‌مه‌كانی سه‌رله‌نوێ چاپ بكرێنه‌وه. خزمه‌تی په‌روه‌رده‌یی‌و ئه‌ده‌بی‌و تێكۆشانی كوردایه‌تی مامۆستا سه‌لام مه‌نمی جێی رێز‌و ستایشه. به‌داخه‌وه مامۆستا سه‌لام له رۆژی ٩ی نیسانی ٢٠١٥ كۆچی دوایی كردوله گۆڕستانی گه‌ره‌كی ئابڵاخی شاری سلێمانی به‌خاك سپێردرا. كۆچی دوایی مامۆستا سه‌لام خه‌ساره‌تێكی گه‌وره بوو بۆ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن‌و ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتووری گه‌له‌كه‌مان . سڵاو له‌گیانی پاكی سه‌لام مه‌نمی مامۆستا‌و ئه‌دیب‌و نووسه‌ری به‌هه‌ڵوێست.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure