18/5/2017 01:47 PM

لە زەمەنێکدا خۆشم ئەوێی کە نازانێ عەشق چییە


شیعری: نزار قەببانی
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

1
تەلارسازێکی ناودار نیم
پەیکەرتاشێکی سەردەمی ڕێنیسانسیش نیم
مێژوویەکی درێژیشم نییە لەگەڵ بەردی مەڕمەڕ
بەڵام ئەمەوێ بزانی..
دەستەکانم.. چییان کرد بۆ
تاشینی جەستەی جوانی تۆ
بە ڕازانەوەی بە گوڵ و.. ئەستێرە و شیعر و
وردەنەخشی خەتی کووفی
٢
من نامەوێ بەهرە و توانام
 لە دووبارە نووسینەوەی تۆیا
لە خاڵبەندیی ئەلف تاوەکو یاتەوە
بخەمە ڕوو
ڕانەهاتووم.. باسی کتێبێکی تازەی خۆم کەم
باسی ژنێ.. کە بە عەشقی ئابڕوومەند بووم
بە نووسینی.. لە تەوقی سەریەوە  تاکو پەنجەی پێی
کارێکی وا
نە شایستەی مێژووی شیعرەکانی منە و
نە شایستەی شکۆی خۆشەویستەکانم
٣
من نامەوێ ئەو هەموو خاڵە بژمێرم
کە لە زیوی سەرشانەکانت کوتاومن
یاخود ئەو چراوگانەی
لە شەقامەکانی چاوتا..
هەڵمواسیون و دامناون
یا ژمارەی ئەو ماسییانەی
لە کەنداوەکانی تۆیا گەورەم کردوون
ژمارەی ئەو ئەستێرانەی
لە ژێر جلەکانی تۆیا پەیدام کردوون
ژمارەی ئەو کۆترانەی
لە نێوانی مەمکەکانتا ونم کردوون
کارێکی وا
نە شایستەی کبریای پیاوانەی منە و
نە شکۆی مەمکەکانی تۆ
٤
خانمەکەم..
تۆ ڕیسواییەکی جوانی و
بە تۆ بۆنی خۆم خۆش ئەکەم
تۆ قەسیدەیەکی باڵایت
کە حەز ئەکەم ئیمزات بکەم
زمانێکیت.. ئاڵتوون و لاجیوەرد لێت ئەتکێ
ئیتر من چۆن لە مەیدانەکانی شارا
پڕ بە دەمم هاوار نەکەم:
خۆشمئەوێ
خۆشمئەوێ
خۆشمئەوێ؟
ئیتر من چۆن ئەتوانم.. خۆر
لە چەکمەجەکانما بشارمەوە؟
چۆن ئەتوانم.. لە باخچەیەکی گشتییا
پیاسەت لەگەڵا بکەم و
مانگی دەسکردی ئاسمانیش
 پێ نەزانێ
کە تۆ خۆشەویستی منی؟؟
٥
من ناتوانم.. سانسۆر بخەمە سەر پەپوولەیێ
کە لە خوێنما مەلە ئەکا
من ناتوانم.. ڕێگە لە لاولاوێ بگرم
بە شانمدا هەڵنەکشێ
من ناتوانم.. قەسیدەی عەشق
لە ژێر جلەکانما حەشار بەم
لەبەرئەوەی..  ڕۆژێ هەر دێ
کە پیاما بتەقێتەوە
٦
خانمەکەم
من پیاوێکم.. شیعر تەواو ئابڕووی بردووم
تۆش ژنێکیت.. وشەی من ئابڕوویان بردووی
من پیاوێکم.. هەر عەشقی خۆم لەبەرئەکەم
تۆش ژنێکیت.. هەر مێینایەتیت ئەپۆشی
ئیتر ڕوو لە کوێ کەین خانم؟
چۆن مەدالیای عەشق لە سنگی خۆمان بەین؟
چۆن جەژنی ڤالانتاین بکەین؟
لە زەمەنێکا.. کە نازانێ عەشق چییە.
٧
خانمەکەم..
چەند حەز ئەکەم
لە زەمەنێکی ترا.. خۆشم بوێی
زەمەنێکی بەسۆزتر.. شاعیرانەتر
هەستیارتر بە بۆی کتێب و
بۆنی گوڵی یاسەمین و
بۆی ئازادی
٨
خۆزیا.. لە زەمەنی شارل ئەزنافۆرا
تۆ خۆشەویستی من ئەبووی
لە زەمەنی جولێت گریکۆ و
پۆڵ ئێلوار و
پابلۆ نیرۆدا و
چارلی چاپلن و
سەید دەرویش و
نەجیب ڕەیحانیدا..
٩
من خۆزیام ئەخواست.. شەوێ لە شەوان
لە فلۆرەنسا شێومان کردایە
کە تا ئێستاش.. پەیکەرەکانی مایکل ئەنجیلۆ
لەگەڵ گەشتیارانی ناوشار
 بەیەکەوە
نان و شەراب ئەخۆنەوە
١٠
خۆزیا لە سەردەمی مۆم و
دار و باوەشێنی ئیسپانییا
من.. تۆم خۆش بویستایە
لە سەردەمی ئەو نامانەی
بە پەڕی باڵندە ئەنووسران
لە سەردەمی کراسی تەفتای ڕەنگ پەلکەزێڕین
نەک لە سەردەمی مۆسیقای دیسکۆ و
ئوتومبێلی فەراری و
کاوبۆی ئەملاولا دڕاوا
١١
خۆزگەم ئەخواست
لە ڕۆژگارێکا بمناسیتایە
تێیدا.. چۆلەکە حوکمڕان بووایە
یان ئاسک و سەقاقوش و پەرییەکانی دەریا
یا حوکمڕانی لە دەستی
نیگارکێش و مۆزیکژەن و شاعیر  
یان.. عاشق و شێت و مناڵا بووایە
١٢
خۆزگەم ئەخواست
لە زەمەنێکا تۆ خۆشەویستم بوویتایە
ستەم لە گوڵ و لە شیعر و
لە نای و لە ناسکیی ژن نەکرابایە
بەڵام ئێمە درەنگ هاتین  
تازە هیچ چاریشمان نییە
لە زەمەنێکا بەدوای گوڵی عەشقا وێڵین
کە نازانێ عەشق چییە.

لەندەن، نیسان، ١٩٩٦  





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved