2/3/2021 04:03 PM

چەند راستیی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە ئاڵتوون

ئاڵتوون کانزایەکی دەگمەنە، بایەخێکی زۆری هەیە و بۆ دروست کردنی خشڵ و دراوە کانزاییەکان بەکاری دێنن. ئەم کانزایە هەر لە کۆنەوە جێی سەرنجی مرۆڤ بووە و یەکێک لەو شتانەی کە بەردەوام بەشوێنیدا گەڕاوە ئاڵتوون بووە. هەزاران چیرۆک و هەقایەت سەبارەت بە دۆزینەوەی ئاڵتوون لەلایەن مرۆڤەوە گێڕدراوەتەوە و تا ئێستاش هەر بەردوامە. لە سەردەمی مۆدێرندا ئەگەرچی گەڕان بەدوای ئاڵتووندا بۆتە پیشەسازییەکی حکومی بەڵام نرخ و بایەخەکەی لای تاک بە تاکی مرۆڤەکان هەروا قورس و گرانە. لەدرێژەدا چەند راستی لەبارەی ئەم کانزا بەبایەخەوە دەخەینە روو.

*ئاڵتوونی بێگەرد هاوشێوەی کەژە و دەکرێ بیکێشت بەڵام نەشکێت. بۆ نموونە یەک ئونس ئاڵتوون (نزیکەی 28 گرام) دەکرێ 80 کیلۆمەتر بە بێ ئەوەی بشکێت بیکێشیت. ئەگەر ئەم کارە لەگەڵ سەرجەم ئاڵتوونەکانی جیهان ئەنجام بدەیت، دەتوان 11 ملیۆن جار بە دەوری گۆی زەویدا بسووڕێیتەوە!
*بەپێچەوانەی بڕوای گشتی، گاز گرتن لە ئاڵتوون رێگەیەکی دروست نییە بۆ ئەوەی بزانیت ساختەیە یان نا. چونکە ئاڵتوون بەنیسبەت کانزاکانی دیکە رەقترە و ئەگەر گازی لێبگریت شوێنی ددانەکان لەسەری نامێنێتەوە.
*خەڵاتی نۆبڵ لە ئاڵتوون دروست دەکرێت. بەڵام لە 1980 بەملاوە عەیاری ئەم خەڵاتە لە 24ـەوە دابەزی بۆ 18 و بە ئاڵتوونی عەیار 24 داپۆشرا. نرخی ئاڵتوونی ناو ئەم خەڵاتە نزیکەی 8هەزار دۆلارە.
*ئاڵتوون کە بەشێوەی سروشتی زەردە کاتێک لەگەڵ کانزاکانی دیکە تێکەڵ دەبێت رەنگەکەی دەگۆڕدرێت و قایمتر دەبێت. ئاڵتوونی سپی پێکهاتووە لە نیکڵ و پالادیۆم. ئاڵتۆنی رۆز (Rose Gold) ئەو رەنگە گەرمەی لە مس وەردەگرێت.
*رۆمای کۆن ئاڵتوونی وەکوو چارەسەری پزیشکی بەکار دەهێنا. لە سەدەی بیستەمدا پزیشکان ئاڵتوونیان بۆ چارەسەری رۆماتیزمی جومگەکان بەکارهێناوە، لەئێستا ئاڵتوون بۆ بچووک کردنەوەی خانەکانی شێرپەنجە کەڵکی لێوەردەگیرێت.
*لەئێستادا خەزێنەی ئەمریکا نزیکەی 147.3 ملیۆن ئونس ئاڵتوونی تێدایە کە نزخەکەی نزیکەی 130 ملیار دۆلارە. ئەمنیەتی ئەم خەزێنەیە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دابین دەکرێت و تا ئێستا لە سەرۆکاکانی ئەمریکادا تەنها فرانکلین رۆزڤێلت توانیویەتی سەردانی ئم شوێنە بکات.
*هەندێک لە ئاڵتوونەکان لە ئاوەڕۆی شارەکان بەرهەم دێن. ئەگەرچی ئەم سەرچاوەیە جێی سەرسوڕمانە بەڵام راستە. ساڵی 2015 لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر پاڵاوگەکانی ئاوەڕۆ ئەنجامدرا دەرکەوت لە ماوەی یەک ساڵدا بڕی 2.6 ملیۆن دۆلار ئاڵتوون و زێو لە ئاوەڕۆکاندا دەستەبەر دەبێت.

 

سەرچاوە: rd

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved