ژنێک لە سەنگاپور مناڵێکی بووە کە ئەنتیبادی کۆرۆنای لە جەستەدا هەیە. ئەم دایکە سەنگاپووریە کە مانگی مارس و لە سەردەمی دووگیانیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئێستا مناڵێکی بووە کە تووشی کۆڤید-19 نەبووە بەڵام لەبەرامبەر ئەم ڤایرۆسە مەرگهێنەرەدا پارێزراوە. "سەلین ئەنگ چان"ـی دایکی ئەم مناڵە لەم بارەوە گوتوویەتی: "پزیشکەکانم لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەنتیبادییەکانی کۆڤید-19ـم لە سەردەمی دووگیانیدا گواستووتەوە بۆ مناڵەکەم." بەم حاڵەوە رێکخراوە تەندروستیی جیهانی دەڵێ هێشتا دیار نییە کە ئایا ژنێکی دووگیانی تووشبووی کۆرۆنا دەتوانێ ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە بۆ کۆرپەلەکەی یان نا. تا ئێستا، هیچ ڤایرۆسێکی چالاکی کۆرۆنا لە شلەمەنی دەروبەرری کۆپەلەدا یا لە مناڵدانی دایکدا نەبیندراوە. پزیشکانی چینی باسی دۆزینەوەی ئەنتیبادییەکانی کۆڤید-19 لە ژنانی دووگیانی کۆرۆناییدا کردووە و دەڵێن ئاستی ئەم ئەنتیبادیانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کەم دەبێتەوە. کۆمەڵێک توێژەر لە سەرانسەری جیهان بەم ئاکامە گەیشتوون کە گوازرانەوەی کۆرۆنای نوێ لە دایکەوە بۆ مناڵ زۆر بە کەمی روو ئەدات. بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەڵێ کەسەکان چ کاتێک ئەنتیبادییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرن یان وەرناگرن وڵامی سەیروسەمەرەی لێکەوتووەتەوە. سەرەتاکانی ئەم مانگە، لە جەستەی سێ مناڵی بنەماڵەیەکی ئوستورالیایی ئەنتیبادی دۆزرایەوە، لەحاڵێکدا کە وڵامی تاقیکاری کۆرۆناکەیان نیگەتیڤ دەرچوبوو. دایک و باوکی ئەم مناڵانە تووشی کۆرۆنا بوون و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لەواندا پاش بەشدارکردنی لە زەماوەندێکدا بەبێ بوونی مناڵەکانیان، دەرکەوتن. سەرەڕای بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ دایک و باوکە نەخۆشەکەیان، ئەم سێ مناڵە هیچیان تووشی کۆرۆنا نەبوو. بەڵام تاقیکارییەکانی ئەنتیبادی دەریخست کە سەرجەم ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە ئاوی دەمیاندا ئەنتیبادی تێدایە.
سەرچاوە: mirror
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure